ڕاپۆرتی کوردستانی

10:44 - 14/04/2021

مۆساد لە کوردستان کراوەتە ئامانج؟ مۆساد لە هەرێمە؟ ئیسرائیل و هەرێم وەڵام دەدەنەوە‌

پەیسەر

چەند سەرچاوەیەکی عێراقی نزیک لە ئێران و چەند میدیایەکی ئێرانی بڵاویان کردەوە کە هێرش کراوەتە سەر ئەندامانی دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان. دوای رەتکردنەوەی هەواڵەکە لەلایەن میدیاکانی ئیسرائیلەوە، حکومەتی هەرێمیش سەرلەبەری زانیارییەکانی بەدرۆخستەوە.

"مۆساد لە هەرێم کراوەتەوە ئامانج"
چەند رۆژێکە چەند میدیایەکی عێراقی کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیکن، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە گوایە ئەندامانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی "مۆساد" لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و زیانیکی زۆریان پێگەیەندراوە.

دواتریش پێگەی پرێس تی ڤی کە سەر بە میدیای فەرمی حکومەتی ئێرانە لە راپۆرتێکیدا نووسیبووی، "بەپێی زانیاری سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق کە پێگەکەیان داوە، هێرش کراوەتە سەر مۆساد لە عێراق (هەرێمی کوردستان) و ژمارەیەک ئەندامی دەزگاکە کژوراون و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون"

پێگە فەرمییەکەی ئێران ئەم "هێرشە"ی وەک "لێدانێکی قورس" بۆ سەر ئیسرائیل وەسف کردووە.

یەکەم جار هەواڵەکە لەلایەن سابرین نیوزەوە بڵاوکرایەوە و پرێس تی ڤیش زۆربەی زانیارییەکانی لەم پێگەیەوە وەرگرتبوو.

نەبوونی وردەکاری
سابرین نیوز و پێگە ئێرانییەکانیش هیچ وردەکارییەکانیان دەربارەی هێرشەکە بڵاونەکردەوە، نە شوێنی هێرشەکە بە وردی و نە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیش.

بەرپرسێکی باڵای سەربازی عێراقیش لەبارەی هەواڵەکەوە بە تەلەفیزیۆنی روسیای وتبوو، "تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەم رووداوەوە بە ئێمە نەگەیشتووە."

میدیای ئیسرائیل: درۆیە
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، رۆژنامەی (The Jerusalem Post)ی ئیسرائیلی پشت بەست بە چەند سەرچاوەیەک لە عێراقەوە سەرلەبەری هەواڵەکەی رەتکردەوە.

چوار سەرچاوەی عێراقی لە لێدوانەکانیاندا هەوڵەکەیان بۆ رۆژانامە ئیسرائیلییەکە رەتکردەوە و رایانگەیاند، هیچ شتێکی لەو جۆرە لە عێراقدا رووینەداوە.

رۆژنامەکە نووسیەتی، هیچ دەزگایەکی میدیایی لە هەرێمی کوردستان هەواڵەکەیان بڵاونەکردووەتەوە و هیچ زانیارییەکی لەو جۆرەیان لە پێگەکانیان دانەناوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سروشتی هەواڵەکە وایە کە زانیاری تێدا نییە و ئەمەش گومانی زیاتری خستە سەر.

هەرێمی کوردستان: دوورە لە راستییەوە
دوای چەند کاتژمێرێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئەمڕۆ وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرلەبەری هەواڵەکەی بەدرۆخستەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیکدا رایگەیاند، "ژمارەیەک میدیای ناوچەکە، ھەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە بنکەیەکی ناوەندی زانیاری و چالاکی دەزگایەکی ھەواڵگری ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و چەند کارمەندێکی ئەو بنکەیە کوژراون و بریندار بوون."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیێنین ئەو ھەواڵە سەرلەبەری دوورە لە ڕاستییەوە، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا چەندینجار ئەو جۆرە تۆمەتانەیان ئاراستە کردووین بەوەی بنکەیەکی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل لە کوردستانە، ئێمە پێمان وایە ئەو ھەواڵ و تۆمەتە بێ بنەمایانە مەبەستدارە و تەنیا ئامانجیان پیلانگێڕییە بەرامبەر بە ھەرێمەکەمان."

میدیاکانی نزیک لە ئێران: تورکیا و ئیسرائیل لە شنگالن
بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەم جۆرە کە گوایە ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان پێگە و چالاکی هەیە یەکەم جار نییە.

رۆژنامەی (The Jerusalem Post) لە راپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکات، ئەمە یەکەم جار نییە هەواڵی لەم جۆرە بڵاودەکرێتەوە. پێشتر و لە ١٠ی نیسان، چەند میدیایەکی عێراقی نزیک لە ئێران بڵاویانکردەوە کە، "دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (میت) لە دژی گروپەکانی سەر بە ئێران لە شنگال هاریکاری یەکتر دەکەن." لە کاتێکدا ئەم میدیایانە هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی جۆر و ئاستی ئەو هاریکارییە بڵاونەکردووەتەوە.