ڕاپۆرتی کوردستانی

04:50 - 24/01/2022

شەڕ لە پێناو ئازادی گەلی كورد و فەڵەستین‌

ئومێد نه‌جم

ساڵی ١٩٧٨ كە ڕژێمی بەعس شاڵاوی تەعریب‌و ڕاگواستنی لەكوردستان دا گەیاندە ترسناكترین ئاست، كارەساتی گوندە كاولكراو و جوتیارە ڕاگوێزراوەكان مامە ڕیشەی والێكرد چەكی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێ دا بكاتە شان‌.

 

لە ساڵی ١٩٨٢ كرایە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری،  لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا پشوودرێژو خاوەنی نەخشەی وردو سەركەوتوبوو. بەشداری لە چەندین شەڕی گەورەی ناوچەكەدا كردووە، ئەوەی وایكرد مامەڕیشە زیاتر ناوو ناوبانگی لە هەموو كوردستان دەنگ بداتەوە ئەوە بوو لە دێیەكی گەرمیان بە تەنها خۆی و دوانزە پێشمەرگەوە بەرامبەر بە سەدان جەیش و جاشی حكومەتی بەعس وەستانەوە بەرگرییەكی قارەمانانەیان كرد.

هەمیشە هەوڵیدەدا چالاكییەكانی نائاسایی بن. هەڵسوڕان و ئازایەتیی، بە جۆرێك دەنگیدایەوە كە سەربازەكانی سوپای عیراق لەو ناوچەیەی ئەوی لێبوو وەك ئەفسانە باسیان دەكرد. ئالەو رۆژانەدا لەسنووری جەباری و هەمەوەند و قەرەحەسەن  تاجەبەل حەمرین كەرتی چواری جەباری، بووركانی شۆڕش بوو، لەترسا بە مامە ریشەیان دەوت (الرجل الحدیدی). رژێمی بەعس زۆر لێی داخ لە دڵ بوو. ئەو سەردەمەش كە كرایە فەرماندەی كەرتی جەباری، رژێم هەموو هاتوچۆیەكی لە نێوان كەركوك و بازیاندا قەدەغە كرد و ناوی مامە ریشە كەوتە ناو سروود و دروشمە جەماوەرییەكان.

(763) ساڵ لەمەوبەر مامە ڕیشە، پێشمەرگەی قارەمان و فەرماندەی كەرتی (4)ی جەباری و دوو پێشمەرگەی هەڤاڵی لەلایەن جاشە خۆفرۆشەكانەوە بە شێوەیەكی زۆر نامەردانە شەهید كران. بەڵام ئەوە تەنیا هەواڵی كوژرانی پێشمەرگەیەك نەبوو، بەڵكو هەواڵی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ بوو، هەواڵی كۆتایهاتنی دانوستانی نێوان یەكێتی‌و حكومەت‌و هەواڵی شكاندنی ئاگربەست بوو.

  (37) ساڵ لەمەوبەر لەرۆژی (24.1.1985)دا لە گوندی (حەسەن ئاوا)دا مامەڕیشە شەهیدكرا، شەهیدكردنیشیی بۆ بەردەوامیدان بوو بە تەعریب، ئێستاش وادەبینین جارێكی تر تەعریب دەستی پێكردۆتەوە و بە بەرنامە هەوڵی زەوی و زاری كوردانی سنوری كەركوك و داقوق دەدرێت. لەهەمموو زیاتر ئەمڕۆ كورد پێویستی وەك ئێستا كەركوك پێویستی بە ورەی مامەڕیشەیە تا بەرەنگاری سیاسەتی تەعریب بوەستێتەوە.

لێپرسراوانی سوپای عێراق  زۆر لە مامە ریشەو كەرتی چواری جەباری دەترسان 

 

مامەڕیشە سیمبولی شۆڕشی نوێی گەلی كوردە و پێشمەرگەیەكی قارەمان و شۆڕشگێڕی كوردستانە، فەرماندەیەكی  ناسراوی كەركوك گەرمیانە ، سیمبولی كوردایەتیەوە و  یادیشی دەرفەتە بۆ وەبیرهێنانەوەی عەزمی بەتینی پێشمەرگە لەبەرەنگاری سیاسەتی تەعریب لەكەركوك‌و تەواوی خاكی گەرمیان‌و گەرمەسێردا. 

