ڕاپۆرتی کوردستانی

06:57 - 31/10/2021

ژەهراويكردنی بەشێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی پرسێكی گەرمە‌

ژەهر"خواردكردنی" بەشێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی نیشتمانی، پرسێكی گەرمە، ناكۆكی و ململانێكانی ئەو حزبەی بردوەتەوە قۆناغێكی دیكەوە، بەپێی وتەی ئەوانەی دیارە چ ژەهرێكە پێیاندراوە.

یەكەمجار بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی بوو ئاشكرایكرد كە ژەهرخوارد كراوە، هەریەكە لە مەلا بەختیار و وەستا حەسەنیش یەكلابوەتەوە كە ژەهرخواردكراون.

مەلا بەختیار لەرێی نوسینگەكەیەوە باسیلەوەكردووە لە دوو نەخۆشخانەی ھەرە پێشکەوتووی ئوردن (الخالدیە) و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشکنینی وردو ھەرە زانستی بۆ مەلا بەختیار ئەنجام دراوە، ھەردوو نەخۆشخانەکە سەرەنجامی پشکنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەرکەوتووە کە مەلا بەختیار بە ژەھری (جیوە) دەردەدار کراوە.

ژەهر چیە؟

ژەهر پێناسە دەکرێت بە ماددەیەکی شل، ڕەق یان گاز کە کاتێک بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵ زیندەوەراندا دەبێتە هۆی نەخۆشی، زیان گەیاندن یان مردن، مەرج نییە هەموو ژەهرێک دروستکراو یان سروشتی بێت، یاخود بەرکەوتنی ڕاستەخۆ لەگەڵ ژەهرەکەدا ببێتە هۆی مردن، بەڵکو دەکرێت دروستکراوی دەستی مرۆڤ بێت یان بە شێوەیەکی سروشتی بوونی هەبێت و زۆرجار بە خواردنی گۆشتی زیندەوەرێک کە ڕووەکێکی ژەهراوی خواردووە لەوانەیە کۆتایی بە ژیانی کەسێک بێت.

لە ناو سیاسەت و ململانێی حزبایەتیدا بەكارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارەكان وەك تەكنیكێك بەكاردەهێنرێت، جگە لەوەی دەكرێتە ناو شلەمانی و خواردنەوە، دەكرێت لە رێی هەندێك مادە و كەرەستەوە كەسێك ژەهراوی بكرێت، وەك تەوقەكردن، ئەڵقەی پەنجە و كاتژمێر.

ئێستا یەكێكە لەكەیسەك دیارەكانی ژەهراویكردن كەیسەكەی ئەلێکسی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیایە كە پشكنینەكان دەریانخستووە ژەهرخوارد کراوە.


ژەھری جیوە چیە؟

جیوەی توخمی، کەبەرێگەی بەکتیریا مادەکانی مەسیل جیوە (Methyl Mercury) و ئەسیل جیوە (Ethyl Mercury )ی لێ بەرھەم دەھێنرێت، کە یەکەمیان زۆرتر ژەھراویە بۆ مرۆڤ و توانای مانەوەی لەلەشی مرۆڤدا ھەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، ژینگە بەشێوەیەک لەشێوەکان بە مەسیل جیوە پیسە، ھەروەھا بەڕێژەیەکی کەم بەشێوەیەکی ئاسایی لەلەشی مرۆڤدا ھەیە.

 مادەی مەسیل جیوەی ژەھراوی لەگەڵ تۆوی گەنمی کشتوکاڵی تێکەڵ دەکرێت بۆ پاراستنی بنەتۆوەکە لەمەل و مێروو و بەکتیریا لەکاتی وەشاندندا. ئەو جیوەیە لەلایەن گەنمەکەوە ھەڵدەمژرێت تا دەکاتە گوڵەکان کەپاشان گەنمەکەی دەکرێتە نان و ھەویرەمەنی بۆ مرۆڤ. ھەروەھا قەسیل و گەنم و پووشەکەی دەکرێتە ئالیک بۆ ئاژەڵان، بەڕێگەی خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵانەش دەگاتە لەشی مرۆڤ. رێگەیەکی تریش ھەیە کە ئاوی ئەو بیرانەیە کە نێزیک کێڵگەکانی دانەوێڵە.

