ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:43 - 04/03/2022

ڕۆڵی کەسایەتی پوتين لەم جەنگەدا‌

پەیسەر

لە ساڵی ٢٠١٧ لە بەشی دەروونناسیی زانکۆی (سانت جۆن)ی ئەمريکی توێژينەوەیەکی کورت ئەنجامدرا لە بارەی کەسایەتی پوتين (لينکی توێژينەوەکە لە کۆمێتنە). لەو توێژينەوەیەدا چەند سيفەتێکی رەفتار و کەسایەتی پوتين دەخرێتە ڕوو وەک: باوەڕ بەخۆبوون، بایەخدان و دڵسۆزی زۆری هەیە بۆ پيشەکەی. لەم بارەیەوە هاوژينی پوتين کە ٣٠ ساڵ لەگەڵی ژياوە و لە ٢٠١٣ جيابوونەوە دەڵیت پوتين تا ڕادەی ئالوودە بوون سەرقاڵ وجديە بە پيشەکەی خۆیەوە.

بە پێی تۆێژينەوەکە پوتين لەو کەسايەتيانەیە کە حەز دەکات هەميشە بەهێز و دەسەڵاتدار دەرکەوێت، بۆچوونەکانی خۆی بەڕاست دەزانێت ئەگەر لەگەڵ واقعيشدا نەگونجێن، پێيوایە بۆچوون و باوەڕەکانی دەبێت بسەپێنرێن بەسەر هەمووان و، ئەوەی بۆچوونی جياواز بێت لەگەڵی، ئەوا خۆی ڕاستە و بەرامبەرەکەی هەڵەیە، نەک بەرامبەرەکەی جياوازە و دەکرێت بەشیک لە ڕاستی لا بێت. ئەو جۆرە کەسایەتيە ئامادەیە تەنانەت هێز و فشاری زۆر بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی ناچار بکات گوێرايەڵی بێت و پشتگيری بۆچوونەکانی بکەن. کەسایەتی پوتين لەو جۆرەیە کە زۆر بایەخ بە بەها کۆمەڵایەتی و داب ونەريت دەدات، حەز بە سيستەم و ديسپلين دەکەن.

یەکێ لە خاسيەتەکانی ئەم جۆرە کەسایەتيە کەلە ڕەقی و سازش نەکردنە، سازش نەکردن بە دۆڕان و شکست دەزانێت، ئەم جۆرە کەسایەتيانە ئامادەن هەموو شتێک بکەن لە پێناو ئەوەی وەک لاواز و دۆڕاو و زەليل دەرنەکەون. بە تايبەت لای ئەم جۆرە کەسایەتيانە لاوازی و بەزەی و نەرم ونيانی و سۆز... شتگەلێکە نيشانەی لاوازیيە. ئەوان حەز دەکەن هەميشە بەهێز و دەسەڵاتدار دەربکەون. یەکێ لە خاسيەتەکانی ئەم جۆرە کەسایەتييە ئەوەیە کە زوو پەلامار دەدەن ئەگەر توڕە بکرێن و ئيستفزاز بکرێن، هەر بۆیە ڕاکێشانی ئەم جۆرە کەسايەتييە بۆ شەڕ و جەنگ ئاسانە، تەنيا پێويستە توڕە بکرێن و وای پيشانبدرێت کە حيسابی بۆ ناکرێت. لە کاتی هێرش و پەلاماردا زۆر توند و دڵ ڕەقن... چونکە زۆر پشت بە هێزی ڕەق دەبەستن.

لەگەڵ هەموو ئەو سيفاتانە، کە بەشێکی زۆری نزيکن لە سيفاتی کەسایەتی نەخۆش، بەڵام توێژينەوەکە پێيوایە پوتين نەخۆش نييە لە ڕووی دەروونيەوە (لە ئێستادا ترسێک هەیە بەرەو نەخۆشی چووبێت). بە گشتی توێژنەوەکە ئەو خاسيەتانە دەداتە پاڵ پوتين.

شایەنی باسە دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ئەم جۆرە کەسايەتيەیان هەبێت. دەکرێت وەرزشکارێک، هونەرمەندێک، هەر کەسێکی ئاسایی... خاوەن ئەم جۆرە کەسایەتييە بێت، بەڵام کاتێک ئەم جۆرە کەسايەتيە دەبێتە سەرۆکی دەوڵەتێکی بەهێز، خاوەن ژێرخان و هێزێکی ترسناک لە ئەتۆمی، ئينجا دەوڵەتەکەش ديموکرات نەبێت و سەرۆک تيايدا بۆ ساڵانی زۆر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و بە پێی مەزاجی ئەو بڕيار بدرێت و سياسەت بکرێت... لەم حاڵەتەدا ئەو کەسایەتييە دەبێت زۆر بە بایەخ و وريایيەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە دەوڵەتێکی ديموکرات، بۆ نموونە ئەمريکا، سەرۆک ئەو پەڕی دەتوانێت هەست ساڵ لە دەسەڵات بمێنێتەوە، هەر وەها مەزاجی سەرۆک تاکە سەرچاوەی بڕياردان نييە. بۆ نموونە ترس لە رەفتار و سياسەتەکانی ترەمپ هەبوو، هەر زوو دوای چوار ساڵ لابرا لە ڕێگەی دەنگدانەوە.

دوو بەرەی سەرەکی هەن لەم جەنگەدا، لەسەر ئاستی سەربازی (گۆڕەپانی جەنگ) و لەسەر ئاستی دبلۆماسی (دانوستانەکان)، ئەوانيش ڕووسيا کە بە پێی مەزاج و فکری پوتين ئاڕاستە دەکرێت، لەگەڵ ناتۆ بە سەرکردایەتی ئەمريکا و بە نوێنەرایەتی ئۆکڕانيا. کەواتە بەرەیەکی سەرەکی ئەم جەنگە، پوتينە. پوتين لە گۆڕەپانی جەنگ، دەيەوێت خۆی زاڵ بێت و بەرامبەرەکەی ببەزێنێت بە خەراپترين شێوە. لە دانوستاندا پوتين هەموو شتێکی دەوێت و ئامادەش نييە هيچ بدات. لێرەوە ئەم جەنگە ئاڵۆز دەبێت. چونکە بەرامبەرەکەی پوتين، تەنيا ئۆکڕانيا نييە، بەڵکو ناتۆیە، کە بەهیزترين دەوڵەتی مێژوو لەسەر ئاستی سەربازی و ئابووری سەرکردایەتی دەکات. ئەمريکا دەيەوێت هەر چۆنێک بێت ڕووسيا و پوتين لاواز بکات و ماندووی بکات بە ئۆکڕانياوە بۆ ڕێگرتن لەوەی ڕووسيا ببێتەوە بە جەمسەرێکی سيستەمی جيهانی هاوشانی ئەمريکا، هەر گۆڕانکارييەک لە پێگەی ڕووسيا، ڕاستەوخۆ گۆڕانکاری لە سيتەمی جيهانی  و پێگەی ئەمريکا دەکات.

لەگەڵ ئەوەی ئەمريکا بژاردەکانی زۆرن، بەڵام بژاردەی ئەوەی نييە کە لە ڕووی سەربازييەوە بە قوورسی بچێتە ئەو هاوکێشەیەوە. بۆیە لە ڕێگەی سزای ئابووری و دبلۆماسی و شەڕی بە وەکالەت دەيەوێت بە پێی تێپەربوونی کات ڕووسيا و پوتين شەکەت بکات. تەنانەت تا ئێستاش هاوکارييە سەربازييەکانی ئەمريکا و ناتۆ بۆ ئۆکرانيا، هاوکاریی سنوردارن، زیاتر چەکی بەرگرييە نەک هێرشبەری و چەکی قوورس. چونکە تێکشکاندنی سووپای ڕووسيا بە شێوەیەکی گەورە بە هۆی ناتۆ و ئەمريکاوە، ترسی ئەوەی هەیە پوتين بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و کارەساتاوی وەڵامبداتەوە. ئەوەی ئەمريکا و ئەوروپا سڵی لێ دەکەنەوە تەنيا ئەوەیە کە پوتين لە پێناو پارێزگاريکردن لە شکاندنی کەسایەتی و لە پێناو پاراستنی غروری خۆی، پەنا بباتە بەر چەکی ئەتۆمی. هەر بۆیە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمريکا دەيەوێت لە کەسایەتی و ڕەفتارەکانی پوتين تێبگات لەم چەن مانگ و هەفتەیی دوای.

ئەمريکا و ئۆکڕانيا ڕازی دەبن بە هەندێ سازش بەرامبەر بە هەندێ دەستکەوت. بەڵام تا ئێستا پوتين لەوە دەچێت ڕازی نەبێت بە پێدانی هەندێ شت و بەدەستهێنانی هەندێکی تر. ئەگەر وابێت، ئەوا ڕووسيا لە گۆڕەپانی جەنگدا توندتر دەبێت بۆ ئەوەی لە دانوستانەکاندا هەموو شتێکی دەست بکەوێت بە بێ هيچ پێدانێک. ئەمريکاش دەزانێت بچوکترين سازشی ڕووسيا لەسەر مەرجە سەرەکيەکانی، ئەوا شکستە بۆ پوتين. ئایا پوتين ئەمجارە ئامادە دەبێت هەندێ سازش بکات لە پێناو دوورخستنەوەی ڕووسيا لە ئايندەیەکی نا ديار؟ چونکە بە پێی توێژنەوەکە، سەرەڕای هەموو ئەو خاسيەتە توندانەی کە ئەم جۆرە کەسایەتييە هەیەتی، کەسایەتييەکە وريا و زيرەکن.

ئا: رەنج نەوزاد