ڕاپۆرتی کوردستانی

12:58 - 15/04/2021

هێرشەكەی سەر فرۆكەخانەی هەولێر؛ پاڵنەرەكانی پشت هێرشەكە‌

پەیسەر

یەكێك لەو پرسیارانەی لە دوای هەموو تەقینەوەیەكی هەرێمی كوردستان دەوروژێت ئەوەیە: ئاخۆ سوپای پاسداران –قودس- لە پشتی ئەو تەقینەوەیە یان نە؟ بێگومان دوای هەموو تەقینەوەكانیش شرۆڤەو شیكاری زۆر دەكرێت و دواجاریش دیزە بەدەرخۆنە دەكرێت. دوێنێ شەویش هێرشێكی دیكە كرایەوە سەر  فڕۆكەخانەی هەولێر و هێشتا كاردانەوە ناوخۆیی و جیهانیەكانیش بەردەوامن و بە دوای سەرچاوەو هۆكاری ڕاستەقینەی هێرشەكەوەن.

كاتژمێر 10 شەوی 14-15/4/2021 دەنگی تەقینەوە ئاسمانی بێدەنگی هەولێرو دەوروو بەری فرۆكەخانەی –اربیل-ی هەژارند، هێندەی نەبرد وێنەو ڤیدیۆی تەقینەوەكە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی تەنی، بە پێی هەندێك لە سەرچاوەكان تەقینەوەكە لە نزیك فرۆكەخانەكەو شوێنی نیشتەجێبوونی هێزی هاوپەیمانانی دژ بە داعش بووە، بە پێی سەرچاوە میدیاییەكانیش هێرشەكە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجام دراوە و خوێندنەوەی زۆرینەی بەشداربووانی سۆشیاڵ میدیاش ئەوەبوو: لەوانەیە ئەنجامدەرانی هێرشەكە چەكدارانی حەشدی شەعبی یان ڕاستەوخۆ سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووبێت.
لە یەكێك لە گرتە ڤیدیۆییەكانی نێۆ سۆشیاڵ میدیا كە لەعەینكاوە وە وێنە گیرابوو وێنەی سوتانی گەنجینەی ماڵێكە كە لە رۆژهەڵاتی شوێنی نیشتەجێبوونی هێزی هاوپەیمانانە، ئەمەش وا لێكدرایەوە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان یان ئاڕاستەكردنی رۆكێتەكان لەوانەی پێشووی ئێران دەچێت، لەبەر ئەوەی لە هەموو ئەو هێرشانەی پێشوویدا نەیتوانیوە ئامانجەكە 100% بپێكێت و زۆرینەی رۆكێت و مووشەكەكان لەنێو ماڵ و گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوونەكانی نزیك لە فرۆكەخانە كەوتوونەتە خوارەوە، هەر بۆیە ئەم لێكدانەوە ئەگەری سەرچاوەكە بەهێز دەكات.

كاردانەوەكان:
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكدا، لەبارەی هێرشە موشەكیەكەی هەولێری شەوی ڕابوردوەو ە  نوسیویەتی : ئەمریكا تورەیە لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ده‌ڵێت: دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌ولێرو پێشتریش به‌غداد و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر، تاوانێكی تیرۆریستییه‌ و ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین، كه‌ ئامانجی لێدانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیی و كۆسپ خستنه‌ به‌رده‌م ئه‌من و ئاسایشی وڵات و سه‌روه‌ریه‌كه‌یه‌تی.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: پێویسته‌ هه‌موومان یه‌كبگرین بۆ پشتیوانی ئاسایشی وڵات و چه‌سپاندنی یاسا و پاراستنی هاوڵاتیان و ئه‌و تیرۆریستانه‌ش له‌ناوببه‌ین كه‌ له‌یاسا ده‌رچوون.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت‌: زۆر به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مشه‌و كرانه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر و پێگه‌یه‌كی هێزەکانی‌ توركیا له‌ باشیك. هیچ پاساوێك بۆ ئه‌م هێرشانه‌ نییه‌ و له‌ زیان و تێكدانی سه‌قامگیری و ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی عێراق، هیچی دیكه‌ی لێناكه‌وێته‌وه‌ به‌ ته‌واوی دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌.

سەرۆكایەتی هەرێم دەنوسێت: چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جددی ده‌وێت و ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عیراق به‌ پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ماهه‌نگی و هاریكاریی نێوانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپ و تاقمانه‌ی له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌ن زیاتر بكه‌ن و سنوورێكی یه‌كجارییان بۆ دابنرێت تا چیتر ئارامی و سه‌قامگیریی وڵات نه‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر نه‌بێت.

رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌وە په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: هێرشەکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان. ده‌شڵێ: لەکاتێکدا هەولێر وەک قەڵا قایم و وەک وورەی پێشمەرگە بەهێز و خۆڕاگرە...

عەمار حەكیم سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمەش‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: بەنیگەرانییەکی گەورەوە بەدواداچوونمان بۆ ئەو پێشێلکارییە ئەمنییە کرد كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ هەرێمی کوردستان.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌و هێرشه‌ ئیستفزازانه‌ی ئه‌نجامدراوه‌، تەئکید لەسەر بوونی ئەجێندای ژێربەژێر ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامانجیان تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاته‌.

عه‌مار حه‌كیم له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌یدا هۆشداری له‌ به‌ئامانجگرتنی دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كان و هێرشكردنه‌ سه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌دات و ده‌شڵێ: جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو پێشێلکارییانەی تیایدا ئاسایش و ئارامی ده‌كاته‌ ئامانج تاوانێكه‌ و پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌موو لایه‌ك پابەندبن بە بڵاوکردنەوەی کەشی ئاشتی و بەزەیی لەبری شەڕ و تۆقاندنی خەڵک.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌یدا عه‌مار حه‌كیم ده‌ڵێ: داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ ده‌كه‌ین و ئه‌وانه‌شی له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌ن ئاشكرا بكرێن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە. كە ئەمە دەقەكەیەتی: بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم. هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.

ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان قسەم کرد، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكردوە كە تیایدا هاتووە:
دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت، هێرشەکە بە ڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە .خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە . لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەکە .

بەڵگە گریمانەییەكان:
چەند رۆژێك پێش لە ئێستا ناوەندی ئەتۆمی نەتەنز لە نزیك شاری ئەسفەهانی ئێران تەقینەوەیەكی تێدا ڕوویدا، ئێرانیش ئیسرائیلی تاوانبار كرد، بۆ ئەو مەبەستە گوایە هێرشێك لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا كراوەتە سەر ناوەندێكی هەواڵگریی ئیسرائیل لە هەولێر ، پێگەی ئەلیكترۆنی فەرمی ئێران- مێهری كوردی- شوێنی هێرشەكەی چەند رۆژی پێشووی –هەولێر- بە ناوەندێكی موسادی ئیسرائیلی ناوبردووەو ونوسیویەتی: سەرچاوە عێراقییەکان هەندێ زانیاری نوێیان لە بارەی هێرشەكە بۆ سەر ناوەندی مووساد لە باکووری عێراق بڵاو کردەوە و ژمارەیەک لە زایۆنیستە کوژراوەکانیان ناساند.
مێهری كوردی نوسیویەتی: بە پێی سەرچاوەیەکی ئەمنیی هەندێ زانیاریی نوێ لە هێرش بۆ ناوەندی مووساد لە باکووری عێراق بڵاو کردەوە. ئەم سەرچاوە ئەمنییە ڕایگەیاند: لەم هێرشەی هەولێردا( 10 ) زایۆنیست کوژراو و بریندار بوون کە شۆناسی سێ کەسیان بە ناوەکانی منحانین نوعام، عەکیفا عامی و بی رەز جیکوب ناسێندراوە . ئەمەش ئەگەری ئەنجامدانی هێرشەكە لە لایەن سوپای قودسەوە زیاتر دەكات.
مێهری كوردی لە لایەن سابرین نیوز ەوە ڕایگەیاندووە : هەندێ زانیاری ورد لە ناوەند و چالاکیی ناوەندە هەواڵدەرییەکانی مووساد لە بەر دەست دایە و گەر پێویست بێ بڵاو دەکرێنەوە. هەرچەندە میدیاكانی ئێران و ئەوانەشی لە ئێرانەوە نزیكن لە عێراق جەختیان لەسەر ڕاستی  ئەو هێرشە كردەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان و میدیاكانی ئیسرائیلیش ڕەتیان كردەوە كە هێرشی لەو جۆرە ئەنجام درابێت.

بۆچی فڕۆكەخانەی هەولێر؟
گەرچی هەرێمی كوردستان خاوەنی دوو فرۆكەخانەی نێو دەوڵەتییە و یەكێكیان لە سلێمانی و ئەوی دیكەیان لە هەولێرە، بەڵام بایەخی فڕۆكەخانەی هەولێر لە سلێمانی زیاترە و لە هەمان كاتیشدا هێرشەكان بۆ سەر فرۆكەخانەی سلێمانی تا ئێستا نەبووە، لەبەر ئەوەی لە لایەكەوە پایتەختە و لە لایەكی دیكەشەوە لە ساڵی 2014 ەوە ئەو فڕۆكەخانەیە ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە شكستی داعش دا و، لەبەشی رۆژهەڵاتی فڕۆكەخانەكەوە بنكەیەكی هێزی هاوپەیمانانی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا تێدا نیشتەجێ كراوە ، بەپێی سەرچاوەكان دەیان هەلیكۆپتەر، فرۆكەی جەنگی و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سەدان سەربازو ئەفسەری تێدا نیشتەجێن. لەگەڵ ئەوەشدا فڕۆكەی سیخوڕیی و بێفڕۆكەوانی سەر بە هێزە سەربازیی و ئەمنیەكانی(CIA) تێدایە.
بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا چەندین جۆری فڕۆكەو هەلیكۆپتەری جەنگی لەو فڕۆكەخانەیەدا جێگیركردووە ئامانجیشیان ئەوە بووە كە هاوكاریی سەرەكی بێت بۆ هێرشكردنە سەر داعش لە موسڵ و چواردەوریی و تا ئێستاش ماونەتەوە. هەربۆیە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دوژمنی سەرەكی ئێرانن و بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرش و چالاكییەك پەنا دەبەنە بەر هێرشكردنە سەر ئەو فڕۆكەخانەیە.

هێرشە پێشووەكانی سوپای قودس:
رۆژی 15/2/2021  فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتە بەر هێرشی 14 مووشەكی جۆریی رۆكێت 107 میلیمەتری بەناوی (فجر 1)كە لە دروستكراوی ئێران بوو و لەلایەن میلشیاكانی عێراقەوە ئاڕاستەی ئەو فڕۆكەخانەیە كرابوو،  10دانەیان لە دەرەوەی فڕۆكەخانە كەوتنە خوارەوەو هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە و تەنها زیانی مادیی بەر چەند ماڵێكی نزیك لە فڕۆكەخانە كەوت. بەڵام 4 لەو مووشەكانە كەوتنە نێو فڕۆكەخانەو بووە هۆی خاوەن كارێكی ئەمریكی كوژراو پێنجی دیكەو دوو كەسی سڤیل بریندار بوون.
هەربۆیە جۆبایدنی سەرۆكی ئەمریكا چرای سەوزی بۆ سوپای وڵاتەكەی داگیرساند كە وەڵامی میلشیا سەربازییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق بدەنەوە، هەبۆیە لە رۆژی 25/2/2021 هێزی ئاسمانی ئەمریكا هێرشێكی كردە سەر حزب الله ی سەر بە حەشدی شەعبی لەناوچەی القائم بۆردومان كرد و بووە هۆی زیانی مادی زۆر و كوشتنی چەكدارێك بەناوی سەید راهی زاید.
هەربۆیە لێكچوون لە نێوان ئەو هێرشانەدا گومانەكان زیاتر دەكات كە دەستی ئێرانی تێدا بێت و لە ڕێگەی میلشیاكانی خۆیەوە لە عێراق ئەنجامی دابێت، لەبەر ئەوەی  تائێستاش ئێران خۆی لەوە دەپارێزێت كە ڕاستەوخۆ جەنگی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بكات و هەرچی دەكات لە ڕێگەی وەكیلەكانیەوە ئەنجام دەدرێت.