ڕاپۆرتی کوردستانی

04:46 - 28/02/2022

شێوەكانی سیستمی نوێنەرایەتی سێ‌ جۆرن‌

پەیسەر

وەرگێرانی_ هێمن كامیل

دەتوانین شێوەكانی سیستمی نوێنەرایەتی بۆ سێ‌ جۆری سەرەكی دابەش بكەین:-


أ‌- سیستمی حكومی سەرۆكایەتی
ب‌- سیستمی حكومی پەرلەمانی
ج- سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی


أ-سیستمی حكومی سەرۆكایەتی:

بناغەی سیستمی سەرۆكایەتی بریتیە لە جیاكردنەوەی تەواوەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی یاسادانان. وەكو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئەم جۆرە لە سیستمی سەرۆكایەتی دوو تایبەتمەندی سەرەكی هەیە. ئەویش ئەمانەی خوارەوەیە.

یەكەم/  یەكەیی دەسەڵاتی جێبەجێكردن

دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەم سیستمەدا كۆكراوەتەوە لە دەستی یەك كەسدا كە ئەویش سەرۆكی وڵاتە بەو سیفەتەی لە یەك كاتدا هەم سەرۆكی دەوڵەتەو هەم سەرۆكی حكومەتە، خاوەنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی هەردوو سیفەتەكەیە.
بە كورتی لەم سیستمەدا سەرۆك بە تەنها خاوەنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە كە ژمارەیەك یاریدەدەر هاوكاری ئەكەن.

دووەم/ جیاكردنەوەی تەواوەتی لە نێوان دەسەڵاتەكاندا

سیستمی سەرۆكایەتی چڕ ئەبێتەوە لە سەر بنەمای جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان بە واتای :

1- هەموو دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لای سەرۆكە.
2- هەموو دەسەڵاتەكانی یاسادانان لای پەرلەمانە
3- هەموو دەسەڵاتەكانی داد لای دادگاكانە.
ئەم بنەمایانە چەند ئەنجامێكی هەیە لەوانە:-
- نەبونی هاوكاری و خۆهەڵقورتاندن لە كاری یەكتر.
- نەبونی چاودێری لە نێوان یەكتریدا.
- سەربەخۆبونی هەر یەكە لە دەسەڵاتەكان.

كەواتە

1- ناتوانرێت لێپرسینەوەی سیاسی لە سەرۆك بكرێت لە بەردەم پەرلەماندا،
2- سەرۆك مافی ئەوەی نیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
3- پەرلەمان ناتوانێت چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات  وەكو  ئاراستەكردنی و لێپرسینەوە.
4- پەرلەمان ناتوانێت سەرۆك لە دەسەڵات دوربخاتەوە.

ب-سیستمی حكومی پەرلەمانی

جۆرێكە لە جۆرەكانی حكومی نوێنەرایەتی كە دەسەڵاتەكەی پشت ئەبەستێت بە ئەنجومەنێكی هەڵبژێدراو لە لایەن گەلەوەو سیستمی پەرلەمان هەڵدەستێت بە جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە سەر بنەمای هاوسەنگی و هاوكاری لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن.

دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەم سیستەمەدا لە دوو لایەن پێكدێت ئەوانیش سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆكی حكومەتە، بەڵام سەرۆكی دەوڵەت بەرپرسیار نیە لە بەرانبەر پەرلەمان، بەڵام سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان بەر پرسیارن لە بەردەم پەرلەمان و دەسەڵاتی یاساداناندا.

