ڕاپۆرتی کوردستانی

12:08 - 08/02/2022

چی لە منداڵە خۆپەرستەکەم بکەم؟‌

پەیسەر

زۆر جار گوێمان لە دایک و باوکان دەبێت گلەیی ئەوە دەکەن، منداڵەکانیان دەیانەوێت سەرنجی تەواوی هەمووان لەسەر ئەوان بێت، خۆیان لە هەموو کەس بە گرینگتر دادەنێن، دەبێت هەمووان لە خزمەتیان دابن، چۆن چارەسەریان بکەین؟
 
خۆپەرستی(خودئەڤینی) حالەتێکە تیایدا کەسەکە لە ئەوپەری خۆویستی دایە، خۆی بە باشترین و تەواوترین کەس سەر زەوی دادەنێت، بە هیچ جۆرێکیش قبوڵ ناکات رەخنەی لێبگیرێت. لەو شوێنانەی کە وا هەست دەکات پێویستی بە پیاهەڵدانە، گەر بەسەری هەڵنەدرێت، تووشی نارەحەتیەکی زۆر دەبێت، وا هەست دەکات کەس نرخی نازانێت.
لە دەروونناسی گەشەسەندن، خودئەڤینی یەک لە قۆناغەکانی گەشەکردنی دەروونی منداڵە، نەک تەنیا شتێکی ئاساییە، بەڵکو بۆ دروست بوونی کەسایەتیەکی جێگیر زۆر گرینگە. خودئەڤینی ئاسایی یارمەتیمان دەدات، باوەڕمان بە خۆمان و بەهاکانمان هەبێت، باوەڕمان بەو پلانانە هەبێت کە بۆ داهاتوو دایدەنێین و جێبێەجێیان بکەین و پشت بە خۆمان ببەستین لە جێبەجێکردنیان.
هەر لەبەر ئەم هۆیە دەروونناسەکان زوو بڕیار لەسەر منداڵان نادەن بەوەی خودئەڤینیان هەیە. راستە شوێنی دروستبوونی کێشە لە کەسایەتی مرۆڤدا زۆربەی کات لەسەرتای تەمەنییەتی، نیشانەکانی لەگەڵ گەشەسەندنی بەدیار بەدیار دەکەون، بەڵام تا کەسەکە نەگاتە تەمەنی پێگەیشتووی بە هەبوونی خودئەڤینی تەشخیس ناکرێت.


چۆن خودئەڤینی لە منداڵان بە دیار دەکەوێت؟


دۆزینەوەی مەیلە زیادەرۆییەکانی منداڵ بۆ خودئەڤینی گرینگە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی منداڵەکە دایک و باوک، مامۆستا و هاوتەمەنەکانی بێزار دەکات، بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانرێت کار لەسەر ئەوە بکرێت لە داهاتوودا کەسایەتی بەهۆیەوە تێکنەچێت.
ئێدی بروملیمان کە زانایەکی دەرووناسی گەشەسەندن لە زانکۆی ئەمستەردام، کار لەسەر چۆنیەتی هەستکردن بە خود لای منداڵ دەکات، دەڵێت: خودئەڤینی ناتکاتە کەسێکی دڵخۆش، چونکە خودئەڤینەکان بەردەوام پرسیار لە خۆیان دەکەن، دەبێت کەسەکانی دیکە چۆن بیر لەمن بکەنەوە؟ ئەم خۆبەگەورە زانینە بەردەوام هەراسانیان دەکات، چونکە بەردەوام پێویستیان بەوەیە کەسێک لە دەرەوەی خۆی دانیانپیابنێت، وەک کەسێکی تایبەت سەیریان بکات. بۆیە دەبێت دایک و باوکان بزانن، ئەم حالەتە بەردەوام منداڵ لە ژێر فشارێکی گەورەی دەروونی دەهێلێتەوە.
لە توێژینەوەیکدا سۆفی جێرڤیک و براد بوشمان لە زانکۆی ئۆهایۆ ئاشکرایانکرد، پەیوەندیەکی راستەوخۆ لەنێوان خودئەڤینی و رەفتار توندیدا هەیە. هەربۆیە گرینگە هەر لەسەرەتاکانی تەمەنی منداڵەوە بەدوای نیشانەکانی خودئەڤینی نائاسایی. ئێدی بروملیمان جەخت لەوە دەکاتەوە، خودئەڤینیش وەک تێکچوونەکانی دیکەی کەسایەتی بەشێک لە هۆکارەکانی جینیە و هۆکاری دەرەکیشی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٥ بروملیمان لێکۆلینەوەی لەسەر ٥٦٥ منداڵ و دایک و باوک ئەنجامدا تا هۆکاری خودئەڤینی بدۆزێتەوە.


بەهرەی زیاتر، زیرەکی زیاتر، خودئەڤینی زیاتر
یەک لە تیۆریاکان، سەرهەڵدانی خودئەڤینی بۆ زێدەرۆیی لە پیاهەڵدانی دایک و باوک بۆ منداڵەکانیان دەگێرێتەوە. یەک لە تیۆریاکانی دیکە هۆکارەکەی بۆخراپی پەروەردەی دایک و باوک و بەردەوام قسە گوتن بە منداڵ دەگێرێتەوە. بروملیمان پشتگیری لە تیۆریاکەی یەکەم دەکرد، پێیاوایە بەرزکردنەوەی منداڵ بۆ ئاسمان بەهۆی پیاهەڵدانەوە، هۆکاری سەرهەڵدانی خودئەڤینیە.
بروملیمان دەڵێت: ئەم دایک و باوکانە منداڵەکانیان زۆر بە زیرەکتر و بەهرەمەندتر و باشتر لە منداڵەکانی دیکە دەبینن، ئەمەش وا لە منداڵەکە دەکات خۆی بە بەرزتر لە ئەوانی دیکە ببینێت. هەروەها بروملیمان ئاماژە بە خاڵێکی دیکە دەدات، ئەویش: هەبوونی مەرجە لە خۆشویستنی منداڵ، واتا گەر منداڵ بە دڵی دایک و باوکی نەجولێتەوە خۆشیان نەوێت، منداڵیش دەترسێت گەر ئەو مەرجانەی تیا نەبێت دایک و باوکی خۆشیان ناوێت و پێی شەرمەزار دەبن. بۆیە منداڵەکە بەردەوام هەوڵدەدات بدرەوشێتەوە، بەردەوام سێ شت بەخۆی دەڵێت: من لە ئەوانی دیکە باشترم، پێویستە لە دەرەوەی ئەوانی دیکە بم، نەخۆم و نە ئەو شتانەی بە دەستم هێناون کەس نرخیان نازانێت.
ئەم خود ئەڤینیەش کە دروست دەبێت، وا ناکات منداڵەکە نرخی خۆی بزانێت، بەڵکو راستەوخۆ پێچەوانەکەی لا دروست دەبێت.
بێگومان هەموو دایک و باوکێک منداڵی خۆیان لا تایبەتە، ئەمەش تا رادەیەکی زۆر ئاساییە. بروملیمان دەڵێت خۆشویستن و سۆزی بێ مەرج بۆ منداڵە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دروستبوونی کەسایەتیەکی جێگیر هەیە کە نرخی خۆی بزانێت. هەروەها پیاهەڵدانیش هیچی وای تیا نییە، گەر بەشێوەیەکی دروست بێت.

چارەسەر
پێویستە دایک و باوکان واز لە بەراورد کردنی منداڵەکانیان بێنن بە ئەوانی دیکە. لە شوێنی ئەوە چاویان لەسەر بەرەوپێشچوونی هێڵی خودی منداڵەکە بێت، پێی بڵێن تۆ ساڵی رابردوو نەتدەتوانی ئەم شتە ئەنجامبدەی، ئێستا دەتوانیت، ئێستا باشتریت لە رابردوو
ڕێنات شیپکەر کە دەرووناسی منداڵان و هەرزەکارانە، دەڵێت: نابێت دایک و باوک چاوەڕوانیەکی وایان لە منداڵ هەبێت، کە لەگەڵ توانا و تەمەنیان و قۆناغی گەشەیان نەگونجێت. وەک چۆن دایک و باوک کە رۆژێکی خراپیان بەرێکرد بە منداڵەکەیان دەڵێن جەویان تەواو نيیە، یاخود هەڵەیەک لە منداڵەکە ببینن راستەوخۆ پێی دەڵێن، دەبێت بە هەمانشێوە منداڵیش بڵێتە دایک و باوکی ئەم شتەم پێناکرێت، کە داوای شتێکی گەورەی لێدەکەن.
گەر منداڵەکەت خودئەڤینیەکەی بە جۆرێک بوو لە خوێندنگا و ناو هاورێکانی کێشەی دروستدەکرد، پێی وابوو یاسا کۆمەڵایەتیەکان تەنیا بەسەر ئەوانی دیکە جێبەجێ دەبن و ئەم لەوانی دیکە بەرزترە و یاسا بۆ ئەو نییە، ئەوا دەبێت لای دکتۆرێکی دەروونی چارەسەری بۆ وەربگریت. هەروەها دانیشتنی دایک و باوکەکە لەگەڵ دەروونناس خۆی بەشێکی گرینگی چارەسەریەکەیە. چونکە زۆربەی جار دایک و باوک سەرەتا پێویستیان بە چارەسەر هەیە.
سەرچاوە: DW
وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: محه‌مه‌د سه‌لام