ڕاپۆرتی کوردستانی

02:00 - 19/01/2022

سێ هەڵوێستی كوردانە و مەردانەی شێخ جەمیل تاڵەبانی‌

ئومێد نه‌جم

شێخ جەمیل تاڵەبانی كێ بو؟ 

ئەو شێخەی زیاتر لە چل ساڵ لە تەكیەكەی خۆی لەكەركوك نەهاتە دەرەوە دوجار نەبێ، كەچی ناو و ناوبانگی گەیشتبووە هەموو بەشەكانی كوردستان و فەقێ و موریدی زۆری هەبوون، تەنانەت لە پاكستانەوە موریدی هەبوون و دەچونە زیارەتی.
شێخ جەمیلی تاڵەبانی كوڕی گەورەی شێخ محەمەد عەلی تاڵەبانییە، لەساڵی 1890 لەدایكبووە، لە ساڵی 1961 كۆچی دوایی كردووە، زانستە ئاینی یەكانی لەسەر دەستی مەلا و زانایانی بەناوبانگی كەركوك خوێندووە. ڕێبازی قادری لەسەر دەستی باوك و باپیری وەرگرتووە.

 

لەپاش داگیركردنی كەركوك لەلایەن لەشكری ئینگلیز لەكۆتایی ساڵی 1918، بەرەنگاری ئینگلیزەكان دەكات و بڕیار دەدات نەچێتە دەرەوەی تەكیە. لەماوەی زیاتر (40) ساڵ نەچووەتە دەرەوەی تەكیە، دووجار نەبێت، یەكەمیان لە ساڵی 1938، كە سەفەری حیجاز دەكات بۆ ئەدای فەریزەی حەج، جاری دووەم لە ساڵی 1951، كە نەخۆش دەكەوێت و دەچێتە بەغدا بۆ سەردانی پزیشك و دكتۆرەكانی ئەو شارە.

 

تەكیەی تاڵەبانی لە ناو خەڵك بە تەكیەی شێخ جەمیل ناودەبرێت، چونكە زیاتر لە چل ساڵ شێخی ئیرشادی ئەو تەكیە بووە.

 

 تەكیەی تاڵەبانی لەسەردەمی شێخ جەمیل دەبێتە مەڵبەندی كۆڕی زانستی و جێگای دانیشتنی زانایانی كەركوك، خوێندگایەكی گەورەش دەكاتەوە، كە باشترین مامۆستا دەرسی تیا دەڵێنەوە و لە هەموو بەشەكانی كوردستان فەقێ  ڕوو دەكەنە تەكیە. تەنانەت لە وڵاتی پاكستانەوە  زاناو مورید هاتوون بۆ  كەر كركوك لای شێخ جەمیل و سەردانی تەكیەیان كردووە.

چەند هەڵوێستی كوردانە و مەردانەی شێخ جەمیل:

1_ كاتێ مەحمودخانی دزڵی و چەكدارەكانی بەبرینداری دەستگیركران، ئەو هەڵوێستی چی بو؟

 

بنەماڵەی تاڵەبانی  جگە لەوەی خاوەن تەكیە بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە پشتگیری بزووتنەوەی نیشتمانی كوردیی و نیشتمانپەروەرانی كوردستانیان كردووە.

 

مەحمودخانی دزڵیی بەهێزێكەوە لە هەورمانانەوە ڕووئەكاتە كەركوك، بە نیازی ئەوەی بێت كەركوك بگرێت، بێگومان شێخ مەحمود ئاگادار بوو. كە دێ ئەگەنە قەرەهەنجیر، لەوێ شەڕێكی قورس دەكەن لەگەڵ لەشكری ئینگلیزا. ئینگلیز بەهەموو توانایەوە و كوردەكانیش بە چەكی سوكی وەك "سێ تیر و بڕنەو" لەوێ شەڕێكی زۆر سەخت دەكەن. دوای قوربانی دان و شەهیدبونی ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی لەكۆتاییدا مەحمودخان بە ئەسیری دەگیرێت، دەیانهێنن بۆ زیندانی كەركوك.

