عیراق

11:23 - 03/05/2022

عەمار حەکیم زەنگى مەترسى لێدا‌




ئەمڕۆ سێشەممە عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە لە وتاری نوێژی جەژندا، زەنگی مەترسی لێدا و رای گەیاند مەترسی گەورە هەیە و عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.


عەمار حەکیم لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنەوە وتی، "ڕەوشی سیاسی عێراق بەرگەی سەرکێشی زیاتر ناگرێت و پێویستی بە پێداچوونەوە و چارەسەری خێرا و واقیعیانە ھەیە." 


وتیشی، ناکۆکی سیاسی خزمەت بە ھیچ لایەنێک ناکات و ھیچ ئامانجێک بەدیناھێنێت و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات، ھۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە و بایکۆتکردن بەردەوام بێت و چاوەڕێی چارەسەر بکەن لە دەرەوەی عێراق، مەترسییەکان گەورەتر دەکات و لێکەوتەکانیشی لەسەر دیموکراسییەت زیاتر دەبن. 



عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەشکرد، "نابێت ھەڵبژاردن ببێتە کێشە و لە جیاتی گەڕانەوەی متمانەی خەڵک بە سیستمی سیاسی، ھەڵەکان دووبارە دەکرێنەوە و بۆشایی نێوان خەڵک و سیستمی سیاسی زیاتر دەبێت."