ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:05 - 04/03/2022

ئەو شاعیرە ئۆکرانییەی کە 59 ساڵ بەر لە ئێستا، بە کورد دەڵێت (شۆڤینیزم)، خراپترین دوژمنی ھەردوو گەلی کورد و ئۆکرانیيە‌

پەیسەر

جوان عومەر ئەحمەد

هۆنراوەی بۆ برا کوردەکانم  (Курдському братові ) 59 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن شاعیری بەناوبانگی  ئۆکرانی، یان باوکی ئەدەبیاتی  ئۆکرانی، ڤاسیل سیمۆنێنکۆ (Vasyl Symonenko، Василь Андрійович Симоненко) لە مارسی ساڵی 1963 ه‌وه‌ نووسراوە و ساڵی 1965 لە سەمیزدات ((Samizdat بڵاو کراوەتەوە. سەمیزدات، تێرمێک بووە لە ( Soviet dissidents) و ئەگەر وەرگێرانی وشه‌يى بۆ بكه‌ين، دەکاتە بڵاوکراوەی خۆی (النشر الذاتي). ئەم بڵاوکراوه‌يه‌ زیاتر دەستنووس بووە، یان بە شێوەی  کۆپی کۆپیکراو په‌خش كراوه،‌ تا خۆى لە مۆلەت و  سانسۆری یەکێتی سۆڤیەت ڕزگار بكات. بڵاوكراوه‌كه‌ بە نهێنی نووسراوەکانى بڵاوکردووه‌تەوە. وشەی سەمیزدات لە ڕووی ئیتیۆمۆلۆژیيەوە، بە واتای: سام، یان خود دێت. هەربۆیە زۆرێک لە بیروڕاکان بە بڵاوکراوەی خودی، يان خۆیی ناويان بردووه‌. بە بۆچونی شاعیری به‌ناوبانگى ڕووسى (نیکۆلا گلاسکۆڤ)، سەمیزدات واته‌: بڵاوکراوەى نهێنی.

 

لە دوای کۆچی دوایی (ڤاسیل سیمۆنێنکۆ) لە گۆڤاری سوچاسنیست، یان زوخئاسنێست (Suchasnist) لە لاپەرە 10دا ئه‌م ناوه‌رۆكه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

 

"کورد کۆمۆ براتۆڤی" بە یەکێک لە گەورەترین کارەکانی ڤاسیل سیمۆنێنکۆ وەسف کراوە و سیمۆنێنکۆی کردووە به‌ پاڵەوانی نەتەوەیی و یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییەکانی ئەدەبی ئۆکرانى، ئەم هۆنراوەیەيه‌تى كه‌ لە لوتکەی  جەنگی نێوان ئێراق و کورددا دەرکەوتووه‌، کاتێك یەکێتی سۆڤیەت تێیدا بەشدار بوو. لە ساڵی 2008دا کۆبەرهەمەکانی ڤاسیل سیمۆنێنکۆ دووبارە چاپکرايه‌وه‌ و له‌ لاپەڕە22 دا، (بۆ برا کوردەکانم)ى تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

 

هۆنراوەکەی ڤاسیل سیمۆنینکۆ، شەش ستانزای (چوارینە)ييه‌ و لە چوارینەی یەکەمدا، بە پێناسەی شۆڤێنیستەکان دەست پێدەکات کە خاکی کورد داگیر دەکەن. لە چوارینەی دووەمدا، سیمۆنێنکۆ داوا لە کوردەکان دەکات و هانیان  دەدات تا شەڕ لەگەڵ داگیرکەر و ستەمکاردا بکەن، کە ئامانجیان  بنبڕکردنی زمانی کوردی و گەلی کوردە. لە  چوارینەی کۆتایشدا سیمۆنێنکۆ وشەی 'ئێمە' دەناسێنێت و دووپاتی دەکاتەوە کە شۆڤێنیزم و فێڵ و تەڵەکەكانى له‌  خراپترین دوژمنه‌كانى هەردوو گەلی کورد و ئۆکراینییەکانن.

