ڕاپۆرتی کوردستانی

10:09 - 18/02/2022

لە ڕوانگەیەکی ترەوە: ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێبکرێت چی ڕوو دەدات؟‌

یادگار سدیق گەڵاڵی

لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری داگای باڵای فیدراڵ دا سەبارەت بەسەکتەری نەوتی هەرێم، گەر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەکو هەیکەلیش بمێنێت بەڵام بە کرداری مامەڵە لەگەڵا کردنی وەکو هەریەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور و کۆمپانیای نەوتی بەسرەی لێدێت. تەنها کاری بەڕێوەبردنی کێڵگە کان دەبێت لەژێر چاودێری وەزارەتی نەوتدا.

لەماوەی ڕابوردوودا احسان عبدالجبار وەزیری نەوتی ئێستای عێراق لە چەند بۆنەیەکدا نەیشاردووەتەوە کە دەیانەوێ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بخەنە ژێر دەستەڵاتی خۆیانەوە و تەنانەت ساڵی پار پێشنیاری بۆ هەرێم کرد کە کۆمپانیایەک دروست بکەن بۆ بەڕێوەبردنی سەکتەری نەوت، کە ئەوکات ئێمە وتمان مەبەست لێی کۆمپانیایەکی هاوشێوەی کۆمپانیای نەوتی بەسرەیە. بۆیە دوای دەرچوونی ئەمبڕیارە لەو جۆرە دەنگانەمان زیتر گوێ لێ دەبێت.

لەماوەی ١٥ ساڵی رابووردودا بەڕێوەبردنی سەکتەری نەوتی هەرێم لەو پەڕی خراپیدابووە و بێ سەرو بەری، بەهەداردان و گەندەڵی زۆری تیابووە.

بەخێرایی باسی ٣ خاڵی سەرەکی دەکەین کە بە جێ بەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکرێت گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت و بتوانرێت داهاتی نەوتی زۆر پێ زیادبکرێت:

 ١-  کۆمپانیا نەوتییەکان: کۆپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت گەر نەشڵێم چاودێریان بەسەرەوە نەبووە ئەوا دەتوانم بڵێم تاڕادەیەکی زۆر دەستکراوە بوون لە خەرجییەکاندا لەو ڕێگەیەوە خەرجییەکی زۆر کەڵەکە بووە لەسەر هەرێم و بڕێکی زۆر لە داهاتی نەوتیان وەرگرتووە. تەنها دوونموونە دەهێنمەوە تاوەکو وێنەکە زیاتر ڕوون بێت:

ا- ژمارەی ئەوکاسانەی کە لەدەرەوە هێنرابون لە سەکتەری نەوتی هەرێم کار بکەن بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بریتی بووە لە ٣,٦٥٠   تێچووی هەر یەکێکیان لە نێوان ٢٠ هەزار دۆلار بۆ٨٠ هەزار دۆلارە، کە بە تێکڕا خەرجی هەر ئێکسپادێک( کرێکارێکی بیانی)  ٥٠ هەزار دۆلار دەکات بۆ مانگێک، لە کاتێکدا کرێی ئەندازیارێکی خۆماڵی لە نێوان ٢,٥٠٠ بۆ ٣,٥٠٠ دۆلارە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە پێش چەند ساڵێک بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وحکومەتی هەرێم نێردراوە پێگەیاندنی ٥,٠٠٠ لاوی هەرێم بۆ جێگرەوەی ئەو کەسانەی لە دەرەوە هێنراون لەماوەی ٣ بۆ ١٠ ساڵدا تەنها خەرجی مانگێکی ئەو کرێکارە بیانە ی تێ دەچێت و بەمەش دەستی کاری ناوخۆ دەبێت بە جێگرەوە و گەر هەر کرێکارێکی ناوخۆ ٥ هەزارۆلار وەربگرێت  ئەوا خەرجی بۆ  ١٠/١ کەم دەبوویەوە.
ب- خاڵی دووەم؛ بریتییە لە بەڵگەی نەبوونی کۆنترۆڵی وەزارەت و حکومەتە بەسەر کێڵگە نەوتییەکان ئەویش  ئەوەیە لە ٢٩ کێڵگەی نەوت و گاز  کە  ٢٩ کۆمیتەی بەڕێوەبردنی هەیە سەرۆکی کۆمیتەکە لەماوەی رابووردودا تەنها لە نێوان سێ کەسدابووە. ئەم بەڕیزانەی کە ئەگەر زۆر لێهاتووش بن چۆن فریای ئەو هەموو کێڵگەیە دەکەون؟ سەرەڕای ئەوەی تێبینی زۆر هەیە لەسەر تواناو پسپۆڕییان.  کە باسی زۆری خەرجی کۆمپانیاکان دەکرێت بەشێکی زۆری بۆ ئەم کۆمیتەیە دەگەڕێتەوە و ئەمانە راستەوخۆ بەرپرسن لێی.

