ڕاپۆرتی کوردستانی

01:26 - 16/04/2022

چەند سەرنجێک لە بارەی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان‌

پەیسەر

شیكاری: رەنج نەوزاد

١- گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە بازاڕی وزەی جيهانی و پێگە و سوودی گرنگی هەبێت، چەندين مەرجی هەیە و پێويستی بە چەندين هەنگاوە بۆ تێپەڕاندنی ڕێگرييەکانی بەردەمی؛ مەرجی ئيدارەکردن، مەرجی تەکنيکی و وەبەرهێنان، لایەنی جيوپۆلەتيکی، هاوکاری و پشتگيری ئابووری، ئەمنی و سياسی.

 

٢- بەڕێوبردن: پێش هەموو شتێک، گازی سروشتی کوردستان پێويستە سوود و دەستکەوتی ئابووری، سياسی، خۆشگوزەرانی بۆ کوردستان هەبێت. ئەمەش پەيوەندی بە ناوخۆی کوردستان و حکومەتی هەرێمە. ئایا ئيدارەکردنی گازی سروشتی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟  وەک ئيدارەکردنی نەوت بەڕێوە دەچێت؟ ئەوەی کە دەبينرێت وا ديارە بەڕێوبردنی گازی سروشتيش لە نەوتەکە باشتر نابێت. ئەگەر زۆربەی داهاتی گازی سروشتی هاوشێوەی داهاتی نەوت تاڵان بکرێت یان ديار نەمێنیت، ئەوا جگە لە زیانە ئابووری و کۆمەڵایەتيەکانی، لە ڕووی سياسيشەوە سوودی زۆر سنوردار دەبێت. لەم ڕووەوە، هەرێمی کوردستان لە ئیستادا ئامادە نييە یا گونجاو نييە گازی سروشتی بفڕۆشێت، تەنانەت ئەگەر هەموو مەرجەکانی تر ئامادە بن و ڕێگریش نەبێت. هەر لە سەرەتاوە ئەوە بەدی دەکرێت، کە پرسی گاز وەک پرسی نەوت، مامەڵەکردنێکی نێوان دوو خێزان یا دوو بنەماڵەیە، بارزانی و ئەردۆگان. لە تورکياش دەنگۆی ئەوە هەیە لە ئەو پرسە شەفاف نييە و تەنيا ئەردۆگان و نزيکەکانی ئاگادارين.

 

٣-  پشتگيری سياسی و ئەمنی: گازی سروشتی لە نەوت گرنگتر دەبێت و، لە نەوت زیاتر بە سياسی کراوە و بووەتە ئامرازێکی گرنگ لە ململانێ جيوپۆلەتيکيەکان، بە تايبەت لە جەنگەکەی ڕووسيا و ئۆکرانياوە. ئەمەش وا دەکات فڕۆشتنی گازی سروشتی،  بە براود بە نەوت، بۆ هەرێمی کوردستان قوورستر بێت. ئەگەر گريمانەی ئەوە بکەين، گازی سروشتی کوردستان دەبێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکی یا لاوەکيەکانی تورکيا و ئەوروپا، ئەوا ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە لە بەرژەوەندی ئێران و ڕووسيا. لە ئێستاوە کە جارێ کوردستان گازەکەی نەفڕۆشتووە و ڕوونيش نييە بڕەکەی چەنە و بەشی چەنێک لە پێداويستی تورکيا و ئەوروپا دەکات، ئێران و ڕووسيا دەستيان کردوە بە کاری تيرۆريستی و دژایەتی هەرێمی کوردستان، وەک مووشەکەکانی ئێران بە فەرمانی ڕووسيا کە ئاڕاستەی هەولێر کران ودەکرێن. کەواتە بۆ ئەوەی کوردستان بتوانێت گازەکەی بفڕۆشێت، پێويستی بە گرەنتی هەیە لە ڕووی ئەمنی و سياسيەوە. ئایا ئەمريکا و ئەوروپا ئەوە دەکەن؟ دەتوانن یا دەخوازن کوردستان بپارێزن لە هەڕەشەکانی ئێران و ڕووسيا؟ یان تەنيا گازەکە دەبەن و داهاتەکەشی وەک داهاتی نەوت زۆربەی تاڵان دەکرێت لە لایەن چەن سياسيەکی کوردەوە، ئەو کات تەنيا مەترسی و زیانەکەی بۆ کوردستان دەبێت. هەڵەیە چاوەڕێ بکەين تورکيا گرەنتی پاراستنی کوردستان بکات، تورکيا هەڕەشەی سەرەکييە بۆ سەر کورد.