هەڵبەت وەرگێرانی دەقێکی ئەدەبی و بەتایبەتیش بە زمانی ئۆکرانی نووسرابێت ( کە من شارەزای ئەو زمانە نیم و بەکاری خۆمی نازانم) ئاراسته‌ى كار و شاره‌زايى ئه‌و خوێندکارە کوردانەی ده‌كه‌م كه‌ زمانی ئوکرانی دەزانن و لە یەک لە زانکۆکانی ئەوێ دەخوێنن. ئەوەی دەتوانم لێره‌دا پێشکەشی بکەم، دەقی هۆنراوەکەيه‌ بە زمانی ئۆکرانی لەبەرانبەر زمانی ئۆکرانی لەسەرچاوەکاندا، وەرگێرانە کوردييه‌كه‌م دەستکەوت کە بە تیبپی لاتینی نووسراوە.

لە ساڵی 1968 مامۆستایەکی کۆلێژی کشتوکاڵ بە ناوی (میکۆلا کۆتس) بە حەوت ساڵ لە ئۆردوگا و پێنج ساڵ لە تاراوگە سزا درا، پاش بڵاوکردنەوەی کۆپی هۆنراوەکە کە تێیدا وشەی کوردی بە ئۆکرانی گۆڕیبوو.

سڤیلانا کۆبتسی مامۆستای وێژە و زانستە مرۆییەکانە لە زانکۆی تۆرۆنتۆ، هەڵگری بڕاوانامەی دکتۆرایە لە زمانی سلاڤی لە زانکۆی ئیرینۆس،   توێژینەوەکانی تایبەتن بە ئەدەب و کەلتوری ڕووسی، ئۆکرانی و بەراوردكارى ئەدەبیاتی ڕیالیزم بە ئینگلیزيی و جیهانی. سڤیلانا کۆبتسی باس لەوە دەکات کە هۆنراوەکەی سیمۆنێنکۆ بووبووه‌ سیمبوڵی زیندووکردنەوەی بیری نەتەوەیی و بەرگری لە چەوساندنەوەی سۆڤیەت، کاتێک هۆنراوەکە بەنهێنی بڵاو کرایەوە، پەیوەندی بەخواستەکانی ئازادکردنی ئۆکرانیا لە یەکێتی سۆڤیەتەوە هەبوو و وەرگرتنی سیمۆنێنکۆش بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی کورد واتايه‌كى جیهانی بەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازيی ئۆکرانی به‌خشى.

سیمۆنێنکۆ خۆی ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ کە هاوشێوەیی مێژوویی پێویستە، چونکە تاوانباری باو شۆڤێنیزمە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆکرانییەکان سەبارەت بە بێ دەوڵەتی، ئەگەر شەڕی ڕژێمی سۆڤیەت نەکەن لە هەمان دۆخی کورددا کۆتایی پێ دێت!
ڤاسیل سیمۆنینکۆ (Vasyl Symonenko)

لە 08-01- 1935 لە گوندی بیڤیتسی، خارکیڤ لەدایک بووە. شاعیریکی  ناسراوی ئۆکرانی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی بزووتنەوەی ناڕەزای بووە.  بە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگه‌كانى ئەدەبی ئۆکرانی سەرەتای 1960 دادەنرێت. بەڕای مۆزەخانەی بزووتنەوەی ناڕازی لە کیڤ، کارەکانى ڤاسیل سیمۆنێنکۆ کاریگەرییەکی زۆريان هەبووه‌ لەسەر سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ديموکراتيی نەتەوەیی لە ئۆکرانیادا.
ڤاسیل لە خێزانێکی جوتیار لە گوندی بیڤیتسی، خارکیڤ ئۆبلاست(Biyivtsi, Kharkiv Oblast) (ئەمڕۆ - پۆڵتاڤا ئۆبلاست) لەدایک بووە.

پاش تەواوکردنی خوێندن،  لە زانکۆی ویلایەتی کیڤ لە ساڵی 1957، لە چەندین ڕۆژنامە جیاواز  لە هەرێمی چەرکەسی ئۆبلاست کاری کردووە.

یەکەمین پەرتووکی شیعری بەناوی (بێدەنگی و هەورەبروسکە) " Silence and thunder " لە ساڵی 1962دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و بەهرەی سیمۆنێنکۆی لە ناو شاعیرە لاوەکاندا ئاشکرا کردووه‌.

