دۆسێ

10:23 - 25/05/2021

مرۆڤ بۆچی پەنا بۆ خۆكوشتن دەبات؟‌‌

پەیسەر

هەواڵی خۆكوشتن تاوناتاوێك دەبێتە مانشێتی میدیا و لەناو سۆشیاڵ میدیادا بڵاو دەبێتەوە و هەریەكەش بە ئارەزووی خۆی شەن و كەوی دەكات، سەرەڕای ئەوەش ئەو خەمە نابێتە خەمی هەموان و تەنها كەس و كاری قوربانییەكە دەزانن چ كارەساتێك قەوماوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە هەرێمەكەی  ئێمەدا خەمساردیەكی گەورە دەرهەق بە گیانی مرۆڤەكان لە ئارادایە، تا ئێستە جێگایەک نیە بۆ ئەوەی کاتێک مرۆڤێک بڕیاری خۆکوشتن دەدات (پێش ئەوەی خۆی بکوژێ) پەنای بۆ ببات تا چارەسەرێکی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە لەو تاوانەی کە بەرامبەر جەستەو گیانی خۆی ئەنجامی دەدات، یان بە هەرشێوەیەك بووە لەو دۆخە نالەبارە دەربازی بكەن و بە هەر نرخێك بووە كێشەكەی بۆ چارەسەر بكەن.

پرسیار ئەوەیە: خۆكوشتن چیە؟ بۆچی مرۆڤ پەنا دەباتە بەر خۆكوژیی؟ لە ڕوانگەی یاسایی و كۆمەڵایەتی  و ئاینیەوە چۆن وێنای خۆكوشتن كراوە؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر، پێویستی بە وەڵامە.
لە سادەترین پێناسەدا خۆكوشتن پرۆسەیەكی دەست ئەنقەستی تاكە كەسییە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی كەسەكە، زۆرینەی هۆكارەكانی خۆكوشتن ڕوخان و تێكچوون و لە سككە دەرچوونی دەروونی و ناوخۆیی مرۆڤە.
بە پێی وتەی شارەزایانی مرۆڤ ژیانی زۆر خۆشدەوێت و دەخوازێت نەمر بێت و بۆ هەمیشە بمێنێتەوە،  لە هەمان كاتیشدا یەکێکە لە بونەوەرە خۆپەرست و شەرانگێزەکان، دەتوانێت دەستی بچێتە ئەوانی ترو كۆتایی بە ژیانیان بهێنێت، زۆرینەی كاتەكانیش لە پێناوی مانەوەی خۆیدا ئەنجامی كاری سەیر ئەنجامدەدات، مرۆڤ لە بەرامبەری خەڵك و (تەنانەت خۆشی) دا شێوازی سەرنج ڕاكێش و دڕندانەش بە كاردەهێنێت، بەڵام زۆر سەختە کاتێک بڕیاری خۆکوشتن دەدات لە دۆخی ئاساییدا، کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو بڕیارەی کە کار بۆ لەناوبردنی خودی خۆی بدات بەدڵنیایەوە لە دۆخێکی ناجێگیریی دەروونی نا ئاساییدایە و پاڵنەرەكانی فشاریان خستۆتەسەری و چیتر بەرگەی دۆخەكە ناگرێت.

ڕاستە بەشێوەیەکی گشتی کوشتن تاوانێکە لەتەواوی کۆمەڵگە مرۆیەکاندا بوونی هەبووە بەردەوامیش دەبێت و بۆ ڕێگرتن یان كەمكردنەوەی یاسای بۆ دانراوەو سزای بۆ دیاری کراوە، بەڵام خۆكوشتن مەگەر كەسانێك هاندەر یان پاڵنەری دۆخەكە بووبن ئەگینا ناچێتە ناو پرۆسێسی یاساییەوە .

