ڕاپۆرتی کوردستانی

01:16 - 16/06/2022

پرسی ئەگەری هێرشی تورکيا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان؟‌

پەیسەر

شیکاری: رەنج نەوزاد

لە ٢٠١٦ەوە تورکيا چوار ئۆپراسيۆنی سەربازی ئەنجامداوە دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان. بە پێی پلانی تورکيا لایەنی کەم دوو ئۆپراسيۆنی تری ماوە کە ئەنجامی بدات. لەم چەن هەفتە و مانگەدا ئەنجامدانی پێنجەم ئۆپراسيۆن ئەگەرێکی نزيکە. چەن هۆکارێک هەیە بۆ ئەم ئۆپراسيۆنە، گرنگترينيان: ١. تورکيا نەگەيشتووە بە هەموو ئامانجەکانی لە رۆژئاوا تا ئێستا، بۆیە تا گەيشتن بە ئامانجەکانی، ئەنجامدانی ئۆپراسيۆنی سەربازی هەميشە ئەگەرێکی کراوەیە. ئەم ئۆپراسيۆنە درێژکراوەی ئۆپراسيۆنەکانی پێشترن، هەموویان سەر بە یەک پلان و ستراتيژن. ٢. لە ئێستا پێگەی دبلۆماسی تورکيا بە -هۆی شەڕی ڕووسيا و ئۆکڕانيا- گرنگتر و کاريگەرترە، ناتۆ دەيەوێت پارێزگاری لە یەکگرتووی ئەندامانی بکات لەم کاتەدا. هەر وەها کەيسی بە ئەندامبوونی فينلاند  وسويد لە ناتۆ و ڕازيبوونی تورکيا بەوە، تا ڕادەیەکی کەم گرنگی داوە بە پێگەی تورکيا و گوێ گرتن لە خواستەکانی. ٣.بە هۆی جەنگی ڕووسيا و ئۆكرانياوە، ڕووسيا هەندێ ناوچەی بەجێ هێشتووە لە سووريا و تەرکيزی سەرەکی لەسەر ئۆکڕانيایە. لە ئێستادا ڕووسيا براورد بە جاران، پێگەی بەهێز نييە لەسووريا. جگە لەوەی تورکيا تاکە ئەندامی ناتۆیە لە ئیستادا پەيوەندييەکانی لەگەڵ ڕووسيا لە ئاستێکی باشدایە، لەوانەیە ئەوە بۆ ڕووسيا گرنگ بێت و نەيەوێت لەم کاتەدا تورکيا نيگەران بکات ٤. ئەو بۆشاییانەی کە ڕووسيا بەجێی دەهێڵیت لە سووريا، ئێران پڕی دەکاتەوە، ئەمەش لای تورکيا مایەیی نيگەرانييە. بە کورتی تورکيا پێی وایە ئەمە گونجاوترين کاتە بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە پلانەکەی، کە نەهێشتنی ڕۆژئاڤای کوردستانە یان تەواو لاوازکردنی و، درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی ٣٠ کم.

