لێکۆڵینەوە

09:50 - 01/06/2021

رۆڵی پەروەردە لە پێشكەوتنی تاك و كۆمەڵگەدا‌‌

پەیسەر

مرۆڤ بوونەوەرێكی جیاوازو تایبەتە، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پێشكەوتنە، هیچ كاتێك ڕەوڕەوی مێژوو نەك ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، بەڵكو لە شوێنی خۆشیدا ناوەستێت، پەروەردەش هاوكارێكی باش و گرنگە بۆ ئەوەی پێشكەوتنانە دروست بن و لە خۆیدا بەكار بهێنرێن، پرسی پەروەردو پێشكەوتنیش دوو پرسی یەیوەست و گرنگن بە مرۆڤەوە، بۆیە لێكۆڵینەوە لەو دوو چەمكە بایەخی خۆیان هەیە.

پەروەردە
بیرمەندانی بواری پەروەردە پێناسەی جیاوازیان لەسەر پەروەردە هەیە،ئەم جیاوازیانەش پەیوەندی بە دەورو نەقشی پەروەردەوە هەیە لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا. هەندێکیان پەروەردە بە پرۆسەیەک دەزانن کە گۆڕان لە هزرو بیرو رەفتاری تاکدا دروست دەکات و بەشێکیان وەک دامەزراوەیەکی جڤاکی لەبەرچاوی دەگرن و کاریگەری دوولایەنەی نێوان مامۆستاو قوتابی لە قوتابخانەدا بە کاکڵەی باسەکانیان دادەنێن.

گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و...دا.

''ژان ژاک رۆسۆ'' پەروەردە بە کەشتییەک دەشوبهێنێت کە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بکات. ئەو پێی وایە پەروەردە، بنەڕەت وژێرخانێکە کە دەکرێت سەرخانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەسەر دروست بکەیت.

''لێستەۆرد'' ی کۆمەڵناس، پەروەردە بە کەرەستەیەک بۆ گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا ناودەبات و پێی وایە کە ئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشکەوتنە ژیان باشی و خۆشبەختی تاکی لێ دەکەوێتەوە.

هەرچۆن بێت سیستەمی پەروەردە لە سەردەمی جیهانی بوون و تەکنەلۆجیاشدا دەوری بێ رکابەری خۆی لە پەروەردەکردنی مرۆڤدا پاراستووە، دامەزراوەی پەروەردە مرۆڤ بۆ داهاتوو پەروەردە دەکات، هەربۆیە دەبێت دیدو بەرچاوروونی باشی لە دوارۆژو پێداویستی کۆمەڵگاهەبێت. ئەزموونی وڵاتانی پیشکەوتووی وەک ئەمریکاو ژاپۆن ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و...دا.

پێشکەوتن
چەمکی پێشکەوتن، بەشێوەیەکی گشتگیرو فراوان پاش شەڕی جیهانیی دووەم، بووە جێگای باس و مشتومڕ. پێشکەوتن رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کەلتوورو سیاسەت و...هتد لە کۆمەڵگا دەگرێتەوە. پێشکەوتن، بریتییەلە کۆمەڵێک گۆڕان کە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگایەک لە هەلومەرجێکی تایبەتییەوە کەگونجاو باش نیە بۆ ژیان، بروات بەرەو هەلومەرجێکی باشتر. بەڵام ئەگەر ئەم پێشکەوتنە رووی لە مانەوەو خۆشبژێوی مرۆڤ بێت لە هەموو روویەکەوە، ئەوا بە پێشکەوتنی پایەدارو سەقامگیر ناوی دەبەن. 
چەمکی پێشکەوتنی سەقامگیر بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٧٢ لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە خرایە بەرباس و بە مانای هەوڵدانە بۆ دەستەبەر کردنی زنجیرەیەک ئامانجی ئابووری، جڤاکی، سیاسی و کەلتووری بەمەبەستی بردنەسەرەوەی ئاستی خۆش بژێوی و ئاسایش یان دابینکردنی ئاستێک لە پێداویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە لەبەرچاو گرتنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو، واتە پێشکەوتنێک کە لەگەل ژینگە سازگار بێت.   

 ناسینی رێگاو شێوازەکان و داهێنەری گرنگترە لە گواستنەوەی بابەت و وانەکان
لەم پیناوەدا پەروەردە هۆکارێکی پێویستە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری، سیاسی، کەلتووری وجڤاکی کە ئەمانەش هۆکارن بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیان.

هەنووکە یەکێک لەو جیاوازییە سەرەکیانەی کە لە نێوان وڵاتانی پشکەوتوو و وڵاتانی دواکەوتوو و روو لەگەشەدا هەیە، روانگەو رووانینی جیاوازی ئەو وڵاتانەیە بۆ پرسی پەروەردە وەک هۆکارێکی سەرەکی وچارەنووس سازی پیشکەوتن.
پەیوەندی نیوان پەروەردەو پیشکەوتن، پەیەندییەکی راستەوخۆیە، واتە هەرچی ئاستی پەروەردە باشتربێت، پێشکەوتنیش خێراتر روودەدات. بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنێکی پایەدارو سەقامگیر، پێویستە وشیاری و ئاگایی پێویست لە بارەی دەورو نەقشی پەروەردە لەسەر پێشکەوتنی سەقامگیر لە ناو کۆمەڵگا دروست ببێت. بەواتایەکی تر، بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی سەقامگیر، دەبێت ئەم پرسە ببێت بە خواستێکی گشتی و لە بیرو کرداری نەوەکانی کۆمەڵگا رەنگ بداتەوە.
 پەروەردە لەوڵاتانی پێشکەوتوودا

لەسیستەمی پەروەردەی وڵاتانی پێشکەوتوودا گرنگی زیاتر بە پەروەردەو پێگەیاندن دەدرێت تا فێرکردن. بە واتایەکی تر، پەروەردەکردنی کەسایەتی مرۆڤ وبونیادنانی سیفەت و تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی تاک گرنگترە لەو بابەت و وانانەی کە دەگوێزرێتەوە بۆ فێرخواز. لەو وڵاتانەدا فێرکردنیش دەکرێت بە دوو بەشەوە. یەکەم، گواستنەوەی بابەت و وانەکانی وەک کۆمەڵایەتی و فیزیاو کیمیاو بیرکاری و...و دووەمیش، فێرکردنی چوارچێوەکانی بیرکردنەوە. واتە تاک چۆن دەبێت بەرامبەر بە دیاردەو رووداوەکان بیربکاتەوەو هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات. زۆرتریش جەخت لەسەر ئەم بەشەی دەکرێتەوە، چوون ئەگەر تاک فێری بیرکردنەوەو رێگاکانی بیرکردنەوە ببێت، بزانێت چۆن لە پەرتووک و سەرچاوەکان کەڵک وەرگرێت و بابەتەکان شرۆڤە بکات، دەتوانێت دواتر زانیارییە پیویستەکانی خۆی دەست بخات. یانێ ناسینی رێگاو شێوازەکان و داهێنەری گرنگترە لە گواستنەوەی بابەت و وانەکان.

ئەگەر لەگەل ئەڵمانییەک بەرەو روو دەبیتەوە دەزانیت کە چەندە کەسایەتییەکی بەهێزی هەیەو خۆی بەباشی دەناسێت، رەگی ئەم خۆناسین و بەهێزیەی لە پەروەردەی وڵاتەکەیدایە.

لەبواری پەروەردەشدا سەنگی سەرەکی بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتیێکی سەربەخۆ دادەنرێت. بۆ نموونە لە قۆناغی بنەڕەتی لە بریتانیا، شێوازو وانەگەلێک هەیە کە ئامانجیان ئەوەیە هەڵچوون و ورووژانی مناڵەکان بۆ خوارترین ئاست کەم بکاتەوە. لەرێگای ئەم بەرنامانەوە مناڵەکان فێردەکرێن کە چۆن بە ئاسوودەیی و هێمنی، بە بەڵگەهێنانەوەو وردبیرکردنەوەو دووربینی، لە شتەکان تێبگەن، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ رووداوەکانی چواردەوریان بکەن و چۆن پەیوەندییەکانیان لەگەل کەسانی دیکەدا رێکبخەن تا زیاترین سوود لە راستییەکان ببینن.  واتە پەروەردەکردنی مرۆڤێک کە بزانێت چی لە ژیانی ئەودا گرنگەو شتەکانیش پلەبەندی بکاو بزانێت کامەیان یەکەمەو کامەیان دواتر، لە تەمەنی گەنجیەتیدا بزانێت چ شتێک لەژیانی ئەودا بەسوودە، چ ڕێگایەک هەڵبژێرێ و لەچ بوارێکدا درێژەبەخوێندن بدات، چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەل چوار دەورەکەیدا دابمەزرێنێت. مرۆڤێک کە لەم سیستەمانەدا پەروەردە دەبێت، لە قوتابخانەکاندا فێری واقێع بینی دەبێت و بەگشتی پەیوەندی و کارو بارەکانی ژیانی ئاقڵانە رێکدەخاو بە تەواوی سەربەخۆیەو متمانەی بە خۆی هەیە. ئەگەر لەگەل ئەڵمانییەک بەرەو روو دەبیتەوە دەزانیت کە چەندە کەسایەتییەکی بەهێزی هەیەو خۆی بەباشی دەناسێت، رەگی ئەم خۆناسین و بەهێزیەی لە پەروەردەی وڵاتەکەیدایە.