شارەزایان پێیان وایە خۆکوشتن رەفتارێکی ناھۆشیارانەیە کە لەلایەن خودی کەسێکەوە بۆ لەناوبردنی ژیانی خۆی ئەنجامی دەدات، بۆیە خاڵی ھاوبەشی خۆکوشتن‌و کوشتن ئەوەیە کە ھەردووکیان دیاردەی کۆمەڵایەتین، بەڵام بە ھۆکاری جیاواز، بۆیە بە دیاردەی خۆكوشتن لە ڕووی یاساییەوە ناوترێت تاوان، چونکە خۆکوشتن لەدەقی یاسایی دا سزای بۆ دیاری نەکراوە، ناشكرێ بەتاوان دابنرێت، بۆیە لەم ھاوکێشەدا یاسا ھیچ ڕۆڵێک نابینێت. بەڵام ئەگەر سەرنج لە هەندێك خۆكوشتن بدەین دەبینین هۆشیاری تەواوی لەگەڵدایەو نموونەی ئەو ڕوداوانەش تازەترینیان لە هەرێمی كوردستان زۆر و زەبەندەن.

هەندێك لە ڕەخنەگرانی یاسایی بە تەوسەوە دەڵێن: رەنگە بە پێچەوانەوە رێگرتن لەکەسێک لەئەنجامدانی خۆکوشتنەکەی پێشێلکاری یان دەستدرێژییەک بێت بۆ ئەو مافەی کە ھەیەتی بۆ لەژیاندابوون. ئەوکەسە خۆی مافی ئەوەی ھەیە کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، بۆیە ناکرێ یاسا خۆکوشتن بخاتە خانەی تاوانەوەو سزای بۆ دیاری بکات، مادام مرۆڤ مافی ژیانی ھەیە، ئەو مافەیش بەخۆی دەدات کە خۆی کۆتایی بەژیانی خۆی بێنێت، کاتێک خۆکوشتن لەدەقی یاسایدا سزای بۆ دانەنرابێت، ئەو مرۆڤە لەمافی بڕیاردان بەسەر ژیانی خۆیەوە بێبەش دەکرێت.

 بەڵام سنوردارکردنی دیاردەی خۆکوشتن بەگشتی ئەرکی کۆمەڵگەیە، دەبێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کاربکات بۆ کەم کەمکردنەوەی فاکتەرەکانی خۆکوشتن، بەڵام مەخابن لە ئێستادا بەپێچەوانەوە دەسەڵات بۆتە ھۆکارێک بۆ زیاد بوونی ئەم دیاردەیە، لە هەندێك حاڵەتدا رۆڵی سەرەكی لە هاندانی خۆكوژیدا راستەو خۆو ناڕاستەوخۆ یەخەی دامەزراوە حكومیەكان دەگرێتەوە!
ئەگەر چی پێشترھەموو ئاڕاستەکان باسیان لەوە دەکرد کە کێشە کۆمەڵایەتیەکان وباری ئابوری ودارایی و نەگونجاوی پرۆسەی پەروەردەکردن لە ناو خێزان و سەرجەم دەزگا پەروەردەییەکان و تەواوی ژیانی رۆژانە ھۆکاری سەرەکی خۆکوشتن بن، بەڵام لە ئێستادا زیاد بوونی رێژەی خۆ کوشتن بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرەو بەرزبونەوە دەچێت، ھۆکارەکانیش لەو ئاراستە تەقلیدیەوە گۆڕراوە بۆ بوونی کۆمەڵێک قەیران کە ھەندێکیان بە ئامانجی سیاسی دروستکراون، بۆیە دەتوانیین بڵێین بەگشتی نەبوونی سەروەری یاساو ئازادی ھاوڵاتیان وای کردوە دەسەڵاتی حزب ڕابەر بێت بەسەر دەسەڵاتی مەدەنی و ململانێ حزبیەکان و بەرژەوەندیە حزبیەکان بەشێکن لەسەرچاوەی ئەم قەیرانانە لەپێناو درێژەدان بە دۆخی ھەڵپەسێراوو درێژەدان بە بەرژەوەندیە نادروستەکان. ئەگەر ئەم حاڵەتانە بۆ ولاتانی پاشكەوتوو، یان تازە پێگەشتوو ڕاست بێت، ئەی خۆكوشتن بۆ چی لە وڵاتانی پێشكەوتووی دونیادا هیشتا بنەبڕنەكراوە؟

لەسەردەمی دەوڵەتی ئاتنەوە هەركەس خۆی بكوشتایە دەبوو گۆڕی ون بوایەو هیچ نیشانەیەكی لەسەر نەبوایەو دوور لە ئاوەدانی دەكر بەژێر خۆڵەوە وەك سزایەكی كۆمەڵایەتی، لەسەردەمی لویسی شانزەشدا خۆكوشتن تاوان بووەو هەركەس خۆی بكوشتایە تەرمەكەیان هەڵدەواسی و هەندێكجاریش دەخرایە ناو زبڵ و سەنێرگەكان، لەسەدەی نۆزدەیەم دا لە ئەوروپا خۆكوشتیان وەك حاڵەتی شێتی لەیەك دایەوە.

بە پێی توێژینەوەكان ساڵانە 800 هەزار تا یەك ملیۆن كەس لەناوچە جیاجیاكانی دونیادا خۆیان دەكوژن، لەو بوارەشدا ڕێژەی پیاوان لە ژنان زیاترە و لە هەندێك ساڵدا دەگاتە دوو تا سێ بەرامبەری ژنان.

وەزارەتی پەروەردەی ژاپۆن ئامارێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رێژەی ئەنجامدانی خۆکوژیی لەنێو خوێندکاراندا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2017دا 250 خوێندکار لە قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێناوە، ئەم رێژەیەش بە لەبەرچاوگرتنی 30 ساڵی رابردوو بەرزترین رێژەیە، کە لە ساڵی 1986دا 268 خوێندکار خۆیان کوشتبوو.
بەپێی راپۆرتی بەدواداچوونەکان، ھۆکارەکانی پشت خۆکوشتنی خوێندکارەکانی ساڵی 2017 ، 33 حاڵەتیان بەھۆی ترس لە دواڕۆژ و 31 حاڵەتی تریش بەھۆی کێشەی ناو خێزانەوە بووە، ھەروەھا 10 حاڵەتیش بەھۆی گێچەڵ پێکردنەوە بووە لەلایەن خوێندکارانی تر، 140 حاڵەتیش بەھۆکاری نادیار پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەریە دەرونیەكانی كوردستان كە لە ئەنجامی دۆخی نالەباری باشووری كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەكرێت بەم شێوەیە كورتی بكەینەوە:

1-خۆ دزینەوە لە بە یاسایی کردنی دەسەڵاتە گشتیەکان و یان ئەگەر یاساش هەبیت تەنها بۆ كەسانی كەم دەسەڵات و بێ كەس و كارەو دوورە لە بەرپرسانی دەست ڕۆشتوو.

2-نەبوونی شەفافییەت لە ئیدارەدانی فایلی نەوت و غازو ئەو هەموو سەروەت و سامانەی كە رۆژانە لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە ئاماژەیان پێدەكرێت و دەچێتە دەستی كۆمەڵە كەسێكی دیاریكراوو زۆرینەی خەڵكی باشووریش لێی بێبەش دەكرێن.

3-لەگەڵ ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستان ئیدارەو كارگێڕی خراپ هەیە ھەبوونی بێباکیش لەبەرامبەر نیگەرانیەکان ئەوەندەی تر دۆخەكە خەمناك و بێزراو دەكات و پاڵ بە كەسەكانەوە دەنێت كە پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن.

4-کەمی ھەستی بەرپرسیارێتی لە ئاستی باڵادا دەردەخات
 بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم ھۆکارانە پێکھێنەرەکانی قەیرانن لە ھەرێمی کوردستان ئەمەش وای لە تاکی کورد کردووە لەبری ھاوکاربێت بۆ خزمەتکردن بە وڵاتی خۆی بە پێچەوانەوە ھەتا بۆی بکرێت لە ھەوڵدایە بۆ گۆرینی دەسەڵات و لەناوبردنی ئەم ئەزموونەی کە بە خوێنی شەھیدان و تێکۆشانی ھەمووان بەرھەم ھاتووە، ھەر بۆیە لەکاتی بێ ئومێد بونیشدا دەستەوەستان و گۆشەگیر دەبن و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.!

