ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:05 - 17/06/2021

ئه‌مریكا و وڵاتانی عه‌ره‌بی خواستی زیادكرنی به‌ندی نوێیان هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌ی ئێران‌

پەیسەر

گفتوگۆكانی ئێران و وڵاتان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی ئێران به‌رده‌وامی هه‌یه‌، وڵاتانی كه‌نداویش داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌شداریان پێ بكرێت له‌و گفتوگۆیانه‌.
له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی بڵاویانكرده‌وه‌، داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ به‌شداریان پێ بكرێت له‌و گفتوگۆیانه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێر ئه‌نجام ده‌درێت.

وڵاتانی كه‌نداو ئێران به‌ مه‌ترسی ئه‌زانن و ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌ گفتوگۆكاندا بن

ئه‌وان له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌یاندا، ده‌ڵێن: جیاکردنەوەی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران و ڕەفتارە " تێکدەرەکانی " لە ناوچەکە لە گفتوگۆکاندا لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە مەترسیدارە.

ڕۆژی سێشەممە زلهێزەکانی جیهان و ئێران چوونە خولی شەشەمی دانوستانەکانی ڤییەناوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 کە لەلایەن سعودیە و هاوپەیمانەکانیەوە دژایەتی کرا.

ئه‌مریكا و كه‌نداو ده‌یانه‌وێت بڕگه‌ی نوێ بخه‌نه‌ ناو رێككه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ به‌ڵام ئێران ره‌تیده‌كاته‌وه‌

لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش دەیەوێت ئەو ڕێکەوتنە زیندوو بکاتەوە کە دانۆڵد ترامپ دەستبەرداری بوو.

پێشتر چه‌ند كێشه‌یه‌ك بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمبیه‌كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، ئێران پێش دانوستانه‌كان ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبوو پێویسته‌ بێ هیچ مه‌رجێك سزاكانی سه‌ر وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، ئه‌مریكاش ئه‌وه‌ی قبوڵ نه‌كردووه‌ و لێ گه‌ڕاوه‌ له‌ ره‌وتی دانوستانه‌كاندا ئه‌و بڕیارانه‌ بدرێت.

ئه‌مریكا هاوشانی رێككه‌وتنه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ ئێران بكات، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی هیچ ده‌قێكی نوێی پێ قبوڵ نییه‌ و ده‌یه‌وێت ره‌وتی دانوستانه‌كان له‌ كوێدا پچڕاوه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستپێ بكرێته‌وه‌.

هه‌ر بۆیه‌ ئێران ئەو هەوڵانە ڕەتدەکاتەوە کە بۆ زیادکردنی بابەتی دیکە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەدرێن کە سەبارەته‌ بە سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەیەتی و لەبەرامبەریشدا لابردنی سزا نێودەوڵەتیەکانە لەسەر تاران.

وڵاتانی كه‌نداو ده‌ڵێن، ده‌بێت كۆتوبه‌ندی سه‌ر ئێران زیاتر بكرێت تا رێگر بێ له‌خۆ پڕچه‌ككردنی ئه‌و وڵاته‌

زیادكرنی به‌ندی نوێ بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نها داخوازی ئه‌مریكا نییه‌، به‌ڵكو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش داوایان کرد ڕێکەوتنێک واژۆ بکرێت تیایدا کۆتوبەندەکان توندتر و درێژخایەنتر بن، ئەوەش لەپێناو ڕێگەگرتن لە هەڵگیرسانی پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن و زیادبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا.

بۆیه‌ دوای کۆبوونەوەکەیان لە ڕیازی سعودیە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا وتیان دەبێت وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەشدارییان پێبکرێت لە دانوستانە جیهانییەکاندا لەگەڵ تاران و ئامادەن بۆ " هاریکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ناوەکی ئێراندا بەشێوەیەکی جددی و چالاک، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە سەروەری و سیاسەتەکان و باشبوون لەگەڵ دراوسێدا."

لە بەیاننامەکەدا جەخت لە " مەترسی دەرەنجامی جیاکردنەوەی بەرنامە موشەکییەی ئێران و پشتیوانییەکانی بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا " کراوەتەوە، هەروەها داوایان لە تاران کرد دانوستانەکان بەجددی وەربگرێت و خۆی بەدووربگرێت لە زیادکردنی گرژییەکان.

جێی ئاماژەیە سعودیە و ئێران کە لە ساڵی 2016 دا پەیوەندییەکانی نێوانیان بڕی، لە مانگی چواردا دانوستانی ڕاستەوخۆیان لە عێراق ئەنجامدا، ئەوەش بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ڕکابەرایەتییەکانی سعودیە و ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، لەوانەش یەمەن کە هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە دژی حوسییەکانی یەمەن دەجەنگن کە هاوپەیمانی ئێرانن.