ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:43 - 19/04/2021

گەڕان بە دوای دۆستدا؛ ئەردۆغان هاوبەشی ستراتیژیی رۆژئاوایە یان دوژمنی کاتی؟‌

پەیسەر

تورکیا بەدەست قەیرانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی کێشە و ناکۆکی گەورە و قوڵی هەیە. لەم دۆخەدا لەلایەن رۆژئاواوە فەرامۆش و گۆشەگیر کراوە، بۆیە بە دوای جێگرەوەدا گەڕاوە و ئەمەش هێندەی دیکە لە رۆژائاوا دووریخستووەتەوە. تورکیا رووە و کوێ دەڕوات: رۆژئاوا یان دژە رۆژئاواییەکان؟

 لە کێشە گەورەتر و ئاڵۆزتر
بە تەماشاکردنی پەیوەندییەکانی ئێستا، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە کێشەی زۆر لەنێوان تورکیا و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانیدا هەیە کە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانن، کەسیش ناتوانێت بڵێت نابێت کێشە لەنێوان وڵاتاندا هەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە سەرچاوە و هۆکاری کێشەکانە، ئەوەی لە پەیوەندی نێوان تورکیا لەگەڵ ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا هەیە لە کێشە گەورەتر و ئاڵۆزترە.

یوسف کانلی نووسەر لە وتارێکیدا کە رۆژنامەی حوڕییەت بڵاویکردووەتەوە، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا و کێشەکانیان دەکات.

نووسەر سەرەتا باس لەوە دەکات کە یەکێتی ئەوروپا تەنها رێکخراوێکی ئابووری و هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیش (ناتۆ) تەنها گروپێکی ئاسایشیی نییە.

هەڵەیەکی زۆر روون
وەک ئاماژەدان بە هەڵەی تورکیا لەم بوارەدا نووسەر دەڵیت، بە کەم سەیرکردنی ناتۆ بەوەی تەنها رێکخراوێکی ئەمنییە، هەڵەیەکی زۆر روونە، ئەمەش بەهۆی ئەو سروشتە سیاسییەی کە رێکخراوەکە هەیەتی، رێکخراوێک کە پەیوەستی لەنێوان هاوپەیمانەکاندا دروستکردووە و پارێزگارییەکی باشی لە پێگە و هەژموونەکەی بکات.

یەکێتی ئەوروپاش زیاتر لەوەی گروپێکی ئابووری بێت، پڕۆژەیەکە بۆ ئاشتی و ئەو بەهێزانەی خەونیان ئەوروپایەکی یەکگرتوو بوو دروستیانکرد، رێک وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بە هەر جۆرێک بێت ئەوروپا پڕۆژەیەکی ئاشتی گەورەیە کە سەرکردە خاوەن روئیاکان لە دوای کارەساتی جەنگی جیهانی دووەمەوە دروستیانکرد.

نووسەری وتارەکە بە روونی دەڵێت، چەندین کێشەی گەورە لەنێوان تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە.

هەڵوێستە هەڵەکان
سەرکردە خاوەن خەونەکانی ئەوروپا بە هەموو جۆرێک قبوڵکردن و بوونی تورکیایەکی رامنەکرا و کۆنترۆڵنەکراو لەناو یەکێتی ئەوروپا رەتدەکەنەوە و رێگە بە دروستبوونی ئەم دۆخە نادەن، دژایەتییەکانی یەکێتی ئەوروپاش بۆ تورکیا هەر ئەم سەرکردانەی لەپشتەوەیە.

گەورەترین کێشەی تورکیا کە وای کردووە بەردەوام لە کێشەدا بێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، هەڵوێستە هەڵەکان و بەهەدەردانی کاتە، بەشێک لە هۆکارەکان سیاسین و بەشێکیشیان کەلتورین.

لە رۆژانی رابردوو کە دوو سەرکردەی دیاری یەکێتی ئەوروپا سەردانی تورکیایان کرد چاوەڕوان دەکرا باس لەو بنەما سەرەکییانە بکرێت کە یەکێتی ئەورپای لەسەر دروستبووە، کەچی قەیرانی قەنەفە و کورسییەکە، کێشەی پرۆتۆکۆڵی و راگرتنی کۆچبەران لەبەرامبەر وەرگرتنی هەندێک دۆلار بوو بە بابەتی سەرەکی. هەر ئەمەش وەهای کردووە کە ئێستاس سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەبری ئەوەی باسی مافەکانی تورکیا بکەن دێن و باسی ئەم بابەتە بچوکانە دەکەن.

پێشکەوتنی بەرچاو
ئەگەر سەرکردەکانی فەرامۆشی نەکەن، تورکیا هەلی ئابووری گەورەی لەبەردەستدایە، سەرەڕای هەموو کێشەکان هاوردەکانی تورکیا (جگە لە وزە) لە وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپاوە دێن. لەبەرئەوەشی وەبەرهێنانی هاوبەش گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، تورکیا بە هیچ جۆرێک ناتوانێت بایکۆتی هیچ کاڵایەکی یەکێتی ئەوروپا بکات و فشاری ئابووری دروست بکات.

سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا پێویستی بە هاوردەکردنی هەندێک لە کەلوپەلی سەربازییە و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانیشی گەمارۆی چەکیان خستووەتە سەری، بەڵام توانیویەتی لە بواری پیشەسازی بەرگری و سەربازیدا گەشە بکات، کردە و چالاکییەکانیشی لە لیبیا، سورییا و جەنگی کاراباخ ئەو راستییەی سەلماند کە تورکیا لەم بوارەدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەم پێشکەوتنەی تورکیا لە بواری پیشەسازی بەرگری سەربازیدا، دەرئەنجامی ئەو گەمارۆی چەکەیە کە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٥وە لەسەر ئەنقەرە دایناوە، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەگەر رۆژئاواش کەلوپەل و پارچەی چەک بە تورکیا نەدات خۆی ناتوانێت دروستی بکات؟ ئەوەی ئێستا هەیە سەلمێنەری ئەوەیە تورکیا تا ئاستێکی باش لەم بوارەدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.


بۆیە فەرامۆشکردنی تورکیا لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە دەرئەنجامی خراپی بۆ ئەم هاوەپەیمانانە هەبووە، چونکە تورکیا ناچار بووە پشت بە خۆی ببەستێت و روو لە هاوپەیمانی دیکە بکات کە دۆستی رۆژئاوا نین، گەورەترینیشیان روسیایە.

بەرەو بەرەی نەیارەکان
دەبێت ناتۆ و ئەمریکا لەوە دڵنیا بن پشتکردنە تورکیا، ئەنقەرە زیاتر بەرەو بەرەی نەیارەکانیان دەبات.

راستە تورکیا بەدەست چەندین کێشەی گەورە دەناڵێنێت کە دیارترینیان پەیوەندی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانەوە هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ وڵاتانی رۆژئاوا دەبێت دەستی تورکیا بگرن و بۆ ئامێزی خۆیانی بگەڕێننەوە یان گۆشەگیری بکەن و ناچاری بکەن بە دوای هاوپەیمانی نوێ و هاوبەشی دیکەدا بگەڕێت؟

ئەم پرسیارە دەبێت لە بەرپرسانی داد و گەشەپێدانیش بکرێت کە تورکیا بەرەو کوێ دەبەن؟ لە کاتێکدا کاری ئیستیفزازی دژی وڵاتانی دراوسێ، هاوپەیمان و یەکێتی ئەوروپا دەکات و رووی لە روسیای دوژمنی رۆژئاوا کردووە، چۆن داوای هەڵوێستی دۆستانە و هاوپەیمانانە لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا دەکات؟