ڕاپۆرتی کوردستانی

06:12 - 15/01/2019

فەقێیەک لە دەشتی هەولێرەوە بۆ ناوەندی بڕیاری حزبێک‌

پەیسەر

لە فەقێیەتییەوە دەبێتە مامۆستا. بە مامۆستایی تێکەڵی کاری سیاسی و رێکخراوەیی دەبێ. لە هەموو ئەو قۆناغانەدا محەمەدی مەلا قادر پێگەو بەرپرسیارێتی هەبووە، بەڵام هەرگیز نەبووە ئەو کەسایەتییە سیاسییەی خۆی دەیویست ئەویش سەرکردەیەکی رۆشنبیر و کاریگەربێ.

پێشنیوەڕۆی رۆژی ١٥ی ١ی ٢٠١٩ دوایین لاپەڕەی هەشتاو پێنج ساڵی تەمەنی محەمەدی مەلا قادر بە تەواوی داخراو ئەویش چووە ریزی کەسانی کۆچکردوو کە ساڵانێکی زۆر لەناو شۆڕش و کوردایەتی و حزبایەتیدا ژیانی خۆیان دانا.
محەمەدی مەلا قادر رۆژی ١٢ی شوباتی ١٩٣٤ لە گوندی (پیرە کەپران) لە ناوچەی شەمامکی سەر بە قەزای مەخموور لە دایک بووە. باوکی کە ناسراو بووە بە "مەلاقادری قەڵاتە سوورانی" بەهۆی مەلاییەوە لە چەندین گوندی ناوچەی شەمامک و دەشتی هەولێردا ماونەتەوە و ئەمەش ناوبانگی بۆ پەیدا کردبوو.

ناسینی مەلا مستەفا لەڕێی شێخێکی عەرەبەوە
رۆژێکی بەهاری ساڵی ١٩٤٧ شێخێکی عەرەب بەناوی شێخ حەنەشێ، داوەتی مەلا قادری قەڵاتە سوورانی دەکات بۆ ماڵی خۆیان تا نانی نیوەڕۆ پێکەوە بخۆن،لەو داوەتەدا محەمەدی کوڕی مەلا قادر کە تەمەنی سیانزە ساڵان بووە هاوڕێی باوکی دەکات.
لەناو قسەوباساندا، شێخە عەرەبەکە باسی مەلا مستەفای بارزانی بۆ میوانەکانی دەکات و بە پیاوێکی "مەزن و تێکۆشەرێکی گەورە" وەسفی دەکات. لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵی خۆیان. محەمەدی تەمەن سیازە ساڵان لە باوکی دەپرسێ: مەلا مستەفا کێیە وا شێخی حەنەشێ ئەوەندە بە گەورە ناوی دەهێنا؟
مەلا قادری قەڵاتەسوورانی بۆ کوڕەکەی باس دەکات کە مەلا مستەفا لەڕێی کوردایەتیدا دەجەنگێ و لە ئێران و عێراق قاچاخە و ئێستا لە روسیا دەژی. ئیتر ئەم ناساندنەی شێخی حەنەشێ و کورتە باسەکەی باوکی دەبنە جێی سەرنجی محەمەد.

پیشەی مەلایی رەتدەکاتەوە

محەمەدی مەلا قادر لای باوکی و چەند مەلایەکی تری دەشتی هەولێر و شەمامک، قۆناغەکانی فەقێیەتی بڕیوە و دەیتوانی ببێتە مەلا، بەڵام پیشەی مەلایی رەتدەکاتەوە، ساڵی ١٩٥٦ بەپێی بڕیارێکی ئەوکاتی حکومەتی عێراق، ئەو فەقێیانەی هەموو قۆناغەکانیان بڕیوە، دەتوانن تاقیکردنەوە بکەن و بڕوانامەکانیان هاوتای خوێندنی حکومیی بکەن. محمەد ئەوەی دووەمیان هەڵدەبژێرێ.

یەکێتی قوتابیانی ئاینی کوردستان
ساڵی ١٩٥٦ محەمەدی مەلا قادر لەڕێی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، تێکەڵی کاری رێکخراوەیی بوو لە شاری هەولێر. زۆر نابات لەناو ئەو رێکخراوەدا لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی سەردەمی فەقێیەتی، رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی ئاینی کوردستان دروست دەکەن و محەمەدی مەلا قادر دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەو رێکخراوە.
محەمەد دەڵێ: کاتێک مەلا مستەفا دوای ئینقلابەکەی عەبدولکەریم قاسم لە سۆڤێت گەڕایەوە. لە بەغدا چووینە سەردانی وەکو نوێنەری یەکێتی قوتابیانی ئاینی کوردستان. مەلا مستەفا زۆر پیشوازیی لە رێکخراوەکەمان کرد و دەستخۆشیی لێکردین کە رێکخراوێکی وامان هەیە و بۆ کوردایەتی خەبات دەکەین.

محەمەدی مەلاقادر لە کاتی شکستی شۆڕشی ئەیلولدا بنەماڵەی بارزانی جێنەهێشت

دوای هەڵوەشانەوەی رێکخراوی یەکێتی قوتابیانی ئاینی کوردستان، محەمەدی مەلا قادر دەچێتە ریزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان و خۆی بۆ کاری حزبیی یەکلایی دەکاتەوە. لە شۆڕشی ئەیلولدا هەرزوو بەرپرسیارێتی لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستان وەک بەرپرسی سیاسی و سەربازیی کار دەکات لەوانە لە گەرمیان و هەولێر و بادینان.

ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بە "نغرۆبووی ناو فەساد و گەندەڵیی" ناوی دەبرد.

دەروێشی بارزانی
بۆ خۆی دەڵێ لە تەمەنی سیانزە ساڵاندا ئاشنا ناوی مەلا مستەفا دەبێ و بە دڵ خۆشی دەوێ، بەڵام تا لە نزیکەوە نەیبینیوە نەیزانیوە کە ئەوەندە "سەرکردەیەکی گەورە و بێ وێنە بووە" محەمەدی مەلا قادر تا دوایین ساڵەکانی تەمەنی ئەم شەیداییەی بۆ مەلا مستەفا نەدەشاردەوە. تەنانەت لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی (کوردستانTV) لە ساڵی ٢٠٠٨ وتی: ئەو ئایەتەی کە بۆ پێغەمبەری ئیسلام هاتووە و تێیدا دەڵێ " وما ارسلناک الی رحمە للعالمین" شمولی مەلا مستەفاش دەکات!
ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە یان لە دوورەوە محەمەدی مەلا قادریان ناسیوە دەڵێن، بەشی زۆری ئەو بەرپرسیارێتی و پۆست و پلانەی لەناو پارتیدا پێیدراوە، بەهۆی ئەو موخلیسی و دەروێشییەی بووە بۆ بنەماڵەی بارزانی کە هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی پێوەی پابەند بووە.
محەمەدی مەلاقادر لە کاتی شکستی شۆڕشی ئەیلولدا بنەماڵەی بارزانی جێنەهێشت و تا دوایین ساڵەکانی مانەوەی ئەو بنەماڵەیە لە عەزیمیەی کەرەج، لەگەڵیان مایەوە.

وەزیرێکی ناشارەزا
دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، محەمەدی مەلا قادر دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و دواتر دەکرێتە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی. بۆ خۆی دەڵێ: کاتێ کە پۆستی وەزیریم وەرگرت، هیچم لێ نەدەزانی، یەکەمجارمبوو بەرپرسیارێتیی حکومیی وەر بگرم، بۆیە گیانێکم بە پیاوێکی خەڵکی سلێمانی بوو کە هەر لە زووەوە لەو وەزارەتەدا کاری کردبوو. وەزارەتێکی روتوڕەجاڵ بوو. ئێمە لە سفرەوە دەستمان پێکرد بەو نەشارەزاییەی خۆشمانەوە!

نیوە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەکی لاواز
 دوایین پۆستی حزبیی محەمەدی مەلا قادر لەناو پارتی دا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو. بەڵام لە کۆنگرەی سیانزەی پارتی لە ساڵی ٢٠١٠ نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێ بۆیە دواتر هیچ بەرپرسیارێتییەکی نەدرایە. محەمەدی مەلاقادر ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە دەرنەچوونەوەی خۆی دەگرت.
دوای دوورکەوتنەوەی لە بەرپرسیارێتی پارتی، محەمەدی مەلا قادر لە میدیاکانەوە کەوتە رەخنە گرتن لە حکومەت و ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بە "نغرۆبووی ناو فەساد و گەندەڵیی" ناوی دەبرد.
ساڵی ٢٠١١ لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا وتی: قەت پارتی و یەکێتی ناتوانن شەڕی گەندەڵی بکەن، چونکە ئەوان رۆژانە خواخوای گەندەڵێکیانە ببێتە ئەندامیان! ئێستا چۆن گەندەڵەکان دەردەکەن" لەم جۆرە قسە و رەخنانەی زۆر دەکرد.
لە سەروەختی کۆتایهاتنی یاسایی ماوەی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٥ محەمەدی مەلا قادر وتی: "" كاك مەسعود 10 ساڵە سەرۆكە و پێشتر دوو ساڵی بۆ درێژكراوەتەوە، حەز ناكەم ناوی هیچ كەسێك ببەم و بڵێم لە غەیری كاك مەسعود بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم شیاوبێ، بەڵام من دەڵێم بەدیل هەیە و كەسی شیاو هەیە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قور بەسەر میللەتێك كە بڵێ كەس بەدیلی سەرۆك نیە"
ئەو قسەیەی محەمەدی مەلا قادر بۆ ئەو کاتە، بۆچوونێکی دەگمەن بوو چونکە هیچ بەرپرس و لایەنگرێکی پارتی نەیدەویست یان نەیدەوێرا بەو راشکاوییە باسی بەدیلی بارزانی بکات.

 

محەمەدی مەلا قادر خۆی وەکو پیاوێکی نیشتمانپەروەر و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر پێناسە دەکرد، هەمیشە پێی خۆشبووە خەڵکیش بەوجۆرە ناوی ببەن. بەڵام لەو ئاواتەیدا شانسی نەبوو چونکە ئەو ساڵانێکی زۆر لەناو حزبێکدا بوو کە بەرپرسیارێتی بەشێک لە شەڕەکانی ناوخۆ و ٣١ی ئاب و دواتر حوکمڕانێکی پڕ لە نادادپەروەریی و گەندەڵی لەسەر شانە و محەمەدیش ساڵانێک لە ناوەندی بڕیاری ئەو حزبەدا بوو.

چه‌ند وێنه‌یه‌كی محه‌مه‌دی مه‌لا قادر له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا..