عیراق

12:23 - 13/10/2021

رۆیتەرز: قائانی لە بەغدا چاودێری ئەنجامەكان دەكات‌

دیپلۆماتێکی ڕۆژئاوایی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، کە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس لە بەغدایە بۆ چاودێری راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق.


ئەو دیپلۆماتە ڕۆژئاواییە بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، قائانی بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ هێشتنەوەی هاوپەیمانەکانی تاران لە دەسەڵاتدا بە کۆبوونەوەی لەگەڵ میلیشیاكانی لایەنگرانی ئێران.

دوو سەرچاوەی ئێرانی بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پشتڕاستیان کردەوە کە قائانی لە ئێستادا لە بەغدایە.

سەرکردەیەكی میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانی بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، گروپە چەکدارەکان ئامادەن پەنا بۆ توندوتیژی ببەن ئەگەر پێویست بکات ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی نفوزی خۆیان لە دەست نەدەن، ئەوەشی وت کە پلانیان هەیە بڕژێنە سەر شەقامەکان یان بینای سەدرییەکان بسوتێنن.

ئەمە لەكاتێكدایە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی راگەیاند. لە شەوی رابردوشەوە كۆمسیۆن دەستی بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان كردووە.

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح نزیك لە ئێران ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی رەتكردەوە و بە ساختە ناویبردن، هاوكات حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو تانەی لە ئەنجامەكان داوە و وتی"هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دەستکاری دەنگەكان".