ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:20 - 10/06/2021

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ خاڵی كۆتایی ریفۆرمخوازه‌كانی ئێرانه‌؟‌

پەیسەر

په‌یسه‌ر/ ده‌نگی ئه‌مریكا

پێشبڕکێی 13هەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئێستادا باس و خواستی خەڵکی ئێران و هەواڵی میدیا و ڕۆژنامە و سوشاڵ میدیاکانە. حەوت پاڵێوراو پەسەند کراون و ئەو حەوت کەسەش بەگشتی وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، سەر بەدوو فڕاکسیۆنی سەرەکی ناو دەسەڵاتن، واتە ڕیفۆرمخوازەکان و کۆنەپارێزەکان.

بەڵام یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم خولی هەڵبژاردنە نەک تەنها ڕەتکردنەوەی بەرچاوەی ڕێفۆرمخوازان بوو، بەڵکو تەنانەت ئەو کەسانەش ڕەتکرانەوە کە ئەگەری ئەوەی هەبوو هەر جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی بەو فراکسیۆنەوە ببەستن. کەسێکی وەک عەلی لاریجانی، سیاسەتمەدارێکی کۆنەپارێز کە ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە، یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەوترێت بەم هۆیەوە ڕەتکراوەتەوە.

ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە خاڵی کۆتایی ڕێفۆرمخوازەکانی ئێرانە، چوونکە نەک تەنها حکوومەت بەڵکو خەڵکیش بە شێوەیەک لە شێوەکان پشتی تێکردوون و هیوایان پێیان نەماوە.

ڕێفورمخوازن و پاڵێوراوانی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان
ڕیفۆرمخوازان یەکێکن لە دوو لایەنی سەرەکی سیاسەتی ناو حکومەتی ئێران.
ئەم فراکسیۆنە دوای ڕووداوێک کە لە ئێراندا بە" 2 ی خورداد" ناسراوە، خۆیان وەک ڕێفۆرمخواز لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا ناودێر کرد.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 1998 کە لە مانگی دوو خوردادی ئێراندا بوو، سەید محەمەد خاتەمی بە دەنگی زۆرینە و بە دروشمی فەرمی چاکسازی سیاسی بوو بە براوەی هەڵبژاردنەکان و ئەمەش بوو بە سەرەتای دەستپێکی ڕێفۆرمخوازن کە بە ڕووداوی 2 ی خوردادیش ناسراوە.

لوتکەی دەسەڵاتی ڕێفۆرمخوازان لە ئێراندا بریتی بوو لە بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پارلمان لە هەڵبژاردنەکانی شەشەمین خولی پارلماندا و دوای ئەوەش بوو کە یەکێک لە گەورەترین حیزبەکان لە دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی "بەرەی بەشداری ئێرانی ئیسلامی" دامەزرا کە حیزبێکی سەر بە رێفۆرمخوازەکان بوو.


چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ڕێفۆرمخوازەکان نەیانتوانیوە چاکسازی بکەن و درۆشمەکانیان شکستی هێناوە لە هێنانە دی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە حکومەتدا و هەوڵەکانیان کورتکرایەوە بۆ هەندێ گۆڕانکاری لە بواری ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنیدا.

زۆر کەس پێیان وایە کە لەدوای سەرکەوتنی مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2005 دا، سەردەمی ڕیفۆرمخوازەکان بە شێوەک لە شێوەکان کۆتایی هاتوە.

لە ساڵی 2009 دا، دوای ئاژاوەکانی هەڵبژاردنی خولی نۆهەمی سەرۆکایەتی لە نیوان ئەحمەدی نژاد و بزوتنەوەی سەوز بە سەرکردایەتی کەڕووبی و موسەوی و خاتەمی، بەرەی ڕێفۆرمخوازان نەیانتوانی سەر بکەون و وردە وردە خۆیان نزیک کردەوە لە هەندی کەسایەتی کۆنەپارێز، لەوانە ناتیق نوری، حەبیبوڵا ئەسگەرئەولادی و عەلی لاریجانی.


لە ساڵی 2013 دا لە دوای ڕەتکردنەوەی هاشمی ڕەفسەنجانی لە لایەن شورای نیگەهبانەوە، حەسەن ڕۆحانی توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوێت و جارێکیتر هیز و تین گەڕایەوە بۆ رێفۆرمخوازان، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 11هەمین خولی پەرلەمانی ئێران و ئاستی خوارەوەی بەشدارییەکانی خەڵک لە دەنگداندا، جارێکی دیکە رێفۆرمخوازان دەکەونەوە پەراوێز و بێ دەنگ دەبن.

