ڕاپۆرتی کوردستانی

02:58 - 07/05/2022

ئایا چارەسەری خۆڵبارین هەیە؟‌

پەیسەر

پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هەڵەت رەشید


خۆڵبارین وەکو کارەساتێکی هاوشێوەی زەمین لەرزەو گەردەلولە خولگەییەکان بێ چارەسەرە و ساڵانە زیانی میلیۆنەها دۆلار لە زۆرینەی ووڵاتانی جیهان دەدەن، هەوڵدان بۆ رێگرتن لە خۆڵبارین وەکو هەوڵدانە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی تیشکی خۆر بەزەوی، چونکە سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارین ناوچە ووشک و بیابانیەکانە کە نزیکە %35 رووبەری ووشکانی زەوی پێکدەهێنن.


خاکی ئەم ناوچانە خاکێکی لماوی یان وورد و فشەڵە بە بوونی بای خێرا یان داکەوتنی هەوا(تەوژمە هەوای داکەوتوو)، ئەم کارەساتە دروست دەبێت و مەودایەکی فراوان بەشێوەی ستونی و ئاسۆیی دەگرێتەوە، کە هەندێک جار بەبەرزی 6 کیلۆمەتر و بەدوری 6000 کیلۆمەتر بەبەرگی گازی (بەهەودا) بڵاودەبنەوە، کەواتە نەوەک روبەری سەوزایی و دارستان و بەرزی دارەکان بەڵکو بەرزی شاخەکان و شێی دەریاو زەریاکانیش ناتوانن ببن بەبەربەست لەبەردەم بڵاوبونەوە و دابارینی خۆڵ و تۆزی ناوچە ووشکەکان .


رەنگە پرسیاری ئەوە بکرێت ئەی بۆ باس لەوە دەکرێت دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی یان چاندنی دارو زیادکردنی رووبەری سەوزایی دەبێتە رێگر لەبەردەم کارەساتی خۆڵبارین، لەوەیە ئەم بابەتە بەواتا دروستە زانستیەکەی نەگەیشتبێت چونکە چاندنی دار و زیادکردنی سەوزایی ناتوانێت بنبری دیاردەی خۆڵبارین بکات بەڵکو کاریگەریەکەی بەرێژەی %30 کەم دەکاتەوە و هەروەها یەک هێکتار لەدارستان(4 دۆنم = 10000م ²) ساڵانە دەتوانێ 18 میلیۆن مەتر سێجا، هەوا لەخۆڵ پاک بکاتەوە، بۆیە سەوزایی دەتوانێت رێژەی خۆڵ لەهەوا کەم بکاتەوە بەڵام ناتوانێت کارەساتەکە رابگرێت ، تەنها لە حاڵەتێک نەبێت ئەویش هەموو ناوچە ووشک و بیابانەکانی سەر زەوی هەمووی بکرێت بەدار و دارستان، ئەمەش ناتوانرێت چونکە زەوی ئەو ناوچانە خاکیان نەماوە تا روەک و داریان لەسەر بروێت و هەروەها خودی ناوچەکە گرفتی ئاوهەوای ووشک و کەمی دابارینی هەیە و ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییان نیە بۆ ئاودێری کردن، بۆیە سەوزکردنیان کارێکی ئەستەمە لەتوانای مرۆڤدا نیە .


کارەساتی خۆڵبارین کارەساتێکی نوێ نیە و لەگەڵ بونی بیابانەکان روودانی هەبووە، بەڵام زیادبونی لە ئێستادا هۆکارەکەی ئەو ووشکەساڵییە کەڕووی لەناوچەکە کردوەو هەروەها گۆرانە خێراکانی کەشوهەوای ناوچەکەیە بەتایبەت ئەو گۆرانانەی لەپەستانی هەوای سەر ناوچەکە رۆژانە ڕوو دەدەن، ئەم هۆکارانە وایکردوە خێرایی با زیاد بێت و هەروەها بەهۆی زیاد بونی ووشکیەوە خاکی ناوچەکە زیاتر فشەڵ بووەو زیاتر لێکهەڵوەشاوە بۆیە ژمارەی رودانی زیاتر بوە و ئەمەش وادەکات زیانەکانی زیاتر بن بەتایبەت بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەرهەمی کشتوکاڵی .


دیاردەی خۆڵبارین وەکو چەند دیاردەیەکی تر کۆمەڵێک بابەتی تێکەڵ بوە کەبنەمای زانستی و واقیعی نیە.


یەکێک لەو بابەتانە ئەوترێت پێشتر حکومەتی عێراق نەوتی رەشی بەکارهێناوە بۆ رێگری لە خۆڵبارین، بەڵام ئەمە راست نیە چونکە رژاندنی نەوت بەسەر ئەو روبەرە فراوانە جگە لەوەی تێچووی ئابوری زۆرە، هەروەها پیسبونی ژینگەی لێ ئەکەوێتەوە و چارەسەری دیاردەکەش ناکات، هەندێکی تر زیاد بوونی ئەم دیاردەیان بە رودانی جەنگی ئەمریکا و عێراق و رۆیشتنی ئامێری سەربازی بەسەر بیابانەکان ئەبەستنەوە، ئەمەش بنەمایەکی زانستی نیە، چونکە بیابانەکان فراوانن و ئامێرەکانیش بەچەند رێگاو شوێنێکی دیارکراو تێ ئەپەرن، بەپێچەوانەوە بەشێکی زۆری بیابانەکان بەهۆی ئەوەی خاکی لمین ئامێری سەربازی قورس ناتوانن بەسەریدا برۆن، هەندێ بیابان جەنگی تێدا نەبوە کەچی سەرچاوەی خۆڵبارینن نەوەک بۆ ناوچەکانی دراوسێیان بەڵکو بۆ کیشوەرێکی تر، وەکو خۆڵبارینی بیابانی گەورە لە باکوری ئەفریقیا کە خۆڵی دەریای ناوەراست دەبارێت و دەگاتە ووڵاتانی ئەورپا، وەهەندێ جار بە ئاراستە رۆژئاوا دەروات و زەریا دەبرێت و دەگاتە کیشوەری ئەمریکا .