تێگەيشتنێک هەیە لە ناو کورد، زۆر باوە و تا ڕادەیەک زۆرينە باوەڕی پێدەکەن، ئەويش ئەوەیە کە تورکيا چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمريکا و ڕووسيایە بۆ هێرش کردن. ئەمە لە ڕوویەکەوە ڕاستە کە بێ گومان تورکيا دەيەوێت ڕەزامەندی ئەمريکا و ڕووسيا بەدەست بهێنێت بۆ هێرشەکانی، بەڵام ئەگەر تورکيا دڵنيابێت کە هەڕەشەی جدی هەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، هەر وەها کاتەکەی گونجاوە بۆ هێرش کردن، بەڵام ئەمريکا و ڕووسيا ڕازی نابن و گڵۆپی سەوز هەڵناکەن، ئەوا تورکيا بە بێ گوێدانە ئەمريکا و ڕووسيا هێرش دەکات. لە ڕۆژئاوای کوردستانيش ئەم تێگەيشتنە هەڵەیە زۆر باوە، گوایە ئەگەر ئەمريکا و ڕووسيا ڕازی نەبن ئەوا تورکيا هێرش ناکات. پرسی ئاسايشی نەتەوەیی بۆ هەر دەوڵەتێک گرنگترين پرسە. پاشان هەڵگيرساندنی جەنگ مەرج نييە بڕيارێکی عاقلانی و لۆژيکی بێت، دەکرێت تورکيا هێرش  بکاتە سەر رۆژئاوا و تووشی قەيڕان و زیانی گەورە بێت، هاوشێوەی ئەوەی ڕووسيا لە ئۆکڕانيا. لەوانەیە تورکيا وا بير بکاتەوە کە نا ڕەزایەتی ئەمريکا و ڕووسيا کاريگەری گەورەی نابێت، چونکە هەردوو دەوڵەت ئامادە نين لەبەر کوردانی رۆژئاوا، تورکيا لەدەست خۆیان بدەن  و دژی تورکيا ڕەفتار بکەن، لەوانەیە تەنيا لە چوارچێوەی نا ڕەزایەتيەکی زارەکی و هەندێ سزای سوک بێت. تەنانەت ئەگەر تورکيا بزانێت ڕووسيا و ئەمريکا هاوکاری رۆژئاڤا دەکەن دژ بە تورکيا، ئەوا تورکيا هەر هێرش دەکات. بە کورتی کوردانی رۆژئاوا پێويستە دڵنيا بن، تورکيا نەک یەک جاری تر، بەڵکو دوو جار یان چەن جارێکی تر ئۆپراسيۆنی سەربازی ئەنجامدەدات، ئيتر لەم هەفتەیەد بێت، یا مانگی داهاتوو یا ساڵی داهاتوو. خۆ ئامادەکردن و هەوڵدان بۆ گەياندنی گەورەترين زیان بە تورکيا، تاکە چارەسەرە.

ئەوەی تورکيا لەم ئۆپراسيۆنە چاوەڕوانکراوەدا زۆر تەرکيزی لەسەرە، دوو ناوچەیە؛ ناوچەنی (منبج) و ناوچەی (تل رفعت). هەردوو ئەم ناوچەیە سەر بە پارێزگای (حلب)ە. لە ٢٠١٦ەوە هەردوو ئەم ناوچەیە هەسەدە بەڕێوە دەبات دوای دەرکردنی داعش. ئەوەی گرنگە دەبێت بيزانين، هەسەدە بە هاوکاری ئەمريکا چووە ناو منبج، کەواتە منبج تا ڕادەیەک سەر بە زۆنی ئەمريکایە، بەڵام بە هاوکاری ڕووسيا چووە ناو تل رفعت، واتە تل رفعت زۆنی ڕووسيا و ئەسەدە. ئەوەش وەک کارتێکی فشار و کاردانەوەیەکی ڕووسيا بوو بەرامبەر تورکيا لە دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسيەکە لە لایەن تورکياوە.

گرنگی منبج لەوەدایە کە ناوەندێکی سەرەکی بازرگانی و ئابووریيە لە ناوچەی رۆژئاڤا و باکووری سووريا، ئەم شارە وەک پایەیەکی گرنگی ئابووری هەسەدەیە. بە براورد بە شارەکانی تری سووريا، ژێرخانی ئەم شارە کەمتر وێران کراوە. هەر بۆیە تورکيا دەيەوێت بەشێکی زۆری ئاوارە سووريەکان لەوێدا نيشتەجێ بکات، چونکە خانو و شوێنی ژیانی ئامادەکراوی هەیە. منبج دەکەوێت سەر ڕێگای سەرەکی سووريا (M4) کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سووريا بەیەکتر دەگەيەنیت، ئەم ڕێگایە بۆ هەموو لایەنەکانی ناو سووريا زۆر گرنگ و هەستيارە. منبج ناوچە کوردييەکانی رۆژهەڵاتی فورات وەک حەسەکە و قامشلۆ دەگەيەنیت بە ناوچە کوردييەکانی ڕۆژئاوای فورات وەک عفرين. هاوکات بەنداوی (تشرين) کە بەنداوێکی سەرەکیيە لە رۆژئاڤا و باکوری سووريا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، دەکەوێتە ئەم شارەوە. ئەوەی تورکيا هەميشە باسی دەکات کە درووستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قووڵایی ٣٠ کم، بە بێ گرتنی منج نایەتە دی.

ناوچەی (تل رفعت) هاوسنووری عفرينە، ئەگەر تورکيا (تل رفعت) داگيربکات ئەوا جگە لەوەی عفرينی داگيرکردوە و، کوردی لێ دەرکردوە، ئەوا لە دەوروبەری عفرينيش ئيتر کورد نامێنێت. واتە بە تەواوی عفرين دوور دەخاتەوە لە هەژمووی کورد.  لە ئێستادا تل رفعت ناوچەیەکی گەمارۆدراوە، لە باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شارەکەوە لە لایەن تورکيا و گروپە تيرۆرستيەکانی سەر بە تورکيا گەمارۆدراوە کە لە شاری الباب و وعفرينن، لە باشوورەوە لە لایەن سوپای ئەسەد و گروپە تيرۆريستيەکانی ئێرانەوە گەمارۆ دراوە. دوای ئەوەی تورکيا شاری (الباب)ی گرت، ئەوا منبج و (تل رفعت)ی لە یەکتر دابڕی، بەوەش تل رفعت لە ناوچەکانی هەسەدە دابڕا. بۆ ئەوەی هاوکاری هەسەدە بگاتە بە چەکدارەکانی لە تل رفعت، دەبێت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد بەکاربهێنن. لەبەر ئەوە، هەسەدە لەو ناوچەیەدا پەنای بردوە بۆ سوپای سووريا و ميليشياکانی ئێران، بەو هيوایەیی لە ڕێگەی سوپای سوورياوە، رووسيا ئەو شارە بپارێزێت. بەردەوامی هەسەدە لە تل رفعت، کارێکی قوورسە، ئەگەر تورکياش نەيگرێت، ئەوا سووريا و ميليشيا ئێرانيەکان کۆنتڕۆڵی دەکەن. وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، تل رفعت سەر بە زۆنی ئەمريکا نييە.

ئەگەر تورکيا ئەو دوو ناوچەیە داگير بکات، ئەوا کۆبانێ و هەندێ ناوچەی تری رۆژئاڤا بە ئاسانتر دەگرێت، چونکە داگيرکردنی منبج، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داگيرکردنی کۆبانێ. جگە لەوەی داگيرکردنی منبج، لە ڕووی ئابووری و لۆجيستی وسياسیەوە گورزێکی گەورە دەبێت بۆ دەسەڵاتی هەسەدە. داگيرکردنی تل رفعت، واتە نەهێشتنی کاريگەری کورد لە نزيک عفرين. ناوچەی عفرين بە براورد بە ناوچە کوردييەکانی تر، نزيکترين ناوچەی کوردييە لە دەریای سپی ناوەڕاست، تورکيا و سوريا و ئێران زۆر مەبەستيانە کورد لەو ناوچەیەدا هيچ دەسەڵات و پێگەیەکی نەبێت.
خاڵێکی گرنگ هەیە پێويستە ئاماژەی پیبدرێت، دەکرێت تورکيا لە رێگەی ئەم ئۆپراسۆنەوە دوو  جۆر ئامانج بپێکیت، داگيرکردنی هەندێ ناوچەی نوێی رۆژئاوا لە لایەن سوپاکەی خۆی و گروپە تيرۆريستيەکانی سەربەخۆی، هەندێ ناوچەی تری رۆژئاڤا لە رێگەی فشارەوە، وایان لێ بکات پەنا ببەنە بەر سوپای سووريا و گروپە تيرۆريستەکانی ئێران. بەمەش بەشێکی رۆژئاوڤا دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تورکيا، بەشێکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی سووريا. ئەمەش تا ڕادەیەک بە ڕوونی دەرکەوتووە، هەسەدە داوای لە بەشار و گروپە تيرۆريستيەکانی ئێران کردوە کە هاوکاری بکەن دژ بە تورکيا. بە تايبەت لە ناوچەی تل رفعت، بەبێ سوپای سووريا، ئەستەمە شەڕی بکرێت دژ بە تورکيا. بەرخودان لە شاری منبج بۆ هەسەدە ئاسانترە، چونکە جارێ بەستراوەتەوە بە ناوچە کوردييەکانی ترەوە، هەر وەها تا ڕادەیەک سەر بە زۆنی ئەمريکایە. لەوانەیە ئەمريکا بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی سووريا و ڕووسيا و ئێران لەو ناوچانەدا، هاوکاری هەسەدە بکات یاخود هەوڵی جدی بدات بۆ ڕێگرتن لە تورکيا. ئەمەش تەنيا ئەگەرێکە و دەکرێت وا نەبێت.

ئەگەر ئەم ئۆپراسيۆنە سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەکرێت ساڵی داهاتوو ئۆپراسيۆنێکی تر ئەنجامبدرێت، هاوکات هەرێمی کوردستانيش بەدەر نييە لەم ئۆپراسيۆنانە. یەکێ لە پلانەکانی تورکيا ئەوەیە کە کە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە یەکتر داببرێت. ناوچە کوردييەکانی رۆژئاوای کوردستانيش لەگەڵ یەکتر داببرێت. بۆیە زۆر گرنگە لەم ئۆپراسيۆنەدا، ئەگەر ئەنجامبدرێت، زیانی گەورە و کاريگەر بە تورکيا بکەوێت، بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک ئەم جۆرە ئۆپراسيۆنانە ئەنجامنەدات و بزانێت کە زیان و باجەکانی زۆر قوورسن.

پلانێک هەیە لە لایەن هەر چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکەوە، بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، ئەويش هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی پێگە و دەسەڵاتی کورد لە ناوچەکەدا. کورد دوو دەستکەوتی هەیە، هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا. فشارەکانی عيراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، مووشەکەکانی ئێران و ئۆپراسيۆنەکانی تورکيا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی نەوت و پەکەکە و ئيسرائل... تەنيا بۆ زیاتر لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە وەک سەرەتایەک بۆ لەناوبردنی. هاوکات ئۆپراسيۆنەکانی تورکيا بۆ رۆژئاڤا و ناچارکردنی رۆژئاڤا بۆ پەنا بردن بۆ سووريا و ئێران و رووسيا، تەنيا یەک مانای هەیە، ئەويش لەناوبردنی رۆژئاڤا. ئەگەر تورکيا سەرکەووتوو نەبوو لە ئۆپراسيۆنەکانی یان هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاڤا ڕابگرێت، ئەوا بە دڵنيایەوە دەيبينين چۆن سوپای سووريا و هاوشانی مليشيا ئێرانيەکان پەلاماری رۆژئاڤا دەدەن. تورکيا و ئێران و عيراق و سووريا، ئيتر بە ڕێککەوتنی هەر چواريان بێت بە یەکەوە یان نا، دەيانەوێت هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا لەناو ببەن.

بۆیە زۆر پێويستە هەسەدە بزانێت کە سووريا و ئێران، هاوشێوەی تورکيا داگيرکەر و دووژمنن، هەڵەیە ئەگەر لە پێناو ڕزگاربوون لە داگيرکاری تورک، پەنا ببرێتە بەر داگيرکاری فارس و عەرەبی سووری بەعسی. پرسيار ئەوەیە چی بکرێت؟ ئەمەیان هەسەدە کە خۆی لە ناو جەرگەی ڕووداوەکانە دەبێت وەڵامی بداتەوە، چۆن توانيویەتی بە پێچەوانەی خواستەکانی تورکيا و سوريا، ئەو ناوچانە بە هاوکاری ئەمريکا کۆنتڕۆڵ  بکات، دەکرێت بژاردەی تر هەبێت بۆ درێژەدان بەو دەستکەوتانە و مانەوەیان. قەدەری نەتەوەیەک نابێت دوو بژاردە بێت، یا تورکيا داگيرمان بکات، یا زەليل و کۆيلەی بەشار ئەسەد بين.

لەم دوو نەخشەیە دەتوانن هەردوو ناوچەکە (منبج-تل رفعت) ببينن، لەگەڵ هەندێ وردەکاری تر.