ڕاپۆرتی کوردستانی

10:56 - 16/03/2022

ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆنی سێو مه‌رگی هێنا‌

پەیسەر

لە کۆتاییەکانی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) و ٣٤ ساڵ بەرلەئێستا، رژێمی بەعس لە عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشیکردە سەر شاری هەڵەبجە و زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهید بوون.


بۆردومانکردنی هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا بوو کە رژێمی بەعس لە عێراق لەسەر ناوچە کوردییەکان دەستی پێکردبوو لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و راگواستنی خەڵکی گوندەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کە حکوومەت لە نزیک شارەکان دروستی کردبوو.


کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ تا بەرەبەیانی رۆژی دواتر، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق ١٥ جار شاری هەڵەبجەیان بۆردومان کرد، لەهەر جارێکدا نزیکی ١٠ فرۆکە بەشدارییان لە بۆردومانکردنەکەدا کرد.


لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا کاریگەرییەکانی ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، دەرکەوتن و هەزاران کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.


ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، بۆنی سێو و میوەیان لە شارەکەدا بڵاوکردەوە، ئەمە بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە شتێکی نامۆ بوو بۆیە بەشێکی زۆریان لە ژێرزەمینی ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەشێکیشیان لە دوانیوەڕۆوە هەوڵی هەڵاتن و رزگاربوونیاندا لەژێر بۆردومانی فرۆکەکانی بەعس، بەڵام دواتر ئەو بۆنی سێوەی شارەکەی گرتەوە کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی دروستکرد کە تا ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان کە جیهاندا ئەنجامدراوە.


هەڵەبجە بە فڕۆکەکانی (سیخۆ و میراج) بۆردومانکرا لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ بۆردومانەکە دەستی پێکرد و تا بەرەبەیانی ١٧ی ئادار بەردەوام بوو، شارەکە ١٥ جار هێرشی کرایە سەر و زیاتر لە ٢٠٠ بۆمبی ٥٠٠ کیلۆگرامی بەسەردا خرایە خوارەوە کە گازەکانی (خەردەل، سیانید، فۆسفۆر و دەمارەکان) لە بۆردومانەکەدا بەکارهات کە هەموو شتێکی زیندوویان لە شارەکەدا بە مرۆڤ، باڵندە، ئاژەڵ و دار و درەختەوە خنکاند.


تا ئێستا ئامارێکی دروست و وردی ژمارەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەبەردەستدا نییە و سەرژمێرییەکی ورد نەکراوە، بەڵام قوربانییەکان بە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و ١٠ هەزار بریندار مەزەندە دەکرێت.


بەپێی سەرژمێری و ئامارێکی نافەرمی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، پێنج هەزار و ٤٦٠ قوربانی تۆمارکراوە، ئاماری بریندارەکانیش کە لە ١٤ کەمپی چارەسەری ئێرانییەکان وەرگیراوە ١٢ هەزار و ٨٠٠ کەس دوای کارەساتەکە لە ئێران چارەسەرکراون کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و هەر لە ئێران بەخاکسپێردراون.


عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، بە تاوانباری سەرەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دادەنرێت و ئەوەی روویدا لەژێر بڕیار و فەرمانی ئەودا جێبەجێکرا.
عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حسین سەرکۆماری عێراق بوو بە دەستە راستیشی دادەنرا، لەدوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە خەڵکی کوردستان ناسناوی (عەلی کیمیاویی)یان پێدا.


بەهاری ساڵی ١٩٨٧ حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق بڕیاری گۆڕانکاریدا لە پۆستی بەرپرسی نووسینگەی رێکخستنی باکوور کە تایبەت بوو بە بەرپەرچدانەی شۆڕشی پێشمەرگە و گرتنەوەدەستی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی حکوومەتی بەعسی تێدا نەمابوو، چونکە ئەوکات بەعس لە کوردستاندا تەنیا لە سەنتەری پارێزگاکان، قەزا و ناحیەکان دەسەڵاتی مابوو، بەشی زۆری گوندەکان و رێگا لاوەکییەکان لەدەستی هێزی پێشمەرگەدا بوو.


حکوومەت بڕیاریدا پۆستی بەرپرسی نووسینگەی رێکخستنی باکوور لە (محەمەد حەمزە زوبەیدی) وەربگرێتەوە و پۆستەکەیدا بە (عەلی حەسەن مەجید)ی ئامۆزای سەدام حسێن و دەسەڵاتی تەواو و رەهاشی پێدرا بۆ بەرپەرچدانەوەی شۆڕشی پیشمەرگە و گێرانەوەی دەسەڵاتی حکوومەت بۆ ناوچە کوردنشینەکان و سەرپشک کرا لەوەی چ سیاسەتێک بەکاردەهێنێت.


عەلی حەسەن مەجید لەدوای دەستبەکاربوونی سەرپەرشتی شاڵاوەکانی ئەنفال و شەڕی پێشمەرگەی کرد و هەموو جۆرە زەبروزەنگ و توندوتیژییەکی بەکارهێنا و راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی شاڵاوی سێیەمی ئەنفالی کرد کە بە قورسترین قۆناغی ئەنفال ناودەبرێت.


