ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:10 - 21/11/2018

سی ئای ئەی: بن سەلمان فەرمانی كردووە بە كوشتنی جەمال خاشقچی‌

سی ئای ئەی گەیشتووەتە دەرەنجامی ئەوەی كە شازادەی جێنشینی سعودیە محمد بن سەلمان فەرمانیداوە بە كوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە ئیستانبوڵ،  ئەمەش پێچەوانەی ئەو لێدوانانەیە كە لەلایەن حكومەتی سعودیەوە ڕاگەیەندرا بەوەی كە بن سەلمان دەستی نەبووە لە كوشتنی خاشقچیدا.


واشنتن پۆست زانیارییەكانی لەسەر كەیسەكەی خاشقچی لەناو سی ئای ئەی دەستكەوتووە. بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی سی ئای ئەی، محمد بن سەلمان پەیوەندی هەیە بەو كوشتنی حاشقچی لە ئیستانبوڵ.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، تیمێكی 15 كەسی سعودی لە مانگی تشرینی یەكەمدا بە فڕۆكەیەك بەرەو ئیستانبوڵ فڕین و لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لەو شارە خاشقچیان كوشت، كە هۆكاری سەردانەكەی بۆ كونسوڵخانە وەرگرتنی چەند دۆكیومێنتێك بوو بەمەبەستی هاوسەرگیری كردن لەگەڵ ئافرەتێكی توركی. 

زانیارییە پێدراوەكانی واشنتن پۆست بە جۆرێكە بۆئەوەی سی ئای ئەی بگاتە دەرەنجامێك، چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگریی بەكارهێناوە، لەوانەش پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی برای شازادە خالید بن سەلمان، كە باڵیۆزی سعودیەیە لە ئەمریكا، كە پەیوەندیی كردووە بە خاشقچییەوە، ئەمەش بەوتەی ئەو كەسانەی كە ئاگاداری ئەو پرسەن و ئامادەنەبوون كە ناوی خۆیان ئاشكرا بكەن لە خستنەڕووی ئەو زانیاریانەدا. 

 

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا ڕەتیكردووەتەوە كە بەتەواوی تۆمەتی سەرەكی ئاڕاستەی بن سەلمان بكات

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هەواڵگری ئەمریكا كەوتووە و ئەو كەسانەی كە زانیارییەكانیان دەستكەوتووە، ئەوە نازانرێت كە خالید زانیوویەتی خاشقچی دەكوژرێت، بەڵام بە فەرمانی براكەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ئەنجامداوە. 

فاتیمە بایشەن، وتەبێژی باڵیۆزخانەی سعودیە لە واشنتن، ڕایگەیاند كە باڵیۆز بەهیچ شێوەیەك لەسەر "گەڕانەوەی بۆ توركیا" گفتوگۆی لەگەڵ خاشقچی نەكردووە. هەروەها ڕایگەیاند كە ئەوەی سی ئای ئەی ڕایگەیاندووە "هەڵسەنگاندنێكی دروستكراوی ناڕاستە."


ئەو ئەنجامەی سی ئای ئەی پێی گەیشتووە، ئەوەیە كە شازادەی جێنشین وەك حاكمێكی دیفاكتۆی سعودیەیە، هەموو چالاكییەكانی دەوڵەتی سعودییەی لەژێر دەستدایە، بۆیە رووداوی كوشتنی خاشقچی پێ ئاگاداری و فەرمانی ئەو ئەنجام نەدراوە.

بەرپرسێكی ئەمریكی كە واشنتن پۆست ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ڕایگەیاند كە سی ئای ئەی پێی وایە محمد بن سەلمان "تەكنۆكراتێكی باشە"، بەڵام كەسێكی هەڵەشە و خۆپەرستیشە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نادات كە پاشای داهاتووی سعودیە نەبێت و گومانی تێدا نیە كە ئەو دەبێتە پاشای وڵات.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەو لێدوان و بۆچونانەی كە لەبارەی رووداوەكە لە ناو سعودیە دەكرێت، داوە، تیایدا باسی لە لێدوانی داواكاری گشتی سعودیە كردووە.

واشنتن پۆست نوسیویەتی، داواكاری گشتی سعودیە هۆكاری كوشتنی خاشقچی خستوەتە ئەستۆی ئەو تیمەی كە بڕیاربوە ناوبراو بهێننەوە بۆ سعودیە، بەڵام بەهۆی زۆری رێژەی دەرمانی بێ‌ هۆشكەرەوە كە لە رێی دەرزییەوە لێیان داوەگیانی لەدەستداوە و بەهۆیەوە تۆمەتی ئاڕاستەی 11 لە بەشداربووانی ئەو تیمە كرد و ڕاشیگەیاند كە پێنج لەوان سزای مەرگ  دەدرێن.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا ڕەتیكردووەتەوە كە بەتەواوی تۆمەتی سەرەكی ئاڕاستەی بن سەلمان بكات،  كەسە نزیكەكانی ترەمپ دەڵێن كە بەشێوەیەكی نهێنی بەڵگەی تەواو خراوەتە بەردەستی ترەمپ لەبارەی ئەوەی كە بن سەلمان دەستی هەبووە لەو ڕووداوەدا، بەڵام هێشتا گومان هەیە لەبارەی ئەوەی كە ئەو فەرمانی كوشتنەكەی دەركردبێت. 

