ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:24 - 28/12/2021

گەشەكردنێكی خێرای میسر‌

هێمن كامیل

سەرەرای ئەوەی ئەم وڵاتە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردودا توشی چەندین قەیرانی دارایی هات بەڵام بزانن چی پرۆژەیەكی ستراتیژی ئەنجام داوە كە نەوەكانی ئایندەش سودی لێوەردەگرن. بەڵام بە داخەوە حكومەتەكەی ئێمە لە 2014 چی وت ئێستاش هەر هەمان شت ئەڵێتەوە .

كۆماری میسر ئەگەرچی لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە بە گەورەترین وڵاتی عەرەبی دادەنرێت، بەڵام ئەوەی ئەم وڵاتە جیا دەكاتەوە لە زۆرێك لە دەوڵەتانی تری عەرەبی، ئەوەیە كە كەمترین رووبەری خاكی میسر بۆ نیشتەجێبون شیاوو گونجاوەو هەروەها رووبەرێكی زۆر كەمی بۆ كشتوكاڵكردن لە بارە. ئەمە جگە لەوەی وڵاتێكی نا نەوتیە ئەگەرچی خاوەنی رێژەیەكی دیاریكراو لە گازی سروشتیە .

ئەم وڵاتە  لە ئێستادا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی نوێترین ئامار گەیشتۆتە (102) ملیۆن كەس كە لە (27) پارێزگادا ئەژین و گەورەترین ناوەندی كۆبونەوەی دانیشتوان لە شاری قاهیرەیە كە دانیشتوانەكەی سەرو(10) ملیۆن كەسەو بچوكترین پارێزگاش باشوری سینایە كە ژمارەی دانیشتوانەكە (120) هەزار كەسە.

هەروەها زیاتر لە  (8) ملیۆن هاوڵاتی میسریش لە وڵاتانی دەرەوە دەژین كە بە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهات بۆ میسر ئەژمار دەكرێن بە هۆی ئەوەی ساڵانە لە نێوان  (13) ملیار دۆلار تا (20) ملیار دۆلار پارە دەنێرنەوە بۆ ناوخۆی وڵات.

ئەوەی مەبەستی سەرەكی ئەم وتارەیە ئەو گەشەپێدانە خێراو كەم وێنەیەیە كە ئەم وڵاتە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردودا ( 2014 بۆ 2021) بە خۆیەوە بینوێتی واتە لەو كاتەوەی كە (عەبدول فەتاح سیسی) بوەتە سەرۆكی وڵات.

 هەر چەندە لە ماوەی ئەم حەوت ساڵەدا ئەم وڵاتە رووبەروی زۆر ئاڵنگاری و قەیرانی جۆراو جۆر بوەوە كە هەر لە گەمارۆخستنە سەری ئابوری و سیاسی  لە لایەن چەند دەوڵەتێكەوە دوای رووداوەكانی 3-7-2013 . تا ئەگاتە كەمبونەوەی داهاتی گەشتیاری لە هەندێك ساڵەدا بۆ كەمترین ئاست بە تایبەتی دوای كەوتنە خوارەوەی فرۆكەیەكی گەشتیاری رووسی و رفراندنی فرۆكەیەكی هێڵی ناوخۆیی و ناكۆكی سیاسی لە گەڵ هەر یەكە لە وڵاتانی توركیاو قەتەر تا ئاستێكی مەترسیدار.

بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش گەشەپێدانێكی خێرا لە بوارە جیاوازەكاندا لە میسر جێبەجێكراوە كە دەكرێت ببێتە نمونەیەك یان ئەزمونێكی باش بۆ هەر دەوڵەتێك بیەوێت سودی لێوەربگرێت. كە لە خوارەوە ئەوەندەی بكرێت قسە لە سەر بەشێك لەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژیانە ئەكەین كە لەم ماوەیەدا ئەنجام دراوە یان لە تەواوبوندایە. كە كاریگەری راستەوخۆی ئەبێت لە سەر ئاست و توانای ئابوری و پیشەسازی و سەربازی و پەرەپێدان و پشتبەخۆبەستن. هەر چەندە باس لە ئەنجامدانی هەزاران پرۆژە ئەكرێت.

 بەڵام بە هۆی ئەو چاودێرییە وردو بەردەوامەی بۆ بارودۆخی میسر هەمە ئەم پرۆژانەی لە خوارەوە دەیخەینە روو لە گرنگترین و ستراتیژترین ئەو پرۆژانەن كە بە شاكاری پرۆژەكان دادەنرێن . 

