لێکۆڵینەوە

09:22 - 14/04/2022

ئەنفال لە ریزی دە کۆمەڵکوژییە ترسناکەکەی مێژوودایە‌‌

پەیسەر

ئەو کارەساتە مەرگاوییەی ٣١ ساڵ بەر لە ئێستا سەدام حسێن و حکومەتی بەعس بە سەر کوردی هێنا، یەکێکە لە دە ترسناکترین کۆمەڵکوژییەکان کە تا ئێستا مێژوو بە خۆیەوە بینیویەتی. 

جینۆساید بە هەرچەشنە هەوڵ و کردەوەیەک بۆ سڕینەوەی فیزیکی بەشێک یا کۆی گرووپێکی ئەتنیکی، نەتەوەیی، ئایینی، نەژادی یان ئایدۆلۆژیی دەوترێت کە لە سەر دەستی دەسەڵات یان گرووپێکی دیکەوە ئەنجام دەدرێت.

هەرچەندە بە گشتی کۆدەنگییەک لە پێناسەکردنی جینۆساید و کۆمەڵکوژیدا بەدی ناکرێت و ڕای جیاواز لەمبارەوە هەیە، بەڵام بە گشتی ئاماژەیە بە تەفروتوناکردنی بە ئەنقەستی گرووپێک بە هەر هۆکارێک بێت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "لیست ڤەرەس" دە لە ترسناکترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بەمشێوەیە کە لە خوارەوە و بە پێی ژمارە لە ١٠وە بۆ یەک ڕیز کراون:

 ١٠-‌ جینۆسایدی ئەنفال

"لیست ڤەرەس" نووسیویەتی کوردەکان گەلێکی کۆنی ئارین کە لە چەندین وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین. مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٢٠% دانیشتوانی عێراق کورد بن و زیاتر لە باکووری ئەم وڵاتەدا دەژین و بەردەوام لە دژی حکومەتەکانی ئەو وڵاتەدا لە تێکۆشاندا بوون. پێکدادانی کوردەکان لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێراندا گەیشتبووە لووتکە و رژێمی سەدام ساڵی ١٩٨٨ کۆمەڵکوژیی ئەنفالی لە دژی کوردەکان دەست پێکرد.

عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای سەدام فەرماندەیی ئەم شاڵاوەی لە ئەستۆ بوو و بەهۆی بەکارهێنانی گازی کیمیایی بە "عەلی کیمیایی" ناوی دەرکرد. مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ١٨٠ هەزار کورد لە شاڵاوی ئەنفالدا کوژرابن. عەلی حەسەن مەجید دواتر لە لایەن سوپای ئەمریکاوە دەستبەسەر کرا و بە تاوانی جەنگی لەسێدارە درا.

9-‌ جینۆسایدی مۆریۆری


مائۆرییەکانی خەڵکی خۆجێیی دوورگەکانی پۆلینزیی نیوزیلەندان کە زیاتر لە ٨٠٠ ساڵ لەو ناوچەیەدا ژیاون. نزیکەی ٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، گروپێک لە مائۆرییەکان بەرەو دوورگەکانی چاتام کۆچبەر بوون و  کۆمەڵگایەکیان لە سەر بنەمای ژیانێکی ئاشتیخوازانە بونیاد نا و ناوی "مۆریۆری"یان بۆ خۆیان هەڵبژارد.

پاشماوەی خێڵە جەنگاوەرەکانی مائۆری لەگەڵ ئەمریکی و ئەورووپییەکان پەیوەندییان دروستکرد، ساڵی ١٨٣٥ مائۆرییەکان بە چەک و چۆڵێکی زۆرەوە ڕوویان کردە دوورگەکانی چاتام و دەستیان بە کوشتن و خواردنی خزم و کەسەکانی خۆیان کرد. کێ بە ساخی مایەوە، بووە کۆیلە و ناچار بوون لەگەڵ مائۆرییەکان هاوسەرگیری بکەن. لە ماوەی کەمتر لە سی ساڵدا تەنیا ١٠١ مۆریۆری بە زیندوویی مانەوە. دوایی مۆریۆریی ڕەسەن ساڵی ١٩٣٥ مرد.

٨-‌ جینۆسایدی ڕواندا


هۆتۆکان و تووتسییەکانیش پێدەچێت وەک مائۆری و مۆریۆرییەکان هاوڕەچەڵەک بن. لە ڕاستیدا پێش لە هاتنی داگیرکەرانی بەلجیکی و ئەڵمانی، دژایەتییەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا نەبوو. ئەورووپییەکان داهاتە ئابوورییەکانیان لە نێو هەر دوو گرووپدا دابەش کرد و لە ئەنجامدا تووتسییەکان دەوڵەمەندتر بوون. تووتسییەکان بە ساڵان دەسەڵاتی ڕواندایان بە دەستەوە بوو و یاسا و ڕێساکانی خۆیان بە زۆر و جارجارە بە توندوتیژی بەسەر خەڵکی هۆتۆدا دەسەپاند. بەڵام لە سەرەی نەوەدەکاندا ڕاپەڕین دەستی پێکرد و هۆتۆییەکان دەستیان بە کوشتاری بە کۆمەڵی تووتسییەکان کرد. سەدان هەزار کەس کوژران. شێوازی سەرەکی بۆ کوشتن،  بەکارهێنانی چەقۆ بوو، چونکە چەک و تەقەمنی زۆر گران بوون و بە ئاسانی دەستیان نەدەکەوت.

٧-‌ قات و قڕیی پەتاتە لە ئیرلەندا


لە حاڵێکدا کە ناکرێت بەریتانیا بە بەرپرسیاریی ڕاستەوخۆی قات و قڕیی پەتاتە لە ئیرلەندا لە قەڵەم بدرێت، بەڵام مێژوونووسان دەڵێن کەمتەرخەمیی بەریتانیا بۆ دابینکردن ئەم خۆراکە، دەکرێت بە واتای جینۆسایدکردن بێتە ئەژمار. شەڕی نێوان بەریتانییە پڕۆتستانەکان و ئیرلەندییە کاسۆلیکەکان سەدان ساڵ درێژەی هەبوو و تا ئێستاش بە سەرکردایەتی "سوپای کۆماریخوازی ئیرلەندا" درێژەی هەیە.


لە نێوان ساڵانی ١٨٤٦ بۆ ١٨٥٢ هەزاران کەس بە هۆی نەخۆشی و برسییەتییەوە بوونە قوربانی. خاوەن زەوییە بەریتانییە دەوڵەمەندەکان، کاتێک جوتیاران توانای پێدانی کڕێیان نەبوو، لە زەوییەکان دەریاندەکردن. لە ئەنجامدا یەک میلیۆن کەس بوونە قوربانی و میلیۆنێکیش بە ناچاری کۆچبەر بوون.

٦-‌ جینۆسایدی پیگمی


خێڵەکانی پیگمی (Pygmy) لە ناوەندی ئافریقیادا دەژین. زۆربەیان جەنگەڵ‌نشینن، لە کاتی شەڕە ناوخۆییەکانی کۆنگۆدا خەسارێکی زۆریان بەرکەوت.
نوێنەرانی پیگمی پەنایان بردە بەر نەتەوەیەکگرتووەکان و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هێزە بەرهەڵستکارەکانی وەک بزووتنەوەی ئازادیخوازی کۆنگۆ خەڵک ڕاو دەکەن و دەیانخۆن. تەنیا ٥٠٠ هەزار پیگمی ماونەتەوە و ژمارەیان بە هۆی شەڕ و کوشتارەوە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دابەزیوە.

٥-‌ جینۆسایدی ئەمریکییە خۆجێیەکان


دیاری کردنی ژمارەی ئەمریکییە خۆجێیەکانی پێش هاتنی کریستۆفەر کۆلۆمبۆس کارێکی مەحال و ئەستەمە، بەڵام مەزندە دەکرێت لانیکەم یەک میلیۆن کەس بوون، ساڵانی دوای ١٤٩٢ ئەورووپییەکان ڕوویانکردە ئەمریکا، خەڵکی رەسەنی ناوچەکە تاکە بەربەست بوون لە بەرانبەر دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی سامانە سروشتییەکان.
لە ئەمریکای باشوور فرانسیسکۆ پیزارۆ خەڵکی "ئینکا"ی ڕەشەکوژ کرد. لە مەکزیک، هێرنان کۆرتز "ئازتەک"ەکانی لە ناو برد. بەڵام لە هەمووی کارەساتبارتر بۆ خەڵکی خۆجێی ئەمریکا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بوو کە ژمارەیەکیشی زۆریان بەهۆی نەخۆشییەوە مردن.

چەندین میلیۆن خەڵکی خۆجێی لە ناو چوون، تەنانەت گورگەکان لە گوندەکاندا خەڵکیان بە ساخی دەخوارد. ئێستا دانیشتووە سورپێستە رەسەنەکانی ئەمریکا، لە ناوچەکەدا بڵاو بوونەتەوە و ژمارەیان زۆر کەمە و زۆربەی خێڵەکان و دابونەریتەکانیان بە تەواوی لە ناو چوون.