 

لەو ماوەیەی لە زیندان دەبن، بە فەرمانی (شێخ جەمیلی تاڵەبانی) ڕۆژانە لە تەكیەوە لەسەر عەرەبانەی دار خواردن  بۆ مەحمودخانی دزڵی و هاوڕێكانی دەنێرن. پاش دەرچوونیان لە زیندانیش ماوەیەك لە كەركوك دەمێننەوە، چونكە ڕێگایان پێنادرێت بگەڕێنەوە بۆ هەورامان، لەو ماوەشدا هەر میوانی شێخ جەمیل دەبن، هەتا ئەو ڕۆژەی ڕێگایان پێدرا بگەڕێنەوە هەورامان.


2- پاراستنی كوردانی ڕۆژهەڵات  كەبەهۆی هێرشی لەشكری ڕەزاشاوە ڕویانكردە باشور

 

هەڵوێستی جوامێرانە و نیشتمان پەروەری شێخ جەمیل زۆرن.  بۆ نموونە، لەسەرەتای سییەكانی سەدەی ڕابردوو "سەدەی بیستەم" ڕەزا شای ئێران، كاتێ  ڕەزاشا بڕیار ئەدا كەوا چەكدار لە هەموو ئێراندا نەمێنێت. لەهەموو وڵاتی ئێران دەستی پێكردبوو، پاشان ئەكەوێـتە سەر هەورامان، هێرش دەكاتە سەر ناوچەی هەورامانی دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان بە مەبەستی چەك كردنی عەشیرەت و هۆزەكانی كورد.

 

 هەورامان ناوچەیەكی گەلێك سەختە، بەتایبەتی هەورامانی دیوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەوێ لەگەڵ بەگزادەكانی هەورامان ئەكەوێتە شەڕێكی قورسەوە، خەڵكی چاونەترسی هەورامان بەرەنگاری لەشكری ڕەزا شاه دەبنەوە و بەرخودان دەكەن، هەتا پێیان ئەكرێت شەڕ ئەكەن،  بەڵام بەهۆی نابەرامبەری شەڕەكە لەڕووی چەك و ئازووقەی سەربازییەوە سەركردەی هۆزە كوردەكان ناچار دەبن پاشەكشە بكەن و ڕووبكەنە باشوری كوردستان. 

 

هەتا نزیك ئەبنەوە لە سنوری عێراق و ئێران. (جافر سوڵتان، سەرۆكی بەگزادەی لهۆن بوو). لەوێ كەنزیكی سنور ئەبێتەوە بەهۆی موریدەكانی شێخ جەمیل تاڵەبانی لە كەركوك.

 

بەهۆی چەند موریدێكی شێخ جەمیل لەو ناوچەیە، ئاگادار دەكرێتەوە كە سەركردەكانی عەشیرەتی "لهـۆن"ـی هەورامان، كە گەورەترین خێڵی هەورمانە،  هەواڵ دەنێرێت بۆ شێخ جەمیل دەڵێ دەیانەوێ ڕووبكەنە كەركوك، بەڵام ترسی ئەوەمان هەیە ئەگەر خۆمان تەسلیمی حكومەتی عێراق بكەین، ئەویش تەسلیمی حكومەتی ڕەزاشامان بكاتەوە ئیتر لەتوپەتمان بكات.  ئەتوانێت جێگایەكی بۆ بدۆزێتەوە.

 

شێخ جەمیل خەبەری بۆ ناردبوو بەنهێنی بێن، ترسیان نەبێ، هەر بگەنە كەركوك تەواو. 

 

 "جەعفەر سوڵتان" و "ئەفراسیاو بەگ" و چەند كوڕێكیان بە نهێنی دەگەنە شاری كەركوك، شێخ جەمیل پێشوازیان لێ دەكات و لە چەند ژوورێكی ناو  تەكیە بۆ ماوەیەك دەمێننەوە، دواتر دەیاننێرێ بۆلای شێخ جەمالی برای لە گوندی "زەرداو" لە قەزای كفری.
پاش ماوەیەك ئەو میوانانە خۆیان ئاشكرا دەكەن و حكومەتی ئێراق وەك پەنابەر قبوڵیان دەكات. هەر لەسەر داوای خۆیان حكومەت لە كەركوك لە نزیكی تەكیەی تاڵەبانی خانوویان بۆ دەگرێت، لە گەڕەكی ئیمام قاسم حكومەت خانووی بۆ گرتبوون، بە ڕۆژ بەشی زۆری كاتەكانیان لە تەكیە بەسەردەبرد. لەپاش ڕووخانی حكومەتی ڕەزاشاه لە ساڵی 1941، هەموویان بۆ هەورامان دەگەڕێنەوە.

3- پێشوازی لە تاوانباری لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرە كوردەكە نەكرد

شێخ جەمیل قەت هاوكاری ڕژێمەكانی دەوڵەتی ئێراقی نەكردووە، لە سەرەتای داگیركردنی كەركوك لە ساڵی 1918دا دوژمنێكی سەرسەختی ئینگلیز بووە، لە ساڵی 1953 (ساڵح جەبر- سەرۆكوەزیرانی ئێراق) وەك حزبێكی سیاسی ئێراقی دێتە كەركوك، داوا دەكات سەردانی شێخ جەمیل بكات لە تەكیەی تاڵەبانی، بەڵام داواكەی ڕەت دەكرێتەوە.

 

دكتۆر نوری تاڵەبانی لە نوسینێكی دەربارەی یادەوەریەكانی لەگەڵ مامۆستا تۆفیق وەهبی نوسیویەتی، هەرچەند لەو دەمە زۆر گەنج بووە، بەڵام شانازیم بەو هەڵوێستەی باوكمەوە دەكرد، چونكە بیستووم كە بە فەرمانی ساڵح جەبر چوار ئەفسەری كورد لە ساڵی 1947 لەسێدارەدرابوون.

 

ڕووداوی لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرەكەی كورد  (مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی، عێزەت عەبدولعەزیز و خێروڵا عەبدولكەریم)، لەبەرواری ۱۹٤۷/٦/۱۹ دا، بە یەكێك لە كارە شۆڤێنی و بێ بەڵێنییەكانی تری ڕژێمی پاشایەتی عێراق بەرامبەر گەلی كورد دادەنرێت.
دوای ئەم بەشداری بوونەیان لە شۆڕشی بارزان و تێكشكاندنی شۆڕش لە ژێر بۆردوومانی هێزی ئاسمانی بەریتانیا و سووپای عێراق لە كۆتای ساڵی ۱۹٤٥ دا، چوونەتە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە و وەكو ئەفسەری سووپای كوردستان لە كۆماری كوردستانیشدا خزمەتی خۆیان دەكەن، بەڵام دوای ڕووخاندنی كۆمار و چوونی بارزانی و هاوەڵەكانی بۆ یەكێتی سۆڤێت، ئەم چوار ئەفسەرە لە مانگی نیسانی ۱۹٤۷ خۆیان ڕادەستی حكومەتی عێراق دەكەنەوە، هەرچەندە حكومەتی عێراق پێشتر بانگەشەی لێبووردنی بۆ دەركردبوون، بەڵام دوای دەستگیركردن و دادگایكردنیان، ڕۆژی ۱۹٤۷/٦/۱۹ لە بەغدا پاش نووسینی وەسێتنامە هاوبەشەكەیان لە سێدارەدران.

 

" زمانەكانی توركی و عەرەبی و فارسی دەزانی"

 

شێخ جەمیل جگە لە زمانی كوردی دایك ، زمانەكانی توركی و عەرەبی و فارسی دەزانی،  لە مانگی ئابی 1961 پاش نەخۆشیێكی چەند ساڵە، كۆچی دوایی دەكاتـ  بەشی هەر زۆری دانیشتوانی شاری كەركوك بەشداری دەكەن لە مەراسیمی بەخاك سپاردنی.

سەرچاوە:
1- چاوپێكەوتنی د.نوری تاڵەبانی ، لە كەناڵی ڕووداو، بەرنامەی پەنجەمۆر، بەشی یەكەم
2- شێخانی ئیرشادی تاڵەبانی و چەند ناودارێكی دیكەی ئەم بنەماڵەیە: دكتۆر نوری تاڵەبانی
3- شاری كەركووك  بەشێك لە مێژووی (مزگەوت، تەكیە، خانەقا، زانا و پیاوەئایینی)یە ناودارەكانی: گۆران فەتحی