ڕاپۆرتی کوردستانی

05:43 - 05/12/2021

یەکێتى دەبێت چى بکات؟‌

ئەنوەر حسێن (بازگر)


- کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى لە دواى (8)تەمموز. 
- ژەهرخواردکردنى سێ لە سەرکردەکانى یەکێتى.
- پرۆسەى هەڵبژاردنى عێراق.
- خۆنیشاندانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان.

چوار ڕووداوى نیوەى دووهەمى ساڵى (2021)ە، کە کاریگەرى لەسەر هەرێم، زۆنى سەوز و یەکێتى بە گشتى جێهێشتوە و پێويستى بە ڕامان و پێداچوونەوە هەيە:

یەکەم: ئەو فاكتەرانەى کە حیزبەکەى زەعیف کردوە، تووشى قەیرانى سیاسی و ناوخۆیى بۆتەوە، کە ڕەنگە گەر هەوڵى جددى هەبێت، بتوانێت ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت، ئەوەش بە ڕێگەى کۆنگرە یان پلینیۆمێک، کە  نابێت لەژێر ناوى نوێبوونەوە و دروشمى ناواقیعییانەدا بێت، نابێت بەم فۆڕمەى کۆنگرەى چوار و بەم سەرکردایەتییەى ئێستا (زۆرینەى) دەست بۆ چاکسازى، یان ڕیفۆرم و تەنانەت خۆڕێکخستنەوە بەرێت، بەڵکو کۆنگرەى پێنج، یان پلینیۆمى کۆنگرەى چوار، پێکهاتەکەى کۆن و نوێ، بە قابیلییەت و بە فەراهەمکردنى ئازادى سیاسى و حیزبى، واتا یەکێتى پێویستى بە فۆڕم و ڕیفۆرمێکە، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، کە بتوانێت وەڵامى خواستەکانى ئەندامان و هاوڵاتیانى کوردستان بداتەوە، لە ئاستى پێداويستى مێژوويى حيزبەكە و تەوەقعى خەڵكدا بێت.

دووهەم: ژەهرخواردکردنى سەرکردەکانى یەکێتى، بە جۆرێک متمانەى لەناو ڕیزەکانى حیزبدا و لە دەرەوەش لەق کردەوە، کە خراپترین فۆڕمى سیاسەتکردنە لە دروستبوونى يەكێتييەوە.

ئەم کەیسە دەبێت بە هەموو دەلیل، فاکت و دۆکیۆمێنتەکانییەوە یەکلا بکرێتەوە، چ بۆ گەڕانەوەى متمانە، چ بۆ دڵنیایى و نەترسانى ئەو میوانانەى دێنە ناو بارەگاکانى یەکێتى بۆ چا، یان قاوە خواردنەوەیەک لە دیدار و سەردانێکدا، كە ناهەقييان نييە، گەر گومان بكەن، ئەم بابەتە دەتوانێت متمانە بداتەوە بەو ڕووداوانە.

سێیەم: پرۆسەى هەڵبژاردن کە سێهەم قۆناغى سەختى هەرێم و یەکێتى بوە، ئامار و داتاکان دەڵێن "خەڵک و هاوڵاتیان، یان ڕێژەى بەشدارى خەڵک، پاشەکشەیەکى غەریبى کردوە".

ئەوە ڕاست و دروستە، بەڵام بۆچى دەبێت یەکێتى و زۆنى سەوز، هێزى سەرەکى ئەم پاشەکشەیە بن، کە نابێت یەکێتى نە لەگەڵ هێزە دۆڕاوەکان، نە لەگەڵ هێزە براوەکان خۆى بەراورد بکات، بەڵکو دەبێت تەنها خۆى لەگەڵ خۆییدا بەراود بکات، یان یەکێتى بۆچى ناتوانێت هێزى یەکەم بێت؟ کە ئەگەرێکى قورس نییە، بەڵام دەبێت خۆى لە کێشەى یەکەم، دووهەم، سێیەم و چوارەمى ناو حیزبەکەى و هاوشێوەى دەرباز بکات و مەجالى دووبارەبوونەوە نەدات، هەم خواست و داواکارییەکانى جەماوەر لەبەرچاو بگرێت.

کە لەم خاڵەدا دەبێت داخوازى خەڵک پێش کادرە حیزییەکانى بخات، یان ڕیفۆرم و چاکسازییەکانى قوڵتر کۆمەڵگا بگرێتەوە بە حیزبیشەوە.

چوارەم: خۆنیشاندانى خوێندکاران، ئەگەرچى سادەترین خواست و داواکارى ئەم توێژەیە بۆ ژیانێکى باشتر، بەڵام بێ کاریگەرى سیاسی نییە، بەڵام چۆن هەموو لایەک کێشە و داخوازییەکانى خوێندکاران بە بەر هەق دەزانین، ئەوە بۆ کرێکاران، کەم ئەندامان، مامۆستایان، ژنان و گوندنشینان و تەنانەت سەرمایەدارانیش ڕاستە، بە واتایەکى تر هەر کام لەم چین و توێژانە گرفتى خۆیان هەیە و داواکانیشیان هەقیقەتى تێدایە.

واتا دەبێت یەکێتى، هەر ڕۆژە، هەم هەفتەیە، هەر مانگ، سەعات و ساڵێک، گوێ لەو دەنگانە بگرێت و کارێکى ئاسایى و نۆرماڵیشە، بە شەفافى رایبگەیەنێت، ئەوەم پێدەکرێت و ئەوەم پێناکرێت، خۆ مەرج نييە بۆ هەموو ڕووداوێك موعجيزە بخوڵقێنێت، بەڵكو دەبێت بۆ هەموو ڕووداوێك، ئامادەگى هەبێت بە تۆلێرانس و كلتور و بيركردنەوەى مام جەلال، دەبێ بڵێم هەنگاوى دروست لەم کەیسەدا بینى هەڤاڵ باڤڵ تاڵەبانى بوو، لەگەڵ نوێنەرى خوێندکاران و بەڵێنى جێبەجێکردنى داخوازییەکانیان بوو، كە ئەوانە كوڕ و كچى ئێمەن.

چ داواى لێبوردنى هەڤاڵ قوباد تاڵەبانى بوو، لەوەى کە هەڵەیان بەرامبەر خوێندکاران کردوە و کەیسى سوتاندنى ئاڵا واقیعى نەبوە، بە مەبەست ئاڕاستە کراوە.

ئەم بینین و داواى لێبوردنە، کلتورى تۆلێرانسە، سیاسییە باشەکانى ئەوانەن بە عەقڵ گرفتەکان چارەسەر دەکەن، نەک بە هێز، بەڵام دەبێت هەنگاوەکان بکرێتە کردار و شان بدرێتە بەر ئەرکە قورسەکان، کە ئەرکى قورستر لە ڕێگادایە لەناو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەى لە ناوچەکە بە ڕێگاوەیە.