عیراق

04:34 - 12/04/2022

چوارچێوەی هەماهەنگی مەرجەكەی سەدری رەتكردەوە‌

پەیسەر

 

چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، رایگەیاند، ئەو وادەیە رەت دەکاتەوە کە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەد سەدر لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ دیاری کردووە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی کە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزوتنەوەی عەتا، بزوتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە پێکھاتووە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "بەھیچ شێوەیەک ھەوڵیان بۆ تاکڕەویی لەدەسەڵات و پەراوێزخستنی لایەنەکانی دیکە نەداوە، بۆیە پابەند نابین بە ھیچ وادەیەکی دیاریکراو کە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ دیاریبکرێت، چونکە ئەوا تەنھا چەقبەستووی سیاسی لێ دەکەوێتەوە".

چوارچێوەی ھەماھەنگی، جەختدەكاتەوە ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لەسەر واقعی ئێستا بگەتە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە، دوور لە تاکڕەویی و پەڕاوێزخستن، ھەروەھا پەرۆشی ئەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە ھاوکار بێت بەتایبەتیش بۆ پێکھێنانی گەورەترین پێکھاتە ئەوەیش بەئامانجی بەدیھێنانی بەرژەوەندی وڵات.

لە یەکی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەھۆی ئەوەی نەیتوانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنێت، دەرفەتی ٤٠ رۆژی دایە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی کە حکومەتی سازانی نیشتمانی بەبێ رەوتی سەدر پێکبھێنن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە حەوتی شوباتی رابردوو، ھەروەھا ٢٦ و ٣٠ی مانگی ئاداری رابردوو، نەیتوانی سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، بەو هۆیەوە دۆخی عێراق گەیشتوەتە بنبەستی سیاسی.