5-ئەنجامدانی تاوان و هەستی تاوانباری و ئازاری دەرونی . زۆر تاوان ھەیە بە خۆکوشتن کۆتایی دێت، کاتێک ئەو کەسە توانای بەرگریکردنی نامێنێت لەڕووبەرووبونەوەی قەیران و گرفت و کێشەکان.

6-کاتێک وڵات لە دۆخی شەڕدا دەبێت ئەوا قەیران دێتە ئاراوەو بێکاری وھەژاری بەرۆکی هاونیشتیمانیان دەگرێت و تاوانی تێدا ڕوو لە ھەڵکشان دەکات سەرەڕایی ئەوەی دەبێتە ھۆی کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و زیاد بوونی تاوانی کوشتن یا خۆکوشتن. بۆیە مرۆڤەکان لە ئەنجامی بێ ئومێد بوون لە چارەسەری کێشەکانیان پەنا ببەنە بەر چەک و خۆیانی پێ بکوژن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان بھێنین.

7-لەناو لاواندا شكستی عەشق و پچڕانی پەیوەندی ڕۆحی ناوخێزان.

8-بەشێك لەوانەی بەكاربەری مادەی هۆشبەرن و كاتێك بە هەر هۆكارێك دەستیان ناكەوێت. 

لە بەناوبانگترین جۆرەكانی خۆكوشتن لە هەموو جیهاندا، خۆ هەڵواسین، خۆ دەرمانخواردكردن، بەكارهێنانی چەك، ئاگر، و هەندێكجاریش چەقۆو ئامێری تیژ وە خۆهەڵدانە خوارەوەیە.

شارەزایان باس لەوە دەكەن كە هەبوونی كەشی خۆكوژی و بەردەستی هۆكارەكان یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی خۆكوژیی،  ئێستادا لەهەرێمی كوردستان هەڵگرتن و كڕین و فرۆشتنی چەك، لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەشێوەیەكی بەرچاو بەدیدەكرێت و لە زۆرینەی بازاڕەكانی شارو شارۆچكەكاندا  بەئاشكراو بە دیار چاوی داواكاری گشتی و دادگاكانەوە دەفرۆشرێت، هاوكات لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك بەهەندێك لە هاوڵاتییان دەدرێت كە سوور دەزانن پیویست نیەو ئەگەری خراپ بەكارهێنانیان زۆرترە، كە ئەوەش یەكێكە لەهۆكارەكانی زیادبوونی كوشتن و خۆكوشتن لە هەرێمدا، كاتێكیش تاوانێك لەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت كاردانەوەكان توند نین و بواری چەندبارەبوونەوە دەڕەخسێنن. 

هەربۆیە دەكرێت بگورێت هۆكارەكانی دۆخی ئابوری، ململانێ سیاسیەكان و  ئاسایشی گشتی و كەمبوونەوەی بیروباوەڕی ئاینی لە پشت زیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتنەوەن.

توێژەرانی كۆمەڵایەتی پێیان وایە باشووری كوردستان رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە، بەوەش ڕێژەی بێكاری زیاتر بووە، هەروەها ململانێی سیاسی لەهەڵكشاندایەو ئاسایشی گشتیش لە مەترسیدایە، كە ئەوەش هۆكارن و فشار لەسەر دەروونی تاكەكان دروستدەكەن. هەربۆیە رۆژانە گوێبیستی خۆكوژی یان كوشتنی ئەوانی دیكە ئاسایی بوەتەوە.

