چاوپیکەوتن

06:09 - 01/05/2022

وه‌زیری كار: پارەی سندوقی خانەنشینی گەیشتووەتە 900 ملیار دینار‌

وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت 16 هەزار کۆمپانیا و133 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون و نزیکەى 12 هەزار کەمئەندامى نوێمان تۆمارکردووە و هەوڵەکان بۆ ئەوەن دواى بینینى لیژنەى پزیشکى بخرێنە لیستى موچەوە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حکومەتى هەرێم دیدارێكی له‌گه‌ڵ کوێستان محەمەد، وه‌زیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی كردووه‌ و تێیدا قسه‌ی له‌سه‌ر كار و پلانی وه‌زاره‌تەکەی كردوه‌.

دەقى چاوپێکەوتنەکە:


هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم لە پشتیوانیکردنی کرێکاران و دەستبەرکردنی مافەکانیان چی بووە؟

کوێستان محەمەد: سەرەتا لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا بە گەرمی پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی جیهان بە گشتی و کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دەکەم، یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت و مافی کرێکار و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان، لەم روانگەیەوە وەزارەتی کار کۆمەڵێک هەنگاوی بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران ناوە. ئێمە رەشنووسی یاسای کارمان ئامادە کردووە و بڕیارە لەمانگی 5ی ئەمساڵ بچێتە ئەنجومەنی وەزیران. یاسای دەستەبەری خانەنشین و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیش ئامادە کراوە و ئاراستەی وەزارەتەکان کراوە بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی خۆیان بخەنەڕوو و دوای جەژن دەخرێتە بەرنامەی کار و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. هەروەها رێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی ئامادەکراوە، بۆ سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ ئەوەی زیاتر هەلی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی بڕەخسێنین. لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی چەند بەشێکمان هەیە، گرنگترینیان بەشی دەستەبەری کۆمەڵاتییە. لە ڕێگەی ئەم بەشەوە وادەکەین کرێکار مافەکانی دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کە گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین بکرێت وەکو هەر کەسێک کە لە کەرتی گشتی خانەنشین دەبێت. بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت توانیومانە هەموو پێداویستیەکانمان دابین بکەین، بۆ ئەم بەشانە تاوەکو لیژنەکانمان چالاک بکرێن، هەر بۆیە ژمارەی کۆمپانیای دەستەبەر زیادی کردووە و زیاتر لە 16 هەزار کۆمپانیا دەستەبەرە و زیاتر لە 133 هەزار کرێکاریشمان دەستەبەر کردووە، بۆیە ئێستا پارەی سندوقی خانەنشینی گەیشتووەتە 900 ملیار دینار، بەم ڕێژەیەش بۆمان روون دەبێتەوە کە ژمارەی کرێکار و کۆمپانیای دەستەبەر زیادیان کردووە، ئەمەش وادەکات خواستی گەنج لە کەرت گشتییەوە بگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت کاتێک بزانێت مافەکانی لە کەرتی تایبەت و کەرت گشتی مسۆگەر کراوە، بێگومان دەچێتە کەرتی تایبەت.

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاردا ئێمە لیژنەکانمان چالاک کردووە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی و بەدواچوون بۆ شوێنی کارەکان بکەن، تاوەکو کرێکار نەچەوسێنرێتەوە و کاری زیادی پێ نەکرێت، ئەو بڕە پارەیەی سەرۆکی حکومەت واژۆی کردووە بۆ زیادکردنی کرێی کرێکاران بووەتە  350 هەزار دینار بۆ کرێکاری ناکارامە، بۆ کاتژمێرێکی کاریش بووەتە 2500 دینار، بۆیە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەین، چونکە زۆربەی خاوەن کۆمپانیاکان پابەندی ئەم بڕیارە نابن.

