ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:00 - 12/04/2021

تەقینەوەكەی نەتەنزی ئەتۆمی؛ كێشەی كارەبایی بان هێرشی ئەلیكترۆنی؟‌

پەیسەر

دوای ئەوەی لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێرانی جارێكی تر تەقینەوەیەك ڕوویدا، ئێرانیەكان لە ڕاگەیاندنەكانی خۆیانەوە ڕایانگەیاند كە كێشەی كارەبایی بووەو زیانەكانیش شایانی باس نین، بەڵام بەپێی سەرچاوەكانی تری رۆژئاوایی تەقینەوەكە بەهۆی هێرشێكی ئەلیكترۆنیەوە بووە و بە پێی زانیارییەكانی نیۆرك تایمزیش بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە بەشێكی زۆر لە كارگەكە پەكی كەوتووەو بۆ خستنەوە سەرسكەو چاككردنەوەیان جگە لە تێچوونێكی زۆری مادی پێویستی بە 9 مانگی كاركردنی بەردەوام هەیە.

تەقینەوەكە ئاگری لەگەڵدا بووە:
هەرچەندە تەقینەوەكە لەسەرەتاوە وەك شۆرتی كارەبایی ناوزەد كرا، بەڵام دواتر بە تیرۆری ئەلیكترۆنی بڵاوكرایەوە، بەپێی وتەكانی موحسینی ڕەزایی سكرتێری گشتی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران تەقینەوەكە ئاگریشی لەگەڵ بووە. بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانیش 10 مانگ پێش لە ئێستاش تەقینەوەیەكی تریش لەو دامەزراوە ئەتۆمییەدا ڕوویداو تیایدا ئێران ئیسرائیلیەكانیان بە هێرشی ئەلیكترۆنی و سیخوری ناوخۆیی تۆمەتباركرد.

لەمپەر بۆ گفتوگۆكان:
تەقینەوەی ئەمجارەی نەتەنز لە كاتێكدایە كە لە رۆژی هەینی ڕابوردوو 10/4/2021 لە ڤییەننا كۆبوونەوەی (5+1) كراو تیایدا باس لەوە كرا كە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریكیەكاندا بكرێت بۆ گەڕانەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و میدیاكانیش بەرەو پێشچوونی ئەو گفتوگۆیانەیان وەك لایەنێكی ئەرێنی لێكدایەوەو هەریەك  لە ئێران و ئەمریكاش مەرجیان هەبوو بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ ئەندامێتی لەو ڕێككەوتنەدا كە ئێرانیەكان پێی دەڵێن (برجام)و پێیان وایە ڕەزامەندی ئەوان بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریكا بۆ نێو ڕێككەوتنەكە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە هەڵگرتنی سزاكانی سەر وڵاتەكەی كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ لە ساڵی 2017 ەوە بەسەریدا سەپاندبووی. ئێرانیەكانیش بەچاوی ئومێدەوە لە داهاتووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ جۆبایدنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەڕوانن و پێیان وایە ئەم كارە بۆدروستكردنی لەمپەرە بۆ ئەو گفتوگۆیانە، بە تایبەتی هەریەك لە ئیسرائیل و كەنەدا بە فەرمی نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆیان پیشاندا و گوتیان ئێران بەرەو دەستخستنی چەكی ئەتۆم هەنگاو هەڵدەگرێت و ئەوەش مەترسی بۆ سەرجیهان دروست دەكات.

نیۆرك تایمز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە نوسیویەتی: تەقینەوەكە پەیوەندی بە هێرشێكەوە بووە كە لە لایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوەو زیانێكی زۆریشی لە دامەزراوە ئەتۆمیەكە دراوە. هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، لە هەمان كاتیشدا نەیانشاردووەتەوە كە بە ئاشكرا لە دژی بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێرانەو بە هەڕەشە بۆسەر جیهانیان لە قەڵەم دەدات و ئەو بۆچوونەشی نەشاردووەتەوە.

تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە 11/4/2021 دوای ئەوە هات کە ڕۆژی وزەی ناوەکی لە ئێران بەڕیوە دەچوو، لە هەمان كاتیشدا ئەو وڵاتە دەستی کرد بە كارخستنی سانترفیوژەکانی نەوەی نوێ لە نەتەنز و حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران  ئاماژەی بە  133 "دەستکەوتی ناوکی" كردبوو.

هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل:
دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بە سەرۆکایەتی یوسی کۆهین چەند ئۆپراسیۆنێكی جەرگبڕی دژی ئێران ئەنجامداوە ، لەوانەش رفاندن و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە و زانیارییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەم وڵاتە ، بە ڕۆژی رۆشن و بە بەرچاوی ئێرانەوە گەیاندویانەتە ئیسرائیل.


کوشتنی موحسینی فەخریزادە ، زانای ئەتۆمی و ناسراو بە باوکی ئەتۆمی ئێران لە تشرینی دووەم 2020، تەقینەوە لە کێڵگەی ئەتۆمی نەتەنز لە تەموزی 2020 و یارمەتیدانی ئەمریکا لە کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرۆکی پێشووی سوپای قودس لە 3ی کانوونی دووەم 2020. هەربۆیە ئێستاش بە دوور نازانرێت ئەمەش وەك پەیامێكی دیكەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران كە لە گفتوگۆكانی ڤییەنادا خۆیان بە براوە نەزانن.

تۆڵەكردنەوە:
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12 نیسانی سەبارەت بە ڕووداوەکەی نەتەنز ڕایگەیاندووە: ڕووداوی ناحەزی نەتەنز ئیسرائیل لە پشت ئەو ڕووداوەوە بووە. ئەڵبەت خۆشحاڵین لە ئەوەی کە خەساری مرۆیی و ژینگەیی بەدواوە نەبوو بەڵام ئەوە جەنایەت دژی مرۆڤایەتییە.

ناوبراو گوتیشی: ئەگەر ئامانج ئەوە بووە کە توانای ئێران لاواز ببێت لە بواری وەبەرهێنانی ئەتۆمیدا، ئەوە بە ڕای من ئەو ئامانجە ڕووی نەداوە، گوتیشی: ئەو ئامێرانەی  کە لەکار کەوتوون ، IR۱ بووە. ئیسرائیل بە ئەو کارە هەوڵی دا کە تۆڵەی سەبری خەڵکی ئێران بکاتەوە. وەڵامی ئێران تۆڵە كردنەوەیە لە ئیسرائیل لە کاتی خۆیدا..

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە بارەی دانوستانەکانی ڤییەناوە گوتی: هیچ دانوساتنێک لە ڤیەننا ئەنجام نادرێت تەنها دانوستانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران.

كاریگەریی لەسەر گفتوگۆكان:
محەمەد جەوادزەریف وەزیری دەرەوەو نوێنەری ئێران لەدانوستانەكانی ڤییەننا لەوتوێتێكدا ڕایگەیاند: نەتەنز بەهێزتر لە ڕابردوو بە ئامێری پێشکەوتووترەوە چێدەکرێتەوە و ئەگەر دوژمنان پێیان وایە بەم شێوەیە ئێمە لە دانوستانەکان لاواز دەبینەوە، هەڵە دەکەن و ئەو کردەوەیە دەبێتە هۆی هەڵوێستی بەهێزتری ئێمە لە دانوستانەکاندا.

ناوبراو درێژەی دا: لایەنەکانی دانوستان ئەبێ بزانن ئەگەر تا ئێستا لەگەڵ دامەزراوەی پیتاندن و مەکینەی پێشکەوتوو بەرەوڕوو بوون ئێستا نەتەنز دەتوانێت پڕ بێت لە سانتریفییۆژی پێشکەوتوو بە چەند ئەوەندە توانی پیتاندنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: کەسایەتییە هەڵکەوتەکان و خەڵکی ئێمە نابێت بکەونە داوە داڕێژراوەکانی ئیسرائلیەوە. زایۆنییەکان دەیانەوێت تۆڵەی سەرکەوتنەکان لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لە خەڵکی ئێران بکەنەوە بەڵام ئێمە ڕێگەیان پێنادەین  و تۆڵەی ئەو کردەوانە دەکەینەوە.
هەرچۆنێك بێت تەقینەوەكانی دوێنێ یەك شەممە دەرگایەكی تر بەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێراندا دەكاتەوەو پێدەچێت بیباتە قۆناغێكی ترەوە.