لەوڵاتانی پێشکەوتوودا گرنگی تەواو بە لێکۆڵینەوەو چالاکی کردەیی دەدرێت. یانێ لەجیاتی ئەوەی قوتابیان ناچارکرێن پێناسەکانی زانست لەبەر بکەن، یارمەتی دەدرێن تا لە تاقیگەو بە چالاکی بابەتەکان فێربن و ئەزموونیان بکەن. قوتابیان لەجیاتی ئەوەی وانەکانی وەک زیندەزانی وفیزیاو کیمیاو ... لەبەربکەن، لەتاقیگەو سەردانی کارگەو کارخانەکاندا فێری بابەتەکان دەبن.

لەولاتانی پێشکەوتوودا پەروەردەو قوتابخانەکان لەسەر بنەمای بەشداری پەروەردەکاران، فێرخوازان، خێزانەکان و شارەزایان بەڕێوە دەبرێن، نەک لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردن. لەوڵاتی ژاپۆن مۆتەکەی تاقیکردنەوە نیە بەسەر قوتابیانی پۆلی یەکەم تا نۆی بنەڕەتییەوەو لەرێگای وەسفکردنەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی فێربوونی قوتابیان دەکرێت و مامۆستاو بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیارو پەروەردە نایانەوەێت بە بیانووی فێربوون، کەلتووری کۆنترۆڵکارانەی خۆیان لە ڕێگای تاقیکردنەوەکانەوە بەسەر قوتابیاندا بسەپێنن. لەوڵاتانی دواکەوتوودا لەجیاتی گرنگیدان بە توێژەران و شێوازناسان، کۆنترۆڵکاران زیاد دەکرێت. بۆنموونە سەرتاسەری وڵاتی بریتانیا هێندەی پارێزگای سلێمانی لەهەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیاری هەیە. لەوڵاتانی پێشکەوتوودا بەڕێوەبەران زۆرترین بەشی کاتی خۆیان تەرخان ناکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی مامۆستایان و قوتابیان لەڕێگای کامێراکانی چاودێرییەوەو ئەندامانی گروپی قوتابیان لە پۆلەکاندا دیاری ناکەن.

لەوڵاتانی پێشکەوتوودا سەرمایەگوزاری زۆر لەسەر مرۆڤ و پەروەردەکردنیان دەکرێت. لەبەرئەوەی دەزانن کە گرنگترین هۆکاری پێشکەوتن لەهەر وڵاتێکدا پەیوەندی بە جۆری مرۆڤەکانیەوە هەیە.  بۆنموونە وڵاتی فینلاند نەوتی نیە تا سەرمایەگوزاری لەسەر بکات، بەڵکو سەرمایەگوزاری لەسەر مرۆڤ و پەروەردەکەی دەکات. فینلاند ولاتێکی پێشکەوتووەو پەروەردەکەی لە ئاستی جیهاندا بەناوبانگ وناسراوە. بەڵام وڵاتانی وەک ئێراق و ئێران سیاسەت و بیریان بەلای بیرەنەوتەکانیانەوەیە، زۆربەی داهاتەکەشیان خەرجی شەڕ کردوەو وەک سووتەمەنی سەیری هاووڵاتییەکانیان کردوە، پەروەردەیان لە ئاستێکی نزمدایەو بێکاری وهەژاری و دەیان پەتای کۆمەڵایەتی دیکە بەرۆکی ولاتەکانیانی گرتووە.

