ڕاپۆرتی کوردستانی

04:35 - 09/01/2022

چۆن مۆسادی ئیسرائیل كوردی بەكارهێنا؟‌

ئومێد نه‌جم

مۆسادی ئیسرائیل زۆر مەبەستی بوو تۆڵەی خۆیان لە لیوای چواری سوپای عێراق بكەنەوە، كە ئەم لیوایە سەر ئێشەی زۆری بۆ ووڵاتی ئیسرائیل دروستكردبوو. سوپای عێراقی بەپلانێك پەلكێشی شاخی هەندرێن كرا، لە شەڕێكدا كە ئیسرائیلییەكان پلاندارێژەری بوون شەڕڤانە كوردەكان سەركەوتنێكی گەورەی سەربازییان تۆماركردو، لیوای 4ی سوپای عێراق تەفروتونا كرا،  هەروەكو ئەفسەرێكی مۆساد ئەڵێت: " ئەوەی لەلایەن كوردەوە ئەنجام درا، زەحمەت بوو ئیسرائیل بە 10 ساڵ بەرامبەر عێراق ئەنجامی بدا"

 

مۆساد بۆ هێندە داخ لەدڵ بوون بەرامبەر بە لیوای چوار؟

 

لە دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، عێراق بە لیوای چوای سوپاكەی بەشداڕی عەرەب – ئیسرائیلی كرد، كە زیانێكی گەورەی بە ئیسرائیلیەكان گەیاندبوو بە تایبەتی لە شەڕەكانی تەل مۆند و كارمێل و جنیین.
دەوڵەتی ئیسرائیل و مۆساد بەدوای تۆڵە كردنەوە بوون لە سوپای عێراقی و بە تایبەتی لیوای چواری سوپای عێراقی، چونكە ڕێكخراوترین و پڕچەك ترین لیوای سەربازی سوپای عێراقی بوو، ئەم لیوایە سەر ئێشەی زۆری بۆ ووڵاتی ئیسرائیل دروستكردبوو.

 

لەدوای بیست ساڵ ئیسرائیل تۆڵەی خۆیان لە عێراق كردوە

 

سورگی ساگی یەكێك لە موحازەرەكانی كە بۆ ئەفسەران و نوسەرانی ئیسرائیلی پێشكەشی دەكات بە دورودرێژی باسی لیوای چوار و سەر ئێشەكانی لیوای چوار دەكات. 

مۆسادی ئیسرائیل زۆر مەبەستی بوو تۆڵەی خۆیان لە لیوایە بكاتەوە، لەبەرئەوەی لیوای چواری كۆماندۆی عێراق بەشداریەكی گەورەی لەو شەڕانەی ئیسرائیل كردبوو، بۆیە بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەمێك بوولە هەلێك ئەگەڕان تۆڵەی خۆیان لە سوپای عێراقی بكەنەوە، ئەوە بوولە دوای 20 ساڵ لە شەڕی (جنین)ی ئیسرائیل و فەڵەستینی، لیوای چواری سوپای عێراق بەپلانێكی تۆكمەی سەربازی كە ناوی پلانی (لەفە ) بوو لە شەڕی هەندرێنی 66 بەتەواوی لەناوبرا.

 

دەیان ئەفسەری سوپای ئیسرائیلی و مۆساد گەیشتنە كوردستان

 

ساڵی 1965 یەكەمین وەفدی باڵای نوێنەرایەتی مۆساد گەیشتە كوردستان، كە بەدوای ئەمان دا وەفدی تری نوێنەرایەتی مۆساد هاتن بۆ كوردستان، كە هەر وەفدێك بۆ ماوەی (3 هەتا 4) مانگ لە كوردستان ئەمانەوە و كاریان ئەكرد.

پەیوەندی سەركردایەتی شۆڕشی كورد و ئیسرائیل لە (1963 تا 1975)  لەوپەڕی گەرم و گوڕیدا بوو، بە سەرنجدان لە یادەوەری ئەم ئەفسەرە سیخورانەی كە لەكوردستا كاریان كردوە و هەندێ لەچالاكیە تایبەتیەكانی ئیسرائیل لەهەرێمی كوردستان دەردەكەوێت مۆسادی ئیسرائیل لەوساڵانەدا دەوری سەرەكی هەبوە لە پشت ڕووەداوەكانی باشوری كوردستان.

 

سوری ساگی  یەكێكە لەو ئەفسەرانەی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل، كە بە دانانی پلانێكی سەربازی بۆ پێشمەرگە زەبرێكی كوشندەیان لەسوپای عێراق بدەن و لەشاخەكانی كوردستانەوە تۆڵەی 20 بیست ساڵەی دەوڵەتی ئیسرائیلیان لە سوپای عێراق كردەوە، بەڵام ئەو ئەفسەرە خۆی بە تەنها نوێنەری ئیسرائیل و  سوپاكەی نەبوو لە كوردستان بەڵكو دەیان ئەفسەری تری سوپای ئیسرائیلی و وە چەند كەسێكی تری سەر بە مۆساد لەوانە دەیڤد كەرۆن كە دواتر كرا بە نوێنەری هەمیشەیی موساد لە كوردستان. هەروەها چەندین پزیشك و برین پێچی ئیسرائیلی بە هاوشانی موساد و سوپای ئیسرائیلی هاتن بۆ كوردستان.

 

ئەفسەرێكی ئیسرائیلی كرا بە سەرۆك ئەركانی سوپای كوردستان

 

لەساڵی 1965 دا وەفدێكی گەورە ئەفسەرانی (سەربازی و سیخوڕی) ئیسرائیل دێنە كوردستان، كە سوری ساگی یش ئەندامی ئەو وەفدە بووە، دواتر لە كوردستان ماوەتەوە.

 

سوری ساگی، سوری مۆردخای ساگی شینكین، لەدایكبوی ساڵی 1934 لە ئیسرائیل، پلەی لە سوپای ئیسرائیلدا جەنەڕاڵ و بەرپرسی لیوای پەڕەشوتەوانی یەدەگ، ماوەی 34 ساڵ خزمەتی لە سوپای ئیسرائیل كردووە لە ساڵانی (1952بۆ 1984).
لە ساڵی 1966 سوری ساگی بە پلان دانەر و داڕێژەری شەری هەندرێنی یەكەم دائەنرێت، كە كورد توانی سەركەوتنێكی گەورەی سەربازی بەسەر سوپای عێراق بەدەست بهێنێت.

 

لە ساڵی 1974 لە دوای شەڕەكانی هەندرێنی دووەم و زۆزگ و كۆڕەك، سوری ئەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و ئەبێتە مامۆستای كۆلێژی سەربازی سەر بە سوپای ئیسرائیل.

ئامادەكاریەكانی مۆساد بۆ شەڕی تۆڵە:

پێشمەرگەكان برانە ئیسرائیل و مەشقیان سەربازیان پێكرا

 

دوای گەڕانەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە كوردستانەوە بران بۆ ئیسرائیل بۆ بینینی خولی سەربازی و ڕاهێنان لە هونەری جەنگی، كە ژمارەیان نزیكەی (200) پێشمەرگە بوون، وە كۆكردنەوەی پێشمەرگەكانی تری ناوچەكانی تری كوردستان كە سەرجەمیان زیاتر لە هەزار پێشمەرگە بوون لە شاخی هەندرێن، لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕاهێنراوەكانی ئیسرائیل بۆ كوردستان، ئەفسەری ئیسرائیلی سوری ساگی ئەكرێت بە فەرماندەی سەرجەم پێشمەرگە و نازناوی غەمەت كالی پێ ئەبەخشن (واتە سەرۆك ئەركانی سوپای كوردستان).

 

ئێران و ئیسرائیل چەكیان بۆ كورد نارد

 

هەروەكو ئەفسەری ئیسرائیلی سوری ساگی ئەڵێت لەسەر داوای ئێمە "واتە ئیسرائیل" حكومەتی شای ئێران بڕی 3 هەزار چەكی ماوزەری دابین كرد و ناردی بۆ پێشمەرگە، هەروەها ئیسرائیلیش " هاوەنی 120 ملم " ، " هاوەنی 81 ملم " ، هەروەها ئار پی جی و  "چەكی دژە تانكی ب10" ، " ب11ی دژە تانك" سوپای ئیسرائیلی بۆ دابین كردین، ئیتر كاتی پلانە گەورەكە هات.

 

سوپای عێراقی بەپلانێك پەلكێشی شاخی هەندرێن كرا

 

 ئەوەبوو دەوڵەتی عێراق بەشەش لیوای بەهێزی سوپاكەی لە (12ی مانگی 5 پێنج)  دەستی بە هێراش كردن كرد بۆ سەر پێشمەرگە لە شاخی هەندرێن، ئەفسەری ئیسرائیلی (سوری ساگی) ئەڵێت لەڕێی پلانێك كە ناوم نابوو پلانی (لەفە)، كە هەم پلانێكی بەرگریكردن بوو وە هەم پلانێكی هێرش بردن و لول كردن بوو، بەو پلانە توانیمان سوپای عێراقی لەناویشیاندا لیوای چوار بخەینە داوی پلانەكەمانەوە و پەلكێشی شاخی هەندرێنیان بكەین. 

 

شەڕی هەندرێن و هێرش بۆ سەر سوپای عێراق

 

بەهادین نوری: "ئەم شەڕە شایستەی ئەوەیە كە لە ئەكادیمیای سەربازیدا دیراسە بكرێ و ئەزموونی لێوەر گیرێ".

لە شەڕی هەندرێن كە پێشمەرگەكانی پارتی و حزبی شیوعی بەشداربوون ، ڕاوێژكارە ئیسرائیلیەكان یش داڕڕێژەری نەخشەی سەربازی شەڕەكە بوون، بە هاوشانی ئەوانیشەوە ئەفسەرە ئێرانیەكان بەدرێژایی هەموو شەڕەكان لە كوردستان بەشدار بوون.
فاخر مێرگەسووری و هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان  لەگەڵ هێزەكانی دەرگەڵەییەكان بە سەرپەرشتیی عزەت سلێمان بەگ و زراری برای دەورێكی یەكجار كاریگەریان هەبو. لە ماوەی چەند سەعاتێكدا ئە و هێزە گەورەیەی لیوای چوار شكا و هەڵاتنی سەربازەكان دەستی پێكرد. ڕەبیە بە ڕەبیە دەگیرا و پێشمەرگەش دەچووە پێشەوە.

 

لەو شەڕەدا سوپای عێراقی تێك شكا و گورزێكی گەورەی كوشندەی بەركەوت كە نزیكەی "سێ هەزار 3000" سەربازی عێراقی كوژرا، ، "هەزاران بریندار، نزیكەی 300 سێ سەد سەربازی سوپای عێراقی بە دیلی كەوتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە، لەم شەڕەدا لیوای چواری كۆماندۆی سوپای عێارقی بە تەواوی لەناو برا،  سوپا پەرتەوازەكەشیان لەبەرەی جەنگ هەڵهاتن . دوای تەواوبونی شەڕەكەیش، سەرجەم دیلە عێراقیەكان لەلایەن سەركردایەتی كوردەوە ئازادكران.


"حكومەتی عێراقی چەند نوێنەری بەئاڵای سپیەوە نارد بۆ لای مەلا مستەفا بارزانی"

 

دوای شەڕی هەندرێن، ئەمجا پێشمەرگە لە شەڕێكدا شاخی كوڕەكیشی گرت. دوای چەند مانگێك لەو شەڕانە، حكومەتی عێراقی چەند نوێنەرێكی خۆی بە سەیارەی جێب و بەئاڵای سپیەوە نارد بۆ لای مەلا مستەفا بارزانی، وەفدەكەی عێراقی بە مەلا مستەفایان ووت چیتان ئەوێ بۆتانی ئەكەین، وەفدە عێراقیەكە داوایان كرد كە مەلا مستەفا داواكاریەكانی بە وەفدێكی كوردیدا بنێرێت بۆ حكومەتی عێراقی.

 

بەهادین نوری سەركردەی پێشووی حزبی شیوعیی عێراق لەبارەی ئەم شەڕەوە دەنوسێ: " شەڕی هەندرێن وەكو ڕوداوێكی سەربازی بێوێنەبوو لەخەباتی چەكداری كوردی عێراقدا : كۆمەڵێكی بچوك لە شۆڕش گێڕان بە چەكی زۆرسادە وە سوپایەكی گەورە بەو دەردە بەرن ! ئەم شەڕە شایستەی ئەوەیە كە لە ئەكادیمیای سەربازیدا دیراسە بكرێ و ئەزموونی لێوەر گیرێ". سوری ساگی ئەڵێت  بەم شێوەیە دەوڵەتی ئیسرائیلی توانی تۆڵەی خۆیان لەو لیوایە و سوپای عێراقی بكەنەوە.

 

ئەفسەرێكی مۆساد: " ئەوەی لەلایەن كوردەوە ئەنجام درا، زەحمەت بوو ئیسرائیل بە 10 ساڵ بەرامبەر عێراق ئەنجامی بدا". هەروەكو ئەفسەرێكی مۆساد بە ناوی (پێسخ ملوڤانی) كە نزیكەی 40 ساڵ ئەفسەری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی مۆساد بوووە، لە كتێبی ( یاداشتەكانی ژیانم) دا ئەڵێت ئەوەی كە لەشەڕی هەندرێن لە ساڵی 1966 لەلایەن ( سوری ساگی) و كوردەوە ئەنجام درا، زەحمەت بوو ئێران یان ئیسرائیل بە 10 ساڵ بەرامبەر عێراق ئەنجامی بدەن، چونكە ئەم شەڕە هۆكارێكی گەورە بوو بۆ ئەوەی عێراق چی دیكە نەتوانێ بەشێوەیەكی كارا بەشدارەكانی شەڕەكانی عەرەب و ئیسرائیلیەكان بكات. بۆ نموونە ئەوە بوولە جەنگی شەش ڕۆژەی (عەرەب- ئیسرائیل) ساڵی 1976، سوپای عێراقی تەنیا بە هێزێكی بچوكی لیوای پیادە بەشداری شەڕەكەی كرد.

 

لە شەڕی شەش ڕۆژەی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، ووڵاتی ئیسرائیل گەورەترین سەركەوتنی مێژووی تۆمار كرد بەسەر عەرەب دا تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ شوێنەواری ئەو شەڕە بەسەر  ووڵاتە عەرەبیەكانەوە جێماوە.


سەرچاوە:
1-توێژینەوەیەك لەژێرناویشانی (پەیوەندی كورد و ئیسرائیل، لەبەڵگەنامە و ئەرشیفی راگەپاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل) ژمارە 43ی دەزگای ستاندەر، لەم لینكە دەتوانن بیخوێننەوە:
https://drive.google.com/file/d/1IRWWRJUxBecg1PuR1GuNNjr0TkgSlUd_/view?usp=sharing
POSTS NAVIGATION
2-هیوایەك كە داڕما: شلۆمۆ ناكدیمۆن، كە نوسەر ساڵی 1978 هەتا ساڵی 1980 ڕاوێژكاری ڕۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل (مناخم بێگن) بووە.
3-كێ شەڕی‌ هەندرێنی‌ كرد؟ حشع یان پارتی‌؟: بەهادین نوری