ڕاپۆرتی کوردستانی

05:34 - 30/04/2022

کشانەوەی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە هەرێم نوێیە؟‌

پەیسەر

یادگار سدیق گەڵاڵی


سەرەتای هاتنی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بۆ ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەم کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم کرد  لە شەش کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان. کێڵگەکان بریتیبوون لە ( قەرەهەنجیر، رۆژهەڵاتی عەربەت، بێتواتە، ئەلگوش، بەعشیقە و پیرمام) سێ کێڵگەی یەکەمیان لە ناوچەی پارێزگای سلێمانین و سیانەکەی تریان لە ناوچەی هەولیر و دهۆکە. کۆمپانیای ئێکسۆن ٨٠٪ ی پشکەکانی هەبوو وە کۆمپانیای وزەتی تورکی TEC رێژەی ٢٠٪ی پشکەکانی ئەوکێڵگانەی هەبوو.

بەدڵنیای هاتنی ئێکسۆن مۆبیل لەوکاتەدا گرنگی خۆی هەبوو بۆ سەکتەری نەوتی هەرێمی کوردستان لەپاڵ سێ کۆمپانیای گەورەی تری جیهانیدا لەوکاتەدا کە بریتی بوون لە شێڤرۆنی ئەمەریکی،تۆتاڵی فەرەنسی وە گازپرۆم نەفتی روسی.( ساڵی پار تۆتاڵ پشکەکانی خۆی لەکێڵگەی سەرسەنگ فرۆشت بە کۆمپانیای شاماران و لە هەرێم کشایەوە).

وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بەشێوەیەکی گشتی لەهەر بوار و سەکتەرێکدا ئامانجی سەرەکی لێی دەستخستنی مادییە بەتایبەت لەسەکتەری نەوتدا کە سەرمایەیەکی زۆری لەسەرەتادا تێدا خەرج دەکرێت و جگەلە مەترسییە تەکنیکی و جێولۆجی و جیۆپۆلێتیکەکان کاتێکی زۆریشی دەوێت تا سەرمایە خەرج کراوەکە دەست دەخرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیا زەبەلاحەکان بەوە ناسراون کە روو لەوناوچانە دەکەن کە مەترسییان زیاترە چونکە لە بەرانبەردا قازانجی گەورە دەکەن.

 جۆری ئەو گرێبەستانەی هەرێم لەگەڵ ئێکسۆن و کۆمپانیاکانی تری نەوتدا کردویەتی لەجۆری هاوبەشیکردنە لە بەرهەمە Production Sharing Agreements . بەپێی ئەم گرێبەستە کۆمپانی بەدوای نەوت و گازدا  دەگەرێت و ئەگەر نەوت و گازی دۆزیەوە و ئەوەندە بوو پەرەپێدانی تیادا بکات و زانی دەگات بەرهەمی بازرگانی بەردەوام دەبێت. کاتێک گەشتە بەرهەم هێنان لە نەوت یان گازی بەرهەم هاتوو ئەو کات بە قۆناغبەندی  خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە بەڵام ئەگەر هیچی نەدۆزییەوە یان بڕەکەی ئەوەندە نەبوو ئەوکات دەتوانێت بکشێتەوە بەڵام ئەوپارەیەی خەرجی کردووە وەرناگرێتەوە( لێرەدا ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە لە شوێنی تردا باسم کردووە).

 قۆناغی گەڕان و پشکنین بەپێی گرێبەستەکانی هەرێم سەرەتا ٥ ساڵەو دەتوانرێت ٢ ساڵ درێژ بکرێتەوە بۆ ٧ ساڵ و لەهەندێ بارودۆخدا بۆ ٩ساڵیس درێژ دەکرێتەوە.