 خواردنی ماسی، بەتایبەتی ماسی حەوزەکان، کەقوڕاوەکەیان پڕە لەبەکتیریا کە دەتوانێت مەسیل جیوە دروست بکات، بەتایبەتیش ئەو ماسییانەی کەتامی قوڕاوەکەیانی پێوەیە لەکاتی خواردنیاندا. ھەروەھا ئەو ماسییانەی کە لەو ئاوانەدا راودەکرێن کە زێرابەکانی کارگەکان تیایاندا رێژدەکرێن.

 ڤاکسینەکان، رێژەیەکی مەسیل جیوە، یان ئەسیل جیوە، لەپێکھاتەی ڤاکسینەکاندا بەکاردەھێنرێت، بەزۆریش بەشێوەی ئەسیل جیوە، بۆ پاراستنی ڤاکسینەکە لەبەکتیریا لەکاتی خەزنکردندا. زۆربەی ڤاکسینە کلاسیکییەکان جیوەیان تیادا بەکاردەھێنرێت، بەڵام وەک لەسەرچاوەکاندا ھاتووە ڤاکسینی دژی کۆڤید-١٩، کە (RNA)ی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، وەک پفایزەر، جیوەیان تێدا نییە، بەڵام رەنگە ڤاکسینە چینییەکە تیایدا بێت کە ڤاکسینێکی کلاسیکییە.

 گۆشت و سەوزەو میوە کە سەرچاوەکانیان نەزانراوەو پشکنینیان بۆ ناکرێت، رەنگە بەڕێژەیەکی کەم ژەھری جیوەیان تیادا بێت بەڵام بەھۆی بەردەوامی خواردنیان چڕی ژەھرەکە لەلەشدا زۆر دەبێت تا دەگاتە چڕی بەژەھرکردن.

كاریگەرییەكانی ژەهری جیوە

ژەهرەكە شلەیەكی بێرەنگە و كەمی شیرینی هەیە، كاریگەریەكەی بەپێی رێژەكەی دوای چەند مانگێك دەردەكەوێت. كەسی ژەهرخواردكراو تووشی سڕبوون، لەرزینی دەست و قاچ، كێشەی بینین، قسەكردن و بیستن دەكات. كار دەكاتە سەر كۆئەندامی دەمار و لە بەهێزترین ژەهرەكانە و پێست بەخێرایی هەڵیدەمژێت. ژەهرەگە كوشندەیە و دەكرێت كەمتر لە یەك میلیلیتر ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی كەسەكە.

جگە لە بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار و وەستا حەسەن، چەند سەرکردەیەکی تری یەکێتی گومانیان هەیە لەوەی ژەهرخواردکرابن، لەوانە شێخ جەعفەر شێخ مستەفاو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدو حاکم قادر، لەماوەی رابردوو بۆ پشکنین‌و وەرگرتنی چارەسەر چوونەتە دەرەوەی وڵات.

 

یاسا و ژەهرخواردن

یاسای عێراقی بەدیاریکراوی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی  ١٩٦٩ لەماددەی (٤٠٦ برگەی ب) کوشتنی بەهۆی پێدانی ژەهرەوە بەیەکێک لەحاڵەتەکانی توندکاری"ڤرف المشدد"داناوە و سزای بکەری ئەم تاوانەی(فاعل و شریک) بە لەسێدارەدان"الاعدام" دیاریکردووە قراراتی دادگای تاوانەکانی عێراقیش لەرابردوودا لەسەر ئەمجۆرە هەن کە دەرچوون.

یاسادانەری عێراقی  باری توندکار"ڤرف المشدد"و سزای لەسێدارەدانی داناوە بۆ بکەرو شەریکی ئەمجۆرە تاوانە لەبەرئەوەی ئەنجامدانی کارەکە نامرۆڤانەو قاسی ودەنیئە و زۆر بەئاسانیش ئەنجام دەدرێت.

بەدەر لەحاڵەتی روودانی مردنی کەسی ژەهرخواردکراو، ئەگەر ماددە ژەهراویەکە کەمیەت و بڕەکەی یان جۆرەکەی نەبووە هۆی مردن یان کەسەکەی تووشی پەککەوتویی کرد ئەوا دەکرێت بەپێی بارودۆخی تاوانەکە و نیەتی تاوانکار دادوەر مامەڵە لەگەڵ کەیسەکە بکات.

ژەهرخوارکردن لەرێگەی پشکنینی پزیشکیەوە ساخ دەکرێتەوە و پزیشکی دادوەری رۆڵی دیارو کاریگەری دەبێت بۆ دیاریکردنی رێرەوی لێکۆڵینەوەو ساخکردنەوەی تاوانەکە.