ڕاپۆرتی کوردستانی

09:56 - 06/07/2022

غازی کوردی‌

پەیسەر

غاز وەک نەوت نیە، کە دێتە سەر خەیاڵ و ئاگایی و کەلتوری کوردی هیچ ئەفسانە و مێژو و یادەوەری لە گەڵدانیە. غاز نوێیە. لە عێراقدا ڕژێمی پێشوش گرنگی بە غاز نەدەدا. لە پاش سەدامدا، هەردوو بەفیڕۆدانی و گرنگی هەستی پێدەکرێت، بەڵام هیچ بەرامبەری ناکرێت.

لە کوردستان بڕێک غاز هەیە کە بە بڕی چل تریلیون پێ دەخەمڵێنرێت. ئەم برە بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی ئێران، بڕێکی ئێجگار کەمە. بڕی غازی خەمڵێنراوی ئێران هەزار و دووسەد تریلیون پێیە. ئەم برە زۆرە کە بە زۆری لە بازاڕ دابراوە، مایەی فشارە بۆ غازی هەرێم، بە تایبەتی کاتێک عێراق یەکێکە لە ئەو وڵاتانەی کە نزیکەی سێ یەکی کارەبای لە ڕێگای سوتاندنی غازی ئێرانییەوە بەرهەم دەهێنێت.

وەک شارەزا عێراقییەکان ئاماژەی پێدەدەن، هەتا ئێستا هەموو هەوڵەکان بۆ گەشەدان بە غازی عێراقی سەرکەوتوو نەبوە، لە نێویاندا هەوڵی کۆمپانیا ژاپۆنییەکەش. هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە ڕۆژئاوای عێراق گەڕان بە دوای غازدا بەردەوامە. بونی غاز لە ڕۆژئاوای عێراق، چەمکی ڕۆژئاوای عێراق وەک باکوری عێراق یان کوردستان چیدی تەنها چەمکێکی جوگرافی نیە لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا.

هەروەها قسە لە سەر ئەوە هەیە کە ناچارکردنی ئەمریکا بە داخستنی کونسوڵخانەکەی لە بەسرە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەوڵی ئەو وڵاتەوە بوو، بۆ هێنانی دوو کۆمپانیا و بڕەودان بە کەرتی غاز لەو شارەدا، هەرچەندە هەردوو میتسۆبۆشی یابانی و شێڵی بەریتانی\هۆڵەندی لەوێ کار دەکەن.

کەواتە غازی عێراق، وەک زۆر شتی تری عێراق، تەنها پەیوەست نیە بە عێراق و خەڵکەکەیەوە، بەڵکو وڵاتانی هەرێمی و وڵاتە زلهێزەکانیش پێوە پەیوەستن، بە تایبەتی تورکیا و ئەمریکا و ڕوسیاش. ئەگەر بە ووردی لە هەوڵەکان بنواڕیت، دەبینیت غاز  دەبێتە کاڵا و کارتێکی گرنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئەمریکا لە بەر پێداویستی عێراق، ناچارە بەردەوام ڕێگەپێدان بە هاوردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق نوێبکاتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵی ئەوەبدات کە عێراق لە بواری جوداکردنەوەی غاز و سودوەرگرتن لە غازی کوردستان، کەمتر پشت بە غازی ئێرانی ببەستێت. ئەم پەیوەندی و هەوڵی فشارە، وەهایکردوە کە ئێران هەموو کارتێک بەکاربهێنێت بۆ درێژەدان بە هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق، لە پێناو بە دەستهێنانی دراوی سەخت، کاریگەری لە سەر پرۆسەی سیاسی و شکاندنی ئابلۆقە و هێشتنەوەی عێراق لە ژێر ڕکێفیدا.

