عیراق

02:09 - 16/05/2022

سەدر: لایەنەکانى سێیەکی پەکخەر بە پشتیوانی دادگا ژیان خەڵکیان قورسترکردوە‌



رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لایەنەکانی سێیەکی پەکخەر بە پشتیوانی دادگا بونەتەهۆی دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان قورسترکردوە.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی ئەمڕۆ دوشەممە پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سیاسەتمەدارانی عێراق بونەتە نمونەی گەندەڵی و خراپەکاری، جگە لە چەند کەسێکی کەمیان نەبێت، بۆیە پرسیار لە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی سێیەکی پەکخەر دەکەین بەرامبەر قورسترکردنی ژیانی خەڵک و پێکنەهێنانی حکومەت، چ وەڵامێکی دروستکەرمان دەدەنەوە".


وتیشى، "عێراق ناگەڕێنینەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم کە پشک پشکێنە و گەندەڵی لە سیما دیارەکانی بون، ئێوەی لایەنەکانی ناو سێیەکی پەکخەر بێگومان بن لەوەی لە دوعا و توڕەیی گەل و ئەوانەی ستەمیان بەرامبەر دەکەن، سەلامەت نابن".

رێبەری رەوتی سەدر جەختى کردەوە، "تا کەی گەندەڵی و سازان باشترین بژاردە دەبێت بەلای ئێوەوە، لە کاتێکدا خەڵک ئازار دەچێژێت و هیچ یارمەتیدەرێک نییە، هەروەها وڵات بەهۆی بەردەوامی گەندەڵی، تیرۆر و رفاندن، دزینی سامانی گشتی دەناڵێنێت".