عیراق

08:48 - 12/06/2022

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در په‌سه‌ند كرا‌

پەیسەر

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوای لە پەرلەمانتارانی ڕه‌وته‌كه‌ی كرد دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌شیان په‌سه‌ند كرا.


موقتەدا سەدر، ئه‌مڕۆ له‌نامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: پێویستە سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن عەزاری، دەستلەکارکێشانەوەکانی خۆی، ھەروەھا خوشک و برایان لە فراکسیۆنی سەدر، پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.


راشیگەیاندووە "لەبەرامبەر ئەو ماوە کەمەی کە پێشکەشیان کردووە، سوپاسی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر دەکەم و خوای گەورە پاداشتی چاکەیان بداتەوە، ھەروەھا سوپاسی لایەنە ھاوپەیمانییەکانمان لە ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان دەکەم لە بەرامبەر ئەو ھەڵوێستە نیشتمانییەی کە نیشانیانداوە".


ھەروەھا سه‌در، نوسیویه‌تی "سوپاسی جەعفەر سەدری ئامۆزامان دەکەم و بەردەوامبێت لە سەرکەوتن کە پێشتر بەربژێری سەربەخۆمان بوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران".


موقتەدا سەدر، ده‌ڵێت"ئەم ھەنگاوە، قوربانیدانی خۆمە، لە پێناو ئەوەی نیشتمان و گەل لە چارەنووسێکی نادیار رزگار بکرێن، ھەروەک چۆن پێشتر لە پێناو رزگارکردنی عێراق، سەروەریی، ئاسایش، یەکپارچەیی خاک و سەقامگیرییەکەی قوربانیمان داوە".