جگە لەوەش بەشی بەکارخستنمان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار. ئەم بەشە چالاک کراوە و ڕۆژانە سەردانی شوێنکارەکان دەکەن، بۆئەوەی هەر شوێنکارێک پێویستی بەدەستی کار هەبێت لای خۆمان تۆماری دەکەین. ڕۆژانە گەنجەکانمان سەردانی بەشەکە دەکەن، بۆ ئەوەی بیانخەنە سەرکار و زۆرێک لە کۆمپانیاکان خۆیان داوامان لێ دەکەن خەڵکیان بۆ بنێرین بۆئەوەی بخرێنە سەر کار، لەگەڵ ئەوەشدا وێب سایتی تایبەتمان هەیە بۆ بەکارخستن، لەوێشەوە ڕۆژانە خەڵک پەیوەندیمان پێوە دەکات.هەروەها هێڵی گەرمی  5500 مان چالاک کردووە بۆ ئەوەی لەوێوە ئەو کرێکارانەی کێشەیەکیان هەیە لەگەڵ خاوەن کارەکەیان پەیوەندیمان پێوە بکەن، تاوەکو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەین، ئەگەر خاوەن کار ناهاتە ژێربار ڕەوانەی دادگایان دەکەین. هاوکات هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی پیشەییمان چالاک کردووە، ڕۆژانە سەردانی شوێنکارەکان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن پێداویستییەکانی وەک کڵاو، جزمە و دەستکێش دابین کراوە بۆیان، کرێکارەکان پابەندن لە بەکارهێنانیان، جگە لەوەش سەدان هەزار بروشورمان بڵاوکردۆتەوە بۆیان، تاوەکو شارەزاییان هەبێت لە بەکارهێنانی ئەو پێداویستیانە بۆ ئەوەی ژیانیان سەلامەت بێت لە شوێنی کارکردن. هەروەها سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییمان هەیە لە ساڵانی (2020-2021) و ئەم چەند مانگەی (2022) بە هەزاران گەنج فێری پیشەی جیاجیاکان کراون. ئێمە هەشت سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییمان لە شار و شارۆچکەکان هەیە، 2 لە هەولێر، 1 لە سلێمانی، 1 لە دهۆک، 1 لە سۆران، 1 لە زاخۆ، 1 لە گەرمیان، 1 لە هەڵەبجە و ئێستاش لە ڕاپەڕین کراوەتەوە و بەنیازین لە چەند شوێنێکی دیکەش ئەو سەنتەرانە بۆ خزمەتی زیاتری گەنجان بکەینەوە.


تا کەی ئێوە وەکو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەنیازن کار بە یاسای کاری ساڵی 1987 بکەن؟

-کوێستان محەمەد: تا ئەو کاتەی پڕۆژە یاساکەی خۆمان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت و دەدرێتە پەرلەمان، ئێمە کار بە یاسای کاری ساڵی 1987 دەکەین. تا ئێستا زیاتر لە 16 هەزار کۆمپانیا دەستەبەرکراون، 133 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون، پارەی سندوقی خانەنشینمان بەرزکردووەتەوە بۆ 900 ملیار دینار، ئەم ئامارانە پێمان دەڵێن کە توانیومانە ژمارەی کرێکاری دەستەبەر کراو و کۆمپانیای دەستەبەرکراو و سندوقی خانەنشینی زیاد بکەین ئەمەش لە بەرژەوەندی کرێکارانە.

پڕۆژەیەک بۆ تۆمارکردنەوەی کەمئەندامان هەیە و هەنگاوەکانتان لەو بارەیەوە چین؟


- کوێستان محەمەد: ئێمە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021 دەستمان کرد بە تۆمارکردنی ژمارەیەک کەمئەندام، ئێستا ژمارەی کەمئەندامان 11 هەزار و850 کەمئەندامە. لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆنووسێکمان واژۆکردووە، ئەوان دەستیان کردووە بە دروستکردنی لیژنەکانی پشکنین، دوای جەژنیش لیژنەکان دەستبەکاردەبن. ئەم کەمئەندامەی تۆمار کراوان ڕەوانەی لیژنەی پزیشکی دەکرێن بۆ ئەوەی پشتڕاستبکرێتەوە کەمئەندامن، دواتر ئەم لیستە دەنێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بخرێنە شوێنی ئەو کەمئەندامانەی لە سەرەتای دەستبەکابوونمانەوە تا ئێستا ناوەکانیان سڕاونەتەوە، بەهۆکاری ئەوەی کۆچی دواییان کردووە، یان شایەنی کەمئەندامی نەبوون، بۆیە دوای جەژن دەست دەکەین بە پشکنین و ئەگەری هەیە پڕۆسەکە نزیکەی 2 مانگی بخایەنێت.

پێشبینی تۆمارکردنی چەند کەیسی نوێی کەمئەندامی دەکەن، هیچ لێکۆڵینەوەیەکتان لەوبارەوە کردووە؟

-کوێستان محەمەد: ئێمە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنەوە ناومان تۆمار کردووە، هەموو ئەوانەی کەمئەندامن سەردانیان کردوون و ناوەکانیان تۆمار کراون، تا ئێستاش 11 هەزار و 850 ناوی خۆیان لای ئێمە تۆمارکردووە، لە لیژنەی پزیشکی بڕیار لەبارەی کەیسەکانیان دەدرێت و ئەوە دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری لیژنەکە.