دكتۆر عیزەدین عەبدولسەمەد كە تێزی دكتۆراكەی لەبارەی خۆكوشتنەوەیە، توێژینەوەیەكی مەیدانی كردووە لە ڕووی فۆرمی تایبەتەوەو دواتر خوێندنەوەی بۆ فۆرمەكان كردووە  سەرنجی وردی لەو بارەیەوە هەیە، ئەو توێژەرە پێی وایە: 

ئەو ئافرەتانەی لە كوردستاندا خۆیان دەكوژن یان هەوڵی خۆكوشتن دەدەن 89%یان تەمەنیان لە نێوان 15-30 ساڵیدایە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن رێژەی خۆكوشتنیش كەم دەبێتەوە. خێزانداری رۆڵێكی كاریگەر نابینێت بۆ خۆپاراستنی تاكەكان یاخود هۆكارێكی پارێزگار نییە تاوەكو كەسەكان هەوڵی خۆكوشتن نەدەن، چونكە بەپێی توێژینەوەكە 46%ی ئەوانەی خۆیان دەكوژن یان هەوڵی خۆكوشتن دەدەن خێزانداربوون، ئەم دەرئەنجامەش هاوشێوەیە لەگەڵ زۆربەی لێكۆڵینەوەكانی وڵاتانی ئاسیا وەكو: ئێران، پاكستان، هیندستان و هتد. لەو رێژەیەش 46.7% بە شێوازی هاوسەرگیریی "باو" هاوسەرگیرییان كردووە، واتە لە رێگەی ژن بە ژنییەوە یان لەڕێگەی هاوسەرگیریی بەزۆر.

بەپێی ئەنجامی تۆژینەوەكە، 67%ی ئەو ژنانە خاوەن منداڵن و هەروەها 63.6%ی ئەو ژنانە پەیوەندییان لەگەڵ مێردەكانیان خراپ بووە، 52%یش خاوەن ماڵی سەربەخۆ نەبوون، واتا لەگەڵ ئەندامانی خێزانی مێردەكانیان ژیاون، بەواتایەكی دیكە، شێوازی هاوسەرگیری و خراپیی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوسەرەكانیان هۆكارێكی كاریگەر بووە بۆ هەوڵدان بۆ خۆكوشتن. 

هەندێك پێیان وایە شوێنی جوگرافی كاریگەری هەیە لەسەر خۆكوشتن، بە پێی تێزی دكتۆراكەی ئەو توێژەرە: زۆربەی ئەو ئافرەتانەی لەكوردستاندا هەوڵی خۆكوشتن دەدەن خەڵكی دەرەوەی شارن(ئەڵبەتە شار لە هەرێمی كوردستان تەنها ناوەندی پارێزگاكان دەگرێتەوە هەرچەندە پێكهاتەكانی ئەوانیش هێشتا لە ڕووی شارسازییەوە گرفتی هەیەو ناتوانرێت بە پێوەری زانستی پێیان بگوترێت شار)، یاخود لە لادێكانەوە بەرەو شارەكان كۆچیان كردووەو باكگراوندی شارنشینییان نییە. هەروەها 67%ی بەشداربووانی توێژینەوەكە بێكار بوون، واتە ئافرەتی ماڵەوەن. 21% نەخوێندەوار بوون، 79% توانای خوێندن و نووسینیان هەیە، بەڵام خاوەنی نزمترین ئاستی خوێندەوارین و خاوەنی بڕوانامەی بەرزی وەكو زانكۆ نین. 

بە پێ قسەی شارەزایانی ئاینی كوشتن وخۆكوشتن تاوانێكی گەروەو لە ڕیزی (هاوەڵدانان بۆ خودا)شیرك دایە، چونكە بە بۆچوونی ئەوان دوو تاوان ل خۆ كوژیدا هەیە، یەكێكیان خۆكوشتنەكەیەو ئەوی تریان مافی لێسەندنەوەی گیان (رۆح)ی بەخۆی بەخشیوە كە تەنها  دەسەڵاتی خودایەو هیچی تر. هەربۆیە ئەوانە بۆ كەم كردنەوە یان بنەبڕكردنی كوشتن هەڕەشەی دۆزەخی هەتاهەتایی بەكاردەهێنن. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەوانەی كە كاری خۆكوژی یان كوشتنی ئەوانی تر ئەنجام دەدەن و خۆیان بە موسڵمان دەزانن و لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامی دەدەن، یان هۆكاری ئەوەیە شارەزایی و هوشیاریان نیە، یاخود بیباكانە و سەركەشانە ئەنجامی دەدەن؟