*لە رووی گەشتیارییەوە

یەكەم/ هەر لە ماوەی ئەم حەوت ساڵەدا دوو شاری گەشتیاری دروستكراون كە لە ئایندەدا ئەبنە سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتی گەشتیاری بۆ میسر كە ئەویش هەر دوو شاری (شاخی جەلال و عەلەمینە).

دووەم/  دەستكردن بە دروستكردنی گەورەترین پارك لە ناوەراستی قاهیرە بە ناوی بەرزاییەكانی فوستات.

سێیەم/ دروستكردنی گەورەترین مۆزەخانە لە جیهاندا لە نزیك هەرەمەكانی میسر بە بڕی یەك ملیار دۆلار.

چوارەم/ دروستكردنی پێنج فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی.

*لە رووی رێگەوبان و هاتوچۆوە

یەكەم/  دروستكردنی تونێلێك بە ژێر كەناڵی سوێسدا .

دووەم/ زیاتر لە حەوت هەزار كیلۆمەتر رێگەوبان لە نێوان شارەكاندا دروستكراوە كە پێگەی میسری لە سەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی ( 90 )مینەوە كرد بە (28) مین دەوڵەت لە رێگەوباندا. ئەمە جگە لە چاككردنەوەی زیاتر لە ( 5 ) هەزار كیلۆمەتر رێگە كۆنەكان.

سێیەم/  پلاندانان بۆ دەستكردن بە دروستكردنی پانترین شەقامی جیهان لە ناوەندی شارو گۆڕەپانی تەحریرەوە بەرەو ئەهرامەكانی میسر لە جیزە كە نزیكەی 10كیلۆمەتر ئەبێت.

چوارەم/ گرێبەست لە گەڵ كۆمپانیای سیمنزی ئەڵمانی كراوە بۆ بەستنەوی سەرتاسەی میسر بە شەمەندەفەری خێراو پێشكەوتوی كارەبایی كە لە ماوەی یەك ساڵدا ئەبێت تەواو بێت و بە قەرزی (15) ساڵ و بڕی (23) ملیار دۆلار تەواو ئەكرێت.

پێنجەم/  كڕینی (1300 ) فارگۆنی شەفەندەفەر .

شەشەم/ كڕینی سەدان پاسی شەحن و كارەبایی بۆ ناو شارەكان كە وەكو گواستنەوەی گشتی سودی لێدەبینرێت.

حەوتەم/ بە پێی ئەو پلانەی كە هەیە دەبێت هەزار پرد دروست بكرێت كە لە ئێستادا (764 ) پرد دروستكراون لە نێویاندا پانترین پردی هەڵواسراوی تێدایە لە جیهاندا.

هەشتەم/ تەواوبونی دوو هێڵَی میترۆی نوێ‌ لە ژێر زەوی قاهیرەو جیزە.

نۆیەم/  دەستكردن بە پرۆژەی  دروستكردنی هێڵی مۆنۆرێل ( شەمەندەفەری هەڵواسراو) لە نێوان قاهیرەو پایتەختە ئیدارییە نوێكەیان.

دەیەم/ دروستكردنی جۆرە ئۆتۆمبیلێكی قەبارە بچوك كە  بە شەحن كار ئەكات بۆ ئەوەی جێگەی توك توك بگرێتەوە.

لە رووی ئابوری و كشتوكاڵیەوە

یەكەم/ لە ماوەی یەك ساڵداو لە ساڵی (2014) ( میسر توانی كەناڵی دووەمی سوێس تەواو بكات كە درێژییەكەی ( 73) كیلۆمەترو پانیەكەی ( 130) مەترو قوڵیەكەی زیاتر لە (15) مەتر بوو بە بڕی نزیكەی  (8) ملیار دۆلاری تێچوو كە ئەو كاتە دەیكردە (68) ملیار پاوەندی میسری و سەرجەم پارەكەش لە لایەن هاوڵاتیانی میسرەوە دابینكرا بە شێوەی پشك. كە لە ئێستادا داهاتی ساڵانەی كەناڵی سوێس زیاترە لە (5) ملیار دۆلارە.

دووەم/  دروستكردنی دووەم گەورەترین حەوزی بەرهەم هێنانی ماسی لە جیهاندا.