 

٤- لایەنی تەکنيکی و سەرمایە: مامەڵەکردن لەگەڵ گازی سروشتی ئاڵۆزترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت. بۆ ئەوەی گازی کوردستان شوێنی خۆی بکاتەوە لە بازاڕی وزە، پێويستی بە سەرمایە و وەبەرهێنانێکی گەورەیە، هەر وەها تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو کە هەردووکی لای کۆمپانيا ئەوروپی و ئەمريکيەکانە. ئەو کۆمپانيایانەش سەر بە کەرتی تايبەتن، پێوەری سەرەکی لایان ئابووری و سەقامگيری شوێنی وەبەرهێنانە. بۆیە ئەگەر لایەنی ئەمنی و سياسی گرەنتی نەکرێت، کەرتی گازی کوردستان ناتوانێت کۆمپانيا و سەرمایە و تەکنەلۆژیای گەورە و پێشکەوتوو ڕابکێشێت بۆ کوردستان، کە بێ ئەوانەش، ناتوانرێت گازی سروشتی بفرۆشرێت.

 

٥- ڕێگری یاسایی: لەبەر ئەوەی گازی سروشتی بووەتە ئامرازێکی بەهێز و کاريگەر لە ململانێ سياسی و جيوپۆليتيکیەکان، عيراق وەک دەوڵەتێکی داگيرکەری کوردستان، ئەگەر ئێرانيش فشاری لێ نەکات، هەر دژی ئەوەیە کوردستان ببێتە خاوەن ئامرازێکی وا گرنگ لە سياسەت و ئابووری. بۆ نموونە بڕياری دادگای فيدرالی عيراق دژ بە کەرتی وزەی کوردستان ئەوە دەسەلمێنیت. باشووری کوردستان لەبەر ئەوەی بە پێی یاسا داگيرکراوە لە لایەن عيراقەوە، ئەوە یاساکانی عيراق دژ بە کورد، دەکرێت کۆمپانيا بيانيەکان دوو دڵ بکات لە وەبەرهێنانی گەورە لە کوردستان. ئەمەش ديسانەوە پێويستی بە پشتگيری سياسی ئەمريکا و ئەوروپایە، بۆ ئەوەی کوردستان بتوانێت هيچ نرخێک بۆ ئەو بڕياڕانە دانەنێت و کۆمپانياکانی وزە متمانەیان هەبێت و بزانن لە ڕووی یاساییەوە کێشەیان بۆ درووست ناکرێت. ئەگەر ئەم ڕێگریە یاساییە چارەسەر نەکرێت، ئەوا کۆمپانياکان بە پاساوی بەرزی ڕێژەی مەترسی لە وەبەرهێنان  لە کوردستان، دەتوانن گرێبەستەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بنووسنەوە، ئەو کات هاوشێوەی داهاتی نەوت، ئەوەندەی سوودی بۆ لایەنەکانی تر هەیە، ئەوەندە سوودی بۆ کوردستان نييە.

 

