ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:26 - 18/04/2021

خەونەکەی ئەردۆغان؛ ئەو پڕۆژەیەی روسیا دەترسێنێ و ئەمریکا دڵخۆش دەکات‌

پەیسەر

سەرەڕای هەموو رەخنەکان لەسەری، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای هاتنە سەر دەسەڵات، دەستی بەو پڕۆژانە کرد کە تورکیایان کرد بە هێزێکی هەرێمی گەورە، دروستکردنی فڕۆکەخانە گەورەکان، پردەکان و تونێلە درێژەکان بەردەوامییان هەیە، پڕۆژەی نۆکەندی ئیستەنبوڵ لەو پڕۆژانەی ئەردۆغانە بە "سەرکێشانە و شێتانە" ناو دەبرێت و روسیا نیگەران و روسیاش دڵخۆش دەکات.

خەونە لەمێژینەکە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا دەڵێت، لەو کاتەوەی سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ بووە بیری لەم پڕۆژەیە کردووەتەوە، خەونێک کە ئێستا لە بەدیهێنان نزیکە و سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن، هەموو شتێک بۆ دەستپێکردنی ئامادەیە.

درێژی نۆکەندی ئیستەنبوڵ ٤٥ کیلۆمەترە، پانییەکەی ٢٧٥ مەتر و قوڵییەکەشی ٢٠،٧٥ مەتر دەبێت، وەک لە وردەکاری پڕۆژەکەدا هاتووە، بەشێکە لە ئامانجەکانی تورکیا بۆ ساڵانی ٢٠٤٠ و ٢٠٧٠.

ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکە ساڵ و نیوێکی بۆ دانراوە و تەواوی کارەکانی دیکەی پڕۆژەکەش پێنج ساڵ و نیوە، سەرجەم ئەو کاتەی لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی بۆ پڕۆژەکە دانراوە و ئەگەر هیچ دۆخێکی نەخوازراو روونەدات حەت ساڵە.

لە وردەکاری پڕۆژەکەدا هاتووە، بۆ هەموو کارەکانی پڕۆژەکە (بەندەرەکان، ناوەندی لۆجستی و وردە پڕۆژەکان) نزیکەی ١٠ هەزار کەس کار دەکەن، واتە ١٠ هەزار کەس دەبنە خاوەن کار.

بودجەی خەمڵێندراوی تەواوی پڕۆژەی نۆکەندی ئیستەنبوڵ، نۆ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا باس لە گرنگییە مێژوویی، بازرگانی، کەلتورییەکانی پڕۆژەکە دەکات و وەک ئامانج دیاری کردوون، بەڵام ئامانجی هەرە گەورەی پڕۆژەکە بەستنەوەی دەریای رەشە بە دەریای سپی ناوەڕاست، لە ئاستی دووەمیشدا کەمکردنەوەی فشارە لەسەر گەرووی بۆسفۆڕ.

نیگەرانکەری روسیا
رۆژنامەی (Haaretz)ی ئیسرائیلی شیکردنەوەیەکی (Zvi Bar'el)ی بڵاوکردووەتەوە کە بە وردی باس لە ئامانجە شاردراوەکانی نۆکەندی ئیستەنبوڵ و گرنگییەکی بۆ تورکیا دەکات.

نووسەر پێی وایە، پڕۆژەکە بووەتە هۆی نیگەرانی روسیا، چونکە ئەم نۆکەندە لە کاتی بەرپابوونی جەنگدا رێگایەک دەبێت بۆ تێپەڕینی کەشتییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و دژە روسیا، واتە لە ئەگەری بەرپابوونی جەنگ و داخستنی رێڕەوەکانی دەریای رەش لەلایەن روسیاوە، وڵاتانی ئەمریکا و رۆژئاوا بەم رێگایەی ئیستەنبوڵ دەتوانن لەنێوان دەریای رەش و دەریای سپی ناوەڕاست هاتوچۆ بکەن.

ئەوەی روسیای زیاتر نیگەران کردووە، فراوانبوون و بەهێزبوونی دەسەڵاتی دەریایی تورکیایە بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، چونکە دەبێتە دەسەڵاتی یەکەم و کاریگەر بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی تێپەڕینی کەشتییەکان لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بۆ دەریای رەش، چونکە وەک لە نەخشەی پڕۆژەکەدا دیارە، ئەم نۆکەندە دەریای رەش لە باکوری ئیستەنبوڵ بە دەریای مەڕمەڕە لە باشوری ئیستەنبوڵ پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئەمریکا دڵخۆشە
ئەمریکا بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لەم پڕۆژەیە دەکات، چونکە ئیتر رێڕەوێکی گرنگی بۆ پەیدا دەبێت تاکو لە ئەگەری هەڕەشەی روسیادا، بۆ کەشتییەکانی بەکاریبهێنێت و بە ئاسانی لەنێوان دەریای رەش و دەریای سپی ناوەڕاستدا هاتوچۆ بکات.

