ڕاپۆرتی کوردستانی

09:50 - 14/04/2021

چۆن دەتوانرێت دەوڵەتی عێراق پابەند بکرێت بە قەرەبووکردنەوەی ئەنفال و هەڵەبجە؟‌‌

پەیسەر

ساڵانێك بەسەر پرۆسەی ئەنفال و جینوسایدی کورددا تێپەڕبوو، سەرباری ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا دانی بەوەدا ناوە کە ئەنفال جینوسایدە، کەچی تا ئێستا عێراق نە داوای لێبوردنی لە گەلی کورد کردووە و نە قەرەبووی کەسوکار و پاشماوەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و تاوانەکانی دیکەی رژێمی پێشووی عێراقی کردووەتەوە، لەگەڵ هەر کەسێکیش قسە دەکەی دەڵێن حکومەتی هەرێم نەک کەمتەرخەم بەڵکو هەر هیچی نەکردووە بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق ناچار بکرێت قەرەبووی ئەنفال و هەڵەبجە بکاتەوە.

لەم راپۆرتەدا هەوڵ دەدرێت ئەوە روون بکرێتەوە کە چۆن دەکرێت دەوڵەتی عێراق ناچار بکرێت قەرەبووی جینوسایدی کورد بکاتەوە، بۆ ئامادە کردنی ئەم راپۆرتەشدا چاوپێکەوتن کراوە لەگەڵ دکتۆر ستار عەزیزی کە خەڵکی شارۆچکەی سەرپێڵی زەهاوی رۆژهەڵاتی کوردستانە، یەکێکە لە ناسراوترین مافناسانی ئێران، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتییە و چەندین کتێبی بە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی لەسەر یاسای نێودەوڵەتی و جینوساید نووسیووە و لە ساڵی ٢٠١٤شدا یەکێک بووە لەو ٢٤ کەسەی لەسەر ئاستی جیهاندا لەلایەن لیژنەی یاسایی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بانگهێشت کرا بۆ پێداچوونەوە بە یاسا و پەیمانە نێودەوڵەتییەکاندا.

سەبارەت بە بەرپرسیارێتی دەوڵەت دکتۆر عەزیزی دەڵێت: " لە سیستمی یاسای نێودەوڵەتیدا پرسی بەرپرسیارەتی دەوڵەتمان هەیە کە لە ساڵی ٢٠٠١ لە لیژنەی یاسای نێودەوڵەتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پەسەندکراوە، لە مادەی یەکی پەسندکراوەکەدا هاتووە کە ئەگەر دەوڵەتێک هەر هەنگاوێكی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بنێت ئەوا ئەو دەوڵەتە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ دروست دەبێت، بەرپرسیارێتییەکەش دوو جۆرە، جۆری یەکەم بەرپرسیارێتی ئەو کەسەیە کە تاوانەکەی ئەنجامداوە وەک سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجید، ئەمانە وەک شەخس تاوانبار و بەرپرسیارن و دەبێت سزای خۆیان وەربگرن، بەڵام بەرپرسیارێتی دووەم بەرپرسیارێتی دەوڵەتە، چونکە ئەو تاوانەی ئەنجام دراوە بە کەرەستە و چەک و توانا و ئیمکاناتی دەوڵەت ئەنجام دراون، ئەم بەرپرسیارێتییەش بە گۆڕینی رژێمی سیاسی و حکومەتەکان لەناو ناچێت و بۆ هەتا هەتایە بەردەوام دەبێت.

ستار عەزیزی هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە جۆرێکی دیکەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەوڵەتەکان دەکات، بە جۆرێک ئەگەر کەسێک پێگە و ئیمکاناتی دەوڵەتی بۆ تاوان بەکارهێنابێت و تاوانەکەشی تەنانەت ئەگەر پێچەوانەی یاساکانی وڵاتەکەی خۆشی بێت، ئەوا دیسانە ئەو دەوڵەتە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیی بۆ دروست دەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا باسی نمونەیەکی مێژوویی دەکات کە بەر لە ٧٠ ساڵ کێشەیەک لە نێوان دەوڵەتی مەکزیک و دەوڵەتی فەڕەنسا دروست بوو کێشەکەش بەمجۆرەبوو کە بەر لە ٧٠ ساڵ کەسێکی فەڕەنسی لە وڵاتی مەکزیک رێستۆرانتێک دەکاتەوە، سەرۆکی پۆلیسی شارەکە و چەند ئەفسەرێکی پۆلیس بە پیاوە فەڕەنسییەکە دەڵێن مادام تۆ لە وڵاتەکەی ئێمە کار دەکەی دەبێت بەرتیل بدەی بە ئێمە دەنا کێشەت بۆ دروست دەکەین، پیاوە فەڕەنسییەکە ناچێتە ژێر باری داواکاری ئەفسەرەکانەوە، بۆیە ئەفسەرەکان رۆژێک ئەوەندەی ئەشکەنجەی دەدەن تا دەمرێت، کوژرانی ئەم پیاوە  کێشەیەکی نێودەوڵەتی لەنێوان دەوڵەتی مەکزیک و فەڕەنسادا لێکەوتەوە، هەربۆیە لێژنەیەکی دادوەری نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەبەستە دروست بوو، فەڕەنسا داوای دەکرد کە دەبێت دەوڵەتی مەکزیک قەرەبووی فەڕەنسا بکاتەوە چونکە هاوڵاتییەکی فەڕەنسی لەلایەن فەرمانبەرانی حکومەتی مەکزیکەوە کوژراوە، بەڵام حکومەتی مەکزیک پێداگر بوو لەسەر ئەوەی کە رووداوەکە کێشەیەکی ناوخۆیی مەکزیکە چونکە ئەفسەرەکانی پۆلیس یاساکانی مەکزیکیان پێشێل کردووە و بۆیە حکومەتی مەکزیک خۆی مافی بەسەر ئەو ئەفسەرانەی مەکزیکەوە کە یاساکانی وڵاتیان پێشێل کردووە و دەبێت مەکزیک سزایان بدات، بەڵام لێژنەی دادوەرییە بڕیاریدا بەوەی بەوپێیەی ئەفسەرەکانی پۆلیس پێگە و چەک و ئیمکاناتی دەوڵەتی مەکزیکیان بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی تاوان لە دژی هاوڵاتییەکی فەڕەنسی، بۆیە دەوڵەتی مەکزیک بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ دروست بووە و دەبێت دەوڵەتی فەڕەنسا قەرەبوو بکاتەوە، دواتر حکومەتی مەکزیک بەپێی یاساکانی خۆی چۆن ئەم ئەفسەرانە سزا دەدات ئەوەیان پرسێکی ناوخۆییە.

ستار عەزیزی دەڵێت ئێستا لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا چەسپاوە کە ئەگەر بێتو تەنانەت عەلی حەسەن مەجید یان سەدام حسێن  پێچەوانەی یاساکانی ئەوکاتی عێراقیش کوردیان ئەنفال کردبێت ئەوا چونکە  پێگە و ئیمکاناتی دەوڵەتی عێراقیان بۆ تاوانەکەیان بەکارهێناوە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتی عێراق دروست بووە و دەبێت قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.

هەرچەندە دادگای عێراق  عەلی حەسەن مەجیدی وەک تاوانباری ئەنفال و هەڵەبجە لەسێدارەداوە، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق  بڵێت بەرپرسیارێتی خۆی بەجێهێناوە، چونکە بەرپرسیارێتی دەوڵەت بە سزادانی تاوانباران کۆتایی نایەت، چونکە تاوانبارەکان  پێگە و توانا و چەک و تانک و تۆپی دەوڵەتی عێراقیان بەکارهێناوە هەربۆیە  تا رۆژێک دەوڵەتێک بە ناوی عێراق بمێنێت ئەم دەوڵەتە بەرپرسیارە لە بەرامبەر ئەو تاوانەی کە ئەنجام دراوە و دەبێت قەرەبووی ئەنفال و هەڵەبجە و تاوانەکانی دیکە بکاتەوە.