٦- کەواتە بۆ ئەوەی کوردستان گازەکەی بفڕۆشێت و ببێتە خاوەن پێگەیەکی گەورە لە بازاڕی گاز، پێويستی بە پشتگيری و هاوکاری جدی ئەمريکا و ئەوروپا هەیە لە ڕووی سياسی و ئەمنی و یاسایی و سەرمایە و تەکنەلۆژييەوە. بۆ ئەوەی سوودی بۆ کوردستانيش هەبێت ئەوا پێويستی بە سيستەمێکی بەڕێوبردنی تۆکمە و زانستی و نيشتيمانیيە. بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، ئەمريکا و ئەوروپا لەوە ناچێت بەو ئەندازەیە تەماح و بایەخيان هەبێت بۆ گازی کوردستان، چونکە جارێ بڕەکەی زۆر ڕوون نييە، سەرمایە و کارێکی زۆری پێويستە و، هەر وەها کاتێکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک دژ بە ڕووسيا بەکاربهێنرێت. ڕاستە لە ئێستادا ئەمريکا و ئەوروپا پشتگيری گازی کوردستان دەکەن، بەڵام پشتگيرييەکی تايبەت و گەورە نييە. چونکە لە ئەفريقيا و کەنداوی عەرەبی، سەرچاوەی ئاسانتر و ئامادەکراوتر هەیە. هەر بۆ نموونە، دوێنێ سەرۆک وەزيرانی ئيتاليا و جەزائر ڕێککەوتنامەیەکيان مۆر کرد بۆ زیاد کردنی هەناردە کردنی گازی سروشتی جەزائير بۆ ئيتاليا. بيرمان نەچێت، ئەمريکا لە مێژە خوازيارە ببێتە یەکەم فڕۆشياری گاز و نەوت لە جيهاندا، لە ئێستادا یەکەم بەرهەمهێنە، پلانی هەیە ببێتە یەکەم فڕۆشيار. خاڵێکی تری گرنگ کە لە کوردستاندا کەمتر باس دەکرێت، ئەوروپا پلانی ئايندەی خۆی لەسەر گاز و نەوت دانەناوە، بەڵکو لەسەر وزەی پاک. ئەوەی ئەوروپا زۆر بایەخی پێدەدات دۆزينەوەی شوێنگرەوەی گازی ڕووسيە بۆ ئیستا و بۆ ئايندەیەکی نزيک، چونکە ئەوروپا بۆ ئايندەی مامناوەند دەيەوێت ڕێژەی پشت بەستنی بە گاز و نەوت کەمتر بکات، لە ئايندەی دوور دەيەوێت ڕێژەی بەکارهێنانی نەوت و گاز بگەيەنێتە ئاستێکی تەواو نزم. لە ئێستادا نازانين ئایا سەرکەوتوو دەبێت یا نا، بۆیە پێويستە بە گومانەوە سەيری بکەين. ئەوانەی ئاگاداری ئەوروپان، دەزانن لە ئێستادا ئەوروپا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ دوور کەوتنەوە لە نەوت و گاز لە هەندێ بواردا. واتە تێڕوانينمان بۆ پرسی گازی کوردستان و ناردنی بۆ ئەوروپا، پێويستە تێڕوانينێکی دوور مەودا نەبێت.

 

 گازی کوردستان، کەم تا زۆر، گرنگی خۆی هەیە، بەڵام  بەو ئەندازەیە نييە کە کورد بتوانێت دەستکەوتی سياسی و نەتەوەیی گەورەی بە هۆیەوە بەدەست بهێنیت. کاتێک دەستکەوتی سياسی گرنگ بە هۆی گازەوە بەدەست نەیەت و، بەڕێوبردنی داهاتی گاز وەک نەوت بێت، ئەوا کەواتە دەستکەوتی ئابووریش بەدەست نایەت. بە کورتی هەرزان فڕۆشی و تاڵانيە و، ئەوەندەی تر کوردستان دوور دەخاتەوە لە کەرتی کشتوکاڵ و پيشەسازی و ئەوەندەی تر کۆمەڵگەی کوردی دەکاتە بەکاربەر و بێ بەرهەم.