لەوڵاتانی پێشکەوتوودا، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەوری لە پەروەردەکردنی مرۆڤدا هەیەو ئەمەش ئەنجامی پەروەردەو پەرتووکەکان و شێوازی پێگەیاندن و فێرکردنیانە. لەنێوان قوتانخانەو بنەماڵەو شوێنە رۆشنبیرییەکاندا پەیوەندی هەیەو هەوڵی هەموویان ئەوەیە کە مرۆڤێکی سەربەخۆو دوور لە پێکدژی پەروەردە بکرێت. پەیوەندی نێوان بەشی پەروەردەو کۆمەلایەتی وادەکات کە ئەگەر بۆ نموونە، پەروەردە هەوڵدەدات مناڵان فێری بەڵگەهێنانەوە، رێکوپێکی و چۆنیەتی بیرکردنەوە ببن، کۆمەڵگاش بە زۆری وەها روانگەیەکی هەیە. وەک وڵاتانی دواکەوتوو نیە کە پەروەردە ئاهەنگێکی هەبێت و بازاڕو راگەیەنەکان و ناوەندەکانی تر سازێکی تر لێبدەن.

لە وڵاتانی پیشکەوتوودا بە شێوەیەکی پسپۆڕانە لەگەل پرسی پەروەردە دەجووڵێنەوە
لەپەروەردەدا دەبێت رەچاوی سروشتی مرۆڤ و تایبەتمەندییەکانی تەمەنی قوتابیان بکرێت. واتە، دەبێت پێداویستی سروشتی- مرۆیی مناڵان و گەنجان لەبەرچاو بگیرێت. وڵاتانی پێشکەوتوو ئەم تەیبەتمەندیانە بە بنەما دادەنێن. بۆنموونە ئەگەر چاوەروانی هەبێت مناڵێکی دە، دوازدە ساڵان زۆر پێنەکەنێت و رێگای پێنەدرێت پۆشاکی رەنگ رۆشن و شاد لەبەر بکات، وەک ئەو بڕیارو بەرنامەی کە لە قوتابخانەکانی ئێراندا پەیرەو دەکرێت، لەراستیدا نەک هەر سروشتی مرۆڤ لەبەرچاو نە گیراوە، بەڵکو لە دژی شەڕ دەکرێت. ئەنجامی ئەم شێوە روانین وسیاسەتانە لێکەوتەی خراپی بۆ کۆمەڵگا دەبێت و بێ گومان بە کۆسپی سەر رێگای پێشکەوتن دادەنرێت.

لەکەلتووری وڵاتانی دواکەوتوودا پەروەردەکردن بە زۆری لەرێگای قسەکردنەوەیەو پێیان وایە دەبێت لە رێگای ئامۆژگاری و ئاخاوتنەوە مرۆڤ بگۆڕدرێت. ئیشێک کە زۆر کەس دەتوانێت بیکاو هەربۆیە زۆرکەس خۆی لەپەروەردەکردن هەڵدەقورتێنێت، بەڵام لە وڵاتانی پیشکەوتوودا بە شێوەیەکی پسپۆڕانە لەگەل پرسی پەروەردە دەجووڵێنەوە.

پەروەردەو پەرتووکەکانی خوێندن
هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، پەرتووکەکان و وانەکانی قوتابخانە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵگا هەیە. ئەوەی راستی بێت قەبارەی ئەو بابەتانەی کە بۆساڵێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لەبەرچاو گیراوەو قەرارە بگوازرێتەوە بۆ قوتابیان، بەتایبەت بابەتە زانستییەکان، زۆرەو وادیارە سیستەمی پەروەردەش بیرکردنەوەو شرۆڤەی ئەو بابەتانەی لە قوتابیان ناوێت و زۆری خودی بابەتەکانیش لەم بارەوە رێگرن. بەسەرنجدان لەو قۆناغەی کە هەرێمی کوردستانی پیاتێدەپەڕێت، دروستەکەی ئەوەیە بەشێکی بەرچاو لە بابەتەکانی پەرتووکی خوێندن کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی پێویست بۆ بیرکردنەوەو گفتوگۆی قوتابیان فەراهەم ببێت. قوتابیان لە ڕێگای ئەم دەرفەتانەوە دەتوانن خۆیان و دەورو بەرەکەیان بناسن، تواناییەکانی خۆیان بدۆزنەوە، لەگەل پرسە کۆمەڵایەتییەکان ئاشنابن،زیاتر فێری کارامەییەکانی ژیان ببن و بزانن لە چ نیشتمانێکدا دەژین.