نەبەردیی خۆی‌و هاوسەنگەرەكانی لە حەمك‌و لە دەیان روبەڕوبونەوەی ئازایانەدا، هەر رووداوی وێستگەكانی مێژوو نین، بەڵكو ئیلهامبەخشی رابوونەوەو جۆشدانەوەی بزوتنەوەی ئازادی كوردایەتین.

مامەڕیشەی فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، خۆی و پێشمەرگەی كەرتەكەیان  لەهەرە  فەرماندەو كەرتە چالاكەكان بوو، ئەم كەرتە لەهەر قۆڵێكەوە بەشداری هەر چالاكیەكیان بكردایە  سەركەوتنیان مسۆگەربوو، لێپرسراوانی سوپای عێراق  زۆر لە مامە ریشەو كەرتی چواری جەباری دەترسان، لەسنووری توانای خۆیان  ئازاترو بەتواناترو  بەدەست و بردتر بوون، شەو و ڕۆژیان دەخستە سەریەك بۆ ئەوەی گورزی كاریگەر لە دوژمن بدەن.

ئەو ناوچەیەی كە مامەریشە پێشمەرگایەتی تێدا دەكرد (ناوچەی جەباری)، ناوچەیەكی چالاك بوو، ئەمدیوی ناوچەی سەنگاوە، ئەودیویشی جادەی كەركوكە، ناوچەكە خۆی پڕبوو لە دوژمن. لای رژێم ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگ بوو، بۆ پاراستنی شاری كەركوك و بارەگای فەیلەقی یەك و بیرە نەوتەكان.

مامەڕیشە لە ڕیزی بزووتنەوەی ئازادی فەڵەستیندا جەنگاوە و برینداریش بووە

كۆنسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان : "شانازی بە مامە ریشەوە دەكەین"

مامەڕیشە ناوی (نەجمەدین شكور ڕەئوف)ە، ساڵی ١٩٥٣ لە خێزانێكی ڕەنجدەری گوندی (تاڵەبان)ی ناوچەی گەرمیان هاتۆتە دنیاوە. ئەو كە هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە پێشمەرگەی خۆشدەویست و ئاواتی خواستووە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە پێشمەرگە.

لە تەمەنی لاویدا ناوی دێتەوە بۆ خزمەتی سەربازی و دەبێتە سەرباز لە سوپای عیراقدا. جارێك سواری زیلیان دەكەن و دەیانبەن بۆ وڵاتی سوریا لە ساڵی 1972 چووەتە سووریا و لە رۆژئاوای سووریا و باشووری لوبنان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئازادیی فەڵەستین وەكو خۆبەخشی عێراقی جەنگاوە دژی سوپای ئیسرائیل،  جارێك دەكەونە شەڕەوە و لەو شەڕەدا مامەڕیشە بریندار كرا، پاش ماوەیەك چاك بووەوە، لە ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە كوردستان.

پێش دوو ساڵیش كۆنسوڵخانەی فەڵەستین هاوژینی مامەڕیشە، شۆڕشگێڕی كوردی خەڵاتكرد لەپێناو بەشداریكردنی لە جەنگی ئازادیی فەڵەستیندا.

هەر لەو مەڕاسیمەدا كۆنسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان گوتی "مامە ریشە لەگەڵ بزووتنەی ئازادیی فەڵەستین بەشداریی جەنگی كردووە دژی ئیسرائیل، بۆیە ئێمە هەمیشە شانازیی پێوە دەكەین".

 

"هەڕەشەی لە مامۆستاكان كردووە نابێت بە زمانی عەرەبی وانە بڵێنەوە" 

 

لەرۆژانی دوای ئاشبەتاڵی 1975، هێزی پێشمەرگە پەرتەوازەكرا، ئەمن و ئیستخبارات و هێزەكانی سوپا‌وی عیراق گەیشتنە هەموو بستێكی كوردستان، گوندەكانی سەرسنووری عیراق-ئێران- توركیا ڕووخێنران، ترس، گومان، دڵەڕاوكێ، بێسەرو شوێنكردن ئاسایی بوو رەفیق حیزبی وپیاوانی رژێم لەكوردستاندا، تەراتێنیان دەكرد.