 

٧- لەبەر ئەوەی فڕۆشتنی گازی کوردستان هاوکات دەبێت لەگەڵ زۆر هەڕەشە و ڕێگری گەورە و، سيستەمی بەڕێوبردنی گازی سروشتی لە کوردستان ئامادە نييە و داهاتەکەی دەکرێت بە فيرۆ بڕوات، ئەوا وا باشترە کوردستان لە ئێستادا دەست بۆ ئەو سامانە گرنگ و کاريگەرە نەبات. تەنانەت ئەگەر سيستەمی بەڕێوبردن و پشتگيری سياسی و ئەمنی ئەمريکا و ئەوروپاش بەهێز بێت، ئەوا دەبێت ئامانجی سەرەکی فڕۆشتنی گازی سروشتی دياری بکرێت چييە؟ ئایا تەنيا بۆ مووچە و هەندێ بووژانەوەی ئابوورييە؟ ئەگەر تەنيا ئەوە بێت، ئەوا پێويست ناکات کوردستان خۆی بخاتە بەرەی  دژە ڕووسيا و بەو ئەندازەیە هاوکاری ڕۆژئاوا بکات دژ بە ڕووسيا تەنيا لەبەر ئامانجێکی وا سادە و نا گرنگ. تەنيا لە یەک کاتدا کوردستان پێويستە ئەو ريسکە بکات، کە ئامانجی سياسی و نەتەوەیی هەبێت، کە جگە لە سەربەخۆیی، یا هەنگاونانی زیاتر بەرەو سەربەخۆیی سياسی، هيچ ئامانجێکی تر شایەنی ئەو باج و مەترسيانە نييە کە کوردستان دەکرێت ڕووبەڕووی بێتەوە لە ئەنجامی فڕۆشتنی گازەکەی. لە ئێستاشدا ئەو ئامانجە نە ديارە و نە دەرکی پێ دەکرێت.

 

٨- داخستنی پرسی فڕۆشتنی گازی سروشتی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی و تا بارودۆخێکی گونجاوتر دێتە پێشەوە، فشارەکانی عيراق و ئێران کەمتر دەکات بۆ ڕادەستکردنەوەی کەرتی وزەی کوردستان بە عيراق. کە لە ئیستادا بە ڕوونی ديارە، بە هۆی توڕەبوونی خەڵک لە سيستەمی حوکمڕانی کوردستان و بە هۆی چەندين هۆکاری تر، خەڵکێکی زۆر لە ناو هەرێمی کوردستان دەخوازن کەرتی وزەی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە. ئەگەر بە فڕۆشتنی نەوت و خاڵە سنوورييەکان و باج... نەتوانرێت مووچە بدرێت، ئەوا بە داهاتی گازيش نادرێت، بۆیە باشترکردنی بارودۆخی کوردستان پەيوەندی بە فڕۆشتنی گازەوە نييە، بەڵکو پەيوەندی بە بەڕێوبردنەوە هەیە.

 

٩- لە هەمووی گرنگتر، پێويستە بزانين لە هيچ بارودۆخێکدا و، لە ژێر هيچ فشارێکدا، بە هيچ شێوەیەک نابێت سامانی سروشتی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە. تەنانەت ئەگەرئەو ڕادەستکردنەوەیە لە پێناو ئەوەش بێت کە گازی کوردستان ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی گاز بۆ ئەوروپا و، داهاتێکی زۆر گەورەش بۆ کوردستان بگەڕێتەوە و سوودی گەورەشی بۆ ئابووری و گوزەرانی کوردستان هەبێت. هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە ئاماژەيان پێدرا، لە پێناو ئەوەیە  گازی سروشتی کوردستان، لە نەوت باشتر و وردتر و نيشتيمانيتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بۆیە پێويستە لەم کاتەدا بيرۆکەی فڕۆشتنی گازی کوردستان دوابخرێت بۆ کات و بارودۆخێکی گونجاوتر، بۆ پاراستنی سامانی سروشتی لە تاڵانی ناوخۆ و ئيستيغلالکردنی لە لایەن تورکياوە و، بۆ پاراستنی کوردستان لە هەر هەڕەشەیەکی دووژمن و دەوڵەتە تيرۆريستيەکان. هاوکات خيانەت و تاوانێکی گەورەیە ئەگەر سامانی سروشتی کوردستان، کە هی نەوەکانی داهاتووی کوردستانيشە، ڕادەستی عيراق بکرێتەوە. نەوەی ئێستای کورد، مافی ئەوەی نييە شتێکی کوردستان بداتە عيراق یا هەر دەوڵەتێکی تر، کە هی خۆی نييە بە تەنيا و بەشی نەوەکانی ئايندەشە.