 

ماهر موتریب یەكێكە لە بكوژەكانی جەمال خاشقچی و بەرپرسێكی ئەمنییە و زۆرجار لە تەنشیت شازادەی جێنشینەوە دەركەوتووە

هەروەها سەرۆكی ئەمریكا پرسیاری كردووە لە سی ئای ئەی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی ئەوەی تەرمەكەی خاشقچی چی بەسەر هێندراوە، و زۆر نیگەران بووە لەوەی كە هیچ وەڵامێكیان پێ نەبووە. بە وتەی ئەو كەسانەی كە نزیكن لە بەدواداچوونەكانی دەزگاكە، سی ئای ئەی نازانێت كە تەرمەكەی خاشقچی بۆ كوێ براوە.
بەپێی زانیارییەكان، تۆمارێكی دەنگی كە روداوەكەی تۆماركردووە لەلایەن توركیاوە دراوە بە سی ئای ئەی ئەمریكا و سەرۆكی ئەو دەزگایەش گوێی لە تۆمارەكە گرتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك بۆ میدیاكان لەبارەی چۆنێتی رووداوەكە ئاشكرا نەكراوە.

بەوتەی ئەوكەسانەی كە گوێیان لەو تۆمارە دەنگییە گرتووە و ئەوانەش كە ئاگادارن لەوبارەیەوە، خاشقچی تەنها دوای ماوەیەك لە چوونی بۆناو كونسوڵخانەكە كوژراوە. هەروەها كوشتنی خاشقچی لەناو ژووری كونسوڵی گشتی سعودیە ڕوویداوە. 

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە تۆمارێكی دەنگی تر دەستی سی ئای ئەی كەوتووە، كە پەیوەندییەكی تەلەفونییە لەلایەن ماهر موتریب-ەوە لەناو كونسوڵخانەی سعودیەوە ئەنجام دراوە.


ماهر موتریب یەكێكە لە بكوژەكانی جەمال خاشقچی و بەرپرسێكی ئەمنییە و زۆرجار لە تەنشیت شازادەی جێنشینەوە دەركەوتووە، هەروەها لەو ڕۆژەدا وێنەی هەیە كە چووەتە كونسوڵخانە و دواتر چووەتە دەرەوە.

بەپێی وتەی ئەوانەی كە زانیارییان هەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە، موتریب پەیوەندی بە سعود ئەلقەحتانی  كردووە، كە ئەو كاتە یەكێك بووە لە كەسە باڵادەستەكانی نزیك لە محمد بن سەلمان، و ئاگاداری كردووەتەوە لەوەی كە ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی هاتووە.

هەڵسەنگاندنەكانی سی ئای ئەی بۆ ڕۆڵی بن سەلمان لە كوشتنی خاشقچی پشتیش دەبەستێت بەو زانیاریانەش كە لەلایەن وڵاتانی دیكەشەوە كۆكراوەتەوە، بەشێوەیەك كە بەرپرسانی ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی كە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرمانی بن سەلمان كارێكی ئاوا گەورە ئەنجام نادرێت.

هەروەها بەر لە كوشتنی ئەمریكا زانیاری لەبەردەستدا بووە كە لەوانەیە ژیانی خاشقچی لە مەترسیدا بێت. بەڵام دوای ونبوونی خاشقچی لە 2ی تشرینی یەكەم، دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا گەڕان بەدوای ئەرشیفەكانی خۆیاندا بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییە دزەپێكراوەكان و زانیاریەكانی بەردەستیان و بۆیان دەركەوت كە بنەماڵەی شانشینی سعودیە لە هەوڵی ئەوەدا بوون كە خاشقچی بگێڕنەوە بۆ ڕیاز. 


بەپێی ئەو كەسانەی نزیكن لە سی ئای ئەی، یەكێك لەو تێگەیشتنانەی كە سی ئای ئەی پێی گەیشتووە ئەوەیە كە محمد بن سەلمان پێی وابووە كە خاشقچی ئیسلامییەكی مەترسیداربووە كە زۆر مەیلی بۆ ئیخوان موسلمین هەبووە. چەند ڕۆژێك لەدوای بێسەروشوێن بوونی خاشقچی، بن سەلمان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كوشنەر و جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا ئەو تێڕوانینەی باسكردووە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە بن سەلمان ماوەیەكی درێژە دژی ئیخوانە و وەكو مەترسییەكی ئەمنی لەناوچەكەدا تەماشای دەكات.