ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:14 - 17/04/2021

تورکیا لەبەردەم بڕیارەکەی کەنەدا؛ ئەنقەرە ناوەستێت‌

پەیسەر

کەنەدا هەناردەکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ تورکیا راگرت، ئەمەش ترسی لای تورکەکان دروستکردووە کە بوون بە رێبەری ئەم چەکە لە ناوچەکەدا، بەڵام شیکردنەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم هەنگاوەی کەنەدا پێشکەوتنی تورکیا لەم بوارەدا راناگرێت.

رۆژی دووشەممەی رابردوو مارک گارنو، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی وڵاتەکەیان لەلایەن تورکیاوە ئامادەکراوە دەریدەخات تورکیا لە جەنگە ناوچەییەکاندا سودی خراپی لە فڕۆکەکانیان وەرگرتووە، بۆیە هەناردەی ئەو فڕۆکەیە بۆ تورکیا ڕاگیراوە.

مارک گارنو باسی لەوەش کردبوو، پێشتر پەیوەندییان بە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کردووە و نیگەرانی قوڵیان نیشانداوە لە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە لە شەڕەکانیدا لە قەیرانی قەرەباغ کە لەلایەن تورکیاوە پێیان دراوە. ئەم هەنگاوەش ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیان."

پێشتر بەشێک لە هەناردە سەربازییەکانی کەنەدا بۆ تورکیا لە پایزی ساڵی ڕابردوو هەڵپەسێردرابوو، بەڵام ئێستا بە تەواوی فرۆشی ئەو جۆرە فڕۆکە بە تورکیا هەڵوەشاوەتەوە.


لەگەڵ ئەوەی کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ کەنەدا فرۆشتنی ئەم پارچانەی بە تورکیا راگرت کە تایبەت بوون بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام ئەمجارە کەنەدا بە تەواوی هەناردەکردنەکەی هەڵوەشاندەوە.

تورکیا کە ئەندامی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، لە شەڕی شەش هەفتەی جەنگی کاراباخدا هاوکاری ئازەربایجانی کرد و بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئەرمینیا، ئەمەش ئەرمینیای ناچار بە کشانەوە کرد. بەشداری تورکیا لە شەڕی کاراباخ، نەک کەنەدا، هەموو وڵاتانی ناتۆی لە خۆی نیگەران کرد.

ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە دەرەکییەکان کە بارەگاکەی لە فیلادلفیایە دەڵیت، رێککەوتنی کەنەدا و تورکیا بەو جۆرە بووە کە نابێت ئەو چەکانە بە لایەنی سێیەم بدرێن.

تاکو ئێستا روون نییە بڕیارەکەی کەنەدا تاکو چەند کاردەکاتە سەر توانای تورکیا لە بواری دروستکردن و گەشەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام لە ئایندەدا ئەم کاریگەرییە دەردەکەون.

شتاین لەم بارەیەوە دەڵێت، بڕیارەکە کارەسات بۆ تورکیا دروست ناکات و لە بنەڕەتیشدا توانای تورکیا لە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە وڵاتانی دیکە سنوردارە.

کەنەدا بۆی دەرکەوتووە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئازەربایجان سیستمی وێنەگرتن و ئامانجگرتنی تێدایە کە لەلایەن (L3 HARRIS WESCAM)ی کەنەدییەوە دروستکراوە و سەر بە (L3Harris Technologies, Inc)ە.

وەک وەڵامێک بۆ ئەم نیگەرانی و هەنگاوانەی کەنەدا، باڵیۆزخانەی تورکیا لە کەنەدا دەڵێت، چاوەڕوانن هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ ئەو هەنگاوانە نەنێت کە کار دەکاتە سەر پەیوەندییە دوولایەنەکان و هاوپەیمانییەتییەکانیان.

تورکیا چاوەڕوان بوو کەنەدا بڕیارە هەڵپەساردن و راگرتنی چەک بە وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام تورکیا نەک راگرتنە کاتییەکەی هەڵنەوەشاندەوە، تەنانەت بە تەواویش کۆتایی پێهێنا.

پێشتریش مەولود چاوشئۆغڵو داوای لە حکومەتی کەنەدی کردبوو دەست بە هەناردەکردنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکانی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکاتەوە، چونکە یەکێک لەو پارچانە کە سیستمی کامێرای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایکارە، بۆ پیشەسازی سەربازیی تورکیا و ئەم فڕۆکانە زۆر گرنگە.

ئەوەی کەنەدییەکانی نیگەران کرد ئەوە بوو کە هەناردەی کەلوپەلی سەربازی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە ساڵی رابردوودا شەش هێندە زیادی کرد و تەنها لە مانگی ئەیلولدا واتە پێش شەڕی کاراباخ، تورکیا بە بڕی ٧٧ ملیۆن دۆلار چەکی بە ئازەربایجان فرۆشت.

تورکیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٠وە گرنگییەکی زۆری بە پێشخستنی کەرتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دا. لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە تورکیا بە تەواوی لەم بوارەدا پێسکەوت و بوو بە خاوەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زۆر پێشکەوتوو.

تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا چەند جۆرێکی درۆنی زۆر بەهێزی دروستکرد، لەوانەش (Anka-S) کە لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیاوە دروستکراوە و (Bayraktar TB2) کە لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازی بەرگریی بایکارەوە دروستکراوە و سەر بەخێزانی سەلچوک بایراکتاری پسپۆری بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و زاوای رەجەب تەیب ئەردۆغانە.

هۆکاری سەرەکی وای کرد تورکیا پەرە بە پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، ئەو گەمارۆ ئابوورییەیە کە لە ساڵی ١٩٧٥وە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەری، ئەوە جگە لەوەی ئەمریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی جۆری (Predator) و (Reaper)ی بە تورکیا سنوردار کرد.

تورکیا لەم بوارەدا توانی بە ئامانجەکانی بگات، بۆ نموونە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (Bayraktar TB2)ی دروستکرد کە دەتوانێت بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و زانیاری کۆبکاتەوە.