لێرەدا لەوانەیە ئەم بۆچوونە دروست بێت کە بەوپێیەی حکومەتی عێراق بودجە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش بەشێک لەو بودجەیەی وەک موچە دەداتە کەسوکاری ئەنفالکراوان، کەواتە ئەمە قەرەبووکردنەوەی حکومەتی عێراقە بۆ ئەنفال و هەڵەبجە، بەڵام دکتۆر ستار عزیزی دەڵێت هەرچەندە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی مەدەنی دەکرێت بڵێین پێدانی موچە بەشێکە لە قەرەبووکردنەوە، بەڵام کاتێک باسی جینوساید دەکرێت پرسی قەرەبووی تەواو دێتە ئاراوە، بۆ نمونە دەبێت لیژنەیەک پێکبهێنرێت هەموو زیانەکانی ئەنفال مەزەندە بکات، چەند گوند سوتێندراون، ماڵی چەند هاوڵاتی سوتێندراوە، چەند خێزان لە بەریەک هەڵوەشاوەتەوە، چەندە زیان بە ئابوری ناوچەکە گەیشتووە، چەند کەس کوژراون و برینداربوون، چەند کەس بەهۆی بینینی دیمەنەکانی ئەنفالەوە تووشی نەخۆشی دەرونی بوون و هەرچی زیانی دیکە هەیە دەبێت لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەوە زیانەکان بەراورد بکرێت و دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە هەمووی قەرەبوو بکاتەوە.

سەبارەت بە جۆرەکانی قەرەبووکردنەوەش ستار عەزیزی دەڵێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دوو جۆر قەرەبوو هەیە، جۆری یەکەم قەرەبووی ئەو تاکانەی کە بە شێوازی جۆراوجۆر زیانیان بەرکەوتووە، جۆرێکی دیکە قەرەبووکردنەوەی بە کۆمەڵە، بۆ نمونە لە ئەنفال و تەعریبدا نەتەوەیەک زیانی بەرکەوتووە و خاکەکەی داگیرکراوە، و خەڵکەکەی بە زۆر راگوێزراون و خەڵکی دیکە هێنراوەتە سەر خاکەکەیان، لەم حاڵەتەدا دەبێت دەوڵەتی عێراق قەرەبووی بە کۆمەڵی کوردیش بکاتەوە، کە بۆ نمونە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق بەشێکە لە قەرەبووکردنەوەی بەکۆمەڵی کورد.

تەنیا دەوڵەتی عێراق بەرپرسیار نییە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەڵکو چەند دەوڵەتێکی دیکەش دەبێت کورد قەرەبوو بکەنەوە، دکتۆر عەزیزی لەمبارەیەوە دەڵێت: " بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە ماوەی پرۆسەکانی ئەنفالدا هەر وڵاتێک چەکی بە عێراق فرۆشتبێت ئەو وڵاتەش بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، بۆ نمونە باس لەوە دەکرێت لەو ماوەیەدا بریتانیا و ئەڵمانیا چەکیان بە عێراق فرۆشتووە لەکاتێکدا ئاشکرا بووە کە حکومەتی عێراق ئەم چەکەی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکەکەی خۆی بەکاردەهێنێت، دەوڵەتی عێراق خۆی چەکی دروست نەکردووە، بۆیە لەو قۆناغەدا هەر وڵاتێک یان هەر کۆمپانیایەک چەکی بە عێراق فرۆشتبێت بەو مەرجەی ئەو بسەلمێندرێت ئەو وڵاتە ئاگاداری ئەوەبووە کە حکومەتی عێراق خەریکە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، ئەوا ئەو وڵات و کۆمپانیایەش بەرپرسیارە و دەبێت قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفال بکاتەوە".

ئایا کورد دەتوانێت پەنا بباتە بەر دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو؟
بە بۆچوونی ستار عەزیزی کورد ناتوانێت پەنا بباتە بەر دادگا نێودەوڵەتییەکان، بۆ نمونە لە  دادگای لاهای، تەنیا دەوڵەتەکان دەتوانن بچن سکاڵا تۆماربکەن، تاکەکان ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن، تەنانەت حکومەتی هەرێمیش چونکە دەوڵەت نییە ئەویش ناتوانێت، ناتوانرێت پەنا ببرێتە بەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی( ئای سی سی ) چونکە یەکەم عێراق ئەندام نییە لەو دادگایەدا و هۆکاری دووەمیش ئەوەیە ئەم دادگایە تەنیا بە دواداچوون بۆ ئەو تاوانانە دەکات کە لە دوای ٢٠٠٢ ئەنجام دراون، هەربۆیە ئێستا هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتی نییە کە حکومەتی هەرێم و کەسوکاری ئەنفالکراوان بچن سکاڵا لەسەر دەوڵەتی عێراق تۆمار بکەن و داوای قەرەبوو بکەنەوە.