 

ساڵی ١٩٧٨ كە ڕژێم شاڵاوی تەعریب‌و ڕاگواستنی لەكوردستان دا گەیاندە ترسناكترین ئاست، كارەساتی گوندە كاولكراو و جوتیارە ڕاگوێزراوەكان مامە ڕیشەی والێكرد چەكی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێ دا بكاتە شان‌.

 

ساڵی ١٩٧٨ لە دەستپێشخەرییەكی دانسقەدا بە تفەنگی خۆی و سەربەخۆ كەوتە گەڕان بە چیاو گوندەكاندا، بەبێ ئەوەی سەر بە هیچ حزب و رێكخستنێكی سیاسی بێ، بە تاقی تەنیا، ژیانێكی سەخت و دژواری پێشمەرگانەی بۆ خۆی هەڵبژارددوای دەستگیركردن‌و ئازاردانی لەلایەن پێشمەرگەوە بەگومانی ئەوەی كار بۆ دوژمن دەكات، مامە ریشە ئازاد دەكرێت، بۆ رەواندنەوەی ئەو گومانەی لەسەری دروستكراوە،  رۆشتووە تفەنگێكی كڕیوە، لە جەباری‌و گەرمیان بەناوی پێشمەرگەوە كەوتووەتە چالاكیكردن‌و كتێبی عەرەبی قوتابخانەكانی سوتاندووە، هەڕەشەی لە مامۆستاكان كردووە نابێت بە زمانی عەرەبی وانە بڵێنەوە. 



كادرێكی چالاكی سەربازی بوو ، گەلێك ئازا بوو لە هێرش بردنی كتوپڕ و لە ناكاودا

ئەمە وایكردووە كە جاری دووەم مامە ریشە هاتووەتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە پێشمەرگە، وەكو كوڕێكی دڵسۆز تەماشایان كردووە، بۆیە لە ساڵی (1979) بە پێشمەرگە وەرگیراوە.دواتر چووە سەر ئەو باوەڕەی كە شۆڕش كارێكی بەكۆمەڵەو بەیەك كەس ناكرێ، بۆیە لەكۆتایدا پەیوەندی بە هەرێمی پێنجی قەرەداغەوە كردو بووە پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

 

مامەڕیشە ساڵی ١٩٧٨ لە ڕیزی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بووە بە پێشمەرگە، پێشمەرگەیەكی ئازا و دڵسۆز بوو، جگە لەوانەش مامەڕیشە كادرێكی چالاكی سەربازی بوو، شارەزای زۆربەی هەردە و كەڵبەز و چەم و شیو و شوێنەكانی خۆحەشاردان و ڕێگا و بان و كانی و ئاوەكانی ناوچەی جەباری گەرمیان بوو. ئەو سوودی باشی لەم شارەزاییەی وەردەگرت بۆ ئەنجامدانی چالاكییە سەربازییەكان و دەربازبوون و خۆحەشاردان لە كاتی هێرشی بەرفراوانی جاش و جەیشدا. جگە لەوەش مامەڕیشە خۆی گەلێك ئازا بوو لە هێرش بردن و دەستوەشاندنی كتوپڕ و لە ناكاودا.

یەكەم شەڕی ناو دێهات، مامەڕیشە كردی

تا پێش مامەڕیشە یەكێتی بەشێوەی پارتیزانی شەڕی لەدژی حكومەتی بەعس دەكرد، بەڵام مامەڕیشە لەو شەڕەی كە خۆی فەرماندەیی كرد و  بە "داستانی حەمك" ناسراوە تاكتیكێكی نوێی عەسكەری پێشخست، ئەویش شەڕی ناو دێهات بوو، بە تەنها خۆی و دوانزە پێشمەرگە بەرامبەر بە سەدان جەیش و جاشی حكومەتی بەعس وەستانەوە و بەرگرییەكی بێ وێنە و قارەمانانەیان كرد، ئیتر لەو ساوە پێشمەرگە لەگوندەكانیش دەستی خۆی لەدوژمن دەوەشاند.

