ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:18 - 16/04/2021

لە جەنگەوە بۆ ژیان؛ چارەنووسی بەکرێگیراوەکانی تورکیا‌

پەیسەر

دوای ئەوەی لە جەنگی لیبیا و کاراباخ گەڕانەوە، چەکدارە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە باکوری سوریا وازیان لە چەکەکانیان هێناوە و دەستیان بە کاری ئازاد کردووە. ئەم چەکدارانە لە جەنگەوە گەڕاونەتەوە ژیانی ئاسایی و دەیانەوێت دوور لە شەڕ و نزیک لە خێزانەکانیان بەردەوامیی بە ژیانیان بدەن.

گەڕانەوەیەکی جیاواز
راپۆرتە عەرەبی، نێودەوڵەتییەکان و زانیارییەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن، بەکرێگیراوەکانی تورکیا، دوای ئەوەی لە شەڕی لیبیا و کاراباخ بەشدارییان کرد و ئەرکەکانیان کۆتایی هات، گەڕاونەتەوە سوریا، بەڵام گەڕانەوەیەکی جیاواز، چونکە ئیتر دەستیان لە چەک هەڵگرتووە و بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

ئەم بەکرێگیراوانە گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەستی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرەدان، زۆربەی بەکرێگیراوە گەڕاوەکان وازیان لە چەکەکانیان هێناوە و بڕیاریان داوە ئیتر بە بازووی خۆیان پارە پەیدا بکەن، نەک لە رێگەی تفەنگ و کوشتنی سەربازەکانی بەرامبەرەوە.

تورکیا ئیشی بە ئەم چەکدارانە نەما
ئەم بەکرێگیراوانە پێشتر لەلایەن تورکیاوە ٢٠٠٠ دۆلاری مانگانەیان پێدەدرا، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی بەرۆکی تورکیای گرتووە، مانگانەکەیان بۆ ٥٠٠ دۆلار کەمکراوەتەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کە تورکیا ئیشی بە ئەم چەکدارانە نەما، چونکە جەنگی لیبیا و پێکدادانەکانی سوریاش لەم کاتەدا بە تەواوی کەمبووەتەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ئەم چەکدارانە دوای ئەوەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە باکوری سوریا، دەستیان بە دوکانداری و پڕۆژەی بچوک کردووە و ژیانێکی بێشەڕ و بێچەک دەژین.

لە لیبیای ماندوو بەدەستی جەنگ و پێکدادانی بەرەی رۆژئاوای وڵات و بەرەی رۆژهەڵات، دۆخەکە بەرەو ئارامی زیاتر دەچێت، حکومەتی یەکێتی نیشتمانی هاتووەتە کایەوە و یەکەم ئامانجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەم گۆڕانکارییە کۆتاییهێنانە بە بوونی هێزە بیانییەکان، بەتایبەت هێزەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، بەتایبەت کە ئامادەکاری دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت.

لە کاراباخیش شەڕ کۆتایی هاتووە و ئازەربایجانی هاوپەیمانی تورکیا بە ئامانجەکانی گەیشتووە، بۆیە هۆکارێک بۆ مانەوەی چەکدارە بەکرێگیراوەکان نەماوە.

سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە
بەکرێگرتنی چەکدار لەلایەن تورکیاوە، بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئەنقەرە بووە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەم چەکدارانە خەرجییەکی گەورەیان خستە ئەستۆی تورکیا و هێندەی دیکە قەیرانە داراییەکەی تورکیای زەحمەتتر کرد.

تورکیا هەزاران چەکداری لە گروپە چەکدارەکان بەکرێ گرت کە ژمارەیان دەگەیشتە ١٠ بۆ ١٦ هەزار کەس و رەوانەی لیبیای کردن تاکو لە تەنیشت حکومەتی ویفاقی پێشوو لە دژی سوپای نیشتمانی لیبی بە سەرکردایەتی حەلیفە حەفتەر شەڕ بکەن کە دەیەویست تەرابلوس کۆنترۆڵ بکات و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی فایز سەراجی هاوپەیمانی ئەردۆغان بهێنێت.

دوای ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتوو پێکهات، ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەی تورکیا و گروپە چەکدارەکان نەمایەوە، بۆیە ئەنقەرە زۆربەی چەکدارەکانی کشاندەوە، بەڵام هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە چەکدارەکانی تورکیا لە لیبیا ماون و هێشتا نەکشاونەتەوە.

تورکیا بەشێک لەو چەکدارانەی لە لیبیا کشاندنییەوە رەوانەی شەڕی کاراباخی کردن و دواتر گەڕاندنیەوە بۆ سوریا.


هۆکاری گەڕانەوەی ئەم چەکدارانە بۆ عەفرین
تەلەفیزیۆنی 'الحرة'ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا کە پشتی بە زانیارییەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەستووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو چەکدارانەی چوونە لیبیا و دواتر رەوانەی کاراباخ کران، زۆربەی گەڕاونەتەوە شاری عەفرین.

هۆکاری گەڕانەوەی ئەم چەکدارانە بۆ عەفرین ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی تورکیادایە و ترس لەسەر ژیانیان نییە.

یەکێک لەو چەکدارانە بەو پارەیەی مانگانە لە تورکیای وەردەگرت و لە چوارچێوەی سوپای ئازادی سوریا لە لیبیا شەڕی دەکرد، لە ئێستادا لە عەفرین هۆڵێکی مەلەوانی کردووەتەوە.

ئەم چەکدارە دەڵیت، بۆ ئەوەی بژێوی خۆی و خێزانە شەش کەسییەکەی دابین بکات، ناچار بووە ببێت بە کرێگرتە و بەشداری لە شەڕەکاندا بکات، بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت لە رێگای ئیشی ئازادەوە بەردەوامی بە ژیان و گوزەرانی بدات.


روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئەم گەنجە لەو هەزاران چەکدارە بەکرێگیراوەیە کە لە بەرەکانی جەنگەوە گەڕاونەتەوە و دەستیان لە چەکداری هەڵگرتووە.

یەکێکی دیکە لەو چەکدارانە دەڵێت، ماوەی پێنج مانگ لە لیبیا و لە چوارچێوەی فەیلەقی شام شەڕی کردووە، لەم ماوەیەدا ٧٥٠٠ دۆلاری کۆکردووتەوە و تەکسییەکی پێکڕیوە و لە ئێستادا لە سوریا کاری پێدەکات.