سیستمی پەرلەمانی چەند بنەمایەكی هەیە جیای دەكاتەوە لە جۆرەكانی دیكەی سیستمی سیاسی كە ئەمانەن:

یەكەم/ دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێكردن

سیستمی پەرلەمانی جیادەكرێتەوە بە دوانەیی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، كە ئەوانیش سەرۆكی دەوڵەت و وەزیرەكانە كە هەر یەكە لەمانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە لەم سیستمەدا.
1- سەرۆكی دەوڵەت:
سەرۆكی وڵات لە سیستمی پەرلەمانیدا تەنها دەسەڵاتی رەمزییە لە دەوڵەتدا، بە بێ‌ ئەوەی رۆڵێكی كارای هەبێت لە ژیانی سیاسیدا تەنها دەسەڵاتێكی تەشریفاتی و ناونانی هەیە وەكو:
-پێشوازی كردن و وەرگرتنی پەڕاوی متمانە پێدانی باڵوێزی وڵاتانی بیانی.
- ئامادەبون لە ئاهەنگە فەرمیەكاندا لە بۆنە گشتی و نیشتمانیەكاندا.

-بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان.

2- وەزیرەكان/

وەزیرەكان بەشێكی ترن لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، كە پێكدێن لە ئەنجومەنێك بە ناوی ئەنجومەنی وەزیران. كە سەرۆك پێی دەوترێت وەزیری یەكەم یان سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە سیستمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتی كردەیی لای ئەنجومەنی وەزیرانەو وەكو سەرۆكی وڵاتی دەسەڵاتێكی رەمزی و تەشریفاتی نیەو بەرپرسیارە لە بەردەم پەرلەماندا.

دووەم: هاوسەنگی لە نێوان هەردوو  دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن.

هاوسەنگی لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و بریتیە لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی سیستمی پەرلەمانی ئەم هاوسەنگیە دەردەكەوێت لە سێ‌ كاروباردا كە ئەمانەن:

1- سەربەخۆبونی دەسەڵاتەكان:

سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان مەبەست ئەوەیە هیچ یەكێك لە دەسەڵاتەكان ناتوانێت ئەوی دیكە لە كار بخات بۆ نمونە پەرلەمان ناتوانێت سەرۆكی وڵات لە پۆستەكەی دوربخاتەوە بە پێچەوانەوە سەرۆكی وڵات و سەرۆكی حكومەت ناتوانن پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە.

2- هاوكاری لە نێوان دەسەڵاتەكاندا.
ئەم هاوكارییە لەم جۆرانەی خوارەوەدا دەرئەكەوێت:
-هەر چەند یاسا دەركردن كاری پەرلەمانە، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە رێگەی پێشنیازكردنی پرۆژە یاساوە بەشداری ئەكات و ئەیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لە سەر بدەن.
- ئەنجومەنی وەزیران بودجە ئەنێرنە پەرلەمان بۆ ئەوەی پەرلەمان رەزامەندی لە سەر بدات و یاسای بۆ دەربكات.
3-چاودێری یەكتری لە نێوان هەردوو دەسەڵاتەكەدا:
أ-چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە سەر كارەكانی دەسەڵاتی یاسادانان واتە پەرلەمان.

ئەم چاودێرییە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
1- مافی وەزیرەكانە برۆنە پەرلەمان و ئامادەی دانیشتنەكان بن بەشداری گفتوگۆكانی ناو پەرلەمان بكەن بۆچونی خۆیان بخەنە روو بەرگری لێبكەن.
2- دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەڵدەستێت بە كارەكانی تایبەتمەندی بۆ پێكهێنانی پەرلەمان وەكو ئامادەكاری و سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
3- داواكردن لە پەرلەمان بۆ دانیشتن
4- دەسەڵاتی جێبەجێكردن مافی پێشنیازكردنی یاساو مافی رەخنەلێگرتنی هەیە.
5- مەترسیدارترین كاری ئەوەیە مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە.

