ڕاپۆرتی کوردستانی

11:12 - 14/04/2021

جەژنی سەری ساڵ ( چوارشەمبە سۆر )ی ئێزدییەكان‌

پەیسەر

ئەمڕۆ 14/4/2021 جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە كە بە چوارشەمبەی سۆری بەناوبانگە  و بەدەستپێكی ساڵێكی نوێ‌ ئەژمار دەكرێت‌و بەو بۆنەیەوە ئێزدییەكان ماڵەكانیان بە گوڵاڵە سورە دەڕازێننەوە‌و خواردن بەسەر هەژاراندا دابەش دەكەن، بەڵام چەند ساڵێكە بە بۆنەی هێرشەكانی داعشەوە بۆسەر ناوچەكانیان ئەو جەژنە وەك پێویست نییەو لەو رۆژانەش دا لەبری دەربڕینی خۆشی باسی كارە نامرۆییەكانی داعش دەكەن لەبەرامبەریان و دەكەونەوە بیری كەس و كاری لەناوچوو شوێن بزریان.

هاوشێوەی ئاینەكانی تر ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێكیش لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە كە پێی دەڵێن جەژنی " چوارشەمبەی سۆر".

جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ  جیاواز و درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینیی و بەمشێوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە بەڵام وەك ساڵنامە ئەوانیش وەك كەمینە ساڵنامەی زاینی رۆژئاوایی بەكاردەهێنن.

ئەوەی لەبارەی ئەو جەژنەوە زانراوە ئەوەیە ئێزدییەکان هەڵدەستن بە پیرۆزکردنی ئەو جەژنە لەیەکتری بەوەی کە زەوی ناکێڵن و دارنابڕنەوەو هاوسەرگیری ناکەن لەمانگی نیساندا، بۆ هەریەکێک لەو قەدەغەکراوانە بەپێی (میسۆلۆژیای) ئێزدییەكان شیکردنەوەو شرۆڤەی جیاواز هەیە. ئێزدییەكان باوەڕیان وایە کە ئایینەکەیان کۆنترین ئایینەو سروشتی جەژنەکانیان هەموو پابەندە بەسروشت و ( ئاو و هەوا و رۆژ و ئاخ –خاك-) ەوە.

خێزانە ئێزدییەكان لەمانگی نیساندا خۆیان ئامادەدەکەن بۆ جەژنی سەری ساڵ،کە شەوی سێ شەممەی یەکەمین هەفتەی مانگی نیسان دەکات، لەوشەوەدا کە بۆبەیانی چوارشەممەیە ئەم جەژنە ئەنجام دەدەن، خەریکی خۆئامادەکردنن بە دروستکردنی کولێرە بەرۆن چەور دەکەن پێش ئەوەی بی برژێنن و بەسەر خێزانەکان و هەژاراندا دابەشی دەکەن و دەیبەن بۆ سەر قەبری مردووەکانیان، ئەو کولێرەیەش ناوی (ساوکە)یە، هەروەها لەرۆژی سێ شەممەدا هەموو خێزانێک چەپکێک گوڵی نیسان کەپێی دەڵێن براکانی نەعمان، لەگەڵ هێلکەی ڕەنگکراو لەبەردەم ماڵەکانیاندا دایدەنێن و سیمایەکی جوان دەبەخشێت و نیشانەی خۆشی دەربڕینیانە، ئەوەش بەمانای هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە، لەگەڵ سەردانی کردنی گۆری مردووان لەڕۆژی چوارشەممەدا سەردانی کردنی ماڵەکان بەبۆنەی چەژنی سەری ساڵ و دەرووڕینی خۆشیی بۆ یەكتریی.

پیری ئێزدییەكان بەرلەمانگی نیسان کەمێک خۆڵ دەهێنێت بۆ پەرستگای لالش، لەبەر ئەوەی لەمانگی نیساندا حەرامە زەوی هەڵبکۆڵن ئەو خۆڵەش بۆئەوەیە دەیکەن بەقوڕ بە هێلکە و چەپکە گوڵی براکانی نعمان و هێلکە ڕەنگراوەکانی پێی هەڵدەواسن، هەروەها ئافرەتانی مەڕ دۆشیش دەچن بۆ لای شوانەکان بۆ جەژنە پیرۆزی و خواردنیان بۆ دەبەن گۆپاڵی کۆنەکانیان دەشکێنن و گۆپاڵی نوێیان پێ دەدەن، شوانەکانیش رێگا بە بەرخەکانیان دەدەن بە ئازادی بچن بۆ لای دایكیان تاکو تێر و پڕ شیر بخۆن بە بۆنەی ساڵی نوێ.وە، بەوەش نەك هەر مرۆڤ بەڵكو گیاندارەكانیش لەو رۆژەدا خۆشی دەبینن.

لەگەڵ ئەوەی ئەم كارانە لە رۆژدا ئەنجام دەدرێت لەوشەوەدا رێوڕەسمی ئایینی تایبەت لەپەرستگای لالش لەلایەن بابەشێخی ئێزیدییەکان سازدەکرێت و جەژنە پیرۆزە دەکرێت.
ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنە و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن و شارەزایانیش بە ئاینێكی داخراوی دادەنێن و هیچ كەسیش ناتوانێت ببێتە ئێزدی تا خۆی لە دایك و باوكێكی ئێزدی لەدایك نەبێت.
شوێن کەوتوانی ئایینی ئێزیدی بەپێی سەر ژمێرێکی نافەرمی نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبن لە هەرێمی کوردستان بە سەر هەردوو پارێزگای دهۆک و موسڵ دابەشبوون لەگەڵ چەند شارێکی تری کەزۆرینەیان کوردن .

هەروەها لەتورکیا، سوریا ، روسیا، ئازەرباینجان، ئەرمینیا، جۆرجیا هەن و ڕەوەندێکیشیان لە ئەوروپادا بوونیان هەیە، بەتایبەتی لەدوای هێرشی داعش بۆ سەرناوچەكانیان و تا ئێستاش ناوچەكانیان وەك پێویست ئاوەدان نەكراوەتەوەو ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی ئێزدی لە كەمپەكان و شارەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوەیان كردووە.

 بەهۆی ئەوەی ئێزدییەكان كە لە مێژوویاندا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا كە بەهۆیەوە هەزاران  كەسیان لێكوژرا و هەزاران ژن و كچ و منداڵیشان كرانە كۆیلە و كەنیزەك لەلایەن داعشەوە و تا ئێستاش بێ سەرو شوێنن، سەرەڕای ئەوەی كە ئێزدییەكان زۆر رووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە و پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن و باوەڕیان وایە كە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە.

ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێزدییەكان لە دوای 2014 ەوە بەهۆی هاتنی سوپای داعشەوە ناوچەكەیان وێران و خەڵكەكەیان ئاوارەو بەشێكیشیان دەستگیركراوو ژمارەیەكی زۆریشیان كوژران و زیندە بەچاڵ كران، ئەو جەژنە وەك پێویست ئەنجام نادرێت.
لە ساڵی 2013 دا و بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان رۆژی جەژنی چوارشەممەی سوری ئێزدییەكان لە هەرێمی كوردستان كرایە پشوو، بەو هۆیەوە لە خوێندنگاو فەرمانگە حكومییەكان، پشوو دەبێت.