ئاینە ئیبراهیمەیەكان –یەكتاپەرستەكان- خۆكوژی بە ناسوپاسگوزرای خودا یان داناوە لەبەر ئەوەی هەموویان پیرۆزییان بە ژیان داوە، بەڵام لە تێڕوانینی سیاسی ئاینزاكاندا خۆكوشتن وەك شەهادەت لێكدراوەتەوە بۆیە بەشێك لەو كەسانە بۆ قەرەبووی شكستەكانیان پەنا بۆ خۆ تەقاندنەوە دەبەن.

توێژەر لە درێژەی بابەتەكەیدا دەڵێت: رۆژانە یاخود هەفتانە لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە و ماڵپەر كوردییەكان و تیڤییەكان هەواڵێك یاخود راپۆرتێكمان بەرچاو دەكەوێت لەسەر خۆكوشتن، بێ ئەوەی ڕاگەیاندكاران بیر لەوە بكەنەوە تا چەند ئەم راپۆرتانە سوودیان هەیە بۆ تاكی كورد و هۆكار چییە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتانە و نیشاندانی وێنەی قوربانی؟ تەنانەت لەوانەیە كاربەدەستە حكومییەكانیش بیریان لەوە نەكردبێتەوە كە ئەم راپۆرتانە تاچەند كاریگەریی سوودبەخش یاخود زیانبەخشی بەسەر تاكی كوردستاندا هەیە.

لە بەشێكی دیكەی تێزی دكتۆراكەی دكتۆر عیزەدین دا هاتووە: میدیا لە كوردستان رۆڵی كاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی رێژەی خۆكوشتن بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتانە هانی خەڵك دەدات كە لاسایی حاڵەتەكانی خۆكوشتن بكەنەوە. زۆربەی لێكۆڵینەوە رۆژئاواییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بڵاوكردنەوەی یاخود باسكردنی حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە ڕاگەیاندنەكاندا كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە و بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوشتن. بۆ نموونە مۆتۆMotto 1970)) بەراوردی رێژەی خۆكوشتنی كردووە لە ماوەی ٢٦٨ رۆژی مانگرتنی رۆژنامەكان لە دیترویت ((Detroit و لەئەنجامدا بۆی دەركەوت كە لەم ماوەیەدا رێژەی خۆكوشتن كەمی كردووە و بەتایبەتی لە نێوان ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە 35 ساڵ كەمترە. ستەك (Stack 1987) ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە لە نێوان ساڵانی 1948-1983 لە ئەمریكا بڵاوكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتنی سیاسییەكان و كەسانی بەناوبانگ كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوشتن. هەروەها كۆپینگ و ئەوانی تر (Kopping et al. 1990) لە لێكۆڵینەوەیەكەیاندا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پەیوەندییەكی كاریگەر هەیە لەنێوان بەرزبوونەوەی رێژەی مانگانەی خۆكوشتن لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵی خۆكوشتن لە لاپەڕەی یەكەم لە رۆژنامەكاندا لە هۆلەندا.

 بە بەراورد لەگەڵ ئامرازەكانی دیكەی راگەیاندن، كاریگەری تەلەفزیۆن زیاترە. بۆ نموونە فیلیپس و كارستینس (Phillips & Carstenens 1986 ) ئەوەیان خستووەتەڕوو كە رێژەی خۆكوشتنی هەرزەكاران زیادی كرد دوای ئەوەی لە ساڵانی 1973 - 1979 تەلەفزیۆن حاڵەتەكانی خۆكوشتنی بڵاوكردەوە. 

