دۆسێ

10:40 - 24/04/2021

کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان؛ یەکەم هەنگاوی بایدن دژی تورکیا‌

پەیسەر

دوای سێ مانگ بەسەر سەرۆکایەتییەکەی جۆ بایدندا دواجار تەلەفۆنی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد، بەپێی زانیاری ئاژانسە میدییاییە گەورەکان، بایدن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە ئەردۆغانی وتووە؛ رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ بۆ ١٩٢١ بە کۆمەڵکوژی دەناسێنێت، ئەمەش لە ئێستاوە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرەی ئاڵۆز کردووە.

بایدن هەنگاوەکە دەنێت
رۆژی پێنجشەممە رۆژنامەی (The New York Times)ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن بڕیاریداوە بە فەرمی دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بنێت.

چەند بەرپرسێکی پلە باڵای ئەمریکا بە رۆژنامەکەیان وتووە، لەگەڵ ئەوەی بڕیارەکەی بایدن بۆ بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئاڵۆزی دەخاتە پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە، بەڵام پەیوەستی و بەرگری ئەمریکا لە مافەکانی مرۆڤ وا دەکات، بایدن گرنگی بە ئاڵۆزبوونی ئەم پەیوەندییانە نەدات.

تورکیا توڕە دەکات
بەرپرسێکی ئەمریکی بە روونی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی دەکەوێتە نێوان هەردوو وڵاتەوە، بەڵام بایدن بە فەرمی دان بە کۆمەڵکوژییەکەدا دەنێت.

چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممە ٢٤ی نیسان بایدن بە شێوەیەکی فەرمی دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بنێت، ئەمەش سەرەتای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەبێت لە چوار ساڵی ئایندەدا.

دوای سێ مانگ
دوێنێ هەینی، دوای سێ مانگ چاوەڕوانی، جۆ بایدن تەلەفۆنی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و چاوەڕوانییەکەی سەرۆکی تورکیا بە ئەنجام گەیشت، بەڵام ئەنجامێکی خراپ، ئەنجامێک کە رەنگە ئاوات بخوازێت ئەو تەلەفۆنە هەر نەکرایە.

ئەم تەلەفۆنە دوای زیاتر لە ٩٠ رۆژ لە دەستبەکاربوونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا دێت، ئەمەش بۆ تورکیا خۆی بە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکا دەزانێت قورس و گران بوو.

بەپێی راگەیەندراوی کۆشکی سپی، سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا و خودی ئەردۆغانیش، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە رێگاکانی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراوە و هەردوولاش رێککەوتن مانگی حوزەیران لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە شاری برۆکسلی بەلجیکا کۆببنەوە.

"کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەناسێنم"
زانیارییەکان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە شتی جیاوازتر ئاشکرا دەکەن؛ بەپێی هەواڵێکی (Bloomberg) جۆ بایدن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە ئەردۆغانی وتووە، سبەی شەممە (واتە ئەمڕۆ)، بە رووداوەکانی ساڵانی ١٩١٥ تاکو ١٩٢٣ بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ناو دەبات.

ئاژانسی فرانس پرێسیش بڵاویکردەوە؛ ناڕەزایەتییەکانی ئەردۆغان نەیتوانیوە بڕیارەکەی جۆ بایدن بگۆڕێت.

ئەمریکا؛ سبەی لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەوە بڕیار دەدرێت
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان جۆ بایدن ئەردۆغان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ باسی لە راستی زانیارییەکان کردەوە.

رۆژی هەینی جالینا پۆرتەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەی (واتە ئەمڕۆ شەممە) بڕیاری بایدن لەبارەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ بۆ ١٩٢٣ ئاشکرا دەکرێت.

نامە بۆ بایدن
بە فەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بۆچوونی زۆرینەی حکومەت و دامەزراوەکانی ئەمریکایە، بۆیە لە حاڵەتی راگەیاندنیدا لەلایەن بایدنەوە، چاوەڕوانی پشتیوانییەکی زۆر دەکرێت.

بەر لە بڕیارەکەی رۆژی شەممە، ١٠٠ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە.

١٠٠ ئەندامەکەی کۆنگرێس لە نامەکەیاندا داوایان لە جۆ بایدن کردووە، لە راگەیەندراوەکەی ٢٤ی مانگدا بە فەرمی دان بە "کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان"دا بنێت.

دوو مسوڵمانەکەش پشتیوانی بایدنن
ئەوەی وەها دەکات بایدن لەم بڕیارەدا بێباک و بەهێز بێت، پشتیوانییە زۆرەکانیەتی. لەنێو ئەو ١٠٠ ئەندامەی کۆنگرێس واژۆیان لەسەر نامەکە کردووە بۆ بایدن هەریەک لە رەشیدە تالیب و ئیلهان عومەر هەن کە دوو ئەندامی مسوڵمانی کۆنگرێسی ئەمریکان.