ئێکسۆن مۆبیل دوای ئەوەی دەستی کرد بەگەڕان و پشکنین لەو شەش کێڵگەی هەرێم لە ساڵی ٢٠١١دا پاش ٥ ساڵ و لە کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٦ دا  لە سێ کێڵگە کشایەوە کە ئەو سێ کێڵگەیە هەرسێکیان دەکەوتنە ناوچەی سلێمانی ئەو کات زۆرێک لە لێکدانەوەکان بەرگێکی سیاسی و پەیامێکی سیاسیان بۆ دەدوری بەڵام من بە پێچەوانەوە ئەوکات پێم وابوو کە هۆکارەکە ئەوەیە کە نەگەشتوون بەو نەوتەی کە چاوەڕێیان دەکرد و هیوایان پێی بوو یاخوود بەرهەم هێنان بۆ کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەکو ئێکسۆن لەو کێڵگە بچوکانەدا ئابوریانە نەبووە.( بروانە بابەتێکم لە ٢٨١٢/٢٠١٦ دا لەو بارەیەوە لەژێر ناوی کشانەوەی ئێکسۆن لە هەرێم و کاتی خۆی لە سایتی دوارۆژ دابەزی).

کشانەوەی ئێکسۆن مۆبیل لەسێ کێڵگەی هەرێم

کەواتە سەرەتای کشانەوەی ئێکسۆن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ ەو بە ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی دێت بەقۆناغبەندی بەم شێوەیە:
   ١- لە ساڵی ٢٠١٦دا لە کێڵگەکانی ( قەرە هەنجیر، رۆژهەڵاتی عەربەت و بێتواتە)  کشاوەتەوە
٢-  پاشان لە قۆناغی دووەمدا لەساڵی ٢٠١٧ لە کێڵگەی ئەلگوشیش کشایەوە .
 ٣- ساڵی ٢٠٢١ پشکەکانی لە کێڵگەی بەعشیقە کە رێژەی ٣٢٪ ی مابوو فرۆشت بە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی  نەرویجی کە بڕیارە لەمساڵدا بکەوێتە بەرهەم.
 ٤- ساڵی ٢٠٢١ دوای بەعشیقە لە دواهەمین کێڵگە کە  پیرمام بوو کشایەوە.


کەواتە کشانەوەی کۆمانیاکە  زۆر پێش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ بووە  لە شوباتی ٢٠٢٢دا سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم و ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەتی نەوتی عێراق دواتر گرتویەتییە بەر سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێم دا.

کۆمپانیاکان ( ئێکسۆن مۆبیل و کۆمپانیای وزەی تورکی ) تا بەرواری ٢٠١٦/٦/٢٧ لەو شەش کێڵگەیە بڕی ١ملیار و ٣٥٩ ملیۆن دۆلاریان خەرج کردووە و لەم بڕەش ١ ملیار و ٨٧ ملیۆن دۆلار ئێکسۆن مۆبیل خەرجی کردووە.

کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە عێراقیش وەبەرهێنانی دەکرد لە یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی عێراق کە رۆژئاوای قورنەیە. ماوەی زیاد لەساڵێکە کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو کە دەیەوێت لە کێڵگەکە بکشێتەوە و پشکەکانی بفرۆشێت ، بۆ ئەومەبەستەش قسەی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی گەورەی جیهاندا کردبوو  تاوەکو لە سەرەتای ئەمساڵدا و بەدیاری کراوی لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دا وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی پشکەکانی ئێکسۆنی کڕیوەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢١ چەندین جار وەزیری نەوتی عێراق کشانەوەی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی لەعێراق بۆ ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی گەڕاندەوە و هۆشداریشی دا کە مەترسی هەیە کۆمپانیای تریشی بەدوادابێت. کەواتە  تەنها کشانەوەکە لە هەرێم نییە و لەسەر داوای عێراق نییە  بەڵکو لە عێراقیش کشاوەتەوە.

ئەو کێڵگانەی بەسوور دیاری کراوە ئەو کێڵگانەن کە ئێکسۆن لە هەرێم لێیان کشاوەتەوە