فیلیپس (Phillips 1982) لێكۆڵینەوەی لەسەر خۆكوشتن و هەوڵدانی خۆكوشتن لە زنجیرە دراماكاندا لە ساڵی 1977 لە ئەمریكا ئەنجامداوە و گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە رێژەی خۆكوشتن لەو كاتەدا بەرزبووەوە، بەتایبەت لە نێو ئافرەتان. لە لێكۆڵینەوەیەكی دیكەدا فیلیپس و هاوكارانی (Phillips et al 1992) بەو ئەنجامە گەیشتن كە پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان بڵاوكردنەوەی چیرۆكی خۆكوشتن و خودی كردەی خۆكوشتن هەیە. واتە هەرچەندە زیاتر چیرۆكی خۆكوشتن لە میدیاكاندا بڵاوبكرێتەوە ئەوا رێژەی خۆكوشتن زیاد دەكات.

ستەك (Stack 1992) ئاماژە بەوە دەدات كە لە نێوان میدیای جیاواز و خۆكوشتن وەكو كرداری چاولێكەری (Copycat act) پەیوەندییەكی راستەوخۆ هەیە. بە بۆچوونی ستەك (Stack 2007) خۆكوشتنی كەس و ئەكتەرە بەناوبانگەكان كاریگەری تایبەتی هەیە. لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە ئەنجامەكانی 106 توێژینەوە لەسەر خۆكوشتن بۆیان روون بووەوە، كە بڵاوكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتنی سیاسەتمەدار و ئەكتەرە بەناوبانگەكان 14 جار كاریگەری زۆرترە لەسەر خۆكوشتنی چاولێكەری (copycat) بە بەراورد لەگەڵ خۆكوشتنی ئاسایی.

لە لایەكی دیكەوە كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك فەیسبووك لە ئامرازەكانی دیكەی راگەیاندن كەمتر نییە. بۆ نموونە لە هەرێمی وێلز- بەریتانیا كچێكی 17 ساڵان بە ناوی ناتاشا ریندل (Natasha Rendall ) لە ساڵی 2007 خۆی كوشت، پاش بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە لە وێبسایتی (Bebo ) كە وێبسایتێكی كۆمەڵایەتیی بەناوبانگە، 25 كەسی دیكە كە تەمەنیان لە نێوان 15-28 ساڵان بوو خۆیان كوشت، كە هەموویان لە رێگای خۆهەڵواسین بوو، بێجگە لە یەكێكیان كە خۆی فڕێدایە ژێر شەمەندەفەر.  ئەو رووداوە كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر هاوڕێكانی ئەو كچە، دواتر هاوڕێكانی ئەكاونتێكی یادگارییان بەناوی ئەو كردەوە. ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر هاوڕێكانی بە تایبەتیش هەرزەكارەكان.

لە ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەی ئاماژەمان پێدا، بۆمان روون دەبێتەوە كە وێبسایتە كۆمەڵایەتییەكان بە هەمانشێوەی ئامرازەكانی دیكەی راگەیاندن كاریگەری زۆریان هەیە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا كە رێژەیەكی زۆری گەنجان بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەكاریدەهێنن. 

توێژەر درێژە بە بۆچوونەكانی خۆی دەدات و دەڵیت :هەروەها لە كوردستانیش بە هەمانشێوە راگەیاندن و وێبساییتە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەرییان هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوشتن بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی كە وێنەی قوربانییەكان بڵاودەكەنەوە.77%ی بەشداربووانی توێژینەوەكەم ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە كەسێكیان بینیوە خۆی كوشتووە لە فیلمەكاندا، نیوەی بەشداربووانیش ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە كاریگەری خراپی لەسەریان هەبووە تا هەوڵی خۆكوشتن بدەن. بۆ نموونە یەكێك لە رۆژنامەنووسەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە زۆربەی رۆژنامەكانی كوردستان راپۆرت لەسەر خۆكوشتن بڵاودەكەنەوە، ئافرەتێك چۆن دەستی دایە نەوت و دەنكە شقارتە و تەماشای دەوروبەری خۆی كرد، ئینجا نەوتەكەی بەسەری خۆیدا كرد و ئاگری لە خۆی بەردا.

