ڕاپۆرتی کوردستانی

06:43 - 16/01/2019

له‌دایكبوونى كابینه‌ى نۆ له‌ هه‌ناوى كێشه‌كانى پاراستن و زانیاریدا‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

ریسى دانوستانه‌كانى دروستكردنى كابینه‌ى نۆى حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ده‌ستى كاره‌كته‌ره‌ ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كانى یه‌كێتى و پارتییه‌، ئه‌وان كه‌ به‌ لێدوانه‌ تونده‌كانیان دژ به‌یه‌كدى ده‌ناسرێنه‌وه‌و ناكۆكى قوڵیان هه‌یه‌، ئێستا ململانێكانیان تێكه‌ڵ به‌كێشه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت بووه‌ و رێگرى گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م له‌دایكبوونى حكومه‌ته‌كه‌، شێوازى تایبه‌تى ئه‌وان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌ك، بارگاوییه‌ به‌ كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌منییه‌كه‌یان وشك و جیڕن و كه‌متر به‌ پرۆژه‌كانى یه‌ك قایل ده‌بن.

له‌ دانوستانه‌كانى خوله‌كانى رابردوو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كاره‌كته‌ره‌كانى ده‌زگا ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كان، به‌رچاونه‌ده‌كه‌وتن یاخود له‌پشته‌وه‌ ده‌ستیان ده‌خسته‌ گفتوگۆكانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ى هێنایە سه‌ر یه‌ك مێز، ئه‌وان كه‌ دید و تێڕوانینى ئه‌منییان زاڵتره‌و ململانێكان خه‌ستتره‌ لایان، پێناچێت هه‌روازوو له‌سه‌ر سفره‌یه‌ك كۆببنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كاتێك نێوانى یه‌كێتى و پارتیش وه‌ك حزب ئاسایى بوو، پاراستن و زانیارى ده‌نوكیان له‌سه‌ر یه‌ك بووه‌.


ره‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت تیمى دانوستانكارى پارتى به‌ده‌ر له‌خواستى مه‌سرور بارزانى، بڕیاربدات یاخود ببه‌خشێت و سازش بكات، له‌به‌رنامه‌كه‌ى ببڕێت یان زیادى بكات، له‌كاتێكدا راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ئه‌زمونى ململانێى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان زۆرتره‌ له‌ دانوستان، كێشه‌كانى رابردوو و ئێستاى نێوان ئاژانسى پاراستن بێ كاریگه‌رى نابن له‌سه‌ر جوڵه‌و بڕیار و خواسته‌كانى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ تیمه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كه‌ى یه‌كێتیش ده‌نگى لاهور شێخ جه‌نگى تێدا زاڵه‌و ئه‌گه‌ر بڕگه‌یه‌كى دانوستانه‌كانى به‌دڵ نه‌بێت به‌ ئاسانى ده‌توانێت ته‌گه‌ره‌ى بۆ دروستبكات و راى كادیره‌كانى حزبه‌كه‌ى ئاراسته‌بكات بۆ رێگرى له‌بڕیارى لیژنه‌ى دانوستانكارى یه‌كێتى.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ساڵى ٢٠١١ به‌پێى یاساى ژماره‌ چوار پێكهات و ده‌بوو ده‌زگا ئه‌منى و هه‌واڵگرییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ رێكبخرێن كه‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رپه‌رشتى كۆى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام بۆ جارێكیش ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى گشتى رێكنه‌خست، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناكۆكى زۆر له‌نێوان ده‌زگاكانى هه‌بووه‌و چه‌ندین جار راگه‌یه‌ندراویان له‌سه‌ر یه‌ك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و تۆمه‌تى قورسیان داوه‌ته‌ پاڵ یه‌ك و لێدوانى توندیان به‌رامبه‌ر یه‌كدى داوه‌.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە دەزگاکانی ئاسایش، هەواڵگری سەربازی، ئاژانسی پاراستن و زانیاری پێكدێت، ئه‌مه‌ى دوایى لە دوو بەڕێوەبەرایەتیی سەرەكی پێكدێت كە یەكەمیان بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنه‌ كە نه‌زهه‌ت حالى له‌ پشكى پارتى به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تى و لاهور شێخ جه‌نگیش بەڕێوەبەری زانیارییە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئەركیان كاری هەواڵگرییە لە ژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم.


تا ئێستا ئه‌و دووبه‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش زۆر دورن له‌یه‌ك و له‌دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سه‌ر به‌ یه‌ك ئه‌نجومه‌نى ناچن، به‌ته‌واوى په‌یوه‌ستن به‌ حزبه‌كانیانه‌وه‌، مه‌سرور بارزانیش له‌رووى كردارییه‌وه‌ ته‌نها ده‌توانێت سه‌رپه‌رشتى به‌شه‌ پارتییه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بكات، نه‌زهه‌ت حالى به‌ڕێوه‌به‌رى پاراستن سه‌باره‌ت به‌ حزبى بوونى ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌ڵێـت،"دەبێت واقعی هەرێمی كوردستان لە بەرچاوبگرین، پارتی و یەكێتی پێشتر هەریەكە و لە ناوچەیەك و لە دۆخێكی تایبەت بە ئەركی حكوومەت هەستاون و زۆرینەی خەڵكی كوردستان لایەنگریی بۆ لایەنێكی سیاسی هەبووە و بەشی ئەو دوو پارتە سیاسییە زۆرینە بووە، بۆیە ئەو دەزگایانە زۆرینەیان لە لایەنگرانی ئەو دوو پارتە بوون".

مانگى ئازارى ساڵى ٢٠١٦ ده‌زگاى دژه‌تیرۆرى یه‌كێتى كه‌ به‌شێكن له‌ئاژانسى زانیارى كه‌ لاهور شێخ جه‌نگى سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو، سەرباری هەموو چالاكییەكانی و قوربانیدانی ئەندامەكانی، بە دەستێوەردانی حزبی ماوەی شەش مانگە نەسریەكەیان بڕدراوە.


له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌نجومه‌نى ئاسایش وه‌ڵامێكى توندى ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ى دایه‌وه‌و هێرشى كردبووه‌ سه‌ر لاهور شێخ جه‌نگى، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كردبوو كه‌ رووبه‌ڕووى یاساى ده‌كاته‌وه‌، هاوكات له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وشه‌ى زبر و توند به‌كارهێنرابوو، نێوانى ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ به‌رده‌وام له‌گێژاودا بووه‌، ئه‌وكاتانه‌شى یه‌كێتى و پارتى له‌ رواڵه‌تدا بێكێشه‌بوون، ده‌زگا هه‌وڵگرییه‌كانیان هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر یه‌ك، ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌زگایانه‌ میدیاى تایبه‌تیان هه‌یه‌ و بۆ دژایه‌تى یه‌كدى به‌كاریدێنن.

ناكۆكى پاراستن و زانیارى له‌ رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر گه‌یشته‌ لوتكه‌، كاتێك پارتى و به‌شێكى یه‌كێتى یه‌كدییان به‌ خیانه‌تكرا تۆمه‌تبار ده‌كرد، ئاگرى نێوماڵى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌ هه‌مووكات گه‌وره‌تربوو، به‌وپێیه‌ى به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراو دژى باڵێكى یه‌كێتى بڵاوده‌كرایه‌وه‌، كه‌سى یه‌كه‌مى زانیاریش لێدوان و په‌یامى توندى دژى پارتى بڵاوده‌كره‌وه‌.

رۆژى ٢٣ى ١٠ى ٢٠١٧ لاهور شێخ جه‌نگى به‌رپرسى ئاژانسى پاراستن و زانیارى/زانیارى له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان گوتى"ئەنجومەنی ئاسایش ھیچ رۆڵێکی نیە، مەسرور بارزانییان کردووە بەسەرۆکی و پارەیەکی زۆری لەحکومەتی ھەرێم بۆ تەرخان دەکەن، هەروەها کردویانە بە پاراستنی دووەم و بۆ بەرژەوندییەکانی خۆیان بەکاریدەھێنن". 


دوو جه‌مسه‌رە ئه‌منییه‌کەى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ناكۆكییان لێنه‌بڕاوه‌، له‌رابردوو مه‌گه‌ر له‌بۆنه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌رپرسه‌كانیان له‌ نزیك یه‌كه‌وه‌ بینرابن، ئه‌گینا وه‌ك دوو تیمى دژ ده‌رده‌كه‌ون، ته‌نانه‌ت له‌كاتى شه‌ڕى داعش هه‌ردوولا له‌رێگه‌ى سۆشیال میدیا و میدیا سێبه‌رەكانیانه‌وه‌ یه‌كدییان تۆمه‌تبار ده‌كرد، پێناچێت هه‌رگیز ئه‌م سه‌رانه‌ پێكه‌وه‌ له‌ مه‌نجه‌ڵێكدا بكوڵێن.

سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ كێشه‌ كۆنه‌كانى خۆى له‌ باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش جێناهێڵێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتى ڤیتۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌شدارى لاهور شێخ جه‌نگى له‌ دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت، هه‌رچه‌ند تا ئێستا ئه‌و خواسته‌ى نه‌هاتووه‌ته‌ دى و له‌چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌شداریكردووه‌ ئه‌وه‌ش پارتى نیگه‌ران كردووه‌. هه‌رچى په‌یوه‌ندى به‌ مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و پیاوه‌ به‌شدارنییه‌ له‌شاندى حزبه‌كه‌ى بۆ سه‌ردانى لایه‌نه‌كان و له‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ تا ئێستا، كه‌مى ده‌ركه‌وتن و سه‌ردان و قسه‌كانى، هاوكات مانه‌وه‌ى له‌سێبه‌ردا وه‌ك كاره‌كته‌رى پشت رووداوه‌كان، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ كێشه‌ كۆنه‌كانى خۆى له‌ باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش جێناهێڵێت.

مه‌سعود عه‌بدولخالق چاودێرى سیاسى پێیوایه‌، ریفراندۆم و ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كێشه‌كانى یه‌كێتى و پارتى قوڵكردووه‌ته‌وه‌و لێك دورن، ئه‌و چاودێرە بۆ په‌یسه‌ر گوتى" گۆڕینى سه‌رۆك وه‌زیرانیش به‌شێكى كێشه‌كه‌یه‌، چونكه‌ كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران زۆرتر روانگه‌ى هه‌واڵگرى هه‌یه‌، پێشبینى ده‌كه‌م حكومه‌تێك پێكبێت نهێنییه‌كانى زیاتربێت له‌ شه‌فافیه‌ت، به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى له‌ كۆتاییدا ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجام، به‌هۆى ئەوەی به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ رێكده‌كه‌ون".

 

ئێستا كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت له‌ هه‌ناوى ئه‌م ناكۆكییه‌وه‌ ژانى له‌دایكبوون گرتوویه‌تى، بۆیه‌ پێناچێت هاتنه‌بوونى هه‌روا ئاسان بێت، له‌ ئه‌گه‌رى پێكهێنانیشى تارمایى ناكۆكییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان هه‌روازوو لاناچن، بۆچوون زۆرن كه‌ پێیان وایه‌ حكومه‌تێكى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌بێت، كاركته‌ره‌ ئه‌منییه‌كان وه‌ك سیاسییه‌كانى دیكه‌ نین ئه‌وان وشكن و كه‌متر له‌ زمانى دیبلۆماسى تێده‌گه‌ن، جیڕییه‌كه‌یان قوفڵ له‌ دانوستانه‌كان ده‌دات، زانیارى زۆرى هه‌واڵگرییان له‌سه‌ر یه‌ك هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش واده‌كات به‌ ئاسانى متمانه‌یان لادروست نه‌بێت.