شیکەرەوەکەی (Haaretz) دەڵێت، نۆکەندی ئیستەنبوڵ شتێکی باشە بۆ ئەمریکا و لە ئەگەری شەڕی لەگەڵ روسیا ترسی رێگاداخستنی ئاویی نامێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر هەیە لەپێناو ئەم پڕۆژەیەدا ئەمریکا لە قەیرانی ئێس ٤٠٠ی روسی، سازش بۆ تورکیا بکات و فشارەکانی کەم بکاتەوە.

نووسەر باس لەوە دەکات تورکیا چاوی لەوەیە ئەم پڕۆژەیە بیکات بە هێزێکی هەرێمی گەورە کە روسیا و ئەمریکاش پشتی پێببەستن.

گرنگی پڕۆژەکە بۆ تورکیا
جگە زیادبوونی دەسەڵاتی دەریای تورکیا بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، نۆکەندەکە داهاتێکی گەورە بۆ تورکیا دابین دەکات و هەلی کاریش بۆ دەیان هەزار کەس دەڕەخسێنێت.

تەنها لە ساڵی رابردوودا ٣٨ هەزار کەشتی بە گەرووی بۆسفۆری ئیستەنبوڵدا تێپەڕیون، نۆکەندی ئیستەنبوڵ ئەم فشارە گەورە و قەرەباڵخییە لەسەر بۆسفۆر کەم دەکاتەوە، چونکە قەرەباڵخی بۆسفۆڕ کێشەی هاتوچۆی دروستکردووە و چەندین جاریش رووداو روویداوە.

دژایەتی ئۆپۆزسیۆن
هەر لە سەرەتای باسکردنی پڕۆژەکە تاکو رەزامەندی لەسەردانی و ئێستاش، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، رەخنەگران و بەشێک لە زانایانی تورکیا، بە توندی دژایەتی ئەم پڕۆژەیان کردووە و بە ترسناکی دادەنێن بۆ داهاتووی شارەکە.

ئۆپۆزسیۆن پێی وایە ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە خەونە تاکلایەنەکانی ئەردۆغان و بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵکی تورکیایە و هەوڵیش دەدات بەم پڕۆژەیە قەیرانەکان لەبیری خەڵکی تورکیا بباتەوە، بۆیە بە پڕۆژەیەکی "سیاسی" ناوی دەبەن.

بەشێک لە زانایانی تورکیاش لەبارەی پڕۆژەکەوە هۆشداری دەدەن و پێیان وایە ئەم نۆکەندە شارەکە تینوو دەکات و رووبەڕووی قەیرانی ئاوی خواردنەوەی دەکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی شارەگە دەگۆڕێت و ئەگەری زیادبوونی بومەلەرزەش لە شارەکەدا زیاد دەکات.

فڕێدانی قەیرانەکان بۆ ناو نۆکەندی ئیستەنبوڵ
تورکیا چەند ساڵێکە رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری و دارایی سەخت بووەتەوە، هەڵئاوسان لە خراپترین ئاستیدایە، بێکاری بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ئازادی سیاسیی و میدیاییش بەردەوام پاشەکشە دەکات.

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لوتکەی خۆیدایە، چەند رۆژێکە تورکیا بەردەوام ریکۆردی نوێ دەشکێنێت و زۆرترین حاڵەت تۆمار دەکات. ژمارەی توشبوونی رۆژانەی کۆرۆنا لە سەرووی ٦٠ هەزار کەسەوەیە و کەمی پێکوتەش قەیرانەکەی قوڵتر کردووەتەوە.

نووسەر پێی وایە دەکرێت، هەموو ئەم قەیرانانە بەهۆی نۆکەندی ئیستەنبوڵەوە کەم ببێتەوە.

ئایا ئەردۆغان دەتوانێت هەموو قەیرانەکانی وڵاتەکەی بخاتە نێو ئاوی نۆکەندی ئیستەنبوڵەوە؟