دروستکردنی ترس وشڵەژان بە هۆی تاقیکردنەوەکانەوە لەبەر چاو نەگرتنی مافی منداڵانە
مناڵان دەبێت لە قوتابخانە فێربن کە ڕاو بۆچوونی خۆیان دەربڕن، ئامادەبن رەخنەیان لێبگیرێت و رەخنە بگرن. باسی پێشکەوتن و کۆمەڵگای مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ دەبێت لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە دەسپێبکات. منداڵێکی شەش ساڵان دەبێت لە قوتابخانە فێرکرێت کە سەربەستانە ڕای خۆی دەرببڕێت، گوێ بۆ کەسانی تر بگرێت و لەبیری ئەوەدا نەبێت کە ڕاو بۆچوونی خۆی بسەپێنێت و پێداگری لەسەر بکات. پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تەنیا ئەوە نیە کە مناڵان تەمبێی جەستەیی نەکرێن، دروستکردنی ترس وشڵەژان بە هۆی تاقیکردنەوەکانەوە لەبەر چاو نەگرتنی مافی منداڵانە. ئەگەر منداڵان نە توانن بەشیوەیەکی زانستی و ئاقڵانە لەگەل داهاتوو بەرەو روو ببنەوەو فێری کارامەییەکانی ژیان بن وکەسایەتییەکی سەربەخۆیان هەبێت، ئەگەر نەتوانن خۆیان وتواناییەکانیان و رێگای گەیشتن بە خواستەکانیان بناسن، مافەکانیان لە قوتابخانە نەپارێزراوە. دەبیت لە دارشتنی بابەت و پڕۆگرامەکانی خوێندندا رەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە بکرێت و زۆر بوونی بابەتەکان و بەشی فێرکاری تەوای کاتی مامۆستاو فێرخوازو قوتابخانەو خێزان نەگرێت و نەبێتە کۆسپ لەسەر رێگای پەروەردەکردنی فێرخوازان. ئەگەر وڵات بە دوای پیشکەوتنەوەبێت نابێت گەیاندنی بابەتەکان بە فێرخوازان بەتایبەتی لە قۆناغی بنەرەتیدا، جێگا بە پەروەردە کردنی قوتابیان لێژ بکات.
 پێویستە سیستەمی پەروەردە ئەرکی سەردەمیانەی خۆی ئەنجام بدات

زۆربوونی بابەتەکان، شێوازی وانەوتنەوەو جۆری هەڵسەنگاندن وایکردوە کە قوتابخانەو بنەماڵەکان (تەنانەت خودی قوتابیان) ناسینێکی دروستیان لە توانایی و حەزو ئۆگری فێرخوازان نەبێت و نەتوانن لەئاراستەکردنیان بۆ درێژەدان بە خویندن لە بواری دڵخوازی خۆیاندا یارمەتییان بدەن. تەنانەت رەنگە قوتابخانەو خێزانەکان تێگەیشتن و زانیارییەکی روونیان لە ئامانجەکانی پەروەردەی قۆناغی بنەرەتی و ئامادەیی نەبێت و نەزانن قوتابییەکی قۆناغی بنەرەتی پاش نۆ ساڵ لەقوتابخانە دەبێت لە رووی پەروەردەیی و فێرکارییەوە چی بەدەست هینابێت وچ سەرمایەیەکی مەعنەوەی کۆ کردبێتەوە.  پیشکەوتن لە کۆمەڵگای مرۆییدا بە هۆی مرۆڤەکانەوە روودەدات و ئاستی کۆمەڵگاش هەردەم دەتوانێت سەنگێکی محەک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمی پەروەردەی پێشتر، وەک چۆن ئەمڕۆی پەروەردە سبەی کۆمەڵگا دیاری دەکات، سبەیش کۆمەڵگا، بڕیار لەسەرکارنامەی ئەمڕۆی سیستەمی پەروەردە دەدات. ئەگەر دەسەڵات و کۆمەڵگا بە دوای پێشکەوتنەوە بن، پێویستە سیستەمی پەروەردە ئەرکی سەردەمیانەی خۆی ئەنجام بدات، چوون ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا باش پەروەردە بکرێت، نەک هەر لە هەمبەر ئەو گۆڕانانەی کە بۆ پیشکەوتن پێویستن خۆڕاگری ناکەن، بەڵکو پێشوازی لێدەکەن.