ڕاپۆرتی کوردستانی

05:02 - 24/04/2022

ئایا ئیمپراتۆریەتی ساسانی بەرامبەر ئیسلام شایستەی بەرگری لێکردنە؟‌

پەیسەر

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی

بەداخەوە لەناو کورددا کەسانێك ھەن، ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی لەسەر دەستی لەشکری موسوڵمانان، وەك کارەسات وێنادەکەن! لەوەش خراپتر، ئەم پرسە دەکەن بە پرسێکی ئێستای نێوماڵی کوردی و خەڵکی لەسەر پۆڵێندەکەن بەگژ یەکیاندا دەدەن و ھەستی موسوڵمانی گەلەکەیان بریندار دەکەن! بوغزو کینە بڵاودەکەنەوەو بەدگومانی و ڕق بەرامبەر یەکتر لە کۆمەڵگەدا پەرەپێدەدەن! بە جۆرێکی ئیستیفزازیانەش مەسەلەکە تەرحدەکەن وەك ئەوەی موسوڵمانانی ئێستای کوردستان لێپرسراوی دۆخە مێژووییەکە بن؟


لێرەشەوە گرنگە بزانین واقیع و حەقیقەتی ئەو ئیمپراتۆریەتەی ھەندێك بەم جۆرە کوێرانەو لە سۆنگەی بوغزی ئایدۆلۆژی و ھەژاری مەعریفی و کەم ئاگایی مێژووییەوە بەرگری لێدەکەن، لە کۆتاییەکانی و سەروبەندی ڕوخانیدا چۆنبووە؟
بۆ ئەمەش، حەزدەکەم وێنای واقیعی سیاسی و دینی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئیمپراتۆریەتەکە لەسەر زاری ناسەرێکی سکیۆلاری کوردەوە بگوازمەوە بخەمەڕوو، کەتۆمەتی ئەوەی لەسەر نیە لە دیدی ئیسلام و ئیسلامیەکان سەیری مەسەلەکە دەکات و ڕێز لە ڕاستیە مێژووییەکان ناگرێ. نوسەری ناوبراو (١) لەم بارەوە نوسیویەتی:


لەو زەمانەدا، واتە سەرھەڵدانی مەزدەك، کە ھاوکاتبووە لەگەڵ کۆتاییەکانی ئیمپراتۆریەت و ڕووخانیدا (سیستمێکی چینایەتی زاڵمانە ھەبوو)، ھەروەھا مۆبدان و پیاوانی ئایینی زەردەشتی لە خزمەتی ئەو سیستمەدا بوون. ئاینەکە خۆی لەگەڵ ئەو چینانەدا گونجاندبوو، زیاتریش خۆی لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و ماڵی موبەدەکان (واتە پیاوانی ئایینی زەردەشتی) و ستەم و زۆرداری و فەسادی ساسانیدا ڕێکخستبوو.


لە مێژوودا ئەو قۆناغە بەناوبانگە کە ئیمپراتۆریەتی ساسانی لە خراپترین بارودۆخدا بوو، جوتیاران، پیشەوەری شار، جەنگاوەران و خەڵك بە گشتی، لە ژێر چەوساندنەوەیەکی وەھادا بوون، کە بواری بەردەوامبوونی ژیان زۆر کەم بووبۆوە. گرانی و قات و قڕی ھەموو گوندو شارەکانی گرتبۆوەو برسێتی بڵاو بووبۆوە.لە ھەمان کاتدا، خەرافە پەرستی لە ھەموو کات زۆرتر بوو. کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی ساسانی لەگەڵ موبەدەکان لە گەندەڵیدا ڕۆچووبوون. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە فەساد گەیشتبووە ئەوپەڕی خۆی وەك دەگێڕنەوە شیرازەی خێزانەکان و مرۆڤەکان لێکترازابوو، بە جۆرێك دروستکردنی خێزان و ھاوسەرگیری کارێکی زۆر سەخت بوو.لە بەرامبەر ئەوەدا، کاربەدەستان و فەرمانڕەواو موبیدەکان لە ژینێکی خۆشدابوون و حەرام سەرایان ھەبوو!


لێرەدا چەند پرسیار سەرھەڵدەدەن لەوانەش:
ئەگەر ئەمە واقیعی دینیی و سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی ئیمپراتۆریەتی ساسانی بووبێت، ئایا ھیچی پێمابوو بۆ ژیان و مرۆڤ و گروپە مرۆییەکان ناوی بیبەخشێت؟ یاخود بوو بوو بە بارو مەینەتی و دێوزمە بەسەر شانی زۆربەی کۆمەڵگەوە؟
ئایا ھیچ پاساوێکی ئەخلاقی بۆ بەرگریکرن لە واقیع و سیستمێکی لەو جۆرە بوونی ھەیەو لە ئارادایە؟
واتە، ئایا شایستەی بەرگریلێکردنە؟


ئایا پێش دەرکەوتنی ئیسلام و موسوڵمانان لەسەر گۆڕەپانی مێژوو، ھەل و مەرجەکانی ڕووخان لە ناوخۆیدا پێنەگەیشتبوو؟
ھەروەھا دەبێت چ پاڵنەرێك وا لە زۆرینەی کۆمەڵگە و لەوانەش کورد کە بە گشتی بەشێك بووە لە چینە ڕەنجبەرو پێخوستکراوەکەی کۆمەڵ بکات، بەرگری لە مانەوەی دۆخێکی پڕ مەینەتی لەم جۆرە بکات؟ بە تایبەتیش بەرامبەر ھەڵگرانی ئاینێ، واتە (ئیسلام)، کە بانگەشەی ڕووخاندنی ئەو سیستمە ستەمکارە چینایەتیەو لابردنی جۆرەھا باج و ڕووتاندنەوەی دەکرد.


بە حوکمی ئەوەی لەڕوانگەی ئەوەوە، ھەروەك مامۆستا ھەژار دەڵێت: موسوڵمانان ھەموو بران، ڕەش و بۆرو سپی و مۆروزەر لە ئارادا نیە، ئایینی تازە دەیانکات بە بەشێك لە زۆرینەیەکی نوێ و ھەست بە بێکەسیان لادەڕوێنێتەوەو ھەستدەکەن ستەمیان لێناکرێت (٢). ئەوەش وایکرد بە گوتەی مێژوونوسی گەورەمان (ئەمین زەکی بەگ) ھەستکەن ئایینە نوێکە وەڵامی بانگی ویژدانیان دەداتەوە(٣). ئەوانەشیان لەسەر ئایینی خۆیان دەمانەوە له سۆنگەی ئایەتی (لا اكراه في الدين) و ئەو فەرمودەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) کە دەربارەی زەردەشتیەکان دەفەرموێت: ھاوشێوەی ئەھلی کیتاب و خاوەن پەیامەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن(٤). بەرامبەر باجێکی دیاریکراو ئازادی ئایینیتان بۆ دەستەبەردەکرا و زۆریان لێنەدەکرا واز لە ئاینەکەیان بھێنن.


پەراوێزەکان:
١- سەرۆقادر،بارزان مێژووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، ٢٠٢٠، لا٥٦ ، ٥٧ ھەڵبەت چەندین تێبین جۆراو جۆرم لەسەر کتێبەکە ھەیە کەئەوەیان بابەتێکی ترە.
٢- ھەژار موکریانی، پێشەکی شەرەفنامەی شەرە فخانی بتلیسی،١٩٧٢،لا ٣١
٣- محەمەد ئەمین زەکی، مێژووی، کوردوکوردستان، وەرگێڕانی عەبدولکەریم محەمەد سەعید،١٩٩١، لا١٢٣
٤- فەرموودەکە لەزۆر سەرچاوەدا ھاتووە لەوانەش مەوتیئی پێشەوا مالك.