ڕاپۆرتی کوردستانی

10:17 - 25/04/2021

شەڕی قامشلی؛ ئاسایش رۆژئاوای کوردستان بەرەو سەرکەوتنی رانەگەیەندراو‌

پەیسەر

دوای چوار رۆژ لە شەڕ و پێکدادان، دواجار ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان توانییان بە تەواوەتی دەست بەسەر گەڕەکی حلکو لە شاری قامشلۆ بگرن و کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حکومەتی سوریا بهێنن، ئەمەش هێندەی دیکە پێگەی کوردی لە شارەکە و سوریا بەهێزتر کرد.

چەند سەرچاوەیەک بە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیان راگەیاندووە، دوای چەند رۆژێک لە شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان و میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حکومەتی سوریا، دواجار ئاسایش توانی دەست بەسەر زۆربەی ناوچەکانی گەڕەکی حلکوی شاری قامشلۆدا بگرێت.

سەرچاوەکان بە روانگەکەیان وتووە، ئاسایش کۆنترۆڵی بەشی زۆری گەڕەکی تەیش بکات کە بە گەڕەکی حلکوەوە بەستراوەتەوە، ئەمە جگە لە کۆنترۆڵکردنی چەند بنکە و خاڵێكی دیکەی گەڕەکی تەی، بەم جۆرەش زۆربەی گەڕەکەکە کەوتە دەست هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان.

سەرەڕای هەوڵی ئاگربەست، هەوڵی هێزەکانی ئاسایش لە رۆژی هەینی و شەممە ئەوە بوو دەست بەسەر باشور و رۆژئاوای گەڕەکەکەشدا بگرێت و تاکو فولکە و پردی ناو گەڕەکەکە بڕوات.

رۆژی هەینی ئاسایش بەرەوپێشجوونی باشیان بەخۆوە بینیبوو و توانیان کۆنترۆڵی قوتابخانەی ئیبن سینا و چەند شوێنێکی دیکەی گەڕەکی حلکو بکەن.

لەگەڕەکی تەیش، هێزەکانی سوریا شپرزە کرابوون، بۆیە هێزەکانی سوریا هاتنە بەشێکی گەڕەکەکە تاکو چەکدار و کەلوپەلەکانیان ببەن و پاشکەشە بکەن و روو لە باشوری قامشلی بکەن.

ئەم گۆڕانکارییانە بۆ پێگەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و شارەکە زۆر گرنگن، چونکە بەم جۆرە ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان بە نزیکەیی کۆنترۆڵی هەموو ناوچەکانی نیشتەجێبوونی لە شاری قامشلی کردووە و هێزەکانی سوریا روویان لە دەرەوەی شارەکە کردووە.

لە ئێستا دوو شوێنی شارەکە لەژێر دەستی هێزەکانی سوریان و بنکەیان تێدا داناوە، ئەوانیش چوارگۆشەی ئەمنیی و چەند گوندێکی دەورووبەری قامشلین.

پێکدادانەکانی رۆژانی چوار شەممە، پێنج شەممە و هەینی قورس بوون، لە هەردوو گەڕەکەکەش زیانگەیاندن لە یەکتر بەردەوامی هەبووە و هێزەکانی سوریا بەردەوامی شەڕەکەیان نەویستووە، چونکە بەردەوام شوێنی نوێیان لەدەستداوە.

لە پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوا چەند ئەندامێکی سەر بە میلیشیاکانی سوریایان بەدیل گرت و دەستیان بەسەر بڕیکی زۆری چەک و تەقەمەنی هێزەکانی سوریاشدا گرت.

لەگەڵ ئەوەی روسەکان نێوەندگیریان دەکرد و ئاگربەستیان رادەگەیاند، بەڵام پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامییان هەبوو.

پێکدادانەکان لە رۆژی سێشەممەوە بە ئاشکرا دەستیان پێکردبوو، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی تقەیە هێزەکانی سوریا ئەندامێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایش بریندار کرا و دواتریش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

روانگەی سوری رۆژی هەینی رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی سوریاوە لە گەڕەکی تەی منداڵێک کوژراوە و پینج منداڵی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەکانی روناگەی سوری باس لەوە دەکەن، میلیشیاکانی سوریا بەردەوام ئاگربەستیان شکاندووە و بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەستی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە.

لەگەڵ ئەوەی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا پێویستیان بە هاوبەشی و هاوکاری زیاترە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تورکیا، بەڵام بەردەوام شەر و پێکدادانەکانی نێوانیان سەرهەڵدەداتەوە.

هەردوو لایەنی شەڕەکە یەکتر بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن و میلیشیاکانی سوریاس دەڵێن ئاسایشی کوردەکان گەریلاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانیان هێناوە و بە چەکەوە پەلاماریان داون.


فەرماندەکانی سەر بە میلیشیاکانی سوریا باس لەوەش دەکەن کە ئاسایشی رۆژئاوا هێزێکی گەورەی هێناوەتە شارەکەوە و ئەگەر هەیە ئاسایش دەست بە کوشتار بکەن و گەڕەکەکان تەوق بدەن.

هێزەکانی روسیا بەردەوام هەوڵی نێوەندگیری و ئاگربەست دەدەن و هێزەکانی ئەمریکاس باس لەوە دەکەن هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ تاکو ئاسایش و هێمنی بۆ شاری قامشلی بگەڕێننەوە.