ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:41 - 27/04/2021

کۆڵبەرەکانی چاڵدێران لەنێوان فیشەکی تورک و ئێرانییەکاندا‌

پەیسەر

رۆژنامەیەکی ئێرانی لە راپۆرتێکیدا بە وردی باس لەو ئەشکەنجە و ئازارانە دەکات کە کۆڵبەرە ئێرانییەکان بە دەستی پاسەوانی سنوری تورکیا دەیچێژن و لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی تاران بێدەنگن و ھیچ کاردانەوەیەکیان نییە.

رۆژنامەی "اعتماد"ی ئێرانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژە بە لێدان، ئەشکەنجە و دەستدرێژییە سێکسییەکانی پاسەوانی سنوری تورکیا دەکات بۆ سەر ھاوڵاتیانی ئێرانی لەسەر سنور و ناو تورکیا.

رۆژنامەکە ھۆشداری دەدات و باس لەوە دەکات ئەشکەنجە و ئازاردانی زۆر ھەیە و کەس ئاگادار نییە.

بەھرام سەمەدی ھاوڵاتییەکی ئێرانییە و دەڵێت، "بەھنامی برام کە کۆڵبەرە و تەمەنی تەنھا ١٧ ساڵە، لە تورکیا رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە، بەشێک لە بەرپرسەکانی ئەو ناوچەیەی تورکیاش تەماشای ئەشکەنجەدانەکەیان کردووە، کەچی ھیچ بەرپرسێکی ئێرانی پەیوەندی بە تورکەکانەوە نەکردووە تاکو ناڕەزایەتیی لەم دەستدرێژییانە بۆ سەر ئێرانییەکان دەرببڕن."

بەھرام باس لەوە دەکات، بەرپرسە تورکەکان بەڵێنیان داوە رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسانە بگرنە بەر کە لەم تاوانەدا تێوەگلاون، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ یەکێک لەو کەسانەی ئازار و ئەشکەنجەی ئێرانییەکانیان داوە و دەستدرێژییان کردووەتەوە سەریان دادگایی نەکراون.

حەسەن کچلانلو یەکێکی دیکەیە لە کۆڵبەر و کرێکارە ئێرانییەکان کە رووبەڕووی ئەشکەنجە بووەتەوە.

حەسەن و بەھنام کاتێک ھەفتەی رابردوو لە گوندەکەی خۆیانەوە لە نزیک سنوری چاڵدێران روو لە گوندی بیدوغانی تورکیا دەکەن تاکو جگەرەکانیان بفرۆشن، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر دەکرێن.

بەپێی گێڕانەوەکان کە رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی دەستگیردەکرێن، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ئاوی سارد دەکرێت بەسەریاندا، بە خاکەناز لە سەروچاویان دەدرێت، بە چەقۆ دەستدرێژی دەکرێتە سەریان، ھەردوو قاچیان بریندار دەکەن، لە پشتە ملیان دەدرێت و ئازاری ھەموو جەستەیان دەدرێت، دواتریش بەجێدەھێڵدرێن و بەم ھۆیەشەوە حەسەن کچلانلو گیان لەدەستدەدات.

بەھرام دەڵێت، سوپای سنوری تورکیا ھەوڵیان داوە براکەی و ھاوڕێکەی بکوژن و تاوانەکەش دیزەبەدەرخۆنە بکەن.

دوای رووداوەکان و بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان، ئێران ھاتە دەنگ و رایگەیاند لەگەڵ لایەنی تورکیدا دەست بە لێکۆڵینەوەی ھاوبەش دەکەن، لەو بارەیەوە سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تیمێکی سنور کە لە ھەردوو وڵات پێکھاتوون دەست بە لێکۆڵینەوە لە روودەوەکان دەکەن.

بەرپرسێکی باڵاش لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا وتویەتی، بەرپرسانی سنوری ھەردوولا لەبارەی دەستدرێژییەکانەوە کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشیان ئەنجامداوە و لەسەر داوای کەسوکاری قوربانییەکان رێکاری یاسایی بەرامبەر تاوانباران دەگیرێتەبەر و ئەم کارەش بە ھاوبەشی ھەردوو وڵات دەکرێت.

لە بەرامبەردا کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێت، لەو کاتەوەی ئەم بەڵێنی سزادانە دراوە، ھیچ بەرپرسێکی ئێرانی پەیوەندی پێوەنەکردوون.

محەمەد عەلی پور رەحمەتی پەرلەمانتاری چاڵدێران، ماکو و پۆڵداشت لە پەرلەمانی ئێران رەخنە لە حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت کە بەرابەر دەستدرێژییەکانی پاسەوانی سنوری تورکی بێدەنگن.

قادر یەکێکی دیکەیە لە کۆڵبەرە ئێرانییەکان، باس لەوە دەکات بەر لە دوو ھەفتە، چوار ھاوڵاتی دیکەی ئێرانی رووبەڕووی ئازار بوونەتەوە، بەڵام دواتر بەخت یاوەریان بووە و توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

ئاماژەش بەوە دەکات ئێرانییەکان لە سەر سنور لەلایەن پاسەوانە تورکەکانەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە.

ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە، کرێکار و کۆڵبەرەکان تەنھا لەسەر سنور و لەلایەن تورکەکانەوە رووبەڕووی ئەشکەنجە نابنەوە، بەڵکو لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی سنوری ئێرانییەوە رووبەڕووی ھەمان دۆخ دەبنەوە.

راپۆرتە ئێراییەنییەکان لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو بڵاویان کردەوە، سێ کۆڵبەر لەم ناوچەیەدا لەلایەن پاسەوانی سنوری ئێرانەوە کوژراون. دواتریش فەرماندەی گشتیی پۆلیسی سنور و فەرماندەی سنور ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم کەسانە سنوریان بەزاندووە، بەم جۆرەش رەوایەتی بە کوشتنی کۆڵبەرەکان دابوو.

بەھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی ھەژاری و خراپی گوزەرانەوە، لەسەر سنورەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتی ئێرانی کاری کۆڵبەری دەکەن، بەڵام بەردەوام لەلایەن پاسەوانی سنوری ئێرانەوە تەقەیان لێدەکرێت و دەکوژرێن.