عیراق

10:35 - 06/04/2022

ئه‌مڕۆ ماوەی دەستووریی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار کۆتایی دێت‌

پەیسەر

ئەمڕۆ چوارشەممە، شەشی نیسانی ٢٠٢٢، ماوەی دەستووریی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق کۆتایی دێت، ئەمەیش دوای ئەوەی لە ماوەی یەک مانگدا دوای یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی نوێنەران، بەھۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە، نەتوانرا سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت.

ھاوکات چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی، بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ دەستووریی ھەمیشەیی یەکلایی بکاتەوە کە تایبەتە بە دۆسیەی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار.

بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەوە دەنگی پێ بدرێت.

لە دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی نۆی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، تا ئێستا تەنھا محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردران.

رۆژی ١٣ی شوباتی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرکۆمار بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی سەرکۆماری نوێ ھەڵدەبژێردرێت، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە لە ئەگەری درەنگکەوتنی ھەڵبژاردنی سەرکۆمار، ئەوا ھیچ بۆشاییەکی دەستووریی و یاسایی لە عێراقدا شایەنی باس نابێت.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوتی شوباتی رابردوو، هەروەها ٢٦ و ٣٠ی مانگی ئاداری رابردوو، ھەوڵیدا سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەوەیش بەھۆی رێک نەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی یەکلاییکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.

ئەمەیش لە کاتێکدایە لە یەکی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەھۆی ئەوەی نەیتوانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنێت، دەرفەتی ٤٠ رۆژی دایە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی کە حکوومەت سازانی نیشتمانی بەبێ رەوتی سەدر پێکبھێنن.

ناکۆکییەکانی رەتی سەدر لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی (ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە)، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق چەقبەستوو کردووە.

لەئێستادا چوارچێوەی ھەماھەنگی شاندێکی دانوستانکاری بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی پێکھێناوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا گفتوگۆگردن لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێ سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات لەنێویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئه‌نادۆڵ