هەروەها لە كەیسێكی دیكەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئافرەتێك چۆن گوریسێكی بەدەستەوە گرتووەو لە رێگای خۆهەڵواسین بە پانكەوە خۆی خنكاندووە. ئەم حاڵەتانە ئامرازی خۆكوشتن پێشانی خەڵك دەدات و هانی خەڵك دەدات كە چۆن و بە چ شێوازێك خۆیان بكوژن.

بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە هەندێكجار دەبێتە هۆی هاندانی خەڵكانی دیكە و چاولێكردنەوەی. هەروەها نموونەمان زۆرە كە میدیای كوردستان بەتایبەتی رۆژنامە، حاڵەتەكانی خۆكوشتن یاخود وێنەی قوربانی وەك پاڵەوانێك بڵاودەكاتەوە. بۆ نموونە یەكێك لە زانایانی ئاینی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ''بەو شێوازەی راگەیاندن حاڵەتەكانی خۆكوشتن بڵاودەكاتەوە وەك پاڵەوانێك و هانی خەڵك دەدات بۆ خۆسووتاندن لە بری ئەوەی ئیدانەی كرداری خۆكوشتن بكەن". هەندێكجار وێنەی قوربانی بە جلوبەرگی جیاواز و سەرنجڕاكێش بڵاودەكرێتەوە، وەك بە جلوبەرگی بوكێنی، جلوبەرگی كوردی، جلوبەرگی قوتابخانە و... هتد. هەندێكجاریش زیاتر لە یەك حاڵەتی خۆكوشتن بڵاودەكەنەوە لە یەك لاپەڕەدا. هەندێكیان بۆ مەبەستی بازرگانیكردن ئەم راپۆرتانە بڵاودەكەنەوە یاخود بۆئەوەی رۆژنامەكەیان بفرۆشرێت، بۆ نموونە یەكێك لە رۆژنامەنووسان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "ئێمە وێنەی قوربانییەكە لە لاپەڕەی یەكەم بڵاودەكەینەوە بۆ سەرنجڕاكێشانی خوێنەری زۆر بۆ بابەتەكە و بۆ رۆژنامەكەمان".

لێرەدا دەتوانین بڵێین كە زۆربەی رۆژنامە كوردییەكان زێدەڕۆیی دەكەن لە بڵاوكردنەوەی راپۆرت لەسەر خۆكوشتنی ئافرەتان و بڵاوكردنەوەی وێنەی قوربانیان. لەلایەكی دیكەوە رۆژنامە كوردییەكان وشە یاخود زمانی "سەرنجڕاكێش" بەكاردەهێنن لە كاتی رووماڵكردنی یاخود بڵاوكردنەوەی راپۆرت لەسەر خۆكوشتنی ئافرەتان. لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە كە رەفتار یاخود ئەخلاقی بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتانە لە كوردستاندا جیاوازە لە رۆژنامەكانی رۆژئاوا. لەڕووی بڵاوكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە كوردستاندا هیچ كۆدێك یاخود رێگرییەك نییە لە بڵاوكردنەوەی حاڵەت یاخود كەیسی تاكەكەسی. ئەگەر یاسایەك هەیە بۆ رێگریكردن لە بڵاوكردنەوەی وێنەی قوربانی یاخود حاڵەتەكانی خۆكوشتن و توندوتیژی، ئایا لەبەرچی پەیڕەوی ناكەن و تا ئێستا چەند كەس لەسەر ئەم حاڵەتانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە؟! من پێموایە پێویستە بەرپرسان سنوورێك بۆ ئەم حاڵەتانە دابنێن لەرێگای دەركردنی یاسایەك یاخود كۆدێك بۆ ئەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن و توندوتیژی ئاوا بەشێوەیەكی بەربڵاو و گشتگیر باس نەكرێت، تا كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر تاكەكان دروست نەكات!