لە نامەکەی ١٠٠ ئەندامەکەی کۆنگرێسدا هاتووە؛ "لە ٢٤ی نیسان جیهان یادی ١٠٦ ساڵەی ئەو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنییە دەکاتەوە کە لەنێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩٢٣ لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە کوژران یان لە شوێنەکانی خۆیان دەرکران و دوورخرانەوە."

رەخنە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا
لە درێژەی نامەکەدا ئەندامانی کۆنگرێس رەخنە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا دەگرن و دەنووسن، "لە کاتێکدا بە درێژایی ساڵانی پێشوو سەرۆکی وڵاتانی جیهان دانیان بە ئەم کۆمەڵکوژییەدا ناوە، کەچی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا بێدەنگیان هەڵبژارد."

دوای رەخنە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، ئەندامانی کۆنگرێس روو لە بایدن دەکەن و دەنووسن، "لەگەڵ هەموو ئەوانەی پشتیوانی دادوەری، راستی و کۆمەڵگای بەڕێزی ئەمریکی و ئەرمەنی دەکەن، داوا لە ئێوە دەکەین لە راگەیەندراوەکەی رۆژی ٢٤ی نیساندا راستەوخۆ و بە شێوەیەکی روون دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا بنێن."

پابەنبوون بە بەڵێن
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانیان لە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و سێنات لە ساڵی ٢٠١٩ و بەڵێنەکانی خۆی بەبیر بایدن دەهێننەوە و دەڵێن، "وەک خۆت لە ١٤ی نیسانی ساڵی رابردوو وتت، بێدەنگ بوون لەم کۆمەڵکوژییە بەشدارییەکردنە لە تاوانەکەدا. حکومەتی ئەمریکا بەردەوامە لە هەڵوێستە شەرمهێنەرەکەی دەربارەی ئەم راستییە مێژوویە و دەبێت ئەمە کۆتایی پێبهێندرێت."

دواتر ١٠٠ئەندامەکە بەڵینەکەی بایدن بە بیری خۆیدا دەهێننەوە دەڵێن، "داوات لێدەکەین راستییەکان بڵێیت و بەڵێنەکان بەجێبهێنیت."

پەیام لە تورکەکانەوە
هاوکات پێش راگەیەندراوەکە، رێکخراوەکانی تورکی – ئەمریکی پەیامێکیان ئاڕاستەی جۆ بایدن کرد و داوایان لێکرد بە وریاییەوە هەنگاو بنێت.

لە پەیامەکەدا داوا لە جۆ بایدن کراوە، لە راگەیەندراوەکەی رۆژی ٢٤ی نیساندا پەیوەندییەکانی تورک و ئەمریکا لەبەرچاو گرێت و دەنووسن، "بە ناوی رێکخراوەکەمانەوە کە دەنگی نیو ملیۆن ئەمریکی بە رەگەز تورکە داوات لێدەکەین لە راگەیەندراوەکەتدا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورک لەبەرچاو بگریت."

٣١ وڵات
دوای ناساندنی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و سێناتەوە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا ناوە، گەیشتە ٣١ وڵات.

ئەم وڵاتانە دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا ناوە؛ ئەڵمانیا، ئەرجەنتین، نەمسا، بەلجیکا، بۆلیڤیا، بەڕازیل، بولگاریا، کەنەدا، شیلی، قوبرسی یۆنانی. چیک، ئەرمەنستان، فەڕەنسا، یۆنان، ئیتاڵیا، لیبیا، لیتوانیا، لوبنان، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا، پاراگوای، پۆڵۆنیا، پرتوگال، روسیا، سلۆڤاکیا، سوید، سویسرا، سوریا، ڤاتیکان، ڤەنزوێلا و ئۆرۆگوای.

لە ٥٠ ویلایەتی ئەمریکا ٤٩ ویلایەتیان دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا ناوە.

بۆ خوێندنەوەی چەند راپۆرتێکی پەیسەر لەبارەی ئەرمەنەکانەوە، کلیک لە ئەم بەستەرانەی خوارەوە بکە؛

"کورد ١٦٥ هەزار ئەرمەنی لەدەست عوسمانیەکان ڕزگار کرد‌"
https://www.peyserpress.com/detail/3646

"چۆنیەتی کوشتنی کورد و ئەرمەنەکان لە زاری ئەتاتورکەوە‌"
https://www.peyserpress.com/detail/3009

"کورد لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا تاوانبار یان فریادڕەسە؟‌"
https://www.peyserpress.com/detail/5223