سێیەم/ گەورەترین كێڵگەی چاندنی داروخورما لە جیهاندا دروستكرا كە نزیكەی دوو ملیۆن دارخورما لە خۆ دەگریت لە ساڵانی ئایندەدا پێداویستی ناوخۆ لە خورما دابین ئەكات.

چوارەم/ چاندنی گەنم لە زیاتر لە یەك ملیۆن دۆنم زەیدا لە رێگەی ئاودانی دەستكردەوە.

پێنجەم/ زیاتر لە هەزار كیلۆ مەتر پرۆژەی ئاوو گەیەنرایە ئەو شوێنانەی سەرچاوەی ئاویان نەبوو بۆ مەبەستی ئەنجامدانی كاری كشتوكاڵی.

شەشەم/  دروستكردنی گەورەترین كۆمەڵگەی پیشەسازی خۆراك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ هەموو ئەو بەرهەمە خۆراكیانەی كە سەرچاوەكەی گەنمە.

حەوتەم/ دروستكردنی گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمە پیترۆكیماوییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

هەشتەم/ دروستكردنی گەورەترین كۆمەڵگەی پیشەسازی بۆ بەرهەمە فۆسفاتیەكان.

نۆیەم/ دروستكردنی گەورەترین كارگەی بەرهەمی ئاسن و شیش.

دەیەم/ زیادكردنی هەناردەكردنی بەرهەمی میوەو سەوزە بۆ وڵاتان.

یانزەیەم/ دروستكردنی گەورەترین كارگەی بەرهەم هینانی چیمەنتۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كە لە ئێستادا بەرهەمەكەی بۆ زیاتر لە (80) دەوڵەت هەناردە دەكرێت.

دوانزەیەم/ یەدەگی دراوی قورس لە 12 ملیار دۆلارەو گەیشتە 62 ملیار دۆلار  هەر چەند دوای هاتنی كۆرۆنا ئێستا دابەزیوە بۆ 44 ملیار دۆلار.

سیانزەیەم/  دروستكردنی گەورەترین ناوچەی پیشەسازی بۆ پێداویستسەكانی ناو ماڵ.

چواردەیەم/ دروستكردنی گەورەترین ناوچەی پیشەسازی بۆ پێداویستیەكانی بەرهەمهێنانی جۆرەكانی سیرامیك و كاشی.

پانزەیەم / دروستكردنی گەورەترین كێڵگەی كشتوكاڵی پلاستیكی لە جیهاندا.

شانزەیەم/ پەرەپێدانی بەندەری ئەسكەندەریە كە لە 60% بازرگانی دەرەكی لە رێگەی ئەم بەندەرەوە ئەكرێت.


لە رووی سەربازییەوە

یەكەم/ كڕینی دوو كەشتی سەربازی فڕۆكە هەڵگر.

دووەم/ كڕینی چەند ژێر دەریاییەك لە ئەڵمانیا.

سێیەم/ دروستكردنی گەورەترین پێگەی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

چوارەم/ پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی و بەرهەمە سەربازییەكان.

لە رووی پەرەپێدانەوە

یەكەم/ چەندین شاری دیكەی هاوچەرخ لە نزیك پارێزگا كۆنەكان بە هەمان ناوەوە دروستكراون وەك لە پاریزگای مەنسوریە.

دووەم/ لە ناوبردنی زۆربەی گەڕەكە هەرەمەكی و میلیەكانی پارێزگاكانی جیزەو قاهیرەو دروستكردنی زیاتر لە (72) هەزار یەكەی نیشتەجێبون كە لە بەرانبەر كرێیەكی رەمزی و كەمی مانگانەدا درا بەو خێزانانەی كە لەو گەڕەكانەوە بۆیان گوێزرانەوە.

سێیەم/ پەرەپێدانی زیاتر لە ( 4500 ) گوند.

چواردەیەم/ دروستكردنی پرۆژەی میحوەری مەحمودیە لە شاری ئەسكەندەریە كە دیمەنێكی جوانیدا بە شارەكە.

پێنجەم/ دانانی پلان  و دەستكردن بە بوژاندنەوەی ناوچەی سینا كە زیاتر ناوچەیەكی بیابانی بوو.

شەشەم/  دەستكردن بە دروستكردنی پایتەختێكی كارگیرَِی نوێ‌ كە رووبەرەكەی چوارجار لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا گەورەترەو بە تەواو بونی ئەبێتە سەرسورهێنترین و پێشكەوتوترین پایتەختی سەر زەوی كە نزیكەی (6.5 بۆ 7 ) ملیۆن هاوڵاتی دەتوانن تیایدا بژین و لە ئێستادا بەشی زۆری كارەكانی تەواو بوە كە گەورەترین دەریاچەی  دەستكردو پارك و فرۆكەخانەو شاری وەزرشی و هونەری و تەكنەلۆجی و بانكی تێدایە ئەمە جگە لە گەورەترین مزگەوت و كەنیسە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كە تیایدا دروست ئەكرێت و بەرزترین باڵاخانەی ئەفریقاش لە خۆ دەگریت و لە دروستكردنی دامەزراوە حكومیەكاندا رەچاوی دووسەد ساڵی ئایندەی میسر كراوە لە رووی زیادبونی ژمارەی دانیشتوانەوە.


حەوتەم/ دەستكردن بە پەرەپێدانی ناوچەی هەرەمەكان لە پاریزگای جیزەو سەرجەم ئەو گەڕەكانەی نزیك هەرەمەكان كە دیمەنێكی ناشارستانی دابوو بە ناوچەكە تەخت كران یان دەڕوخێنرێن و ناوچەكە ئەكرێتە پارك و سەوزایی و شەقامی پێشكەوتوو.

هەشتەم/ رووخاندنی دەیان هەزار تەلارو یەكەی نیشتەجێبون كە لە سەر زەوی كشتوكاڵی لە پاریزگاكانی سەر بە حەوزی نیل دروستكرابون بە شێوەی زیادەڕەو.

نۆیەم/ دروستكردنی چەندین نەخۆشخانەی گەورەی بواری نەخۆشی شێرپەنجە و مناڵان لە لایەن خێرخوازانەوە.

دەیەم/  دروستكردنی گەورەترین وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەمە جگە لە چەندین وێستگەی تر بۆ ئەم مەبەستە.

یانزەیەم/  دروستكردنی گەورەترین و پێشكەوتوترین ناوەندی تەكنەلۆژی لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كیشوەری ئەفریقا كە بە هۆیەوە میسر ئەبێتە گەورەترین دەوڵەتی خاوەن داتابەیس و بایۆمەتری.

دوانزەیەم/ دروستكردنی گرین كارت بۆ ملیۆنان هاوڵاتی میسری كە لە رێگەیەوە نان و خۆراكی پێوەردەگرن.

سیانزەیەم/ دروستكردنی گەورەترین كۆمەڵگەی پیشەسازی دروستكردنی دەرمان لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا.

لە رووی ووزەوە

یەكەم /  دروستكردنی سێ‌ گەورەترین وێستگەی كارەبا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا ئێستا میسر ئەتوانێت كارەبا هەناردەی دەرەوە بكات.

دووەم/ دروستكردنی گەورەترین وێستگەی كارەبا لە جیهاندا بە تیشكی خۆر.

سێیەم/ دروستكردنی گەورەترین وێستگەی كارەبا بە هەوا.

چوارەم/ دروستكردنی گەورەترین كۆگای هەڵگرتنی سوتەمەنی لە جیهاندا.

پێنجەم/ بونیادنانی كورەی ناوەكی بۆ بواری ئاشتی و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا بە هاوكاری رووسیا.

شەشەم/  تەواوكردنی پاڵێوگەیەكی گەورەی بەرهەمە نەوتیەكان لە پارێزگای ئەسیوت كە توانای دابینكردنی لە 13% پێداویستی ناوخۆی هەیە لە بەنزین.


لە كۆتایدا ئەمەوێت بڵێم بەشێك لەم پرۆژانە بە پارەی سندوقی (سڵاو میسر ) ( تحیا مصر) كە سەرچاوەی داهاتی سندوقەكە ئەو پارەیەیە كە هاولاتیانی میسر ئەیبەخشن بەم سندوقە  دابین ئەكرێن و بەشیكی بە قەرزی دریژخایەنی وڵاتانەو بەشێكی بە قەرزكردن لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بەشێكشی بە پارەی دەوڵەتەكە خۆی دروست ئەكرێت بە هاوكاری سەرمایەدارانی ناوخۆیی و بیانی.

ئەم پرۆژانە لە چوارچێوەی پلان و دیدگەی میسر بۆ ساڵی 2030 جێبەجێدەكرێت.