لێکۆڵینەوە

09:38 - 27/05/2021

دامەزراوەی مێژوویی تورک، یان ناوەندێک بۆ شێواندنی مێژووی کورد‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتای دامەزراندیەوە و تا ئێستا جگە لە هێرشە سەربازیەکانی، زۆر رێگای تری تاقیکردووەتەوە کە کەلتور و زمان و ناسنامەی کورد لەناوببات و هەوڵێکی تریشی ئەوە بووە کە لە ڕیگەی دامەزراوەی مێژوویی تورکەوە، سیاسەتی تواندنەوەی کورد بەردەوامی پێبدات.

دامەزراوەی مێژوویی تورک کە تا ئیستاش کاروبارەکانی بەردەوامە و دەزگایەکی دەوڵەتە و خاوەن ماڵپەڕ و باڵەخانەی تایبەت بەخۆیەتی و زۆر نووسەر و کارمەندیشی هەیە، زۆر جار بڵاوکراوە و بەڵگەی گوایە مێژووییی بڵاوکردووەتەوە کە ئەم خاکە (کوردستان) خاکی کوردەکان نییە.

 هەرچەندە ئەو دامەزراوەیە زۆر جار هەوڵی شێواندنی مێژوویی کوردیداوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و قۆناغ بە قۆناغ بە ناچاری و نابەدڵ و بە شێوەیەکی سیاسی دەیانەوێت هەڵەکانی پێشوویان ڕاست بکەنەوە.
دامەزراوەی مێژوویی تورک: بنەچەی کورد دەگەڕێتەوە سەر تورکمانەکان!

نمومەیەک لە کارە تێکدەرەکانی ئەو دامەزراوە دەوڵەتیەی تورکیا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی یوسف هەلاچئۆغلۆی سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی مێژوویی تورکە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەنجامیدابوو و ڕایگەیاندبوو، بە پێی ڵێکۆڵینەوەکانی دامەزراوەکە، بنەچەی کورد دەگەڕێتەوە سەر تورکمانەکان و هیچ نەژادێک بە ناوی کوردەوە نییە و وتی، "لە ئێستادا لە تورکیا باسی پرسی کورد دەکرێت، باسی لە گەلی کورد دەکرێت، من خۆم لێکۆلینەوەم کرد و ئاشکرا بوو کە کورد لە بنەچەدا تورکمانە. بەو هۆیەوە پارتە کوردیەکان بە تایبەتی پەکەکە پارتێکی کوردی نییە و لە لایەن دەستی دەرەکیەوە ئاڕاستە دەکرێت."

هەلاچئۆغلۆ: ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن، کوردی عەلەوی، لە بنەچەدا ئەرمەنین
یوسف هەلاچئۆغلۆی سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی مێژوویی تورک هەر لەو کۆنفڕانسەدا باس لە کوردانی عەلەوی لە دەرسیم و شارەکانی تری باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت،"دەگوترێت لە تورکیا ٢٧ نەژاد دەژین، ئەمە بۆچوونێکی سیاسیە و مێژووییی نییە. بۆ نمونە ئەو کەسانەی کە خۆیان بە کوردی عەلەوی ناوزەند دەکەن، لە بنەچەدا ئەرمەنن."

 هەلاچئۆغلۆ لە قسەکانیدا وەک هەڕەشەیەک باسی ئەوە دەکات پێویستە سیاسیەکان سنوری خۆیان نەبەزێنن.
دامەزراوەکە دوای ٨٢ ساڵ سیاسەتەکانی گۆڕی
دامەزراوەی مێژوویی تورک دوای ٨٢ ساڵ و بۆ جاری یەکەم لە ١٠ کانونی دووەمی ٢٠١٤ سیاسەتی خۆی بەرانبەر گەلی کورد گۆڕی. پرۆفیسۆر دکتور مەتین هۆلاکۆ سەرۆکی نوێی دامەزراوەکە لە کۆنفڕانسێکدا بە ناوی 'کورد و تورک لە مێژوودا' باسی لە ژیانی هاوبەشی گەلی تورک و گەلی کورد لەم ناوچەیەدا کرد.
مەتین هۆلاکۆ لە قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو، دامەزراوەی مێژوویی تورک، لەبەرانبەر مێژوو بەرپرسیارە و پێویستە ڕاستیەکان تۆمار بکات و دەڵێت، "دامەزراوەکەمان قۆناغێکی نوێی دەستپێکردووە و پێویستە ڕاستیەکان بڵێت و بەو هۆیەوەشە دەتوانین بە دڵنیاییەوە باس لە پەیوەندیە مێژوویی و هاوبەشەکانی کورد و تورک بکەین، بەڵام پێویستە پرسی کورد لە 'تیرۆر' جیا بکرێتەوە."

 مەتین هۆلاکۆ باسی ئەوە دەکات، ئەگەر کورد هەبێت، مێژووی کوردیش هەیە و ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت و کاتێک ئێمە (تورک) بۆ ئەنادۆڵ هاتین، کوردەکان لەمێژبوو لێرە بوون و بەو شێوەیە بۆ یەکەمجار و دوای ٨٢ ساڵ دامەزراوەکە سیاسەتەکانی پێشووی بەدرۆ خستەوە و لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە.
دامەزراوەی مێژوویی تورک کەی و بە چ ئامانجێک دامەزرا
دامەزراوەکە لە ٢٨ی نیسانی ١٩٣٠ بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک و بە ئەندامێتی ٦ کەس لە بەرپرسە باڵاکانی کۆماری تورکیا دامەزرێنرا.
دامەزراوەکە بڕیاریدا گروپێک لە مێژووناس و ئەکادیمیەکانی تورکیا پێکبهێنن و سەردانی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون بکات و لێکۆلینەوە لەسەر مێژووی عوسمانی و ئاسەوارەکانی بکات بۆ ئەوەی لە فەوتان ڕزگاریان ببێت.
ئەو دامەزراوەیە ١٨ جار کۆنگرەی گەورەی بە سەرۆکایەتی سەرۆکە یەک لەدوایەکەکانی تورکیا ئەنجامداوە و چەندین جار ناویشی گۆڕاوە، لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو باڵەخانەی تایبەتی بۆ دروستکراوە و بڵاوکراوەیەکی بە ناوی بەلەتۆن هەیە کە ٤ مانگ جارێک بڵاودەبێتەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم ناوەندە پاراستنی زمان و کەلتوری تورکە کە بەسەر زمان و کەلتور و مێژووی نەتەوەکانی تری تورکیا بە تایبەتی نەتەوەی کورد بسەپێنێت.