ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:36 - 27/04/2021

راگرتنی دڵی تورکیا و ئازەربایجان؛ ئیسرائیل دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەندا نانێت‌

پەیسەر

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە فەرمی ناساند، چاوەڕوان دەکرا ئیسرائیلیش ھەمان ھەنگاو بنێت، بەڵام رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی دەنووسێت، ئیسرائیل بەرژەوەندییەکانی خستووەتە سەرووی بەھا ئەخلاقییەکانەوە و دڵی تورکیا و ئازەربایجان رادەگرێت.

ھەنگاوە نەنراوەکە
سەرەڕای ھەموو فشارەکانی تورکیا، رۆژی شەممەی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە فەرمی ناساند، ئەمەش تورکەکانی توڕەکرد و حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش بە ھەمان توندییەوە راگەیەندراوەکەیەل بایدنیان رەتکردەوە و سەرکۆنەیان کرد.

ئەم ھەنگاوەی بایدن ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی لە تورکیا خستە یەک بەرەوە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرەش بە ھۆی ئەم بڕیارەی بایدنەوە روو لە قۆناغێکی ئاڵۆز و پڕ لە قەیران دەڕوات.

بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان
دوای راگەیەندراوەکەی بایدن، چاوەکان چوونە سەر ئیسرائیل و چاوەڕوان دەکرا ئیسرائیل پێشوازی لەم ھەنگاوەی بایدن بکات و خۆشی ھەمان رێچکە بگرێتە بەر و دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا بنێت.

رۆژنامەی (times of israel)ی ئیسرائیلی لە نوێترین شیکردنەوەدا باس لەوە دەکات، سەرەڕای لاوازی تورکیا لە ئێستادا، بەڵام ئیسرائیل ئەم ھەنگاوە نانێت و بەھا ئەخلاقییەکان دەکات بە قوربانی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان.

ئاسایشی نەتەوەیی
بەشێک لە چاودێرانی ئیسرائیلی و ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش پێیان وایە دەبێت ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و بەرژەوەندییە ئابورییەکان بخرێنە پێش ئەرکە ئەخلاقییەکان کە داننانە بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا.

ئیتان کوھین، توێژەر لە پەیمانگای ناوەندی قودس و  موشیە دیان لە تەلئەبیب دەڵێت، "دەبێت خۆمان لە مشتومڕی کۆمەڵکوژی بەدووربگرین، بە بۆچوونی من، داننان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل نییە و لەگەڵ تورکیا و ئازەربایجان دەمانخاتە کێشەوە."

لەنێوان پارە و ئەخلاقدا
لە ململانێ و جەنگە شەش ھەفتەییەکەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ھەرێمی کاراباخ، تورکیا پشتیوانی ئازەرییەکانی کرد و بەم جۆرەش جەنگەکە لە بەرژەوەندی باکو کۆتاییھات، بەڵام ئەو ھێزە نادیارەی لەپشت ئازەرییەکانەوە بوو ئیسرائیل بوو.

بەپێی زانیارییەکانی پەیمانگای ستۆکھۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەکانی ئاشتی، لە ماوەی پێنج ساڵ رابردوودا ئیسرائیل گەورەترین ھەناردەکاری چەک بووە بۆ ئازەربایجان، لەو پێنج ساڵەدا تەلئەبیب بە بەھای ٧٤٠ ملیۆن دۆلار چەکی ھەناردەی باکو کردووە.

ئازەربایجان؛ دەرگای مۆساد
زۆری بڕی ئەو چەکەی ئیسرائیل بە ئازەربایجانی دەفرۆشێت وای کردووە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وكاتە زۆر بەھێز ببن، ئەمەش مانای بوونی ئیسرائیلە لەسەر سنوری ئێران.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەنووسێت، درواسێیەتی ئازەربایجان وای کردووە کە دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) بە ئاسانی بگاتە ئێران.

راگرتنی دڵی تورکیا 
لە شیکردنەوەی رۆژنامەکەدا ھاتووە، ھۆکاری خۆبەدوورگرتنی ئیسرائیل لە داننان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا، پاراستنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ تورکیا کە ھاوپەیمانی ستراتیژی ساڵانی نەوەدەکان بووە.

پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بە تەواوی تێکچوون، بۆیە ئیسرائیل ئێستا ھەوڵ دەدات پەیوەندییەکان بخاتەوە سەر رێچکەی جاران و خۆپارێزیشی لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بەشێکە لەم ھەنگاوانە.

خاتجیج مرادان، توێژەر لە زانکۆی کۆڵۆمبیاش دەڵێت، پێویستە دوور لە مشتومڕی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، گەشە بە پەیوەندییەکان بدرێت.

کۆمەڵکوژی ئەرمەن
ئەرمەنەکان بۆ سەدەیەک دەچێت ھەوڵ دەدەن جیھان بخەنە سەر ئەو بۆچوونەی کە عوسمانییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩٢٣ ملیۆن و نیوێک ئەرمەنیان کوشتووە و پێویستە ھەموان وەک کۆمەڵکوژی بیناسێنن.

تورکیاش ھەمیشە ئەم بانگەشەیەی ئەرمەنەکانی رەتکردووەتەوە و دەڵێت، ھیچ کۆمەڵکوژییەک لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان بەرامبەر ئەرمەنەکان نەکراوە.

دوای ئەوەی ئەمریکاش بە فەرمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی ناساند، ژمارەی ئەو وڵاتانەی دانیان بە ئەم کۆمەڵکوژییەدا ناوە گەیشتە ٣٠ دەوڵەت.