عیراق

02:00 - 26/04/2022

مانگى رابردوو داهاتى نەوتى عێراق نزیکەى 11 ملیار دۆلار بووە‌



وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، رایگەیاند، داهاتى فرۆشتنى نەوت لە مانگى (3) نزیکەى 11 ملیار دۆلار بووە.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق راپۆرتی رێژه‌ی هه‌نارده‌ و داهاتی نه‌وتی بۆ مانگی 3ی 2022 بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێی دوایین ئامار كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای نیشتمانیی به‌بازاڕكردنی نه‌وتی (سۆمۆ)ه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕو، بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو 100 ملیۆن و 579 هەزار و 612 به‌رمیل نه‌وت له‌مانگی رابردو هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیان كراوه‌ كه‌ كۆی گشتی داهاته‌كه‌شی 10 ملیار و 913 ملیۆن و 179 هەزار دۆلار بووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كۆی بڕی نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌كراو بۆ مانگی ئازار له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق، 99 ملیۆن و 130 هەزار و 677 به‌رمیل بوه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیه‌وه‌، ملیۆنێک و 488 هەزار و 935 به‌رمیل هه‌نارده‌ كراوه‌، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتیش به‌تێكڕا  108 دۆلار و 503 سەنت بوه‌.

بەپێى راپۆرتەکەى وەزارەتى نەوت، "ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ هه‌نارده‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن 34 كۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی له‌وڵاتانی جیهان باركراون، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی به‌نده‌ری باشور و وه‌ك تاكه‌ رێگا و پاشانیش به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه‌ بون.