لە کۆتایی ساڵەکانی تەمەنيدا، ڤاسیل سیمۆنێنکۆ پەرتووکی  دووەمی بە ناوی (هێزی ڕاکێشانی زەوی) (Earth’s gravity) چاپ کرا.
سیمۆنێنکۆ لە ساڵی 1963  لەلایەن کارمەندەکانی میلیتسیا پۆلیس و سوپای ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت، لە وێستگەی شەمەندەفەری سمێلا (Smila) زۆر بە توندی ئەشکەنجەی ده‌درێت و  ئه‌م كاره‌ ده‌بێته‌ هۆى سستبوونى گورچیلەکانی  و دواجار بە هۆی وەستانی گورچیلەکانيیەوە لە نەخۆشخانەی ناوخۆیی لە 13ی کانوونی یەکەمی 1963 کۆچی دوایی ده‌كات.

 

پاش کۆچی دوایی، هۆنراوەی (گەشتکردن بۆ وڵاتی بە پێچەوانەوە) لە ساڵی 1964دا بڵاوکرایەوە.
بە پێزترین کۆکراوەی کارەکانی سیمۆنێنکۆ لە دەرەوەی وڵات، بە ناونیشانی "Ччы" لە میونشن (1963) بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.
لە ساڵی 1967 خانەی بڵاوکردنه‌وه‌ى "سمۆلۆسکیپ" لە بالتیمۆر كه‌ لەلایەن کۆچبەرانی ئۆکرانیيەوە دروست کراوە، به‌ناوى ناوی ڤاسیل سیمۆنێنکۆی ناونراوه‌.
لە کانوونی یەکەمی 2008دا، بانکی نەتەوەیی ئۆکرانیا، دراوێکی یادکردنەوەی "ڤاسیل سیمۆنێنکۆ" لە زنجیرەی کەسایەتییە دیارەکانی ئۆکرانیا به‌ ناوى ئه‌مه‌وه‌  دەرکرد.

 سەبارەت بە لەیەکچوونی شۆڕشی ئۆکرانیا و کورد:
 لە 13 ئابی ساڵی   2004 لە ڕادیۆی سڤۆدا ((Svoboda ئۆکرانی بەرنامەیەکی تایبەت سەبارەت بە لەیەکچوونی کورد و ئۆکرانی لەلایەن ڤۆلۆدیمیر لیاشکۆ )کە هەر خودی خۆی  پێشکەشکار و ئامادەکاری پرۆگرامەکە بوو، پێشکەش کرا.
ڤۆلۆدیمیر لیاشکۆ (Volodymyr Lyashko) بەوردی پێناسەی کورد و نەهاماتيیەکانی و مێژوو و شۆڕشە یەکلەدوایەکەکانی کوردی کرد و ئاماژەی بەوە کرد  کە کوردیش هاوشێوەی ئۆکرانيیەکان لە 200 ساڵی ڕابردوودا بەئێستاشەوە بەردەوام شەڕی زمان و کەلتوور و خاکى كردووه‌.

ڤۆلۆدیمیر لیاشکۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە دەرئەنجامی جەنگ و ئاوارەبوون و داگیرکارى کوردانێکی زۆرى ئاوارەی وڵاتانی دنیا و به‌ تایبەتریش ئەوروپا كردووه. لە وڵاتی ئۆکرانیاش بە پێی سەرژمێریيەکانی ساڵی 2001  زیاتر لە 2088 کەس خۆیان بە کورد ناساندووە کە هەندێکیان بە زمانی ڕووسی گفتوگۆ دەکەن.