سەلمێنەر بۆ ئەم بۆچونە : یەکەم ڕاپۆرتەکانی دیلۆیتە کە لەلایەن حکومەتەوە بڵاو کراوەتەوە کە تەنها لە ڕاپۆرتی چارەکی دووەمی ٢٠٢١ دا کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنی نەوت (جگە لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت) نزیکە کۆی ٨٥٪ هەموو فرۆشی نەوتی ئەو ماوەیەی هەرێم بۆ ئەوان ڕۆشتووە، بەهەمان شێوە لەچارەکی یەکەمیشدا هەمان کێشە هەیە. ئەمە دژە لەگەڵ گرێبەستەکانی هەرێم و نیشانەی ئەوەیە کە وەزارەت زۆر ئاگاداری خەرجی و شێوازی وەرگرتنی  شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان نەبووە. بەڵگەشم بۆ ئەوە چەند لێدوانێکی فەرمییە کە دەڵێت هەندێ کۆمپانیای نەوت مانگانە پارەیان وەرگرتووەلە کاتێکدا  شایستەی نەبوون پێشتر خەرجییەکانیان وەرگرتووەتەوە و ئەبووایە وەریان نەگرتایە. ئەگەر وەزارەت ئاگاداری خەرجی وەرگرتنەوەی شایستەکانە شتی وا چۆن ڕوو دەدات؟ روداویکی وا دەبوایە بومەلەرزەی دروستبکردایە لە ناو حکومەت و پەرلەماندا و دەبووایە هەر ئەوکاتە ئەوانەی لەو مەلەفە بەرپرسن ڕوبەڕوی لێپرسینەوە بکرانایەتەوە.

 ٢- کرێی گواستنەوەی بۆری هەرێم و تورکیا کە پارەیەکی زۆری لێ دەدرێت بەتایبەت لەناو خاکی هەرێمدا کە بڕیارەکە داوای پیاچوونەوە بە گرێبەستەکەیدا دەکات ،لە ئەنجامدا دەکرێت کرێی گواستنەو بە ڕادەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە.

 ٣- بە بازارکردنی نەوت و فرۆشتنی کە لە ئێستادا هەرێم هەربەرمیلێک نەوت بە ١١ بۆ ١٢ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە دەفرۆشێت، بەڵام کۆمپانیای بابازاڕکرنی نەوتی عێراق سۆمۆ  نەوتی کەرکوک کە بەهەمان هێڵی گواستنەوەی هەرێمدا تێ دەپەڕێت، زۆرجار بەنرخی زیاتر لە نەوتی بەسرە دەفرۆشێت کە لەمەشدا بۆ هەربەرمیلێک ٨ بۆ ١٠ دۆلار داهاتی نەوت زیاد دەکات. گەر لە سەرەتادا هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێمیش  بەو نرخە نەفرۆشرێت و سۆمۆ مامەڵە بەئەمری واقعەوەبکات لە بەر پابەندی هەرێم بەوەرگرتینی پارەی پێشوەخت بۆ بڕێک لەبەرهەمەکە بەڵام بەدڵنیایی لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموو بەرهەمی نەوت بەنرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت.
کەواتە بە چاوپیاخشاندنەوە بە گرێبەستەکانی نەوت و دووبارە رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و  چاوپیاخشاندنەوەو گۆڕانکاری لە بەهای گواستنەوە و فرۆشی نەوت داهاتێکی زۆر زیاتر دەست حکومەت دەکەوێت.  ئەمە بەو مانایە نییە لە عێراق و وەزارەتی نەوت گەندەڵی نییە بەڵکو لەوێش پشک پشکێنەی حیزبە فەرمانڕەواکان و خاوەن نفوزەکان لە ئاستێکی خراپدایە بەڵام شێوازەکەی جیاوازە.

 یاخود گەر ئەم خاڵانە هەرێم جێبەجێی  بکردایە ئێستا لە بارودۆخێکی تردا دەبوو. بەڵام هەرێم بە گفت لەگەڵ گۆڕانکاری و چاکسازی دا بووە بەڵام لە رووی کردارەوە چاکسازییەکانی لە شتی زۆر لاوەکی و بێکاریگەردا چڕکردبووە وە و لەسەر پشتی کیسەڵ دەڕۆشت.