عێراقییەکان دەڵێن، وڵاتەکەیان پێویستی بە چەند ساڵێکە هەتا بتوانێت هاوردەی غازی ئێرانی بوستێنێت یان کەمبکاتەوە، بەڵام بە تێڕامان لە دۆخ و جوگرافیای سیاسی عێراق، بەم زوانە ئەم دۆخە گۆڕانکاری بە سەردا نایەت.

لەم میانەدا، غازی کوردستان، لە دۆخێکی پەرتەوازەیی ناوخۆیی و ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دێتە نێو شانۆکەوە. بە ڕامان لە ڕاڤەکەی سەرەوە، هەرزوو بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق و ئێران و ئەمریکا و تورکیا و ڕوسیا، بە شێواز و ئامانجی جیاواز بەشێکن لە پرۆسەی غازی هەرێم.

بە گشتی دوو قوتابخانە بە سەر غازی هەرێمدا زاڵە. قوتابخانەی یەکەمیان، ئەوەیە کە هەرێم دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەی دابینکردنی غاز، نەک هەر لە ناوخۆی وڵات و دەوروبەر، بەڵکو بۆ ئەوروپاش. بەڵام بە ڕوانین لە بڕ و ژمارە و جیولۆجی و کواڵێتی غازی هەرێم، ئەستەمە بڕوا بە ئەوە بکرێت کە هەرێم دەتوانێت پێداویستی ناوخۆیی و عێراقی و وڵاتانی تری وەک تورکیاش دابین بکات.

قوتابخانەی دووەم، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرێم خاوەن هێندە غازنیە کە تەنانەت بەشی وەبەرهێنانی کارەبا بکات لە سەرتاپای هەرێمدا. بۆیە ئەولەویەتی غازی هەرێم دەبێت بۆ ناوخۆبێت پاشان بۆ دەرەوە. لە هەمانکاتدا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین بەکارهێنانی هەموو غازی هەرێم لە ناوەوە، نە دەبێتە مایەی داهاتی ئابوری و نە دەبێتە کارتێکی جیوپۆلەتیکی.

ئەمریکا یەکێکە لە پشتیوانانی پەرەدان بە غازی هەرێم لە ڕێگای دابینکردنی توێژینەوە [لە سەردەمی ترەمپدا توێژینەوەیەک ئەنجامدراوە بۆ کەرتی غازی هەرێم، دەڵێن ڕەنگە مانگی داهاتوو بڵاوی بکەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا نهێنییە. ئێمە بە ناوەڕۆکەکەی ئاشناین، لە هەموو ئتێک زیاتر تەکنیکیە و باس لە هەناردە ناکات]. جگەلە توێژینەوە ئەمریکا بە بڕی زۆری پارەش هاوکاری کەرتی غازی هەرێمە. تەنها بۆ کۆرمۆر ئەمریکا ئامادەیە چوارسەد ملیون دۆلار دابین بکات. هەرچەندە هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابوردوو ئەو هەوڵەی لە ئێستادا پەکخستوە. جێگای ئاماژەپێدانە ئەمریکا، بە تایبەتی ئەم ئیدارەیەی بایدن، جگە لە کارتی جیوپۆلەتیکی گرنگییەکی زۆریش بە بواری ژینگە دەدات. لە ڕوی ژینگەییەوە، غاز باشترە لە نەوت.

ئەگەر غازی هەرێم ببرێتە دەرەوە، ئەوا تورکیا، ئەو وڵاتەیە کە چاوەڕێ دەکرێت بۆی هەناردە بکرێت. تورکیا چەند کێشەیەکی هەیە: یەکەم، گرێبەستی درێژخایەنی لە گەڵ ئێراندا هەیە. دووەم، ئەگەری زۆرە لە گەڵ عێراقدا توشی کێشەی جیوسیاسی و یاسایی ببن. سێیەم، غاز، وەک نەوت نیە، لە کاتی فەراهەمبونی لە گەڵ خۆیدا پەیوەست بوون بەرهەم دەهێنێت چ لە ئاستی تەکنیکی و دارایی و یاسایی و ئاسان نەبونی دۆزینەوەی بەدیل.

پاش شەڕی ئۆکرانیا، غاز گرنگیەکی زیاتری جیوسیاسی پەیداکردوە. [ئەو بۆڕییە غازەی کە غازی ڕوسیا بە ئۆکرانیادا بۆ ئەوروپا، بە تایبەتی ئەڵمانیا دەگوێزێتەوە ناوی بۆڕی برایەتییە، بەڵام وەک هەمومان دەزانین ئەو برایەتییە دەمێکە بوە بە ڕابوردوو. دەوڵەت ناتوانێت برای دەوڵەتێکی تر بێت.   بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە ئاسایشی وزەی وڵاتانی ئەوروپا  لە ناسەقامگیریدا دەبێت، هەرچەندە غازی شلی ئەمریکی بەمزوانە دەگاتە ئەوروپا. لە دۆخێکی وەهادا هەرێمی کوردستان بەبێ بونی پشتیوانی وڵاتێکی زلهێز بە ئاسانی ناتوانیت یاری بە کارتی غاز بکات. بەڵام ئەوەی زیاتر لە دۆخی دەرەوە ترسناکترە، ئەو کێبڕکێ ناوخۆییە کە لە نێوان حیزب و کۆمپانیا و کەسایەتیەکاندا بەڕێوەدەچێت لە بواری غازدا. پەرتکردنی غاز بۆ کۆمپانیای ناوخۆیی و پاشان بەکارهێنانی بۆ سەرچاوەی ئابوریی و هەروەها پێگەی سیاسی، کەرتی وزەی هەرێم توشی ناسەقامگیریی و ململانێی زۆر دەکاتەوە. سیستەمی ئابوری و سیاسی هەرێم بە مۆدێلی قۆرغکردن مامەڵە لە گەڵ سەرچاوەکانی ووزەدا دەکات. لە کاتێکدا ئەوەی هەرێم پێویستیەتی بونی کۆمپانییەکی نیشتمانییە بۆ نەوت و غاز بە جودا. لە هەمانکاتدا لە ئەگەری جێبەجێبونی بڕیاری یاسای فیدڕاڵی، ئەوا دۆخەکە دەگۆڕێت، بەڵام هێشتا ڕون نیە ئایا بەڕێوەبردن چۆن دەبێت.

بژاردەکان ئاسان نین. بەشێک لە نوخبەی سیاسی، هەوڵی ئەوەدەدەن کە ئەم کەرتە تەسلیمی بەغدا بکرێت. لە دۆخێکی وەهادا ئاراستەی ئیدارەی ئەم کەرتە بە مەیلی سیاسی ئێران دەبێت، کە خوازیاری ئەوەیە عێراق کەمترین بڕی غاز بەرهەم بهێنێت. بە مانەوەی لە دەستی کوردستاندا، کوردستانیانە بەڕێوەنابرێت، بەڵکو زیاتر کۆمپانیایی و حیزبی بەڕێوەدەبرێت. هەرێم گەر بتوانێت لە ناوەوە سەردەمیانە و نیشتمانیانە چارەسەری ئەو پرسە بکات و پاشان بڕی زیادەی هەناردە بکات، باشترین دۆخە، بەڵام پێویستی بە پشتیوانی ڕاستەقینەی وڵاتێکی وەک ئەمریکایە، بە تایبەتی پاش ئەو دۆخەی کە لە پاش دیدارەکەی سعودیە دێتە ئاراوە. ئەوەی رونە ئەگەر حکومەت لە بەغدا دروست بێت، لە هەموو ساتێکی تر زیاتر حکومەتێکی ئێران دۆست دەبێت. ڕێکەوتنی ئەتۆمی ڕونادات، عێراق دەبێتە گۆڕەپانی جەمسەرە نەیارەکان. خۆتان بگرن بۆ سەردەمی ساندویچ.