ب – چاودێری دەسەڵاتی یاسادانان لە سەر كارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن.
ئەم چاودێرییە بەم رێگایانەی خوارەوەیە
1- لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پرسیار ئاراستەی وەزیرەكان دەكرێت دەربارەی هەر كێشەیەك كە بیانئەوێت.
2- ئەندامانی پەرلەمان مافی ئەوەیان هەیە وەزیرەكان بانگ بكەنە پەرلەمان بۆ لێپرسینەوەو ئەگەر پێویست بكات متمانەی لێوەردەگیرێتەوە.
3- پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە متمانە لە هەموو حكومەت وەربگرێتەوەو بەوەش ئەبێت حكومەت دەست لە كاربكێشتەوەو حكومەتێكی تر پێكبهێنرێت.
4- پەرلەمان مافی ئەوەیە لێكۆڵینەوە لە كارەكانی حكومەت بكات لە رێگەی لیژنەكانی پەرلەمانەوە.
5- لە دەستوری هەندێك دەوڵەتدا پەرلەمان ئەتوانێت سەرۆكی وڵات لە پۆستەكەی لابدات و یەكێكی دیكە بۆ شوێنەكەی هەڵبژێدرێت.
6- لە دەستوری هەندێك دەوڵەتدا پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە تۆمەتی تاوان ئاراستەی سەرۆكی وڵات یان وەزیرەكان بكات و بدرێنە دادگا.

باشی و خراپیەكانی سیستمی پەرلەمانی
أ‌- باشییەكانی

1-كارلێكی راستەقینەو تەواو لە نێوان هەر سێ‌ دەسەڵاتەكەدا هەیە.
2-دیموكراسیترەو رێگە لە ستەمكاری ئەگرێت.
3-بەرپرسیارێتی سیاسی لەم سیستمەدا روونە و كەس ناتوانێت هەڵبێت یان خۆی بدزێتەوە لە هەڵە سیاسییەكانی.
4-پشتیوانی سەروەری دەوڵەت ئەكات.

ب‌- كەم و كوڕییەكانی

1-دیاردەی ناجێگیری حكومەت هەیە لەم سیستمەدا.
2-بە هۆی بوونی بۆچونە حیزبیەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە زاحمەتە بتوانرێت پشتیوانیەكی بەهێز بۆ حكومەت بە دەست بهێنرێت.
3-سەرۆكی حكومەت ناتوانێت سود لە پێگەی خۆی وەربگرێت بەوەی كە باڵاترین رەمزە لە دەوڵەتدا.
4-زۆرجار حكومەت ملكەچە بۆ بەرژەوەندی گروپێك یان حیزبێكی دیاریكراو.
5- ئەم سیستمە كارا نیە لەو دەوڵەتانەی ئەزمونی سیاسییان نوێیە چونكە پێویستی بە هۆشیاری سیاسی زیاترە.

ج- سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی

لە رووی تیۆرییەوە ئەم پۆلێنكردنە نیە بەڵكو مەبەست هەر لە سیستمی پەرلەمانیە، بەڵام دواىگۆڕانكاری كردن لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئەوەیش بە زیادكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بە بەراود بە دەسەڵاتێكی رەمزی لە سیستمی پەرلەمانیدا.
سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی ئەوسیستمە یە كە سەرۆكی دەوڵەت پیادەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن ئەكات لە گەڵ وەزیرەكانداو زۆرجاریش بەرپرسیارە لە بەردەم پەرلەماندا هەروەها ئەم سیستمە ناو ئەبرێت بە سیستمی تێكەڵ، چونكە تێكەڵەیەكە لە هەردوو سیستمی پەرلەمانی وسەرۆكایەتی.
تایبەتمەندییەكانی سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی:
1-سەرۆكی كۆمار بە شێوەیەكی راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت لە لایەن گەلەوە.
2-سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كەسانی سەرەكین لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا.
3- سەرۆكی حكومەت لە لایەن سەرۆكی وڵاتەوە دادەنرێت.
4- دامەزراندنی وەزیرەكان لە سەر پێشنیازی سەرۆكی حكومەت.
5- دامەزراندنی فەرمانبەرانی باڵای وڵات لە لایەن سەرۆك كۆمارەوە.
6- دامەزراندنی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی دەستوری.

سەرچاوە:
cte.univ-setif2.dz. .www
humanities.uobabylon.edu.iq.. www