 

" لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە (142) شەڕدا بەشداربووە و  چوار جار بریندار كراوە"

ناو و ناوبانگی ئازایەتی و شۆڕشگێڕی مامەڕیشە لە خەباتی پێشمەرگانەدا لە ناو دڵی خەڵكی كوردستاندا بۆتە سیمبولی تێكۆشان و بەرگری و ورەبەرزی، لە سەدان چالاكی و داستانی پێشمەرگانەدا لە گەڵ هاوڕێیانیدا لە دژی داگیركەران و خۆفرۆشان ڕۆڵی پاڵەوانانەی نەخشاندووە. لە (142) شەڕدا بەشداربووە و  لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار كراوە.  لە ڕقی ئەو هەموو چالاكییەی كە لە ناوچەكەدا ئەنجامی دەدا، دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی بەعس باوكیان گرت و بێ سەرو شوێن كرا، پاشان شەهیدیان كرد، ئەوە بوو دواتر دەركەوت باوكی مامەڕیشە (مام شكور) یان بە زیندوویی هەڵدابووە بیرێكەوە و چووە ڕیزی گیانبەختكردووانەوە. خێزانەكەشی بۆ ئەوەی بەهەمان چارەنوس نەگات، دەربەدەربوو.

دژی تەعریبكردنی كەركوك وەستایەوە

بە خۆی و مەفرەزەیەكی كەرتی چواری جەباری لە ناوجەرگەی كەركوك چالاكییان ئەنجامدا، رژێمی بەعس بەپێی بەرنامەیەكی نەخشە بۆ كێشراو، پرۆسەی تەعریب و تەبعیس (بە عەرەبكردن و بە بەعسیكردن) لە نێو گوندەكان جێبەجێ دەكرد، ماڵە عەرەبە خێلەكییەكانی خواروی عێراق بە مەڕو ماڵاتەوە ڕوویان دەكردە پاوان و باخ و باخاتی  بەزۆر داگیریان دەكرد و نەدەگەڕانەوە، ئەوكاتانە چەند ماڵە عەرەبێك لەنزیك گەرەكی(حوڕییە)ی كەركوك نیشتەجێ بوون، بەرۆژ ماڵە كوردەكانیان لە ماڵ وكێڵگەكانی خۆیاندا بێزار كردبوو، زۆرجار ئازاری خەڵكەكەشیان دەدا، لەمانگی مایسی 1982 مەفرەزەیەكی كەرتی چواری جەباری بەفەرماندەیی مامەڕیشە، رێگایەكی دوورو پڕ مەترسیان بڕی تاگەیشتنە نزیك گەڕەكی حوڕییە، لەوێ چەند ماڵە عەرەبێكیان بینی، هەموویان چەكداربوون لە دەوروبەری ماڵەكانیان  سەنگەریان دروستكردبوو، پاسەوانی خۆیان دەكرد، پێشمەرگەكان هێرشیان كردە سەریان، چەكدارەكان بەرگری پێشمەرگەكانیان پێ نەكرا، دوانیان لێ كوژرا، ئەوانیتر بەرەو كەركوك هەڵاتن، دەوارو ئۆتۆمبیل وماڵاتەكانیان بەجێهێشت، پێشمەرگەكان تراكتۆرێك و پیكابێكیان دەستكەوت، دەوارەكانیان سووتاند و تەنیا یەك دەواریان هێشتەوە بۆ ئەوەی ئەو بەرخانەی بەجێ مابوون نەسوتێنن، ئینجا گەڕانەوە.

ئاهەنگی سورداش دەریخست مامەڕیشە خۆشەویستی جەماوەرە

مامەڕیشە كەسێكی سادە و پێشمەرگەیەكی خۆشەویستی ناو جەماوەر بوو، جگە لە ناوچەی گەرمیان لە سەر ئاستی كوردستان ناوبانگی ئازایەتی و قارەمانی پەیدا كردبوو. گەلێك نامەی لە چەمچەماڵ و كەركووكەوە بۆ دەهات و زانیارییان لەسەر دوژمن دەدایە, 
ساڵی 1984 كە یەكێتی نیشتمانی لە گەرمەی دانوستاندا بوو لەگەڵ حكومەتی عێراق، ئاهەنگی نەورۆز لە ناوچەی (سورداش) كرا، بەپێی گێڕانەوەكان نزیكەی (750 هەزار) كەس بەشداری ئاهەنگەكەیان كردووە. كە مامە ریشە هات بۆ ئەوێ، خەڵك زۆریان پێخۆش بوو، مامە ریشە كە هات كوڵەباڵێكی لەبەردابوو، سێ چوار پێشمەرگەی لەگەڵدابوو، ئیتر زۆربەی خەڵكەكە لێی كۆبونەوە و بەرەو پیریەوە چوون ، كە ئەمەش دەیسەلمێنێت كەسێكی خۆشەویست بوە لەدڵی جەماوەردا.