کاتێکیش پرسیاری ئەوەمان لێکرد کە جولەکەکان چۆن توانیان لەسەر تاوانی هۆلۆکۆست دەوڵەتەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا ناچار بکەن قەرەبوویان بکەنەوە، ستار عەزیزی لە وەڵامدا وتی: " تا ئێستا نمونەی ئەوە نییە لە جیهاندا لەسەر پرسی جینۆساید دادگایەکی نێودەوڵەتی وڵاتێکی ناچار کردبێت قەرەبووی زیانلکێکەوتووانی جینۆساید بکاتەوە، لە بابەتی فەڕەنسا و ئەڵمانیاش بۆ جولەکەکان بابەتەکە بە شێوەیەکی دیکە بوو، ئەویش ئەوەبوو کە لۆبی جولەکە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا توانیان پەرلەمانەکانی ئەو دوو وڵاتە رازی بکەن هۆلۆکۆست وەک جینۆساید بناسێنن، بەپێی ئەم یاسایەی کە پەرلەمانی فەڕەنسا پەسندی کردبوو کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری فەڕەنسا ناچار کرا تا ساڵی ٢٠١٥ قەرەبووی پاشماوەکانی هۆلۆکۆست بکاتەوە بەوپێیەی کاتی خۆی ئەم کۆمپانیا یارمەتی ئەڵمانیای دابوو لە گواستنەوەی جولەکەکان لە فەڕەنساوە بۆ کەمپەکانی ئەشوڤیتس، بە هەمان شێوەیە لۆبی جولەکە لە ئەڵمانیاش توانی کارێک بکەن پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسایەک دەربکات کە حکومەتی ئەڵمانیا ناچار بکات قەرەبووی جولەکەکان بکاتەوە." 

کە واتە حکومەتی هەرێم و کەسوکاری ئەنفالکراوان دەبێت چی بکەن؟
وەک ئاماژەی پێدرا کورد ناتوانێت پەنا بباتە بەر دادگا نێودەوڵەتییەکان، کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە هەوڵدانە بۆ قەرەبوو لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقدا، لەمبارەیەوە ستار عەزیزی دەڵێت، تەنیا رێگە ئەوە رێککەوتنی سیاسیی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدایە لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران، چونکە ئەگەر هەوڵ بدرێت لەڕێی دادگاوە زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێتەوە ئەوا پڕۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە و کاتێکی یەکجار زۆری دەوێت، بۆ نمونە چ دادگایەک دەتوانێت دۆسیەی ٥٠ هەزار خێزانی زیانلێکەوتوو یەکلایی بکاتەوە؟ ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت و کارێکی ئەستەمە، هەربۆیە تەنیا دەبێت بیر لە رێککەوتنی سیاسی بکرێتەوە.
ستار عەزیزی بە ئاماژەدان بە بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٠٨ی پەرلەمانی عێراق وتی ئەم بڕیارە کە پەرلەمانی عێراق سەلماندوویەتی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە گەلی کورد تاوانی جینۆسایدی ئەنجام داوە بەڵگەیەکی گرنگە، چونکە ئەم بڕیارە لێکەوتەی یاسایی هەیە و یەکەمین لێکەوتەی یاساییش قەرەبووکردنەوەیە، عەزیزی دەڵێت هەرچەندە شارەزایی یاسا ناوخۆییەکانی عێراق نییە، بەڵام لەوانەیە بکرێت حکومەتی هەرێم یان پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بچن پرسیار لە دادگای فیدرالی بکەن کە لێکەوتەی یاسایی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق چییە، بۆ ئەوەی دادگای فیدرالی ئەگەر هەر وەڵامێکی دایەوە ئەوا پابەندبوونێک بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەنفال و کیمیاباران.

سەرباری ئەمەش ستار عەزیزی پێیوایە رێککەوتنی سیاسی یان ئەوەی دەبێت حکومەتی هەرێم وەکچۆن لەسەر پرسی سنور و نەوت و گاز و پێشمەرگە کێشەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هەیە، دەبێت حکومەتی هەرێم پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەنفال و جینۆسایدیش بکاتە بابەتی کێشە لەگەڵ حکومەتی بەغدا و لەپاڵ ئەمەشدا چ لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق لۆبی بۆ بکات و چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئێران هان بدات کە فشاربخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی لەسەر پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئەنفال و هەڵەبجە لەگەڵ حکومەتی هەرێم رێککەوتن بکات، لەم حاڵەتەشدا لێژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ خەمڵاندنی ئاستی زیانەکان، بۆ نمونە لەسەر ٥٠ ملیار دۆلار ڕێک دەکەون کە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا حکومەتی عێراق قەرەبووی بکاتەوە. 

ستار عەزیزی باسی نمونەی جینۆسایدی ئەرمەنەکانیشی کرد لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کە تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا نە دانی پێداناوە و نە قەرەبووی کردوونەتەوە، کەچی بەو حاڵەشەوە هەموو هەوڵی لۆبی ئەرمەن لە وڵاتان ئەوەیە کە زۆرترین وڵاتان جینۆسایدی ئەرمەنەکان بە فەرمی بناسن و بە هیوای ئەوەن رۆژێک بێت لەم رێگەیەوە فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر تورکیا دروست بکەن بۆ ئەوەی بە رێککەوتنێکی سیاسی قەرەبووی ئەرمەنەکان بکاتەوە، بۆ نمونە هەوڵ دەدەن قەرەبووکردنەوەی ئەرمەنەکان بکەنە مەرج بە سەر تورکیا بۆ بوونە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، هەربۆیە کوردیش دەبێت هەر بەم شێوەیە کار بکات لەسەر ئاستی ناوخۆدا ئەگەر کرا رێککەوتنی سیاسی لەنیوان حکومەتی هەرێم و بەغدا بکرێت ئەوا باشتر، ئەگەر ئەمەش نەکرا ئەوا دەبێت لەڕێی وڵاتانی دیکەوە فشار لەسەر بەغدا دروست بکەن.

تا ئێستا حکومەتی هەرێم چی کردووە؟
وادیارە کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە تا ئێستا حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەوڵی جددییان نەداوە بۆ قەرەبووکردنەوەی جینۆسایدی کورد، بۆ نمونە وەک ئاماژەی پێدرا لەو هەموو کێشەیەی لەنێوان هەولێر و بەغدا سەریان هەڵداوە تا ئێستا یەکجاریش حکومەتی هەرێم پرسی قەرەبووکردنەوەی ئەنفال و جینۆسایدی نەخستووەتە سەر مێزی دانووستان.

لەمبارەیەوە بەکر حەمە سدیق پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت جگە لەوەی پەرلەمانی عێراق جینۆسایدی بە فەرمی ناسیووە بەڵکو لە خولەکانی یەکەم و سێیەمی پەرلەمانیشدا چەند یاسایەک دەرچووە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەوانەی لەسەر دەستی رژێمی بەعس زەرەرمەند بوون، بە تایبەت ساڵی ٢٠١٣ لە هەمواری یەکەمی یاسای شەهیدان و بەندییە سیاسییەکان دەرفەتی گەورە هەیە بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو لە حکومەتی عێراق، بەڵام بە وتەی بەکر حەمە سدیق کێشەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئەم بابەتە نەخستووەتە ئاجێندای کاری خۆیەوە و بە دوای نەکەوتووە.

سەبارەت بەوەی کە مادام یاسایەک هەیە ئایا تاکەکان یان زیان لێکەوتووان خۆیان دەتوانن بەبێ حکومەتی هەرێم بچن داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراق بکەن، بەکر حەمە سدیق دەڵێت زۆر کەس چوون سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە تاکەکان لەڕێی دادگاوە بە هیچ ئەنجامێک ناگەن.
کە واتە چ بەپێی وتەکانی دکتۆر ستار عەزیزی بێت و چ بەپێی وتەکانی بەکر حەمە سدیق بێت، هیچ رێگەیەک نییە جگە لەوەی دەبێت حکومەتی هەرێم ئەم بابەتە بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و لەگەڵ حکومەتی بەغدا بکەوێتە دانووستان و هەوڵی رێککەوتنی سیاسیی بۆ بدات.