ڕاپۆرتی کوردستانی

01:51 - 19/04/2021

ژیژەک بۆ رۆژئاوای کوردستان: لە ئێوەوە فێری بونیادنانەوەی دیموکراسی دەبین‌

پەیسەر

سلاڤۆى ژیژەک، فەیلەسوف و دەروونشیکارى سلۆڤینى لە وانەیەکی ئۆنلایندا لە زانکۆی کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان وتی، "کوردەکان، ئێوە یۆتۆپیایەکتان دروستکرد، دەبێت بە شێوەیەکی رادیکاڵ دیموکراسی بونیاد بنرێتەوە، ئەمەش لە ئێوەوە فێر دەبین."

رۆژی ١٨ی نیسان، کاتژمێر هەشتی شەو، زانکۆی کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان میوانداری سلاڤۆى ژیژەک، فەیلەسوف و دەروونشیکارى سلۆڤینى کرد تاکو بەشێوەی ئۆنلاید وانەیەک پێشکەش بکات.

ژیرەک بەم ناونیشانە وانەکەی پێشکەش کرد "لە رۆژگاری ئێستاماندا هێشتا دیموکراسی هەڵبژاردەیە."

ژیژەک لە وانەکەیدا جەختی لەسەر ئەم خاڵانە کردەوە و وتی:

کوردەکان، ئێوە بە کۆمەڵگەیەکی عەقڵی و رۆشنبیر، بە کردەیی یۆتۆپیایەکتان بونیاد نا. تەنها بەرخودان نا، بوڵکو بوون بە هێمای دروستکردنی سیستمێکی نوێ.

ئەرکی شۆڕش تەنها نوێنەرایەتیکردنی مرۆڤەکان نییە، لە هەمان کاتدا بە ئاگاهێنانەوەی مرۆڤەکانە لەوەی کە چیان دەوێت.

جگە لە ئێوە وەک کورد و چەند ئیستیسنایەکی دیکە، ئیتر شتێک نەماوە بە ناوی دیموکراسی لیبراڵ و تاکو دێت مرۆڤایەتی زیاتر دابەشدەبێت.

بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونی ئێرە باشتر کار بکات، دەبێت کار بۆ بونیادنانی جیهانێکی نوێ بکەین. ئایدۆلۆژیا سیستمێکی رووتی بەهاکان نییە، ئایدۆلۆژیا چووەتە ناو ژیانی رۆژانەتانەوە؛ چۆن هاوسەرگیری بکەن، چۆن بخۆن و چۆن خۆشەویستی بکەن؛ ئەمەیە ئایدۆلۆژیا.

ئەمڕۆ ناتوانن قەیران بە هەڵبژاردنی گەورە چارەسەر بکەن، کە پێکەوە بوونتان هەیە هەڵبژاردن کاری خۆی دەکات و دەکرێت بە گژ یەکتریشدا بچین، بەڵام لە چوارچێوەی یاسا بنەڕەتییەکاندا رێکدەکەوین.

دیموکراسییەتی لیبراڵ، پێویستی بە رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی بنەڕەتی هەیە، وەک هیگڵ ئاماژەی پێکردووە شتێکی روون، کە نەریتەکانی رۆژانەیە، ئەوەی کۆمەڵگە پێکەوە دەبەستێت ئەمەیە؛ یاساکان، بەڵام یاسا نەنووسراوەکان؛ هەر ئەمەیە چارەسەر و لە هەمان کاتیشدا هۆکاری قەیرانەکان.

بیرتانە کاتێک ئەمریکییەکان ئێوەیان بەجێهێشت، دژە ئیمرالیستییەکان ئێوەیان بە کارکردن لەگەڵ ئەمریکییەکان تۆمەتبار کرد؟ ئەمە درۆیەکی بنەڕەتی بوو، راستیی بنەڕەتی بەمانای پێویستی خۆفیداکردنی هەموان نایەت.

وانەی بنەڕەتی لەو مارکسیزمەی ئێوەی کورد (لە رۆژئاوای کوردستان) دروستان کرد ئەمە بوو؛ لە وڵاتێکدا کە ستەم هەیە، راستی بریتی نییە لە بێلایەنی، بەڵکو بریتییە لە فۆرمەڵەکردنی راستی لە زۆر رادیکاڵترین و ستەملێکراوترین مرۆڤەکانی ئەو وڵاتە. راستی کاتیگۆرییەکی کارلێککردنە.

*زانکۆی کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی لە ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ کرایەوە.