لە نێوخۆدا ڕێفۆرمخوازان لەلایەن کۆنەپارێزانەوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لەگەڵ بیانیەکاندان و هاوکات ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەش دەڵێن ڕێفۆرمخوازان زامن و هۆکاری مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە دوو لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ ئەمساڵ خۆیان بە نزیک لە ڕێفۆرمخوازەکان دەزانن، بەڵام زۆر کەس پێیان وایە گەر ڕێفۆرمخوازان بەم شێوەیە بەردەوام بن و گۆڕانێکی بنەڕەتی لە خۆیاندا دروست نەکەن، ئەوا چیدیکە کاریگەرییان نامێنێت لەناو کۆمەڵگەدا.

دکتور خالید تەوەکولی کە خۆی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕێفۆرمخوازانەوە نزیکە لەبارەی ڕێفۆرمخوازان و پێگەی ئێستایان، بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی دەڵێت "ڕێفۆرمخوازان هەمیشە ویستویانە بەشدار بن لەحکوومەتدا و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان رێگای هەڵبژاردن و سەندوقی دەنگدانیان هەڵبژرادوە و هەر بۆیەش بە بەردەوامی بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردوە و دەنگیان هێناوەتەوە."


دکتور تەوەکولی دەشڵێت "دوای پشتگیری ڕێفۆرمخوازان لە ڕۆحانی کە بە هۆی قەیرانی کۆرۆنا و گەماڕۆکان و هەروەها لاوازی حکومەتەکەی نەیتوانیوە سەرکەوتو بێت لە پڕۆسەی چاکسازیدا، پێگەی ڕێفۆرمخوازان لەناو خەڵکدا لاواز بووە و لە لایەکی دیکەشەوە دەسەڵات ڕێگەی پێنەداون کە کاندیدەکانی پەسەند بکرێت و هەر بۆیەش لە ئێستادا ڕێفۆرمخوازان هیچ کاندیدێکیان لە نێو خۆیاندا نییە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی."

دکتور تەوەکولی وتیشی "لە ئێستادا پێگەی ڕێفۆرمخوازان لەناو خەڵکدا لە نزمترین ئاستی خۆیدایە، بەڵام گەر ڕێفۆرمخوازان بتوانن لە چوار ساڵی داهاتوودا ڕەخنەی جدی لە دەسەڵات بگرن ئەوا دەتوانن ڕۆڵ و پێگەی خۆیان دوبارە بەرز بکەنەوە."

عەبدوڵناسر هیمەتی و موحسین میهرعەلیزادە ئەو دوو کاندیدەن کە نزیکن لە ڕێفۆرمخوازەکان، بەڵام هێشتا دیار نییە لە لایەن ڕێفۆرمخوازانەوە پشتگیری دەکرێن یان نە.

نووسەر و چالاکی سیاسی لەبارەی ڕێفۆرمخوازانەوە بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی وت "بێ دەنگبوونی رێفۆرمخوازان لە ئاستی رووداوەکانی ساڵی 2009 و 2017 و 2018، کە تیاندا خەڵکێکی زۆر کوژران، وایکرد پێگەی ڕێفۆرمخوازان لەناو خەڵکدا لاواز بێت." سورخابی دەشڵێت "لەوانەیە بەشێکی کەمی ڕێفۆرمخوازان پشتگیری لە هیمەتی یان میهرعەلیزادە بکەن و ڕەنگە لە داهاتووشدا نەوەیەکی نوێ لە رێفۆرمخوازان سەرهەڵدات کە بە تەواوەتی جیاواز بن لەوەی کە لە ئێستادا هەیە."

هاوکات هەڵبژاردنەکانی ئەم خوڵەی سەرۆکایەتی لە کاتێکدا بەڕیوەدەچێت کە ئێران چ لە ناوخۆدا و چ لە دەرەوە، ڕووبەڕووی قەیرانێکی زۆر بووەتەوە لە ژێر گوشاری گەماڕۆ چڕەکانی ئەمەریکادا.
سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە پاییزی ساڵی 2019 دا و خستنە خواری فڕۆکەی مەدەنی لەلایەن سوپای پاسدارنەوە و هەروەها دۆخی خراپی ئابووری وڵاتەکە و ژیانی نالەباری خەڵکی ئێران تەنها بەشێکن لەو هۆکارانەی کە وادەکات هەڵبژاردنی ئەمساڵ بە گوێرەی هەڵسانگاندنی چاودێران، هەڵبژاردنێکی سارد بێت بە بەشدارییەکی زۆر کەمی خەڵکەوە.

حکومەتی ئەمەریکاش لەدوای ڕەتکردنەوەی بەرچاوی پاڵێوراوان لەلایەن شورای نیگەهبانەوە ڕایگەیاندوە و وتویەتی "ئێرانییەکان دەبێت ئازاد بن لە هەڵبژاردنی سەرۆکی خۆیاندا."

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران گوتی "پێویستە ڕێگە بە ئێرانییەکان بدرێت مافی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەکانی خۆیان بەکار بێنن و بە ئازادی بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسیدا، لەوانەش لە هەڵبژاردنەکاندا."