عەلی حەسەن مەجید لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، بڕیاری چۆڵکردن و کاولکردنی سەرجەم گوندەکانی کوردستانی دەرکرد بۆ ئەوەی دەستی هاوکاریی لە پێشمەرگە ببڕێت، بۆ ئەمەش زیاتر لە چوار هەزار گوند خاپوورکران و لەگەڵ زەویدا تەختکران و ناوی (ناوچە حەرامکراوەکان)ی لێنرا.


عەلی کیمیایی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی نووسینگەی باکوور و لێپرسراوانی بارەگاکانی بەعس لە پارێزگا کوردییەکان کە لە ٢٦ی ئایاری ١٩٨٧ ئەنجام دراوە، گوتوویەتی "پلانم بۆ لەناوبردنی پێشمەرگە داناوە لە رووبەرێکی بچووکدا گەمارۆیان دەدەم ‌و دواتر بە چەکی کیمیایی ھێرش دەکەمە سەریان و هەموویان لەناودەبەم".


لە شاڵاوەکانیشیدا چەند جارێک چەکی کیمیایی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بەکارهێنا و دەیان قوربانی لێکەوتەوە و لە لووتکەی تاوانەکانیشیدا هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد.


کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی ناوچەکەدا، هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر خەڵکی شارەکە و زەوییەکەشی ماوە، تا ئێستاش ژمارەیەک لە بەرکەوتەی ئەو گازە خنکێنەرە بە ئازاری جەستە و دەرونیانەوە دەناڵێنن.


ئەو کاتەی هەڵەبجە بۆردومان کرا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بێدەنگییان هەڵبژارد و کەس لەسەر هەڵەبجە هیچی نەوت، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بەوهۆیەی ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانی حکوومەتی عێراق بوون و دژبە ئێران بوون، لەسەر تاوانەکە بێدەنگ بوون.


رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەهەمان شێوە بێدەنگی هەڵبژراد و هیچی لەسەر تاوانەکە نەوت لەکاتێکدا پەیماننامەی رێکخراوەکە رێگای پێداون لەکاتی ئەنجامدانی تاوانە مرۆییەکاندا، ئەنجامدەرانی بدەنە دادگا، بەڵام لەبری ئەوە بێدەنگ بوو و هەر لەو ساڵەشدا، ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە هێزی ئاشتیپارێزی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.


لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥ ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق بە یاسای ژمارە ١٠ دادگای باڵای تاوانەکانی لە عێراق پێکهێنا بۆ دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، دادگاکە ٥٥ کەسی وەک داواکراوی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لە عێرقدا دەستنیشانکرد و تۆمەتبارانی کیمیابارانی هەڵەبجەش لەنێویاندابوون.


یەکێک لەو کەیسانەی سەرانی رژێمی بەعسی لەو دادگایە لەسەر دادگاییکرا، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو.


یەکەم دانیشتنی دادگاش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا و لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.


لە رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ دوای هەشت رۆژ لە بڕیارەکەی دادگا، سزاکەی سەر عەلی کیمیایی جێبەجێکرا و لە سێدارەدرا، دواتریش لە ساڵی ٢٠١٢ ئەو پەتەی عەلی حەسەن مەجیدی پێ لەسێدارەدرا هێنرایەوە بۆ هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دانرا.


بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ ناساندنی کەیسەکە وەک تاوانی دژبە مرۆڤایەتی بەدڵی ئەو کەسانە نەبوو کە سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد بۆیە بڕیاری تێهەڵچوونەوە دراو و دواتر و پاش تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە لە رۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠١٠ لەدوای ٣٤ دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە، دادگا بڕیاریدا لەبری تاوانی دژبە مرۆڤایەتی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت، هەریەک لە (سوڵتان ھاشم، فەرحان موتڵەگ و سابر عەبدولعەزیز)یش بە ١٥ ساڵ زیندانیکردن سزادران.


دواتریش پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ١٧ی ئاداری ٢٠١١ لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە ١٢ کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووان و قوربانییانی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە کە ئەرکێکی یاسایی حکوومەتە و دەبوو بیکات.

کەیسی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تا ئێستا لەسەر ئاستی دنیا بە جینۆساید بە یاسا دانیپێدا نەنراوە، تەنیا پەرلەمانی کەنەدا لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٠ دانیپێدانا ئەوانیش بە (تاوانی دژبە مرۆڤایەتی) نەک (جینۆساید).


رێکخراوی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتیش لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٣ تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند هەڵەبجەشی بە سێیەمین ناوچەی کارەساتبار لە مێژووی رێکخراوەکە ناساند، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش بە جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا و واش بڕیاربوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەربکەن تاوەکو لەوێ بە جینۆساید بناسێندرێت، چونکە رێکخراوەکە ١٥٧ وڵات و پێنج هەزار و ٧١٢ سەرۆک شارەوانی ئەندامن تیادا، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی نەبووە و لە دنیادا تاوانی دژبە هەڵەبجە وەک جینۆساید دانیپێدا نانرێت.