چ داواکارییەکتان لەو کرێکارانە هەیە کە خۆیان دەستەبەرکردووە، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا مافەکانیان نەفەتێت؟

-کوێستان محەمەد: دەستەبەری کۆمەڵایەتی گرنگییەکەی لەوەدایە کاتێک کرێکارێک لەکاتی کارەکەیدا تووشی پێکان بێت خانەنشین دەکرێت، بەڕێژەی پێکانەکەی خانەنشینیەکەی وەردەگرێت، ئەگەر لەسەر کارەکەی کۆچی دوایی کرد بە تەواوی مووچەکەی خانەنشین دەبێت، ئەگەر ساڵانی خزمەت و تەمەنی گەیشتە ڕێژە یاساییەکەی خانەنشین دەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو کرێکارانە پارەی پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەردەگرن، ئەمە بێبەشیان دەکات لە خانەنشینی، بۆیە داوا لە هەموو ئەوکەسانە دەکەم لە کەرتی تایبەتی کار دەکەن، بەردەوام بن لە پێدانی پارەی دەستەبەرییەکەیان، بۆیە کاتێک چوو بۆ کارێکی تر ئەم خزمەتە لە گەڵی دەگوازرێتەوە بۆ کارە نوێیەکەی، هەر کاتێک لە کەرتی گشتی دامەزرا دەتوانێ ئەو خزمەتەی بگوازێتەوە بۆ کەرتی گشتی، کاتێک ساڵانی خزمەت و تەمەنی گونجاو بێت وەک کەسێک لە گەرتی گشتی خانەنشین دەبێت، بۆیە ئامۆژگاریان دەکەم ئەم بڕە پارەیە وەرنەگرن تا خانەنشین دەبن، ئەو کاتە تەواوی ژیانیان پارەی خانەنشینی وەردەگرن وەکو کەسێکی کەرتی گشتی، گرنگی کرێکاری خانەنشین لەوەدایە هەموو مانگێک بەبێ دواکەوتن مووچەی فەرمانبەران بدرێت یان نەدرێت مووچەی ئەوان دەدرێت، بەبێ لێبرین هەرکاتێک پاشکەوت کرابێت نەیانیگرتۆتەوە، بۆیە چاوەڕی بکەن تا ساڵان و تەمەنیان تەواو دەبێت و وەکو هەر کەسێکی کەرتی گشتی مووچەی خانەنشینیان وەربگرن.

هەماهەنگیتان لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران بۆ پاراستنی مافی کرێکاران چۆنە؟

کوێستان محەمەد: ئێمە هەماهەنگی باشمان هەیە لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاران، هەرچەندە بەداخەوە تا ئێستا یەکیان نەگرتووەتەوە و مۆرکی حیزبیان پێوە دیارە. ئەنجومەنی کارگێڕیمان هەیە مانگانە کۆدەبنەوە و نوێنەری سەندیکای کرێکاران بەشدار دەبێت بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کرێکاران، لیژنەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لیژنەکانی کرێکاران لە کاتی دەرچوون نوێنەری سەندیکای کرێکاران لەگەڵیاندایە، تا کرێکار داواکانیان بگاتە ئێمە. ئێمە کۆمەڵێک رێکارمان هەیە، لەوانە هێڵێ گەرمی 5500ـمان هەیە و دەشتوانن سەردانی بەرێوەبەرایەتیەکانی کار بکەن لە پارێزگا و لە ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی گلەییەکانیان بگەیەنن پێمان، هەروەها مۆبایلی خۆم، بەڕێوەبەری نووسینگەکەم و پەیچی وەزارەت ڕۆژانە گلەیی و گازندەی کرێکاران پێمان دەگات. ئێمە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان دەکەین، بەڵام کار گەیشتە سەر ئەوەی کۆمپانیایەک بدەین بە داگا پێویستە سکاڵاکەر هەبێت، بەداخەوە زۆربەی کرێکاران نایەن لە دادگا وتەکانی خۆیان پێشکەش بکەن، لە ترسی دەرکردنیان بەهۆی هەڕەشەی خاوەن کارەکانەوە، کاتێک دەڵێن قسە بکەن یان گلەییەکانتان بگەیەنن بە ئێمە، لەسەر کارەکەیان دەریان دەکەن، بەڵام ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەم حاڵەتەش دەکەین.


تا ئێستا چەند کۆمپانیا و پڕۆژە بەهۆی پێشێلکردن و نەدانی شایستەکانی کرێکاران سزا دراون؟

 
-کوێستان محەمەد: ئامارێکی وردمان نییە بۆ ژمارەی ئەو کۆمپانیا و شوێنکارانەی داومانن بەدادگا، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا هەر لایەنێکمان دابێت بە دادگا وەزارەتی کار براوە بووە، بەڵام بەهۆی کەمی دادوەری کار و سیستی کاری دادگاکان، یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان بە سستی دەڕوات.

پەیامتان بۆ کرێکاران لە رۆژی جیهانی کرێکاران چییە؟

کوێستان محەمەد: لە کۆتاییشدا بەکرێکارەکان دەڵێم ئەم رۆژە پیرۆزە لێتان، ئێمە وەکو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دڵنیاتان دەکەینەوە پشتیوانیانین و داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانتانین، هیچ گومانێکیان نەبێت لە هەر شوینێک پێشێلی مافەکانیان کرا، ئێمە دەرگامان کراوەیە و هێڵی گەرم لە خزمەتی ئەوان دادەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکانیان.