ڕاپۆرتی کوردستانی

04:40 - 20/06/2022

ململانێ لە پێناو خاوەندارێتی «سوڵتانی عاریفان»ـدا‌

پەیسەر

یاسین ئافتاو
"وەکو پڕگاڵم لـێ هات
قاچێکم بە دامەزراویی لەسەر زەویی شەریعەت وەستا و
ئەوەی دیکەیانم بەسەر ٧٢ نەتەوە و ئاییندا سووڕایەوە"
مەولانای ڕۆمی
 

ماوەی چەند ساڵێکە ململانێیەکی نێودەوڵەتی لەسەر خاوەندارێتی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی؛ عاریف و ئەدیب و فەقیهی مسوڵمانی مەزن و درەوشاوە هەڵگیرساوە، کە هێشتا ئاگرەکەی ژێری بە هێواشی دەگڕێت و جارێ نازانرێت ئەو ململانێیە تا کوێ سەر دەکێشێت و کێش براوەکەی دەبێت.

لایەنەکانی ئەم ململانێیە، هەتا دێت زۆرتر و زۆرتر دەبن، سرووشتی کێبەرکێکەش پەیوەندیی بە خودی مەولانای ڕۆمی، بە: لە دایکبوون، سەفەر و مامۆستا و شوێنەکانی مانەوە، زمانی ئاخاوتن و نووسین، جیهانبینیی و لە کۆتاییشدا مردنەکەیەوە هەیە.

عەباس مەحموود ئەلعەققاد، لە بارەی ناوەڕۆکی ئەم ململانێیەوە وتویەتی: "چوار میللەت لەسەر مەولانا جەلالەدین لە کێبەرکێدان: ئەفغان، فارس، تورک و عەرەب، ئەفغان بە هی خۆیانی دەزانن؛ چونکە لەوێ لە دایک بووە، فارس بە هی خۆیان؛ چونکە بە فارسی دوواوە و نووسیویەتی، تورک، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ژیانی لە کۆنیا بووە و مەزارەکەشی هەر لەوێیە، عەرەبیش لە بەرئەوەی سەجەرەی مەولانا هەتا ئەبوبەکری سدیق هاتووە و بە نەوەی ئەو دادەنرێت".

ئەوەی لە قسەکەی عەققاددا درووست نییە، پەیوەندیی بە عەرەبەوە هەیە، چونکە تا ئێستا هیچ دەوڵەت و نەتەوە و گرووپ و تەنانەت ڕۆشنبیر و ناودارێکی عەرەب داوای خاوەندارێتیی میراتی مەولانایان نەکردووە، بە تایبەتیی کە عەقیدەی زاڵ لە دونیای عەرەبییدا سەلەفیزمە و زۆرێک لە سەلەفییەکان مەولانا بە گومڕا و سەرلێشێواو دەزانن و زۆرینەشیان هەتا تەکفیرکردنی دەڕۆن، ئەوە سەرباری ئەوەی قسەکەی عەققاد کۆنە و ئێستا ململانێ و کێبەرکێکە دۆخێکی توندتری بە خۆوە گرتووە و گەمەکەر و ساحێبی تازەشی تێ کەوتووە.

پنتی تەقینەوەی ململانێیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦، کاتێک تورکیا و ئێران، لەسەر بنەمای داواکارییەکی بەرنامەی یادگەی گێتیی «Memory of the World»ـی یونسکۆ، دیوانی «مەسنەوی»ـی مەولەوییان بە کەلەپوورێکی فەرهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکە لە لیستی یونسکۆ بۆ کولتووری جیهانیی تۆمار کرد، لەو کاتەدا دەنگی ناڕەزایی لە ئەفغانییەکان بەرز بووەوە و حکومەتی ئەفغانستان بە فەرمی ناڕەزایی دەربڕی و وەزیری ڕۆشنبیریی ئەو وڵاتە سەرسامیی خۆی بە ناونەهێنانی ئەفغانستان لەو پرسەدا دەربڕی و سەرزەنشتکارانە و ڕوو بە یونسکۆ وتی: "محمەممەد کوڕی محەممەد، کوڕی حسێن، کوڕی بەهائەدینی بەڵخی «ناسراو بە مەولانا»، پێش هەشت سەدە لەسەر زەمینی ئەفغانستان لە دایک بووە و ئەفغانستان لە هەر وڵاتێکی دیکە لە پێشترە بۆ خاوەندارێتیی میراتی کولتووریی و ئەدەبی ئەو زاتە".

لە هەنگاوێکی زرنگانەدا، سەرۆکی ئەوکاتی ئەفغانستان، ساڵی ٢٠١٦ لە دیدارێکی وەزیری دەرەوەی تورکیادا، داوای کرد میراتی مەولانا بە کەلەپوورێکی هاوبەشی نێوان ئەفغانستان و تورکیا تۆمار بکرێت و هیچ ئاماژەیەکی بە ڕۆڵ و پێگەی ئێرانیش نەدا.

 زۆرینەی مەولاناناسەکان کۆکن لەسەر ئەوەی مەولانا لە شاری بەڵخی ناوچەی خۆراسان لە دایک بووە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئێستا لەسەر نەخشەی جیهان لە بری بەڵخێک دوو شاری بەڵخ هەن، یەکێکیان بچووکە و لە ئەفغانستانە و ئەوی دیکەیان گەورەیە و لە دیوی تاجیکستاندایە و تاجیکییەکانیش پێیان وایە مەولانا لە بەڵخی ناو سنووری تاجیکستان لە دایک بووە نەک بەڵخی ئەودیو.

ململانێی خاوەندارێتییەکە تەنیا لە بانگەشەی خاوەندارێتیی خودی مەولانادا بەرجەستە نابێت، بەڵکو سەری کێشاوە بۆ ئەوەی کێ زۆرترین بایەخ بە ئیرسی مەولانا دەدات، بۆ چاودێرێکی بێلایەن ڕوون و ئاشکرایە ئێرانییەکان لەو ڕووەوە لە پێش هەمووانەوەن و یەکێک لە هۆکارەکانی زیندووێتیی و درەوشانەوەی مەولانا، ئەو بایەخ و گرنگییپێدانەی ئێرانییەکانە بە ئەدەبییات و جیهانبینیی مەولانا، بە تایبەتیی لە ڕووی چاپکردنی بەرهەمەکانی، ژمارەی مەولاناناسەکان، توێژینەوە لەبارەی مەولانا و گۆڕینی شیعر و پەخشان و جیهانبینییەکەی بۆ گۆرانیی و موزیک و سینەما.

مەولانا بۆ ئێرانییەکان، کەیسێکی پارادۆکسەڵە، چونکە ڕاستە مەولانا بە فارسی دوواوە و نووسیویەتی، بەڵام لە ڕووی ئایینزاوە، مەولانا سووننە مەزەبە، حەنەفییە و لە ئەشاعیرەشە، ئەو پرسەی بۆ دەوڵەتێکی مەزەبیی و دەمارگیری وەکو ئەوەی ئێران بڕێک لە دژوازیی و سەرئێشەی تێدایە، بەڵام ئێرانییەکان وەکو چەندین کەیسی دیکە، بە تایبەتیی لە نموونەی عومەری خەییام و عەبدولباست عەبدولەسەمەدیشدا چاوپۆشیی لە پرسی ئایینزا دەکەن و خۆیانی لێ لا دەدەن.

ئەم فرەشوناسییەی مەولانا، ئەم فرەخاوەنییە و لە هەمان کاتدا بێخاوەنییەشی، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی ژیانی مەولانا و کەسێتییە سرکەکەی، بەڵام بەدەر لەمانە و وەکو ئەوەی مەولانای مەزن درکی بەوە کردبێت دوای خۆی لەسەر ئەوەی کێ خاوەنی ڕاستەقینەی ئەوە؛ دەبێتە کێشمەکێش و ململانێ؛ لە دیوانی «شەمسی تەبرێزی»یدا فەرموویەتی: "ئەی مسوڵمانان؛ تەگبیرێکی حاڵی من بکەن، من خۆشم خۆم ناناسم، من نە مەسیحییم، نە جوولەکە، نە ئاگرپەرست و نە مسوڵمان، نە خەڵکی خۆرهەڵات و نە هی خۆرئاوام، نە سەر بە وشکانییم و نە دەریا، من نە لە خاکم و نە لە هەوا و نە لە ئاگر، من نە سەر بە چین و نە سەر بە هیندم، من نە لە بێباوەڕانم و نە لە دۆزەخییان و نە لە ئەهلی بەهەشتم، من سەر بە ناشوێنم، بەڵگەشم بێبەڵگەییە، من نە جەستەم و نە گیان، چونکە لە ڕاستییدا من گیانێکم لە ڕۆحی خۆشەویستەکەم «خودا»".

هەرچی هەڵدەستێ، بەشێک لە مەولانا بۆ خۆی دەبات، کە ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە، چونکە وەکو لە وتەکەی خۆیدا دیارە مەولانا خۆی بە خەڵکی هیچ کوێ دانەناوە، تەنانەت هەندێک لە کوردان، شێخ حیسامەدینی چەلەبی؛ -جێگرەوەی مەولانا و نووسەرەوەی ٢٥ هەزار بەیتەکەی «مەسنەوی» و مەعشووقەی مەولانا لە دوای شەمسی تەبرێزی-؛ بە کورد لە قەڵەم دەدەن و بەوەش بازنەیەکی پەیوەندیی لە نێوان مەولانا و کورددا درووست دەکەن، ئەوە لەوە بگەڕێ کە کوردیش مەولانایەکی هەیە و بە «مەولانای شارەزووری» بەناوبانگە.

ئەمریکا، کێبەرکێکارێکی دیکەی ئەم شەڕی خاوەندارێتییەیە، بەڵام بە ئاهەنگ و ئاوایەکی جیاواز، ئەمریکییەکان لە میانەی ململانێیان لەگەڵ ئێراندا لە زۆر بابەتی هەستیار نزیک دەبنەوە و دەیانەوێت لە ورد و درشتدا لە پێش ئێرانییەکانەوە بن، جا با ئێران لەو بوارەدا مێژوویەکی چەندان ساڵەی هەبێت و هەمیشەش یەکەم بووبێت، هەر بۆ نموونە، لە پرسی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی فستەقدا، ئەمریکا جەنگێکی کشتوکاڵی، بازرگانیی و مەعنەویی گەورەی لەگەڵ ئێراندا کرد و تا ئێستاش براوەیە...

لە پرسی مەولاناشدا، ئەمریکا وڵاتێکی بێگانە نییە، بە پێی ڕاپرسییەکی کەناڵی «BBC»ـی بەریتانی، مەولانا شەعبییترین شاعیری ویلایەتە یەکگرتووەکانە، هەر بۆیە ئەمریکییەکان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و هۆڵیوود بە نیازی بەرهەهێنانی فیلمێکە لە بارەی مەولاناوە، ئەم بابەتە ساڵی ٢٠١٦ وەکو هەواڵێکی سەرنجڕاکێش بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە، بە پێی هەواڵەکە؛ دەیڤد فرانزۆنی سیناریۆی فیلمەکە دەنووسێت، ستیڤن جۆیل پرۆدیوسەرە و بڕیار وایە لیوناردیۆ دیکاپریۆ ڕۆڵی مەولانا و ڕۆبێرت داونی-یش ڕۆڵی شەمسی تەبرێزیی وازیی بکەن.
تورکیا؛ گەمەکەر و ململانێکارێکی گەورەی ئەم کەیسەیە، هەرچەندە لە زۆر ڕووەوە مەولانا بە توورک و کولتووری توورکی نامۆیە و ئەگەر لەبەر سەرنجڕاکێشیی ناوچەکە و هەژموونی زمانی فارسی نەبووایە لەو دەمەدا، ڕەنگە مەولانا ناوچەیەکی دیکەی بۆ نیشتەجێبوون و مردن هەڵبژاردایە، بەڵام مەزاری مەولانا و درێژەپێدەرانی تەریقەتی مەولەوی -کە هەردووکیان لە قووڵایی خاکی تورکیادان-، ئەو وڵاتە دەکاتە میراتگرێکی نکۆڵینەکراوی مەولانای ڕۆمی و بە هۆی زیارەتکەرانی مەزاری مەولاناشەوە لە ڕووی مادییەوە سوودمەندترینی ئەو وڵاتانەیە کە بانگەشەی خاوەندارێتیی مەولانا دەکەن.

پێ دەچێت پرسەکە تەنیا لە گۆشەنیگای خاوەندارێتییشدا قەتیس نەکرێت، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی بگەڕێتەوە بۆ مەولانا و جیهانبینییە گەردوونییەکەی، ئەو جیهانبینییەی عەشق و بەخشندەیی و پێکەوەهەڵکردن و لێبوردەیی کردبووە بناغەی، هەر بۆیە هەوڵی وڵاتێکی وەکو قەتەڕ بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی نایاب بە دەرهێنانی موزەفەر عەلی-ی هیندستانیی، هیچ نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە مەزنەی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی.

مەولانا ئێستا یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین فیگەرەکانی دونیا، ڕۆژ نییە شتێکی ئەومان بەرچاو نەکەوێت، بە هەر لایەکدا چاو دەگێڕیت وێنە، شیعر و وتەیەکی ئەو بەدی دەکەیت، کاتی خۆی کە مەولانا لە ساڵی ١٢٧٣ی زایینیی لە کۆنیا وەفاتی کرد، پێڕەوانی حەوت ئاینیی جیاواز لە ژێر تابووتەکەیدا بوون و هەتا ناشتنیشی بە دوایەوە بوون، شوێنکەوتووانی، شەوی مردنیان کردە ئاهەنگ و هەتا ئێستاش لەو شەوەدا ئاهەنگ ساز دەکەن، ئیدی چۆن خەڵکی شەڕ لەسەر میراتییەکەی ناکەن؟