نەوشیروان مستەفا: "ڕیشە لەناو خەڵكدا بوبو بە قارەمانێكی ئەفسانەیی، كەسێكی لە شكان نەهاتوو" 

نەوشیروان مستەفا لە كتێبی خولانەوە لەناو بازنەدا، دیوی ناوەوەی رووداوەكانی كوردستانی عێراق 1984-1988، بەم شێوەیە باسی مامەڕیشە دەكاو دەڵێ:   "ڕیشە ناوی نەجمەدین شوكر و خەڵكی گوندی تاڵەبان بو. لەبەر ئەوەس ڕیشی هەبوو بە مامەڕیشە ناوی دەركرد بو. ماوەیەك لەگەڵ فیداییەكانی فەڵەستین كاری كردبو. لە هەڵبژاردنی چالاكیەكانی دا، نیشانەی سەركەوتوانەی هەڵئەبژارد. هەمیشە لە گەڕان و سوڕان دا بو. كەرتەكەی ڕیشە یەكێ بو لە ئازاترین و چالاكترین كەرتەكانی پێشمەرگەو، هێزەكانی بەعس داخ لە دڵ بو لێی.  كوژرانی ڕیشە زەرەرێكی مەعنەوی بو لە پێشمەرگەكانی یەكێتی". 

بەشەهیدكردنی مامە ریشە مفاوەزاتی نێوان یەكێتی‌و حكومەت‌ كۆتایی هات

لەكاردانەوەی شەهیدكردنی مامە ریشەدا زنجیرەیەك چالاكی دەستیپێكرد، مامە ریشە كە تا ئەوكات بەشداری لە دەیان شەڕی سەختدا كردبوو، نەمرد، بەڵام لەكاتی ئاگربەست‌و دانوستانی نێوان یەكێتی‌و حكومەتی عێراقدا كە شەڕ راگیرابوو، شەهید كرا
ئەو پەیوەندییەی تەحسین شاوەیس لەگەڵ مامە ریشە دروستیكردبوو، ئەوە پلانی ئیستخباراتی بەعس بوو، بۆ حاڵەتێك  ئەگەر دانوستان سەری نەگرت، بەعس تەحسین شاوەیسیان ئاگاداركردبوو مامە ریشە بانگ بكات‌و بیكۆژێت، چونكە ئەیانزانی شەڕ دەستپێئەكاتەوە، تا ئەوكات شەڕ دەستی پێنەكردبووەوە، ئەیانویست پێش شەر دەستی خۆیان بوەشێنن.

 

لە ڕۆژی ٢٤ی كانوونی دوومی ساڵی ١٩٨٥ خۆی و دوو پێشمەرگەی قارەمانی دیكە( سەردار و موحسین) بە دەستی تاقمێك لە خۆفرۆشان لە پلانێكی خافڵگیردا گیانیان لە ڕێگای ئازادیدا بەخت كرد. ناوی ئەو، هەمیشە ترس و لەرزی دەخستە ناو دڵی داگیركەران و خۆفرۆشانەوە، تەنانەت هێزەكانی ڕژێمی سەدام و جاشەكان خۆیان بە (رجل حەدیدی) ناویان دەبرد.

 

ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان دواجار هەواڵی شەهیدكردنی مامە ریشەی بڵاوكردەوە،  لەكاردانەوەی شەهیدكردنی مامە ریشەدا زنجیرەیەك چالاكی دەستیپێكرد، یەكەم وەڵامدانەوەی شەهیدكردنی مامە ریشە گرتنی زنجیرە شاخەكانی دابان هەلاج بوو، ، دواتر لە گەرمیانەوە زنجیرەیەك شەڕی زۆر گەورە بەناوی (لە تۆڵەی مامە ریشەدا) هەموو كوردستانی گرتەوە.