لە هەمان پرۆگرامدا، ڤۆلۆدیمیر بانگێشتی  عەلی ئاتی (Atti Ali)  نوێنەری دیاسپۆرای کوردی لە ئۆکرانیا کردبوو، ئه‌ويش ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا زیاتر لە 25 هەزار کورد دانیشتووی ئۆکرانیان، بەڵام هیچ سەرچاوە و ئامارێکی فەرمی نيیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی. کوردەکان زیاتر دانیشتووی شارەکانی: میکولایڤ، خەرسۆن، ئۆدیسا، سیمفەرۆپۆل و  دەژانکان.  كورد لە خارکیڤ و کیڤ کورد زۆره‌. بە پێی خەمڵاندنەکانی عەلی، زیاتر لە هەزار کورد لە کیڤ دەژین. لە درێژەی قسەکانیدا عەلی تیشکی خستەسەر جێگیربوونی کوردانێکی زۆری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان  و تێدا بەڕوونی باسی لە زەمینە نەتەوەییەکان کرد کە بوونه‌ته‌ هۆکارێک بۆ نیشته‌جێبوونی کوردەکان و هاتنیان تەنانەت لە جۆرجیا و ئەرمینیاوە بۆ ئۆکرانیا. هەروەها باسی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و کۆنسێرتەکان کرد کە کوردێکی زۆر ئامادەی دەبن. له‌ كۆتاييشدا عەلی سوپاسی ڕادیۆی سڤۆدا ((Svoboda کرد کە گرنگيیان بە نەتەوەکەی داوە و بەرنامەیەکی تایبەتيیان لەسەر ئامادە کردووە.

هەروەها لە 4 حوزەیرانی ساڵی 2003 عەلی ئاتی لە چاوپێکەتنێکی تردا کە سەبارەت بە دۆزی کورد لە لایەن سەرنووسەری ڕۆژنامەی خرێشاتیکەوە ئامادە کرابوو، لە وەڵامی پرسیارێکدا ئاماژەی بەوە کرد كه‌ دۆزی ئەم دوو نەتەوەیە و سەربەخۆ نەبوونی کورد دۆخێکی ئێجگار ئاڵۆزە و پەیوەستە بە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەلاتی ناوەند و ڕێککەوتنی هەر چوار وڵاتی داگیرکەر (ئێراق، ئێران، تورکیا و سوریا)وە. هەر بۆنموونە من وەک کوردێکی ڕۆژئاوای وڵات، گەر بمەوێت لە زانستگایەکی وڵاتی سوریا بخوێنم، دەبێت وەک عەرەب تۆمار کرابێتم نەک کورد!

عەلی ئاتی (Atti Ali) سەرۆکی دیاسپۆرای کوردی لە ئۆکرانیا Kurdish Diaspora in Ukraine.
عەلی ئاتی:  لە ساڵی 1965 لە شاری کۆبانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دایک بووە. لە ساڵی 1986 بۆ خوێندن چووه‌تە یەکێتيی سۆڤێتی جاران. عەلی لە خێزانێکی جوتیار چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و خاوەنی پێنج برا و چوار خوشکە. لە وڵاتی دایک ساڵی یەکەمی کۆلێژی یاسای خوێندووە و دواتر چووه‌ته‌ کیڤ و لەوێ لەبەر بوونی ئارازوى بۆ ماتماتیک، بڕیاری گۆڕینی کۆلیژەکەیداوه‌ و  لەدوای خوێندنی زمانی ڕووسی، کۆلێژی ئەندازیاری فڕۆکەى ته‌واو كردووه‌.  ساڵی 1993 دکتۆرای لە زانکۆی کییڤ بەدەست هێناوه‌. عەلی لە ساڵی 1987 هاوسەرگیری لەگەل کچێکی کورد کردووە و هەر لە کێیڤ نیشتەجێيه ‌و و خاوەنی دوو کیژۆڵەن بە ناوەکانی: سیڤان و ئارین.

تێبینی:

مێژوی کۆچی کورد و نیشتەجێبوونیان لە ئۆکرانیا بە پێی داتا فەرميیەکانی ئۆکرانیا:
بەپێی سەرژمێریی کیڤ لە 16ی ئازاری 1919دا، 2 کورد لەو شارەدا ژیاون كه‌ بە شێوەزاری کرمانجی قسەیان کردووە. هەروەها بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1926ی ئۆکراین، تەنها یەک کورد هەبووه‌ کە ئەویش نیشتەجێی یەکێک لە گوندەکان بووە. بە تێپەربونی  کات، ژمارەی کورد لەئۆکرانيا زیادی کرد بەڵام بێبایەخ مایەوە تا سەربەخۆیی ئۆکرانیا کە ژمارەیان نزیکەی 50-250 بوون بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1939، 90 کورد لە ئۆکراین ژیاون
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1959ی ئۆکرانیا ، 65 کورد لەو وڵاتە نیشتەجێ بوون.
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1970، 117 کورد لە ئۆکرانیا ژیاون.
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1979، 122 کوردی لێ بووە.
بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1989 کوردەکان ژمارەیان 238 و 132 یان (55.46٪) کورد بە  زمانی دایکی گفتوگۆیان کردووە ، 77 (32.35٪) - ڕووسی، 13 (5.46٪) - ئۆکرانی، 16 (6.72٪) - زمانەکانی تر بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1989 لە کۆی 238 کورد 151 (63.45٪) و 87 ژن (36.55٪) بووە 179 کەس (75.21٪) لە ناوچە شارستانییەکاندا ژیاون، 59 کەس (24.79٪) لە گوندەکاندا. هۆکاری هەڵئاوسان و زیادبوونی  ژمارەی کوردەکانی ئۆکرانیا بەپێی سەرژمێری ساڵی 1989 بەبەراورد لەگەڵ سەرژمێری ساڵی 1979دا لێشاوی ئاوارە ئەرمەنییەکان بوون.  لەدوای بوومەلەرزەی سپیتاکی  ساڵی 1988 کە ناوچە کوردنشینەکانی ئەرمەنستان هەژاندبوو، سەرەڕای ئەوەش لێکهەڵوەشانی یەکێتيی سۆڤیەت ئاسانکاری کرد بۆ کۆچکردنی کورد لە یەکێتيی سۆڤیەتی پێشووەوە بۆ ئۆکرانیا. زۆربەی کوردە ئێزیدیيەکان  بە شەپۆلێکی تری پەنابەران هاتن بۆ ئۆکرانیا لە ئەنجامی یەکەم جەنگی ناگۆرنۆ - کەراباخ لە ساڵی 1993 کە لە ناوچەکە ڕووی دا، کە لە مێژوودا بە کوردستانی سوور ناسراوە، ئەم شەپۆلەی کۆچکردن هەردوو کوردی موسڵمان و ئێزدی لەخۆ گرتبوو.

ژمارەی کوردانی ئۆکرانیا بەپێی هەرێم بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2001
لەماوەی ساڵانی سەربەخۆیی ئۆکرانیادا چەندین جار دیاسپۆرای کوردی گەشەی کردووە. بەپێی سەرژمێریی ئۆکرانی ساڵی 2001، 2088 کورد لە ئۆکرانیا ژیاون (0.004٪ ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە)، کە نزیکەی 10 جار زیاترە لە دوایین سەرژمێری ساڵی 1989.  بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2001، 1173 کوردی ئۆکرانیا (56.18٪)، ئۆکرانیا - 236 کەس (11.30٪)، ڕووسی - 396 کەس (18.97٪)، زمانەکانی تر - 278 کەس (13.31٪) زۆربەی کوردەکان بەپێی سەرژمێرییەکە لەناوچەی لوهانسک ژیاون (470 کەس کە 22.51٪ ی هەموو کوردەکانی ئۆکرانیان) کە 200 کەس لە شارۆچکەی دۆڤژانسکی (1.41٪ ی دانیشتووانی شارۆچکەبوون)
لە 28ی ئەیلولی 1995، کۆمەڵەی ڕێکخراوە گشتییەکانی کورد "MIDIA" (AKGO "MIDIA") بە فەرمی لە کیڤ دامه‌زرا.
جگە لە کورد، ئێزیەديیەکانیش وەک گروپێکی کەمە نەتەوەی سەربەخۆ خۆیان دەناسێنن و لە هیچ کام لەو سەرژمێریانەدا خۆیان بە کو‌رد ناوزەند نەکردووه‌ و لە ئامارەکاندا ئاماژەیان پێ نەکراوە.
لە کاتێکدا ئەوان پەیڕەوی ئاینی ئێزیدی دەکەن و بە شێوه‌زمانی کرمانجی کوردی دەئاخڤن.
لە کۆتایدا بەھیوام توانیبێتم ھەندێک بەرچاو رونی و زانیاری سەبارەت بە مێژوی پەیوەندی کورد و ئۆکراینیا بە خوێنەران گەیاندبێت، ھیوای ئاشتی و ئاشتەوایی بۆ گەلی کورد و بۆ سەرجەم گەلانی دوونیا و گەلی ئۆکراینیا ئەخوازم.