٤-‌ "نەوە دزراوەکان" ئابۆریجینال Aboriginal


ئابۆریجینالەکان یەک لە کۆنترین گەلانی جیهانن. تاقیکردنەوەکانی DNA دەریخستووە کە بە ڕەچەڵەک ئاسیایین و ٥٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا چوونەتە ئۆسترالیا. لە سەرەتای ١٩٠٩وە حکوومەتی ئۆسترالیا سیاسەتی دوورخستنەوەی منداڵانی ئەبۆریجینال لە دایک و باوکیانی جێبەجێکرد کە تە هەفتاکانی سەدەی رابردوو ئەم سیاسەتە بەردەوام بوو.

هۆکاری سەرەکیی ئەم سیاسەتە نازانرێت، هەندێک دەڵێن بۆ "پاراستن"یان بوو لە بەرامبەر شێوازە دواکەوتووانەی پەروەردەکردنی خێزانەکاندا بوو. مێژوونووسان سەبارەت بەوەی ئەم سیاسەتە جینۆسایدە یان نا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڵام ساڵی ٢٠٠٨ حکومەتی ئۆسترالیا بە فەرمی داوای لێبوردنی لە "نەوەی دزراو" کرد.

٣-‌ جینۆسایدی ئەرمەنەکان


ئیمپراتۆریای عوسمانی بەرپرسی ڕاستەوخۆی زۆربەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە، بەڵام هیچیان لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان ترسناکتر نەبوو. سەرەتای ساڵی ١٩١٥ لە حاڵێکدا جیهان سەقاڵی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو، عوسمانییەکان ئەرمەنەکانیان کردە ئامانج. ئەم جینۆسایدە هەرچەندە بە ئەندازەی هۆلۆکۆست باسی لێنەکراوە، بەڵام زۆر ترسناک بوو. پیاوەکان قەڵخ دەکران و ژنان و منداڵانیان ناچارکرد بە ڕێپێوانی مەرگ کە دەبوایە لە بیابانی سووریاوە دەرباز بن. سەرجەم گوندەکان بە دانیشتوانەکەیەوە ئاگریان تێبەردرا و کەشتی و یەختی پڕ لە ئەرمەنی دەبرایە نێو دەریای ڕەش و نوقم دەکران.

٢-‌ جینۆسایدی بۆسنە


ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت دەرەنجامی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام هیچکامیان وەک ئەوەی لە یۆگوسلاڤیا ڕوویدا ماڵوێرانکەر نەبوون. سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ ئەم وڵاتە پارچە بوو و پێکدادانی توندی ئەتنیکی و ئاوارەیی خەڵکی بە دوای خۆیدا هێنا.

خراپترین و ترسناکترین تاوانی جەنگ لە بۆسنە ڕوویدا. ژەنەڕال "ڕاتکۆ میلادیچ" دەستی هەبوو لە کوشتن و ئیعدام کردنی هەزاران موسڵمانی بۆسنە و سێربیا کە هەوڵێک بوو بۆ "سڕینەوەی ئەتنیکی".

١-‌ هۆلۆکۆست


جوولەکەکان هەر لە کۆنەوە لە سەر دەستی میسرییەکان، ڕۆمانییەکان و کریستیانییەکانەوە ئازار دراون، بەڵام کەمتر ڕووبەڕووی جینۆسایدێک لە چەشنی ئەو جینۆسایدە بوونەوە کە لە سەردەستی نازییەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕوویدا.


گرنگە لە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئاڵمانیا لە ساڵانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی تێبگەین. لە بشێوی و ئاڵۆزیی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، هیتلەر بانگەشەی بۆ پەیامی پڕ لە ڕق و نەفرەتی خۆی دەکرد و جوولەکەی بە هۆکاری لە دەست چوونی کەرامەتی ئاڵمانیای پێناسە دەکرد.
جوولەکەکان گرووپ گرووپ ڕەوانەی گەڕەکە گەمارۆدراوەکان "گەتۆ" دەکران و دواتر بە شەمەندەفەر دەبرانە کەمپەکان و لەوێ ئەشکەنجە دەدران و دەکوژران. تا ساڵی ١٩٤٥ کاتێک کەمپەکان ئازاد کران، لانیکەم ٦ میلیۆن جوولەکە کوژرابوون.